سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئاشتەوایی توركیا و سعودیە لە دوای چی؟

27/06/2022



ئازاد ئیبراهیم

لە 2ی ئۆكتۆبەری 2018 رۆژنامەنووسی ئۆپۆزسیۆنی سعودی جەمال خاشقچی وەك باسیان لێوەكرد لە كونسوڵخانەی وڵاتەكەیدا لە توركیا تیرۆر كرا، ئەم كوشتنە بووە خاڵی دەسپێكی ناكۆكییەكی قووڵ لە نێوان شازادەی جێنشینی سعودی و سەرۆك كۆماری توركیا.

لە دوای چوار ساڵی ناكۆكی نێوان هەردوو وڵات، دواجار ئەردۆغان لەسەر داوای «شا سەلمان عەبدولعەزیز» لە 29ی نیسانی 2022 چووە سعودیە و لەپاڵ مەرامە سیاسییەكەیدا، عومرەی ماڵی خودایشی بەجێ گەیاند، زۆرێكی میدیا ناوچەیی و جیهانییەكان، عومرەكەیان ناونا (عومرەی سیاسی)، لە بەرامبەریشدا لە 22ی 6ی 2022 محەمەد بن سەلمان سەردانی توركیای كرد و لەلایەن ئەردۆغانەوە پێشوازی لێكرا.

لەدوای خاوبوونەوەی گرژییەكانی نێوان هەردوو وڵات، لێكدانەوەی زۆر بۆ رەنگڕێژكردنەوە و داڕشتنەوەی جۆرێكی دیكەی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات دەكرێت، بەڵام ئەوەی تاكو ئێستا دیارترینی ئەو دەرهاویشتانەی ئاشتبوونەوەكەی نێوان محەمەد بن سەلمان و ئەردۆغانە، دوو بابەتی سەرەكییە:

یەكەم: ئەردۆغان پێش سەردانەكەی بۆ جەددە، رایگەیاندووە كە دۆسیەی خاشقچی رادەستی دادگای باڵای سعودیە كراوە، ئەمەش بەو مانا دێت دۆسیەی كوشتنەكە داخرا و محەمەد بن سەلمان لە دۆسیەكە رزگاری دەبێت، مادام دۆسیەكە لە دادگای وڵاتەكەیدایە دەتوانێت بە ویستی خۆی ئەو دۆسیەیە بگۆڕێت، كوردیش دەمێك ساڵە وتوویەتی «وەی لەو خوێنەی شەو و رۆژێكی بەسەردا بچێت»

دووەم: دوای ئەوەی لە بانگەشەی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكادا جۆ بایدن رایگەیاند بەهۆی كوشتنی خاشقچییەوە دەستبەرداری سعودیە دەبن و پاشان لە راپۆرتێكی ئیدارەكەی بایدندا راستەوخۆ ئەو شازادە سعودیە لەو كوشتنە تێوە دەگلێنێت. ئێستا جۆ بایدن دەیەوێت لەگەڵ محەمەد بن سەلمان كۆببێتەوە، بۆیە ئەردۆغان دەیەوێت پێش ئەم دیدارە، لەگەڵ محەمەد بن سەلمان دانیشتن بكات، توركیا گرژییەكانی لەگەڵ شازادە جێنشینەكە سفر بكاتەوە و بە ئاراستەی روسیا كار بكات.

ئەم هەوڵە پەلەیەی ئەردۆغان بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ محەمەد بن سەلمان دوای ئەوە دێت كە بەپێی تۆڕی هەواڵی (سی ئێن ئێن)ی  ئەمریكی، جۆ بایدن بڕیاری داوە لەپێناو «وەڵامدانەوەی روسیا و هەوڵدان بۆ دابەزاندنی نرخی وزە، كە هۆكار بووە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسان بەشێوەیەك لەساڵی 1981ەوە بەو شێوەیە نەبووە»، لەگەڵ محەمەد بن سەلمان كۆببێتەوە و دۆسیەی رۆژنامەنووسە سعودیەكە بەتەواوی دابخات. هەر ئەم تۆڕە هەواڵییە پێشتر بڵاوی كردەوە كە كوڕەكانی خاشقچی بڕی 700 ملیۆن دۆلار  لە دەسەڵاتی سعودیە وەردەگرن لە بەرامبەر خوێنی باوكیاندا كە بووە مایەی نیگەرانی بایدن.

تاكو ئێستا دۆسیەكەی خاشقچی بەهەر شێوەیەك نەگەشتبێتە ئەنجام و تاوانبارانی ئەو تیرۆرە نەزانرابن، ئەوا خوێنی خاشقچی لە مامەڵە و دانیشتنی هەریەك لە ئەمریكا و توركیا لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، ئۆتۆماتیكی ون دەكرێت و شازادەكە لەو تیرۆرە رزگاری دەبێت كە رۆژانێك دەوترا ئەو كوشتنە مەترسی دەبێت بۆ سەر پێگەكەیی و دەسەڵاتەكەی لە ناوەوە و دەرەوەدا.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.