سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

هیچ مرۆڤێک ئەم نمایشە جوانەی نێو گەردوون نابینێت

18/06/2022


 

نوسینی: لوقمان حەوێز

 

 

سەمای ئەندرۆمیدا و ڕێی کاکێشانیش بەڕێوەیە، بەڵام بەداخەوە مرۆڤ و مرۆڤایەتی ئەم سەمایە و نمایشە بێ وێنەیەی نێو گەردوون نابینێت.

 

دوای نزیکەی 3800 ملیۆن ساڵ گەردوون جوانترین نمایش دەکات بۆ بونەوەرە زیرەک و بەئاگایەکانی ئەو کاتە، ئێمە لە ئێستاوە بەو نمایشە دەڵێین دروستبوونی میڵکۆمیدا.

 

میڵکۆمیدا ئەو مێگا گەلەئەستێرە زەبەلاحەیە کە جارێ بەرجەستە نەبووە، بەڵام لە داهاتووێکی زۆر دور دروست دەبێت کاتێک ڕێی کاکێشان و ئەندرۆمیدا بەتەواوی تێکەڵی یەکتر دەبن و جوانترین سەما لەگەڵ یەکتر دەکەن، ئەوساکە جوانترین نمایش و گەلەریاش لە ئاسمانەوە پێشکەش بە دیدی بونەوەرە زیرەک و بەئاگاکانی ئەو کاتەی نێو گەردوون دەکەن، لە ئێستادا هەردوو گەلەئەستێرە بە خێرایی پتر لە 400 هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بەرەو یەکتر بەڕێوەن، بۆیە ئێستا دڵنیاین کە تێکەڵ بوونی ئەو دوو گەلەئەستێرە شتێکی مسۆگرە و تەنیا پەیوەستە بە تێپەڕبوونی کات.

 

ئێمەی مرۆڤی هۆمۆسێیپیان، ئەو بوونەوەرە زیرەک و بەتوانایەین کە لە ئێستادا گەیشتووین بە ئاستێکی ئەوەندە بەرز لە پێشکەوتنی زانستی دەزانین پێش ملیارەها ساڵ چی گوزەراوە و ڕوویداوە لە نێو گەردوون، تەلەسکۆپی هابل ڕۆژانە وێنەکانی گەردوونمان نیشان دەدات کە هی پێش ملیارەها ساڵە، هەتا هەندێک لەو دیمەنانەی گەردوون کە دەیانبینین هی پێش دروستبوونی خۆر و گۆی زەوی و کۆمەڵەی خۆریشن.

 

ئێمەی مرۆڤ لەپاڵ تەماشاکردنمان بۆ ڕابردوو، ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی بێ وێنە لە زانستی فیزیای گەردوونناسی دەتوانین مەزەندەی پێشهاتەکانی داهاتووی دور و زۆر دوریش بکەین.

 

لە گەردوون بە گشتی گەلەئەستێرەکان لە یەکتر دووردەکەونەوە بەهۆی تەوژم و هێزی کشانی گەردوون کە لەڕاستیدا کشانی بۆشایی ئاسمانی هەموو گەردوونە بەبەردەوامی لەوەتەی دروست بوونی، بەڵام بەم دواییە دەرکەوتووە گەلەئەستێرە لە یەکتر نزیکەکان زیاتر لەیەکتر نزیک دەبنەوە بەهۆی زاڵبوونی هێزی کێشکردنی نێوانیان بەسەر خێرایی کشانی گەردوون، لەداهاتوودا ئەو گەلەئەستێرە لە یەکتر نزیکانە مێگا گەلەئەستێرەکان دروست دەکەن، لە بابەتێکی تایبەتیدا بەم نزیکانە بەناوی چارەنوسی گەردوون بە وردی باسی ئەم دیاردەیە دەکەم.

 

گەلەئەستێرەی ئەندرۆمیدا نزیکترین گەلەئەستێرەی گەورەیە لە ڕێی کاکێشان، ڕێی کاکێشان ئەو گەلەئەستێرەیە کە ئێمە و کۆمەڵەی خۆرەکەی ئێمەی تێدایە، ئەندرۆمیدا بێ وێنەیە لە زەبەلاحی، پتر لە یەک ترلیۆن ئەستێرەی تێدایە وەک خۆری ئێمە و بچوکتر و گەورەتریش، ئێستا دوو ملیۆن و نیو ساڵی تیشکی لە ئێمە دوورە، ئەندرۆمیدا و ڕێی کاکێشان دوو گەلەئەستێرە زەبەلاحەکەی گروپە گەلەئەستێرە نێوخۆییەکانن کە ژمارەیان پترە لە 50 گەلەئەستێرە.

 

لە دوای نزیکەی 3800 ملیۆن ساڵ، ئەندرۆمیدا کە بە دێوە گەلە ئەستێرە دەناسرێت لەبەر گەورەیی لەگەڵ ڕێی کاکێشان دەگەن بەیەکتر و لە سەما و نمایشێکی گەردوونی جوان و بێ وێنە تێکەڵی یەکتر دەبن، گەردوونناسان لە ئێستاوە ناویان لەو مێگا گەلەئەستێرەی دروست دەبێت ناوە میڵکۆمیدا.

 

ئەم ڕووداوە زۆر سەرنجڕاکێش دەبێت بۆ ئەو بوونەوەرانەی ئەو کاتە لە ژیاندا دەبن لە نێو کۆمەڵەی خۆری ئێمە یان هەر شوێنێکی ئەو دوو گەلەئەستێرەیە، هەروەکو لە وێنەکەدا دیارە کە نیگارێکی مەزەندەکراوە، ئەو کاتە ئاسمان ئەوەندە جوان خۆی دەنوێنێت، ڕەنگی دەگۆڕێت و دەنەخشێنرێت بە هەزارەها و هەزارەها ئەستێرەی نوێ و پڕشنگدار لەگەڵ تانەی هایدرۆجینی ڕەنگاوڕەنگ.

 

بێ گومان تا ئەو کاتە نەوەکو هەر مرۆڤ نەماوە بەڵکو هەسارەکەشمان بەهۆی کشانی توێکڵی خۆر بەکەڵک هیچ جۆرە ژیانێک نەماوە، مەگەر زۆر پێش ئەو کاتە مرۆڤ یان وردتر بڵێین نەوەکانی ژیانی زیرەک هەسارەی زەویان جێ هێشتبێت و کۆمەڵێک لانە و پێگەی تریان لە نێو گەلەئەستێرەی ڕێی کاکێشان دۆزیبێتەوە.

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.