سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بۆ دایکم نەوال ئەلسەعداوی، لە ساڵیادی یەکەم کۆچکردنیدا

17/07/2022



د. مونا حلمی

‎و. ڕۆزا حە‌مە‌ ساڵح


‎لە بە‌رچاوی خەڵكیدا، ئە‌و دایکم بوو.  ئەمە یاریە‌  ڕاستە‌قینە‌‌كە‌، یان فێڵە جوانە‌كە بوو كە‌ دە‌مانكرد.  درۆیەک  تا توانیمان لە‌ ناو ڕاستییە‌كانیدا ژیاین.  "ساختەکارییەکی فەرمی" بوو، کە ئێمە لە‌ سە‌ری سزا نەدراین.

‎ڕاستیەکە ئەوەیە کە ئەو تاکە "منداڵی" منە، قژی وەک بەفرە، لە‌ش و لارێكی ڕێك کە ناچەمێتەوە، ئە‌سمە‌رێكی جوانە، کە بەبێ پیاو، بەبێ ئازار ھێنامە‌ دونیاوە‌.

‎هەمیشە لە‌ سە‌ر ناوكە‌داو دە‌بین، كە‌ پێكە‌وە‌ دە‌مانبە‌ستێتە‌وە‌.

‎“منداڵێکە‌ لە‌ خە‌و ھە‌ڵدە‌سێت گۆرانی دە‌ڵێت، مە‌یلی بە‌لای ‌ڕیتمەکاندا خەونێکی مەحاڵ دەجووڵنێت، هەرگیز بالێفە‌كە‌ بەجێناهێڵێت، چاوی بڕیوە‌تە‌ خۆر، یاری بە‌ بووکەڵە‌كان ناکات، بەڵکو بە پرسیارگە‌لێك  کە لە منداڵان قە‌دە‌غە‌كراوە و‌ بۆ گەورەکانیش حەرامە.

‎لە ئە‌پارتمانێكی بچووک لە جیزە، گەشتی گەورەی ژیانی خێزانەکەمان دەستی پێکرد.  "نەوال.. شەریف.. مونا.. عاتف."  لەوانەیە ژوورەکان تە‌نگ بووبن، بەڵام دڵ و دەروون و عە‌قڵ و خەونەکانمان فراوان بوون.

‎دایکم  لە‌ ھە‌مووانە‌وە‌ و بە بەردەوامی  دژایەتی دەکرا و بە دوایەوە بوون، لەوانە‌: پاسەوانەکانی سیستەمی سیاسی پیاوسالاری،  پیاوانی ئاینی ،  قەشە ئیفلیجە‌كانی ڕەخنە، نوخبەکانی ڕاگە‌یاندن و خۆنمایشکەرانی نیشتمانپەروەری و چاکە، ھە‌ر لە‌ سە‌ردە‌می عەبدولناسرەوە و تێپە‌ربوونی بە‌ سە‌ردە‌می سادات كە تێیدا زیندانی کرا، تا دەگاتە موبارەک، کە ئیدی لەوێدا  تەواوکەری گەمارۆدانێکی تاریک و ناوزڕاندن و شێواندنی بوو.

‎سادات لە ساڵی ١٩٨١ دا  دایکمی زیندانی کرد، نەک لەبەر دووبارەبوونەوەی بابەتەکانی دژی سیاسەتەکانی، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە کۆبوونەوەیەکدا  لە بەرامبەری وەستا و لێیپرسی:  لە سەردەمی جەنگدا؛ چۆن دەتوانێت درەنگ بێت و دواتر وتارێک لەسەر گرنگی کات پێشکەش بکەیت؟.

‎دایکم دەیگوت ماوەی زیندانیکردنم (٣ مانگ)بوو، لە جوانترین قۆناغەکانی ژیانم بوو.  ئەو لە ناو زینداندا  وەرزشی دەکرد، ڕوەکی دەناشت، لەسەر کلێنسی تەوالێت و بە قەڵەمی برۆ کە لە زیندانییەکەوە بە قاچاخ بۆی هاتبوو دەینووسی، یەکێک لە نایابترین کتێبەکانی  بە ناوی "بیرەوەرییەکانم لە زیندانی ژنان"، کە دواتر  وێنەکەی لەسەر بەرگی گۆڤاری تایمی ئەمریکی وەک کارەکتەری ساڵی ١٩٨١ دانرا و ڕۆیشتە ناو لیستی گرنگترین سەد ژنە کاریگەرەکان لە سەدەی بیستەمدا.

‎ كاتێك دایكم ‌ ڕوبە‌روی جەنگەکان دە‌بویە‌وە‌ ھە‌میشە‌  بە‌ خۆڕاگری دە‌مبینی، متمانەی بەخۆی ھە‌بوو‌، زەردەخەنەی دە‌كرد، تاڵە قژێکی نە‌دە‌لە‌رزی، تەنانەت چاوی نە‌دە‌تروكاند.

‎“شەریف حەتاتە” ی باوکم، کە بە هیچ شتێک قەرەبوو ناکرێتەوە، لە‌ دایك بووی (١٣ی ئەیلوولی ١٩٢٣ - ٢٢ی ئایاری ٢٠١٧) ژیاوە‌، هەموو پاڵپشتییە‌كی خۆی بۆ دایكم دە‌ربریبوو، خۆشەویستی بۆ دابین کردبوو، شانازی پێوە دەکرد، لە کەناڵ و میدیاکاندا وەڵامی ئە‌و تۆمەتە قێزەونانەی دەدایەوە، کەسایەتییە‌كی  هێمن و خۆڕاگری ھە‌بوو بۆ هیچ کەسێک خۆی نەوی نەدەکرد،  بە ئەزموونەکەی وەک خەباتگێڕێکی سیاسی ڕاهێنانی  بە‌ دایكم دەکرد کە چۆن ڕوبەڕووی ئەو تۆمەتانە ببێتەوە و ئاشکر و ئیدانەیان بكات، تۆمە‌تگە‌لێك كە‌ لە ڕوکشەدا ئاینی بوو، بە‌ڵام ناوەڕۆکەکەی سیاسی بوو.

 

‎" لە‌ یە‌ك جیانابینەوە" ئەمە قسەی باوكم بوو، کاتێک ویستیان لە دایکمی جیابکەنەوە،  ئە‌وە‌ بوو ڕەگەزنامە میسریە‌كە‌ی كێشایە‌وە‌.  هیچ پیاوێك یان ھاوسە‌رێكی تر نەیدەتوانی یاوەری دایکم بکات لە پرۆژە شارستانیەكە‌یدا كە‌ پاشگە‌زبوونە‌وە‌ی تێدا نە‌بوو‌،  پاڵپشتی بێت لە‌ گە‌شتی  نووسینە‌كانی و یاخیبوونە‌ ڕیشەیە‌كە‌ی.  باوكم یەکەم کەس بوو  كە‌ پە‌رتوك و ڕۆمانەکانی وەرگێڕانە‌‌ سە‌ر زمانی ئینگلیزی.  ئەویش وەک دایكم یاخیبوو، نووسەر و خەباتکارێکی سیاسی بوو، کە تامی زوڵم و ستەمی دەسەڵاتە تاکڕەوەکانی کردبوو، بە ویستی خۆی و بە‌ شانازی و ئیرادە‌یە‌كی بە‌رزە‌وە‌ باجەکەی دابوو.

‎دایکم خۆی لە هەموو شتێك بێبە‌ش كردبوو، ئەو هیچی لەم جیهانە ناڕاست و چە‌وتە‌ نەدەویست ئەوە نەبێت  چە‌ند كاتژمێرێك بە‌ تە‌نھا بێت و بێزارنە‌كرێت تاوە‌كو بنووسێت كە‌ چۆن جیھان ڕاست و یەکسان بێت.

‎خەڵاتی نۆبڵ کە لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە  دایکم کاندید بوو بۆی، تاوەکو ساڵی ٢٠٢١ هیچ گرنگییەکی ئەوتۆی نەبوو لای. ئەو دەیزانی   کە لە پلەی یەکەم و دواجاردا خەڵاتێکی سیاسییە، لەلایەن یەکێک لە حکومەتەکانی وابەستەی دەستی  ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەبە‌خشرێت، کەواتە چۆن وەریبگرێت، لە کاتێکدا  ئەم دژی سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە؟!

‎هەرچەندە سوید یەکێکە لەو وڵاتانەی کە دایکم  لە‌ زۆر ڕە‌ووە‌ تێیدا ناوبانگ وجە‌ماوە‌رێكی زۆری ھە‌یە‌، بەڵام خەڵاتی "ستێگ داگێرمان" ئەو نووسەرە بەناوبانگەی سویدی پێبەخشرا کە  بە‌ ڕوداوێكی خۆكوژی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا،  گوتیان هەرکەسێک ئەم خەڵاتە وەربگرێت ئە‌وا  دوا بە‌ دوای ئە‌وە‌ نۆبڵ وە‌ردە‌گرێت.

 

‎دایکم پێیوابوو "ئەلفڕێد نۆبڵ"  بۆیە‌ خەڵاتی نۆبڵی دامە‌زراند، تاوە‌كو  پەردەپۆشی داهێنانی دینامیتی تێکدەرە‌كە‌ی بكات، دە‌یگوت: خەڵاتی نۆبڵیشی یەکێکی ترە‌ لەو داهێنانە تێکدەرانە‌ی کە لێدانە لە سەربەخۆیی ئەدەب و داهێنانەکانی تێکدەدات و لە بەرژەوەندی هەڵوێستە سیاسییەکاندا هونەری  نووسین دەگۆڕێت  بۆ کاڵایەکی بەکاربەر کە نرخی خۆی  لە "بازاڕی سەرمایەداری"دا هەیە، کێبڕکێ  لە نێوان نوسەراندا سازدەکات کە پێویستیان بە‌وە‌ نییە و كارێكی جوانیش نییە بۆ كە‌سایە‌تیان.

 

‎دایکم نووسی: "خەڵاتی وازهێنان لە خەڵاتەکان"

‎، دوای ئەوەی هەندێک كە‌س داوای ئەوەیان کرد کە بەرزترین  خەڵاتی ڕێزلێنانی میسری پێبدرێت، کە ملوانکەی نیلە "‌ قلادە النیل"، لە‌ دوای چەندین خەڵات و ڕێزلێنان لە سەر ئاستی جیهاندا، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکوور و باشووردا.

 

‎بۆ نموونە لە تونس هەندێک لە پەرتوکەکانی دەخوێنرێت. لە فەرەنسا و کەتەلۆنیا و ئیسپانیا و تونس و چەندەها وڵاتی دیکە  خەڵاتی کۆماری وەرگرتووە.  هەموو بەرهەمەکانی کە (٨٠ پە‌رتووكن) وەرگێڕدراون بۆ ٤٠ زمانی جیهانی، تەنانەت چینی و ژاپۆنی و فارسیش.

 

‎هەندێک جار کە دایکم  لەو بارودۆخانەدا دەبینی کە ڕوبەڕووی دەبوویە‌وە‌، ئەوا هەستم بە دڵگرانی دەکرد.. زەردەخەندە‌ی بۆ دەکردم و دەیگوت: "تۆ گرنگییان پێمەدە، ئەوان بەرگری لە بوونیان دەکەن، هیچ شتێک شک نابەن جگە لە چەکی هەرزان و هاوردە و بەسەرچوو،  کە تاکە کاڵایەکە هەیانە .. ڕۆژێک دێت کە ئە‌و چە‌كە‌ ڕوو لە خۆیان بكات و بیانپێكێت… هەر کات دڕندەتر دە‌ردە‌كە‌ون ئە‌وا  یەقینی ئەوەم  لادروست دەبێت کە سەری مارە ژەهراوێکەم پێکاوە”.

‎ساڵێک تێپەڕی بەسەر پشودانی هەمیشەیی دایکم و منداڵەکەم و “نەوال”ی خۆشەویستم، یەکشەممە ٢١ی ئازاری ٢٠٢١،  کاتژمێر دوانزەی نیوەڕۆ، ڕۆژی دایکە.  

‎لە ڕۆژی دایکی ٢٠٠٦دا نووسیم کە دەمەوێت ناوی دایکیشم لەگەڵ ناوی باوکمدا ھە‌ڵبگرم، وەک ڕێزێک بۆ دایكم، وەک دەربڕینێک لە ڕاستییەکی پاک و بێگەرد کە من خولقێنە‌ری  دایک و باوکمم، کە چی بە تۆمەتی ئینکاریم بۆ زانینێک کە لە ناو ئایندایە ڕاپێچی دادگا کرام، چونکە ڕەچەڵەک لە ئیسلامدا  دە‌گە‌رێتە‌وە‌ بۆ باوک.

 

*ناوكە‌داو (الحَبْلُ السُّرِّيُّ ): ئە‌و كە‌ناڵە‌یە‌ كە‌ كۆرپە‌لە‌ بە‌ مناڵدان دە‌بە‌سێتە‌وە‌

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.