ڕاڤیار نەوزاد
مێژوی ئەم وێنەیە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە شەش مانگ پێش ئێستا، ڕۆژێک لەوانەی هونەر لەپۆلی شەشی بنەڕەتی داوام لە خوێندکارەکانکرد ئەوگۆرانیە بڵێنەوە کەهەفتەی پێشو داوام لێیانکردبوو لەبەری بکەن "گۆرانی چەندی گەڕام لەشاران".
یەکێک لەمنداڵەکان کوڕێکی جوانکیلەی شیک هەڵی دایەو وتی:
مامۆستا، من لەبەرم نەکردووە و ئەسڵەن گوێشم لێی نەگرتوە.
- بۆ؟ خەتی ئەنتەرنێتان نەبوو؟
- نەخێر مامۆستا، خەتمان هەبوو، بەڵام گوێم لێی نەگرت.
- دەتوانی پێم بڵێیت بۆ؟
- مامۆستا گۆرانی حەرامە.!
- کێ وتی حەرامە؟
- دایکم و باوکم.
لەپاش ئەمە، هەمان دەنگی ناڕازی لەناو خوێندکارەکان بەرزبویەوە و هەندێکی دیکەش هەمان قسەیانکرد.
لەپاش گفتوگۆیەکی چڕ و ڕاشکاوانە لەگەڵ ئەو کۆمەڵە خوێندکارە مێردمنداڵە، بڕیارمدا ڕاپرسیەکی ئاشکرایان لەناودا بکەم، کەدەرەنجامەکەی بەمشێوازەبوو:
لەکۆی 16 مێردمنداڵی ناو پۆلەکە، 7 منداڵیان بەوپەڕی قەناعەتیانەوە گۆرانیان لەلا شتێکی حەرامە و 9منداڵیان بە شتێکی حەڵاڵی دەبینن.!
هەڵبەتە خودی بابەتەکە بۆمن هەرلەسەرەتاوە ترسناک و شکست ئامێزبوو، ئەوەی مێردمنداڵێک لەسەرەتاکانی تەمەنیدا یەکێک لەمەزنترین داهێنانەکانی مرۆڤایەتی بەحەرام بزانێت ئەمە کارەساتە، لەپاش ئەو ڕوداوەوە کۆی وانەکانی پۆلەکانی شەشم تەرخانکرد بۆ ڕێککردنەوەی ئەم بارە، تا ڕۆژێک بەڕێوبەری خوێندنگەکەمان هات و پێی وتم کە باوکی تەلەبە سکاڵایانکردووە و وتویانە مامۆستا منداڵەکانمان فێری شتی خراپ دەکات "ڕەنگە ئێستا خودی جەنابی بەڕێوبەر ئەم پۆستە ببینێت" داوای لێکردم کەلەگەڵ ئەوەی کەدەزانێت من لەسەر حەقم، بەڵام تادەکرێت دورکەومەوە لەم بابەتانە بۆ دروست نەبونی هەستیاری.
هەڵبەتە من باش لەدۆخی ئەو تێدەگەشتم، بەڵام کێشە ئەوەبوو کەس لەمن تێنەدەگەشت، نە ئەو و نەباوکی خوێندکارەکانیش کەمن زۆر زیاتر لەئەو خەمی ئەو منداڵانەمە و نامەوێت تاریکی بیانخنکێنێت.!