گۆران ئیبراهیم
کاتێک باسی کرۆمۆسۆمی X دەکرێت، هەندێ کەس یەکسەرە بیر لە مێینەکان دەکاتەوە و ئەوەی لەبیر دەچێت کە نێرینەکانیش خاوەن X کرۆمۆسۆمن. لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا، دەرکەوت ئەو کرۆمۆسۆمی X ی کە زۆر کەس لەبیری دەچێتەوە کە نێرینەکانیش هەیانە، زۆر گرنگە بۆ پرۆسەی دروستکردنی سپێرمی نێرینەکان.
تا ئێستاش هیچ شیکردنەوەیەکی زانستی تەواوەتیمان نییە بۆ هۆکاری نیووەی راستی نێرینە نەزۆکەکان. لە لێکۆڵینەوەیەکی جەنەتیکی نوێدا کە تێدا خوێندنەوەی جینۆمی 2354 نێرینەی نەزۆک بەکارهات کە رێژەی سپێرمیان لە خواروو 10 هەزار دانەوەیە بۆ هەر ملیلیترێکی ئاویان، و بەو هۆکارەش ناتوانن پیتاندن ئەنجام بدەن، دەرکەوت کە بە سەدەها هەڵەی جەنەتیکی (میوتەیشن) هەیە لە کرۆمۆسۆمی X یاندا.
پێشتر هیچ هۆکارێکی زانستی دەستنیشان نەکرابوو بۆ ئەو کەسانە کە بۆچی رێژەی سپێرمیان ئەمەندە نزمە. ئەو زانیاریە جەنەتیکیانەیان بەراورد کرا بە جینۆمی ئەو نێرینانەی کە نەزۆک نیین و رێژەیەکی 200 ملیۆن سپێرم بەرهەم دەهێنن بۆ هەر ملیلیترێکی ئاویان.
لەناو ئەو هەڵە جەنەتیکیانەدا کە لە کرۆمۆسۆمی X دەستنیشان کرا، بە تایبەت 21 هەڵەی جەنەتیکی بە بەرجەستەیی دەرکەوت کە کاریگەرییەکی زۆر راستەوخۆی هەیە بۆ سەر بەرهەمهێنانی سپێرم.
دەرکەوت زۆربەی ئەو هەڵە جەنەتیکیانە کار دەکاتە سەر پرۆسەی دابەشبوونی خانەکانی گوون بۆ بەرهەمهێنانی سپێرم.
لە هەموشی سەرنجراکێشتر لێرەدا ئەوەیە کە زاناکان هەمان هەڵەی جەنەتیکییان لە مێش و مشکە نەزۆکەکانیشدا دۆزییەوە!
هەڵە جەنەتیکیەکانی تریش لە کرۆمۆسۆمی X گرنگن بە پەیوەست بە نەزۆکی نێرینەکان و پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتری لەسەر بکرێت.