سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

کەی دیاردەی (خوێن گەرمی) ئڤلوشنی کرد؟

30/07/2022


 

زۆربەی زۆری ئاژەڵەکان (خوێن ساردن) و تەنانەت رەچەڵەکی ئاژەڵە (خوێن گەرمەکان)یش لە ئاژەڵە (خوێن ساردەکان)ەوە بووە.

 

دیاردەی (خوێن سارد) بەو ئاژەڵانە دەوترێت کە ناتوانن پلەی گەرمی لەشیان رابگرن و دەوروپشت، راستەوخۆ کار دەکاتە سەر پلەی گەرمی لەشیان، هەر وەک بۆق و مارمێلکە و زۆربەی ماسیەکان و تیمساح، و هتد. بەو هۆکارەش، سنوری جیوگرافی ئەو ئاژەڵانە دیاریکراوە و زۆر ناچالاک دەبن بە کەش و هەوای سارد و پێویستیان بە وزەی خۆرە بۆ گەرمبوونەوە و چالاک بوون.

 

لەلایەکی ترەوە، (خوێن گەرمەکان) endothermy هەر وەک شیردەرەکان (مرۆڤ) و باڵندەکان، دەتوانن پلەی گەرمی لەشیان بپارێزن بێگوێدان بە پلەی گەرمی دەوروپشت. لە رێگەی خواردنی زۆر و ژەمی بەردەوام لەگەڵ داپۆشینی لەشە بە (موو) و (پەر) و (چەوری)، ئاژەڵە (خوێن گەرمەکان) دەتوانن لە زۆر شوێنی جیاوازدا بژین و زۆر چالاکن.

 

لێرەدا وابزانم ئەوەندە سەخت نییە تێبگەین لەوەی کە رەچەڵەکی ئاژەڵەکان، لەو شوێنانەدا بووە کە زۆر گونجاو بووە، ئەگینا هەلی هاتنە کایەوەیان بۆ نەدەرەخسا. هەر بەو هۆکارەش، پێویستی بەوە نەکردووە کە پلەی گەرمی لەش بپارێزن. بەڵام لە قۆناغێکدا، ئاژەڵەکان هەلی ئەوەیان بۆ رەخسا کە چالاکتر بن و کەڵک لەو شوێنانە وەربگرن کە پێشتر داگیر نەکرابوو بە ئاژەڵەکانی تر… ئەو شوێنانەش، زیاتر شوێنە سارد و گەرمەکان بووە.

 

بەڵام لە کاتێکدا کە ئەندامە نەرمەکانی لەش نابن بە بەردبوو، لەو کاتانەدا چۆن دەتوانرێت بزانرێت کەی تایبەتمەندی (خوێن گەرمی) هاتە کایەوە؟

 

لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێشدا توانرا وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە و دەرکەوت کە هەیکەلی (گوێچکەی ناوەوە)، دەتوانێت ئەو دیاردەیەمان بۆ دەربخات. بە تایبەت هەیکەلی ئەو بەشەی کە زۆر گرنگە بۆ راگرتنی هاوکێشەی لەش و بینایی و کۆنترۆڵی جوڵە motor control، واتە semicircular duct system یاخود بە کورتی SDS، زۆر راستەوخۆ پلەی گەرمی لەش، کار دەکاتە سەر شێوازی گەشە کردنی.

 

 پلەی بەرزتری گەرمی لەش وا دەکات کە ئەو شلەمەندیەی لەناو ئەو هەیکەلەدایە و خاڵی گرنگی ئەو کارانەیە کە باسم کرد، کەمتر چڕ بێت و ئەوەش وا دەکات کە هەیکەلی SDS جیاواز بێت لە (خوێن سارد)ەکان. هەر ئەوەشە کە وای کردووە هەیکەلی SDS ماسی، بە پەیوەست بە ئەندازەی خۆیەوە، لە هی هەموو ئاژەڵەکانی سەر زەوی گەورەتر بێت.

 

لە رێگەی لێکۆڵینەوەی ورد لە 56 بە بەردووی ئاژەڵە کۆنەکان ( هەر وەک ئاژەڵە رەچەڵەکەکانی شیردەرەکان synapsids )، دەرکەوت کە دیاردەی (خوێن گەرم)ی، نزیکەی 233 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر هاتۆتە کایەوە. ئەو قۆناغە سەرەتای هاتنە کایەوەی شیردەرەکان بوو و دایناسۆرەکانیش وردە وردە لە زیادبوندا بوون. 

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.