سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

3500 بەڵگە دژی تاوانەكانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی كۆدەكرێتەوە

23/06/2022


لە ساڵی 2014ەوە تائێستا نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی 3500 بەڵگە و دۆكۆمێنتی دژی تاوانەكانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) كۆكردوەتەوە. بەڕێوەبەری نووسینگەكەش دەڵێت، "منداڵ هەبووە تەمەنی 10 ساڵ بووە، 10 جار دەستدرێژی كراوەتەسەر".
 
حسێن قایدی بەڕێوەبەری نوسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزدی رایگەیاند، بە گوێرەی ئەو بەڵگە و دۆكۆمێنتانە بێت كە كۆیانكردوەتەوە، ئەو ئێزدییانەی كەوتونەتە دەستی داعش لە رۆژی یەكەمەوە تا كاتی رزگاركردنیان هەموو جۆرە توندوتیژییەكیان بەرامبەر كراوە، هەر لە برسیكردن، ترساندن، ئەشكەنجەدان و ئازاردان. 
 
وتیشی"یەكێك لە دۆسییە ناخهەژێنەكان ئەوەیە منداڵ هەبووە تەمەنی 10 ساڵ بووە، 10 كەس كە تەمەنی جیاوازیان هەبووە و لە وڵاتی جیاواز بون دەستدرێژییان كردوەتەسەر، ناوی هەر 10 كەسەكە و تەمەن و ناسنامەیان تۆماركراوە".
 
بە وتەی بەڕێوەبەری نوسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزیدی، تا ئێستا 3500 ئێزیدییان لە دەستی داعش رزگاركردوە و لە هەر یەكێكیان دۆكیومێنتیان ئامادەكردوە و بەڵگەی ئەشكەنجەدانیان لێ وەرگرتون. 
 
حسێن قایدی ئاماژەی بەوەشكرد"سەرەتا دۆكیومێنتەكانمان چاپ كردبوو، بەڵام لەمدواییە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و رێكخراوی نێودەوڵەتی یونیتاد كردومانە بە ئەلیكترۆنی و ئامادەین بۆ ئەوەی لە هەر دادگەیەكی نێودەوڵەتی بیخەینەڕو یاخود بۆیان بنێرین، چونكە ئەوانە زۆربەی لە ژیاندا ماون و دەتوانن وەك گەواهیدەر لە دادگە ئامادەبن، بەڵام ئەگەر كۆچی دواییان كردبێت، ئەوە بە بەڵگە و بە پەنجەمۆری خۆیان دۆكیومێنتمان هەیە".
 
رۆژی 31-5-2022، حسێن قایدی بەڕێوەبەری نوسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزدی رایگەیاندبوو، توانیویانە 3552 رفێندراو رزگار بكەن، كە 1207یان ژن و 339 پیاو و 1050 منداڵی كچ و 956 منداڵی كوڕیشیان رزگار كردوە.
 
سەبارەت بەو كەسانەی لەلایەن داعشەوە كوژراون و توانراوە تەرمەكانیان بدۆزرێتەوە، وتی، "146 ئێزدی كە كوژراون، توانیومانە تەرمەكانیان بدۆزینەوە."
 
بە وتەی بەڕێوەبەری نوسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزدی 2719 ئێزدی تا ئێستا بێسەروشوێنن، كە 1274یان مێ و 1445یشیان نێرن، وتیشی، ژمارەی ئێزدییەكان بەگوێرەی ئامارێكی نوسینگەكەیان نزیكەی 550 هەزار كەس دەبن، كە بەهۆی داعشەوە 360 هەزاریان ئاوارەبون و 100 هەزاریشیان چونەتە دەرەوە.
 
لە هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014، داعش ژمارەیەكی زۆر ئێزدی رفاند و ژمارەیەكیشی لێ كوشتن، بەشێك لە رفێنراوەكانیشی كوشت، بە وتەی حسێن قایدیش، كوژراوەكان لەنێو 82 گۆڕی بەكۆمەڵدان.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.