ئامادەكردنی: ساڤۆ سەردار
شارستانیەتی میزۆپۆتامیا بە یەكێك لە شارستانیەتە دێرین و سەرەكیەكانی مێژووی مرۆڤایەتی دائەنرێت كە ناوچەی سەرەكی "نێوان دوو ڕووباری دیجلە و فورات"ە، زیاتریش بە نێوان دوو ڕووبار ناسراوە، بە پێی ئەوەی هەر شارستانیەتێك خاوەنی تایبەتمەندی و خاڵی جیاكەرەوەی خۆیەتی لەگەڵ شارستانیەتەكانی دیكەدا، ئەوا میزۆپۆتامیاش خاوەنی هەندێك خەسڵەتە كە جودا كەرەوەیە، سۆمەریەكان ئەڵێن كەوا یەكەم شارستانیەتی بونیادنراو، تۆماركراو، بە پێی پلان و خەسڵەت ئەوان بوون لە ماوەیی ٤٠٠٠ ساڵ پێش زایین، لەسەر ئەم جوگرافیایەدا ژیاون وە خەسڵەتی ئاویی ناوچەكەیان قۆستبێتەوە بۆ سود وەرگرتن لێی، كە دروستكردن و جێگركردنی شارستانیەتەكە هۆیەكی گرنگی بۆ تایبەتمەندی ئاویی ناوچەكە ئەگەڕێتەوە كە دوو ڕوباری دیجلەو فوراتی لێ بوون ، ژینگەی ئاویی بە خەسڵەتێكی گرنگی پاراستنیش دادەنرێت كە پشتیان پێ بەستووە بۆ دەستڕانەگەیشتنی دوژمن لەو ناوچەیەدا بە مانایەكی دیكە دیجلەو فورات لە ڕووی سەربازی و پاراستینیشەوە خزمەتیان بە شارستانیەتەكە كردووە.
لە میزۆپۆتامیادا بینا ئاینیەكان بە تایبەتمەندیەكی گرنگ دادەنرێن كە تیایدا بە چەند فۆڕم و شێوازێك نمایندەی خۆیان ئەكەن، یان بە شێوازی پەرستگان یاخود بە شێوەی زەقورەكان كە بۆ مەبەستی پەرستشی ئاینی بەكاردەبرێن كە بە "دڵی شارەكان" ناسراون، لێرەدا پرسیارێك دێتە پێش سەرباری هەندێك خەسڵەتی دیكەی وەكو موادی بەكارهێنان (ئینشائی) كە زیاتر خشتی قۆڕین و بەرد بوون بە پێی ئەوەی زیاتر ماددەی بەردەست و لۆكاڵی باو بوون لە ناوچەكەدا، كەچی بینا سەرەكیەكان خاڵی جیاكەرەوەن وەك لە مواددەكان، چونكە زەقورەكان جۆرێك لە بینای ئاینین كە بەو فۆڕم و نەخشەی دروستكردنە تەنها لەو شارستانیەتەدا هەبوون وە بوونە سیمبوڵی شارستانیەتی میزۆپۆتامیا واتە ڕۆڵێكی ڕەمزیان هەیە، ئاین لە ناو شاستانیەتەكەدا بە شێوازێكی سەنتراڵ بوونی هەبووە بۆیە" شوێنگەی ئایین " واتە زەقورەكان دەبنە پنتێكی ئەساسی، زەقورەكان بە مانای باڵەخانەی بەرز دێن ،نمونە زەقورەی (ئور) كە بەناوبانگترین زەقورەی ناو شارستانیەتەكەیە لەلایەن پاشا ئور نەمۆ دروستكراوە، دەكەوێتە عێراقەوە بەرزیەكەی ١٠٠ پێ بووە، كە ئەم ژمارەیە بۆ سەردەمێك كە تەنها دەستی كار كرێكارەكان بوون و هیچ تەكنەلۆژیا و كار ئاسانی كەرێك تیایدا نەبووە، لە سیاقی خۆیدا باڵەخانیەكی بەرز بووە.
خاڵی جیاكەرەوەی نێوان پەرستگاكان و زەقورەكان چین ؟
پەرستگاكان و زەقورەكان هەردووكیان بینای ئاینین كە بۆ پەرستشكردنی خواوەندەكان بەكارهاتوون ، زەقورەكان بەشێكن لە پەرستگاكان واتە شوێنگەی بەشەكی پەرستگاكانن ، واتە شوێنی دانانی خواوەندەكان و خزمەتكارانی خواوەندەكان ، لە كاتێكدا پەرستگاكان بە ناوەندی ئابووری شارەكان دادەنران ، شوێنگەی مانەوەی سەدان و هەزاران خەڵك و پەرستكاران بوون بە نموونە: كاهینەكان و خزمەتكارانی پەرستگاكە ، دارتاشەكان.
زەوی پەرستاگانیش بە زەویەكی موقەدەس و پیرۆز دادەنران ، بەشێك لە كاهینەكان گۆشتی پیرۆزیان بۆ خواوەندەكان ئامادە ئەكرد واتە قوربانیكردن بۆ خواوەندەكان بەشێك بووە لە عەقیدە و بیروباوەڕیان ، هەر لەبەرئەمەش بووە لە دانانی نەخشە واتە خەریتەی ناو زەقورەكان شوێنی تایبەت بە قوربانیكردن هەبووەواتە لە ئاستی ئەندازیاریەوە حساب بۆ كراو بووە.
لە ساڵی ١٩٨٠ سەددام حوسێن هەندێك ڕەهەندی ناو زەقورەی ئوری نۆژەن كردەوە ،هەندێك فرۆكەی شەڕكەری جۆری (جێت)ی لێ نیشتەجێكردن لە پێناو ئەوەی كەوا هاوپەیمانان بەهۆی ئەم ئاسەوارە دێرینەوە هێرش نەكەنە سەر فرۆكەكان لەو ناوچەیەدا، واتە لە هەوڵیدا لە ڕێگەی قودسیەتی زەقورەكانەوە پارێزگاری لە حەشاردانی فرۆكەكانی بكات هەرچەند لە میانەی ئەو جەنگەدا زیانێكی قورس بەر زەقورەكان نەكەوتن بەڵام لە ئێستادا زەقورەی ئور لە ناوچەی ناسریەدا پارێزراوە.
وێنەی زەقورەی ئور