سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بەشوودانى منداڵان: ناساندنێکى سەرەتایى بۆ پراکتیزەیەکى مەترسیدار

25/06/2022


 

وەرگێڕانی لە ئیگلیزییەوە: ديارى سابير

سەرچاوە: Council On Foreign Relations

 

 

”هەتا جێگیر نەبم و کارێک پەیدا نەکەم ئەوا هاوسەرگیری ناکەم. جیاوازییەک هەیە لە نێوان نەوەکاندا، ئێستاکە دەستکراوە بەوەی کچانیش بخوێنن چونکە کوڕان و کچان یەکسانن ... من یەکەم کەس دەبم لە خێزانەکەمدا کە ببم بە مامۆستا؛ دایکوباوکم جووتیارن. هەر لەبەر ئەوەیە دەمەوێت دڵنیا ببم کە کارێکی باشم دەبێت، تا بتوانم یارمەتی دایکوباوکم بدەم و ئاگام لێیان ببێت.“
سوشما، تەمەن: ١٨ ساڵ، هیندستان

 

”چەند کچێک دەناسم کە ناچاربوون لە دوای پۆلی دوانزدە واز لە خوێندن بهێنن لە کاتێکدا خوێندکاری باشبوون. دایکوباوکیان ڕێگەیان پێ نەدان چیتر بخوێنن. هەستێکی ناخۆشم هەبوو و، دایکیشم هەوڵی دا کچەکە هانبدات تا بەردەوام بێت، بەڵام دایکوباوکی نەیانهێشت. “
ئاریو، تەمەن: ١٧ ساڵ، هیندستان

 

”دەمەوێت ببم بە پەرستار؛ بیر لە مێرد و شووکردن ناکەمەوە. دایکوباوکم هەمیشە پێیان دەوتم بخوێنە و سەرکەوتوو بە. “
سیما، تەمەن: ١٨ ساڵ، هیندستان

 


بەپێی خەمڵاندنەکان سێ-یەکی کچانی جیهان لە پێش تەمەنی ١٨ ساڵیدا دەبن بە بووک، و لە هەر نۆ کچێک، یەکێکیان پێش تەمەنی ١٥ ساڵی دەدرێت بە شوو. لە چەند دەیەی پێشووەوە پرسی هاوسەرگیری منداڵان ئاوڕێکی جیددی لێدراوەتەوە و بووە بە بابەتێکی لەپێشینە بۆ زۆرێک لە یاسادانەران. گرووپێک بە ناوی (پیران)ەوە، کە ژمارەیەک سەرکردەی جیهانیی، وەک کۆفی ئەنانی سکرتێری گشتی پێشووی یوئێن و جیمی کارتەری سەرۆکی پێشووی ئەمێریکا، لەخۆ دەگرێت کار لەسەر ئەم گرفتە دەکەن و، بەڵێنیان داوە کە پلاتفۆڕمی خۆیان بۆ دووان دژی ئەم کارە بەکاربهێنن. چەندین ڕێکخراوی تری دیاری نێودەوڵەتی، هەمان کاریان کردووە. لە ساڵی ٢٠١١دا، نەتەوە یەکگرتووەکان خەمڵاندوویانە نزیکەی ٧٠ ملیۆن کچ، کە لە نێوان تەمەنی ٢٠ بۆ ٢٤ ساڵیدا بوون، پێش گەیشتن بە ١٥ ساڵی بەشوودراون. ئەمە ئەگەر بەم شێوەی ئێستاکە بەردەوام ببێت، ئەوا لە ١٠ ساڵی داهاتوودا، زیاتر لە ١٤٠ ملیۆن کچ پێش گەیشتن بە تەمەنی ١٨ ساڵی بەشوو دەدرێن. بۆ نەخشەسازیکردنی دەستێوەردانێک کە دەکرێت لە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگارییەدا بێت، ئەوا گرینگە لە پاڵنەرەکانی پشت هاوسەرگیری منداڵان و ئەو فاکتەرانەی سنووری بۆ دادەنێن، تێ بگەین. 

 

هەرچەندە، سەرنج خستنە سەر ئەم گرفتە نوێیە، وەلێ خودی بەشوودانی منداڵ؛ کە پێشی دەوترێت هاوسەرگیری بەزۆر، یان هاوسەرگیری زوو؛ کارێکی نوێ نییە و، بۆ چەندین سەدە باو (نۆرم) بووە لە کۆمەڵگەکاندا، بە شێوەیەک کە خەڵکی لە ئاستی جیاوازی ئابووری و باشخانی نەریتی جیاوازەوە پراکتیزەی ئەم کارەیان کردووە. یاسادانەران، هاوسەرگیری منداڵان بە یەکخستنێکی فەڕمی یان عەشایەری کە تێیدا یەکێک لە لایەنەکان یان هەردووکیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵییەوە، پێناسەدەکەن. 

 

هاوسەرگیری منداڵان زیان بە ژنان و کچان دەگەیەنێت، کارێکە منداڵەکە بێ بەش دەکات لە خوێندن و چانسە داراییەکان، هەروەها، دەبێتە سەرچاوەیەکی مەترسی بۆ سەر تەندروستیی خۆی و منداڵەکانی، و بەربەست لەبەردەم هەنگاونان بەرەو بە نزیکەیی هەموو ئامانجەکانی گەشەسەندن دروست دەکات، وەک ئامانجەکانی گەشەسەندن لە هەزارەی سێیەمدا. بووکە منداڵەکانی ئەزموونی بەرکەوتنێکی زیاتر بە چالاکی سێکسی، لە تەمەنێکی کەمدا، دەکەن و ئەگەری دووگیانبوونیان زیاترە، کە هەردوو ئەمە دەکرێت لێکەوتەی کارەساتاوی بۆ سەر تەندروستی دایکایەتی و زاوزێ، هەروەها، لەسەر تەندروستی و باشبوونی منداڵەکانیان. ئەو کچە گەنجانەی بە منداڵی هاوسەرگیریان پێ دەکرێت پێش تەواوکردن واز لە خوێندن بهێنن؛ ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی چانسی پەروەردەییان نەمێنێت، و توانای ئابووری خۆیان و خێزانەکانیان سنووردار ببێت. کاتێک هاوسەرگیریان پێ دەکرێت، ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری دەبنەوە بۆ چوونە ناو هێزی کارەوە، و ئەمەیش وایان لێ دەکات کەمتر توانای ئەوەیان هەبێت پاڵپشتی دارایی ماڵەکەیان بکەن، و ڕێگریان لێ دەکات لەوەی ئابووری سەربەخۆیان هەبێت. پتر لەمە، هاوسەرگیری منداڵان پەوەندییەکی ئەرێنی بەهێزی هەیە لەگەڵ توندوتیژی جەستەیی و سێکسی؛ ئەو کچانەی بە منداڵی هاوسەرگیریان پێ دەکرێت ئەگەری ئەوەی خراپ مامەڵیان لەگەڵدا بکرێت زیاترە. بێگومان، هاوسەرگیری منداڵان هەڕەشەیە بۆ سەر جێگیری و گەشەسەندنی ئابووری ئەو کۆمەڵگەیانەی بووکەکە تێیدا دەژی، و سووڕێکی برسییەتی دروست دەکات، کە زۆربەی وڵاتە هەژارەکان گیریان خواردووە تێیدا.

 

کۆکراوەی ژمارەیەک فاکتەری ئاڵۆز بوونەتە هۆی خاوبوونی نەهێشتنی هاوسەرگیری منداڵان. کولتوور و نەریت پارێزگاری لە هێشتنەوەی بارودۆخەکان وەک خۆی دەکەن و، دووانەی برسێتی و نەخوێندەواری سووتەمەنی ئەم کارەن. نەبوونی چانسی خوێندن توانای کچان سنووردار دەکات؛ هاوئاهەنگ لەگەڵ برسێتیدا وا دەکەن هاوسەرگیری منداڵان ببێتە کەتوارێکی (واقیعێکی) حەتمی. وەلێ، کاتێک بە شێوەیەکی گشتی چانسە ئابووری و پەروەردەییەکان زیاتر بەردەست دەبن و دەبنە هۆی کەمبوونەوەی برسییەتی، لەو وڵاتانەی ڕەوایەتییە ئایینیی و نەریتییەکان بۆ هاوسەرگیری منداڵن بە قووڵی ڕەگی داکووتیوە، بەبێ گۆڕانکاری لە نۆرمە کۆمەڵایەتییەکاندا، هاوسەرگیری منداڵان کۆتایی نایەت.

 

لە زۆرێک لەو وڵاتانەدا کە هاوسەرگیری منداڵان ڕوودەدات، بەپێی یاسا ئەم کارە قەدەغەیە، بەڵام یاساکان تایبەت بەم پرسەوە تەنها لەسەر کاغەز دەمێننەوە، و کاریان پێ ناکرێت و پشتگوێ دەخرێن. لەمڕۆدا، هاوسەرگیری منداڵان لە ژمارەیەک ناوچەی جیهاندا وەک نۆرمێک ماوەتەوە. لە نەجەڕ، لەسەدا (٧٥)ی کچان پێش ١٨ ساڵی هاوسەرگیری دەکەن؛ لە هیندستان و ئێریتریا ڕێژەکە لەسەدا (٥٠)ەوە نزیکترە. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی دەزگای گەشەسەندنی نێونەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکان، لە کۆی ٤٧ وڵاتی بەشداربوو لە ڕاپرسییەکدا، لە ١٦ وڵاتیاندا زیاتر لە سەدا (٤٠)ی ژنان پێش تەمەنی ١٨ ساڵی دەدرێن بەشوو؛ لە سێ لەم وڵاتانەدا، کە بریتین لە بەنگلادیش، گینیا، و مالی، لەسەدا (٦٠)ی ژنان پێش تەمەنی ١٨ ساڵی دەدرێن بەشوو. 

 

سەرجەم ئەم فاکتەرانە بەو مانایە دێن کە هیچ هەڵبژاردەیەک بە تەنها نابێتە وەڵام بۆ ئاڵنگاری هاوسەرگیری منداڵان، بەڵکوو تێکەڵەیەک لە چوارچێوەی یاسایی، یاسای پەروەردەیی، ستانداردی جێبەجێکردن، گۆڕینی هەڵوێست، و هاندەری ئابووری پێویستن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەم کارە بە تەواوەتی ناهێڵدرێت، تەنانەت لەو کۆمەڵگەیانەیش کە تێیدا بووە بە پراکتیزەیەکی ڕەگداکووتیوی کولتووریی. 

 

یاسادانەرە ئەمێریکییەکان دژی بەشوودانی منداڵان، لە ئاستی ناخۆیی و دەرەکیدا، قسەیان کردووە و، کامپەینەکانی وەک (کچ نەک بووک) تیشکیان خستووەتە سەر ئەم پرسە لە نێو یاسادانەرە جیهانییەکان و خەڵکی گشتیدا. وەلێ، سەرەڕای زیادبوونی سەرنج لەسەر بەشوودانی منداڵان، هێشتاکە تێگەیشتنێکی پتەو لەبارەی ئەوەی چی کار دەکات و چی کار ناکات لەسەر ئەم پرسە نەهاتۆتەبوون. ئەوە ڕوونە کە بە تەنها یاسا نەبووەتە هۆی گۆڕینی کەتواری (واقیعی) ژیانی منداڵانی بەشوودراو و سرووشتی نەریتی کۆمەڵگەکان. ژمارەیەک ڕێکخراوی ناحووکومی کار لەسەر پارچەی جیاوازی یاسایی دەکەن، و لە ئاستی جیاوازدا فشار دەکەن تا بزانن چی دەستێوەردانێک جیاوازی دروست دەکات لە ڕێگریکردن لە بەشوودانی منداڵان و گۆڕینی هەڵوێست لەبارەی ئەم نەریتەوە. تۆژینەوەی زیاتر لەسەر ئەو فاکتەرە کۆمەڵایەتی، ئابووری، و کولتوورییانەی دەبنە هۆی بەشوودانی منداڵان، دەبێتە هۆی کەمبوونەوە، و لە ئەاکامدا لەناوبردنی ئەم کارە. 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.