سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كوردستان و كورد لە قۆناغی مێژووی سەدەكانی ناوەڕاستدا

27/06/2022



كەیوان ئازاد

هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام لە كوردستاندا

هۆكاری فەرهەنگی


ئەم هۆكارەیان بەپێچەوانەی هۆكارەكانی پێشوو، گرنگترین بەربەست و كێشە بوو لەبەردەم گەیشتن و بڵابوونەوەی ئایینی ئیسلام بە كوردستاندا. هۆیەكەش ئاشكرا و ڕوون بوو. لەلایەك زمانی كۆی گشتیی كورد لەو سەردەمەدا كوردی نەبوو، وەك ئەوەی دواتر بە زمانێكی نەتەوەی كوردی ناسرا، بەڵكوو زمانی خەڵكانی ئاسیای دووری، واتە زمانی ناوچەیی و زمانی خاوەن موڵك و دەستڕۆیشتووەكانی نێو سنووری ئیمپراتۆڕیی ساسانی پەهلەوی و زمانی نێو سنووری ئیمپراتۆریی بێزەنتی (لاتینی) بوو.

بەو هۆیەشی كۆمەڵگای كوردی لەو سەردەمەدا دابەش كرابوو، بۆیە ئەوەش كاریگەریی لەسەر زمانی ئاخاوتنی تاك و خێزانەكانی كورد هەبوو. ئەمە جگە لەوەی زمانی مووغ و پیاوانی ئایینیی زەردەشتی ئاڤێستایی و زمانی قەشە و ئوسقۆفەكانیش ئارامی بوون. هەروەها زمانی حاخام و گەورەكانی جوو، عیبری و زمانی شێخ و پیرەكانی ئێزدیش كرمانجی و زمانی پیرەكانی كاكەییش شێوەزاری هەورامی بوو. زمانی پەیڕەوانیشیان وەك ئاماژەمان پێ دا، دووڕی، واتە زمانی ناوچەیی بوو، كە ئاسایی شێوەزاری ناوچەیەك لە ناوچەیەكی تر جیاواز بوو. سەرباری ئەوانەش، زیاتر لە (95%) كۆی خەڵكی كوردستان نەخوێندەوار و (90%)یان گوندنشین بوون، واتە هیچیان لە بواری زمان و نووسین نەدەزانی.

لە لایەكی دیكەوە، دەسەڵاتدارانی ساسانی و بێزەنتی دۆخی فەرهەنگ و خوێندەواریی هاووڵاتییانی ژێر دەسەڵاتیان بە كورد و پێكهاتەكانی ترەوە بە خودی خۆیان سپاردبوو. واتە كاریان بە پرۆسەی خوێندن و فێربوونی كۆمەڵگای كوردییەوە نەبوو، ئەو بوارەیان بۆ خودی خەڵكەكە بەجێ هێشتبوو. خوێندنیش تەنیا لەسەر توێژی دەستڕۆیشتووەكان سنووردار بوو. هۆیەكەشی ئەوە بوو، توێژەكانی خوارووی كۆمەڵگای بە منداڵی پیشەوەر و كاسبكاریشەوە، توانای ئەوەیان نەبوو منداڵەكانیان فێری خوێندن و نووسین بكەن، چونكە خەرجی و ئەركی زۆری دەویست.

بەو دۆخەشەوە، تاك و خێزانەكانی كۆمەڵگای كوردی تێدا دەژیا، ئایینی ئیسلام سەری هەڵدا و سوپای عەرەبی ئیسلامی لە دەروازەكانی باشوری كوردستانیان دا. ئەوەش بەو مانایە بوو كە هاتنی ئەو سوپایە بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی ئایینی ئیسلام و گەیاندنی بە نەتەوە و كۆمەڵگاكانی تر، وەك ئەركێكی ئایینی، پێویستی بەوە هەبوو، بەر لە هەر شتێك تاك و خێزانی ئەو كۆمەڵگایانە لە ئایینی نوێ ئاگادار بكەن.

زمانی ئایینی نوێ و ئەو سوپایەی لە قۆناغی یەكەمدا ئەركی بڵاوكردنەوەی ئایینەكەی پێ سپێردرا، (عەرەبی) بوو. هەروەها (زمانی عەرەبی)ش زمانی (قورئان) واتە زمانی كتێبی پیرۆزی ئایینی ئیسلام بوو. (قورئان)، تا ساڵی (650ز) كۆ نەكرایەوە و لە پەرتووكێكی تەواودا ڕێك نەخرا. هەروەها تا نیوەی دووەمی سەدەی حەوتەمی زایینی، خاڵ لەسەر وشەكانی دانەنرا و تا كۆتایی ئەو سەدەیەش سەروبۆری بۆ نەكرا.

هەر بۆیە گەیشتنی ئایینی ئیسلام، بە زمانی عەرەبی، كە زمانی خەڵكی كوردستان نەبوو، كێشە بوو لەبەردەم بڵاوبوونەوەی ئایینەكە و گەیشتنی بە تاك و خێزانەكانی كورد لەو سەردەمەدا. ڕاستە ئایینەكە گەیشتە كوردستان و بەشێكیان باوەڕیان پێ هێنا، بەڵام شتێك لە ئایینەكە و كتێبە پیرۆزەكەی حاڵی نەبوون. هەر بۆیە كاتێك فەرماندە و ئەندامەكانی سوپای عەرەبی ئیسلامی، دەچوونە گوند و شارۆچكە و شار و ناوچەیەكی كوردستان، كێشەی یەكەمی بەردەمیان، تێگەیشتن بوو لە دانیشتوانەكەی و گەیاندنی ئایینەكە بوو بەوان، بەوەی چۆن پەیامی ئیسلام بگەیەنە ئەوان؟

وەك ئاماژەشمان پێ دا، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئاییینی ئیسلامیش (قورئان) وەك كتێبی پیرۆزی ئایینەكە، لە كتێبێكی سەربەخۆدا بەردەست نەبوو. هەروەها ئەركە ئایینییەكانی وەك باوەڕهێنان و نوێژكردن و سرووتە ئایینییەكان هەر عەرەبی بوون كە ئەوەش وەرگرتنی لەلایەن تاك و خێزانی كوردەوە نەك ئاسان نەبوو، بەڵكوو قورسیش بوو. بەتایبەت ئەوانەی نەخوێندەوار بوون، كە زۆرینەی ڕەهای كۆمەڵگای كوردی بوون.

دیوێكی تری لایەنەكە ئەوە بوو، كە كاری لەپێشینەی سوپای عەرەبی ئیسلامی، تا دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی دەگات، هەرچی زووتر بڵاوكردنەوەی ئایینەكەیان و گەیاندنی بوو بە دوورترین شوێن. دواتر فێربوون و تێگەیاندن و پێگەیاندنی ئەو تاك و خێزانانەی كەوتبوونە ژێر قەڵمڕەوی خۆیانەوە. هەر بۆیە لەگەڵ ئەوەی پێشڕەوییەكانی سوپای عەرەبی ئیسلامی لە كوردستاندا، خێرا و كەم ماوە بوو، بەڵام گەیاندنی پەیامەكە بە تاك بە تاك و خێزان بە خێزانی كورد، كاتی دەویست، هەر بۆیە بۆ چەند ساڵێك دوا كەوت. ئەوەش حاڵەتێكی ئاسایی بوو.

دیارە ئەوانەشی باوەڕیان بە ئایینەكە هێنا، باوەڕەكەیان سادەیی و بەجێهێنانی ئەركە سەرەكییەكان بوو، كە خۆی لە (شایەتیدان بە یەكتاپەرەستیی خودا، باوەڕهێنان بە فریشتەكان، پەیامبەران، كتێبە پیرۆزەكان، ڕۆژی دوایی) و قبووڵكردنی پەیامبەری ئیسلام (د.خ) بە دوایەمین پەیامبەری مێژووی مرۆڤایەتی، كۆ كرابوویەوە، تا بە (نوێژ، ڕۆژوو، زەكات، حەج) دەگات. واتە هەموو كۆمەڵە ڕێسا و یاساكانی ئایینەكە، نەگەیشتبووە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، تا هەر باوەڕدارێكی كوردی موسڵمان كاری پێ بكات، بۆیە بەو سادەییەش، سەخت بوو هەر باوەڕدارێكی كورد كاری پێ بكات.

ئیتر نازانرێت هەموو ئەوانەی پێداگری لە خێرایی و گەیشتنی ئایینی ئیسلام ئەكەن، بۆ زۆرینەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، بە هەموو ئەرك و بنەماكانییەوە، پشتیان بە كام پێوەر و بە چ بیركردنەوەیەكی عەقڵانی بەستبوو؟ لە بچووكترین بەڵگەشدا، دەكرێت بپرسین، كە بۆچی دانیشتوانی شاری مەككە، بۆ ماوەی (13) ساڵ دژایەتیی (موحەممەد كوڕی عەبدوڵلا/ د.خ)یان كرد، لەكاتێكدا لە خودی خۆیان بوو؟ تەنانەت لەو شارەش، شەڕی خۆی و پەیڕەوانیان دەكرد و بۆ ماوەی (8) ساڵیش لە شاری (مەدینە) دژایەتییان كرد! ئیتر بەم شێوەیە كۆمەڵگای كوردی پێشوازیی لە ئایینەكە كرد و بێ وردبوونەوە و لێپرسینەوە لە ئایینەكە، قبووڵیان كرد.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.