سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

گۆرانکاریە ئڤلوشنیەکان، مەرج نییە لە بەرژەوەندی جۆرەکاندا بێت

02/07/2022


 

گۆران ئیبراهیم

 

 

زۆر کەس ئەم واتایە بە هەڵە وەردەگرێت یاخود بە باشی ئاگادار نییە لێی و توشی هەڵەی گەورەی تێگەیشتن دەبێت سەبارەت بە ئڤلوشن... لە کاتێکدا ئێمە واتای وەک (خۆگونجاندن)مان هەیە بۆ ئەو گۆرانکاریانەی کە وا لە جۆرێک دەکات (باشترین) بکات لە هەلومەرجێکی تایبەتیدا، بەڵام ئەو گۆرانکاریانە، زیاتر وەک قومار کردن وایە و رەهەندێکی (شانسی) پێوەیە وەک لە پلانێکی داڕێژراو. 

 

 هەمیشە ئەو ئەگەریە هەیە کە (خۆگونجاندن)ێک، وا لە جۆرێک بکات، خراپترین بکات، نەک باشترین. ئەمەش زیاتر بە هۆکاری ئەوەوەیە کە ئەو گۆرانکاریانە، لەوانەیە کاردانەوەی نەویست بهێنێتە کایەوە و ببێتە هۆکاری لاوازبوون و لە هەندێ جاریشدا نەمانی ئەو جۆرە.

 

نمونەمان زۆرە لەسەر ئەو دیاردەیە و لەم ماوانەشدا، دەرکەوت بۆقی ناسراو بە pumpkin toadlet، ناوە زانستیەکەی Brachycephalus sp، یەکێکی ترە لەوانەی کە بووە بە نێچیری ئەو (خۆگونجاندن)ەی کە بەسەریدا هاتووە.

 

ئەم بۆقە، کە لە دارستانەکانی ئەمازۆندا دەژی، بۆ خۆلادان لە ڕاوچیەکان و مانەوە،  ئەندازەی زۆر بچوکبۆتەوە (نزیکەی یەک سانتیمەتر دەبێت). لە ئەنجامیشدا، کەناڵی گوچکەی ناوەندی، بەهەمانشێوە بچوکبۆتەوە و بۆتە هۆکاری ئەوەی بچوکترین semicircular canals هەبێت لەناو بڕبڕەدارەکاندا.

 

کەناڵی semicircular canals ی ناو گوچکەی ناوەند، شلەمەندییەکی تێدایە و بە ئاسان هاتوچۆکردنی ئەو شلەمەندییە زۆر گرنگە بۆ راگرتنی هاوکێشەی لەش. بۆ بۆقێکیش کە لە رێگەی بازدانەوە هاتوچۆ دەکات، ئەو تایبەتمەندییە یەکجار گرنگە.

 

 بەو هۆکارەش، ئەم بۆقە نەگبەتە، بە هۆکاری زۆر بچوکی گوێچکەی ناوەندی، ئەو شلەمەندییە بە ئاسانی هاتوچۆ ناکات و ئەوەش بۆتە هۆکاری ئەوەی کە کەمتر هەستیار بێت لە بەرامبەر جوڵەکانی لەشی. ئەوەش وای لەم بۆقە کردووە کە خراپترین بازدانی هەبێت لەناو بۆقەکاندا و نەتوانێت هاوکێشەی لەشی خۆی رابگرێت لە کاتی بازداندا.... باز دەدات و هەر جارەی لەسەر شوێنێکی دەگیرسێتەوە، کەرەتێک لەسەر پشتی، کەرەتێک شانی بەر زەوی دەکەوێت و کەرەتێکی تریش دەموچاوی….و هتد... بەکورتیەکەی، بووە بە نێچیری (خۆگونجاندن)کانی.

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.