گۆران ئیبراهیم
گیای دەریایی ناسراو بە Posidonia australis وەک زۆربەی ئاژەڵەکان، لە رێگەی سێکسەوە نەوەی نوێ دروست دەکات. بەڵام وەک دەرکەوتووە، لە هەموو کاتێکدا ئەم گیا دەریاییە لە رێگەی سێکسەوە نەوەی نوێ دروست ناکات.... ئەم گیا دەریاییە زۆر گرنگە بۆ راگرتنی ژیانی هەزارەها جۆر لە ئاژەڵکانی دەریا.
لەم ماوانەدا، لێکۆڵینەوەیەکی زانستی بڵاوبۆوە لەسەر بەشێکی Posidonia australis ی زۆر گەورە کە رووبەرێکی 180 کیلۆمەتر دووجای گرتۆتەوە لە رۆژئاوای ئوسترالیا.. ئەوەی کە زۆر سەرنجراکێشەرە سەبارەت بەو بەشە Posidonia australis ی کە روبەرێکی 180 کیلۆمەتری گرتۆتەوە، ئەوەیە کە هەر هەموییان (کلۆن)ن و لە رێگەی (ناسێکسی) هاتونەتە کایەوە و تەمەنیا نزیکەی 4500 ساڵ دەبێت!
ئەم دیاردەیە بە polyploid ناسراوە و لە کتێبی (داروین و رەچەڵەکی مرۆڤ) باسم کردووە…. ئێمەی مرۆڤ، بۆ نموونە، سیستەمی Diploid مان هەیە، واتە یەک کۆپی کرۆمۆسۆماتەکانمان هەیە: بەشێکی ئەو کرۆمۆسۆماتانە لە دایکمانەوە هاتووە و بەشەکەی تری لە باوکمانەوە هاتووە. هەردوکیان (واتە بەشی دایک و باوکەکە) دوو بەشی کرۆمۆسۆماتەکانمان Diploid (جووت) پێکدەهێنێت. لەلایەکی ترەوە، polyploid زیاتر لە کۆپییەکی بەشە کرۆمۆسۆمەکانی هەیە و ئەم دیاردەیەش زیاتر لەناو روەکەکاندا رودەدات.
هەر ئەوەش، وای کردووە کە یەک دانە رووەک، بتوانێت روبەرێکی 180 کیلۆمەتر دووجا بگرێتەوە بەو رووەکە نوێیانەی کە (کلۆن)ی کردوون لە رێگەیەکی ناسێکسییەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەم گیا دەریاییە بە گەورەترین ئۆرگانزم دەژمێردرێت، بەڵام سەنگینترین نییە. سەنگینترین ئۆرگانزم، وەک پێشتر باسمان کردووە، تایبەتە بە دارستانی Pando لە Utah, USA کە ئەویش بەهەمانشێوە، ئۆرگانزمێکی 40000 درەختی (کلۆن) کراوەیە. هەروەها گیای دەریای Posidonia oceanica هەیە لە دەریای مێدیتێرانە کە بەهەمانشێوە (کلۆن)ن، بەڵام تەمەنەکەیان، بە لایەنی کەمەوە، 12500 ساڵ دەبێت.
گۆڕانی کەش و هوا، کاری زۆری کردۆتە سەر ئەم Posidonia australis ی کە تازە زانراوە (کلۆن)ن لە ئوسترالیا. لە ساڵی 2010 دا سەرنج درابوو کە ئەو گیا دەریاییە، رووبەرێکی 200 کیلۆمەتر دووجای گرتبۆوە، بەڵام لە ئێستادا تەنیا 180 کیلۆمەتر دووجایە.