سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

شۆڕشی گەردوونناسی...

23/06/2022


نوسینی: لوقمان حەوێز

 

مرۆڤ لەسەردەمە کۆنەکان کە زانیاری و زانستەکانی نەبووە وای زانیوە خۆی و هەسارەی زەوی سەنتەری هەموو بوون و گەردوونە، نەیزانیوە زەوی هەسارەیە و مانگیش پاشکۆیەتی و بەدەوریدا دەسوڕێتەوە، نەیزانیوە هەسارەکان چین، نەیزانیوە خۆریش ئەستێرەیە و تاکە ئەستێرەیەکی نێو گەلەئەستێرەکەمانە لەو سەدەها ملیار ئەستێرەیەی نێو گەلەئەستێرەکەمان...

یەکەم کەس لە مێژوودا ووتی نەخێر زەوی ئەوەندە تایبەت نیە و سەنتەری گەردوون نیە کۆپەرنیکۆس بوو لە کتێبەکەیدا لە ساڵی 1543 ی زایینی، لەگەڵ ئەوەی ئەو تەنیا ووتی زەوی هەسارەیە و وەکو هەسارەکانی تری نێو کۆمەڵەی خۆرەکەمان بەدەوری خۆردا دەسوڕێتەوە و خۆر سەنتەری کۆمەڵەی خۆرەکەمانە، بەڵام ئەوە بە دەستپێکی شۆڕشێکی گەورە دادەنرێت لە مێژووی زانستی گەردوونناسی، لەسەر ئەوە توشی ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر بۆوە و کتێبەکەی سوتێنرا...

 

دوای ئەوە گالیلۆ کە بە باوکە گەورەی زانستی گەردوونناسی نوێ دادەنرێت هات و لەساڵی 1609 تەلەسکۆپی داهێنا و بەمەش پەنجەرەی گەردوونی واڵا کرد بەسەر چاو و هزری مرۆڤ، لەو کاتەوە پێ بەپێ نهێنیەکانی بوون و گەردوون ئاشکرا دەبن بۆمان، زانستی گەردووناسیش وەکو کەرەستەیەک وردە وردە بیروباوەڕە کۆنەکانی مرۆڤی ڕاماڵی و گۆڕیەوە بە ڕاستیە زانستیەکان...

تەلەسکۆپی هەبڵ کە تا ئێستاش بە تاجی داهێنانەکان دادەنرێت لەبواری گەردوونناسی گەشتێکی فراوانی بەچاوی مرۆڤ کرد بە نێو قوڵایی گەردوون، سەلماندی بۆ ئێمە گەردوون گەلێک فراوانترە لەوەی دەزانرا، سەلماندی کە هەسارەکەمان و خۆرەکەمان و هەتا گەلەئەستێرەکەشمان هیچ تایبەتمەندیەکی ئەوتۆیان نیە جیایان بکاتەوە لە بەشەکانی تری گەردوون لەبەر ئەوەی ئێمە هەین لەسەر هەسارەی زەوی یان لەنێو گەلەئەستێرەکەمان،  تەلەسکۆپی هەبڵ دەریخست کە ترلیۆنەها ئەستێرەی وەک خۆر و جیاوازتریش هەیە، ترلیۆنەها گەلەئەستێرەی وەک گەلەئەستێرەکەشمان هەیە، تێگەیشتنەکانی ئێمەی زۆر فراوان کرد بۆ هەموو گەردوون و بوون، بێ گومان ئێستا شۆڕشێکی زۆر گەورەتریش بەڕێوەیە لەو بوارە لە دوای هەڵدان و جێگیرکردنی تەلەسکۆپی جێمس وێب و بەگەڕخستنی تەواو لە مانگی داهاتوو بەوردیش لە بەرواری 2022/7/12 وە...

ئەمەش دیمەنێکی بەشێکی زۆر بچوکی گەلەئەستێرەی ئەندرۆمیدایە کە بە تەلەسکۆپی هەبڵ زووم کراوەتە سەر دەوروبەری چەقی گەلەئەستێرەکە، کاتێک وورد دەبینەوە لە ئەندرۆمیدا کە نزیکترین گەلەئەستێرەی گەورەیە لە ئێمە لەگەڵ ئەوەی 2.5 ملیۆن ساڵی تیشکیش دورە لە گەلەئەستێرەکەی ئێمە ئەوساکە هەست بە بچوکی خۆمان دەکەین، لەم دیمەنە ورد و نایابەی تەلەسکۆپی هەبڵ دەردەکەوێت گەلەئەستێرەکان چەندە چڕن بە ئەستێرە، دەردەکەوێت کە ئەم گەردوونەی ئێمە چەندە فراوان و گەورە و بێ شومارە، هەر یەکێک لەو خاڵە درەوشاوانەی لەم دیمەنە دەیبینن تۆپەڵێک ئەستێرەی لەیەکتر نزیکن، کە دەیەها یاخود سەدەها وهەزارەها ئەستێرەی وەک خۆرن یان بچوکتر و گەورەتر بەڵام بەهۆی نزیکیان لەیەکترەوە وەک تۆپەڵێک دەردەکەون بۆ دیدی ئێمە...

ئەندرۆمیدا کە تەنیا تاکە گەلەئەستێرەیە لە گەردوونی بینراو پتر لە یەک ترلیۆن ئەستێرەی تێدایە، تەنیا لە گەردوونی بینراویش کە بێگومان هەموو گەردوون نیە پتر لە دوو ترلیۆن گەلەئەستێرە هەیە، ترلیۆن واتە هەزار ملیار، واتە ژمارە یەک دوانزە سفر بە تەنیشتیەوە بێت...

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.