سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

تەلەسکۆپی هەبڵ کونێکی ڕەشی گەڕۆکی دۆزیەوە

02/07/2022


 

نوسینی: لوقمان حەوێز

 

یەکەمجارە کونێکی ڕەشی گەڕۆک دەدۆزینەوە.

 

ئێستا دەزانین و دڵنیاین کونەڕەشەکان بە بەربڵاوی هەن لەنێو گەردوون، زۆربەی ئەو کونەڕەشانە لە تەقینەوەی ئەستێرە زەبەلاحەکان دروست بوون کە بەشێوەی سوپەرنۆڤا لە کۆتایی تەمەنەکانیدا تەقیونەتەوە، ئەو ئەستێرانەی لایەنی کەم بارستەکانیان بیست هێندە یان زیاترە لە بارستەی خۆر.

 

بەپێی نوێترین لێکدانەوەش تەنیا لە نێو گەلەئەستێرەی ڕێی کاکێشان کە ئێمە و کۆمەڵەی خۆرەکەی ئێمەی تێدایە پتر لە 100 ملیۆن کونی ڕەش هەیە، ئەوەش ژمارەی ئەو ئەستێرە زەبەلاحانەیە کە لەسەرەتای دروست بوونی گەلەئەستێرەکەمانەوە دروست بوون و تەقیونەتەوە تاوەکو ئێستا، ئەو کونەڕەشانە وەکو چاڵێکی تاریک و بێ بن هێزی کێشکردنیان هێندە زۆرە هەموو تەنە نزیکەکان لە خۆیان هەڵدەلوشن، ناشیان بینین و ناتوانین چاودێریشیان بکەین ئەگەر هیچ ئەستێرەیەک یان تەمێک نزیک نەبێت لێیان، تەنیا لەو کاتانە دەیاندۆزینەوە کە کاریگەریان دەبێت بەسەر ئەستێرەکان و تەمە گەردوونیەکانی چواردەوریان، ئەوساکە وا دەکەن ئەو ئەستێرە نزیکانە لێیان بەدەوریاندا بسوڕێنەوە یان قوتیان بدەن، ئینجا دەزانین ئەو کونەڕەشانە لەوێن و هەن.

 

دوای لێکدانەوەی داتاکانی تەلەسکۆپی هەبڵ بەم دواییە لەلایەن تیمێک لە گەردوونناسان لە زانکۆی بێرکلی لە کالیفۆرنیا دەرکەوت کە هەبڵ لەکاتی چاودێریکردنی ناوچەیەکی ڕێی کاکێشان کونێکی ڕەشی گەڕۆکی لەو ناوچەیە دۆزیوەتەوە کە بارستەکەی لەنێوان 1.6 تا 4.4 بارستەی خۆرەکەمانە و خێراییەکەی لەنێوان 100 هەزار تا 167 هەزار کیلۆمەترە لە کاتژمێردا.

 

ئێستا ئەو کونە ڕەشە لە دوری نزیکەی 5000 ساڵی تیشکیە و ئەو دوریەش گەلێک زۆرە و هیچ کاریگەریەکی لەسەر زەوی و کۆمەڵەی خۆرەکەمان نابێت.

 

بەڵام بەپێی لێکدانەوە ماتماتیکیەکان بێت لەبەر زۆری ژمارە کونەڕەشەکان لەنێو گەلەئەستێرەکەمان ئەوا نزیکترین کونی ڕەش لە ئێمە دەبێت نزیکەی 80 ساڵی تیشکی دوربێت لە ئێمە بەڵام هێشتا نەمانتوانیوە ئەوەیان کە نزیکترین کونەڕەشە لە ئێمە بدۆزینەوە، ئەگەر ئەوەشیان گەڕۆک بێت ئەوا لە داهاتوودا دورنیە مەترسی لەسەر ئەستێرەکانی دەوروبەری دروست بکات بە خۆر و کۆمەڵەی خۆری ئێمەشەوە.

 

شتێکی حەتمیە کە لە کۆتاییەکانی تەمەنی گەردوون زۆربەی هەرە زۆری بارستەکانی نێو گەردوون دەکەونە نێو ئەو کون و چاڵە ڕەشانەی گەردوون و هەڵدەلوشرێن، بەپێی بیردۆزی سترینگ ئەو چاڵ و کونەڕەشانەی گەردوون دەشێت دەرگایەک بن بەرەو گەردوونەکان و جیهانەکانی تر.

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.