سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كوردستان و كورد لە قۆناغی مێژووی سەدەكانى ناوەڕاستدا

پێش 2 هەفتە


 

كەیوان ئازاد

ڕاپەڕینی كورد دژ بە سیاسەتی سوپای عەرەبی ئیسلامی و دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی

لە ڕۆژگارێکدا، کە کوردستان ڕووبەڕووی سوپای عەرەبی ئیسلامی و موسڵمانەكان بووەوە، جۆرێك لە ململانێ لەنێوان هێزەكانی سوپای عەرەبی ئیسلامی و فەرماندەكانیان و دانیشتوانی گوند و شارۆچكە و شارەكان دروست بوو. ئەو ململانێیەش بۆ جیاوازیی بۆچوونی هەریەك لەو (دوو) كۆمەڵە گەڕایەوە.

فەرماندەكانی سوپا و هێزە چەكدارەكان و دواتر فەرمانڕەوای شار و ناوچەكان و تەنانەت والییەكان، دەیانویست، كۆمەڵانی خەڵكی ژێر دەسەڵاتیان بە بێدەنگی و دوور لە كێشە و ڕووداوێك پابەندی یاساكانی ئەوان و دەوڵەتی خەلافەت بن. هەرچی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و ناوچەكانی دەوروبەری بوون، ئامانجیان ئەوە بوو لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی نوێدا مافەكانیان زەوت نەكرێت و باج و سەرانەی زۆریان نەخرێتە سەر.

لەنێوان ئەم (دوو) بۆچوونە دژ بەیەكەشدا، هەڵوێست و سیاسەتی جیاواز هەبوو. لەوانە بەشێك لە فەرماندەكانی سوپا و سەربازەكانیان، فشاریان بۆ تاك و خێزانەكانی كوردستان هێنابوو، وەك تەماع خستنە سەر كچ و ژنی جوان و زەوی و ڕەز و باخی ڕازاوە و سامان و داهاتی هەندێك گوند و شارۆچكە و شاری دەوڵەمەند. بەتایبەت ئەو هۆزە عەرەبییانەی بەمەبەستی دەسكەوتی شەڕ هاتبوونە كوردستان و چاویان لە پارە و داهات و زەویی بەپیت و كچ و ژنی جوان بوو. هەر بۆیە ئەم دۆخە جۆرێك لە ململانێی هێنایە ئارا، كە دواجار چەند ڕاپەڕینێكی چەكداریی لێ كەوتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، فشارهێنانی بەشێكی فەرماندەكانی سوپا بۆ دانیشتوانی ناوچەكانی كوردستان، بەهۆی پابەندنەبوونیان بە یاسا و فرمانەكانی دەوڵەت، لەوانە سەپاندنی باجی جزیە بەسەر ئەوانەی باوەڕداری ئایینە ئاسمانییەكان بوون، وەك ئایینەكانی (جوو، زەردەشتی، مەسیحی)، تا بە شەڕی ئەوانە دەگات، كە ئایینەكەیان قبووڵ نەكرا، وەك (ئێزدی، كاكەیی، مانی، مەزدەكی، بتپەرستان). ئەمەو جگە لەوەی ئەوانەشی باوەڕیان بە ئایینی ئیسلام هێنابوو، باجەكانی (زەكات و خەراج) و چەند باجێكی تریان خرایە سەر.

(زەكات) وەك باجێكی ئایینی و (خەراج)یش وەك باجێك لەسەر زەوی و بەرهەمی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵ. ئەوانەش شتێكی وایان لە دۆخی كۆمەڵگای كوردی نەگۆڕی، كە پێشتر و لە سەردەمی هەردوو ئیمپراتۆڕیی ساسانی و بێزەنتیدا بەسەریاندا سەپێنرابوو. تەنانەت ئەو شەڕانەش كۆتاییان نەهات، كە پێشتر هەردوو دەوڵەتی پێشوو كاریان لەسەر كرد، بەڵكوو جارێكی تر و بە سیمایەكی ئایینیی نوێ و لەژێر بانگەشەی غەزای ئیسلامی دەركەوتەوە.

ئەمەو جگە لە فشار و ستەمی ئەو هۆزە عەرەبانەی موسڵمان نەبوون و لەگەڵ سوپای عەرەبی ئیسلامیدا بۆ شەڕی ساسانی و بێزەنتییەكان هاتبوونە كوردستان. بە هەموو ئەو دۆخانەشەوە، زنجیرەیەك ناڕەزایی و ڕاپەرین لە دژی دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی سەری هەڵدا.

هۆكارێكی تر وای لە کوردەکان کرد دەست بدەنە ڕاپەڕین، وێرانكردنی گوند و ڕەز و باخ و پەرەستگا و کتێب و نووسراوی پیرۆزی ئایینەكان بوون، لەلایەن سوپای عەرەبی ئیسلامی و هاوپەیمانەكانییانەوە. ئەوەش زەمینەی ناڕەزایی دانیشتوانی ئەو گوندانە و خاوەنی ڕەز و باخ و پەیڕەوانی ئەو ئایینانە و نووسەران و خوێنەوارانی لێ کەوتەوە، کە خاوەنی کتێب و نووسراوی پیرۆز و بەرهەمی زادەی فیکری خۆیان بوون، لەوانە (ئێزدی، کاکەیی، مانی، مەزدەکی،....تاد)، بۆیە ئاسان نەبوو، ئەو ڕووداوانە بێ پەرچەكردار تێپەڕن. هەر بۆیە زنجیرەیەك ڕاپەڕینی لەگەڵ خۆیدا هێنا.

لەم چوارچێوەیەشدا دانیشتوانی هەکاری دوای ماوەیەک لە موسڵمانبوونیان هەڵگەڕانەوە و دەستیان دایە ڕاپەڕین و هاوکاریی ئیمپراتۆریی بیزەنتییان لە دژی سوپای عەرەبی ئیسلامی كرد. ساڵی (٢٥ک/ ٦٤٥ز)یش دانیشتوانی ناوچەی موکریان دژ بە دەسەڵاتی (وەلیدی کوڕی عوقبەی ئەبی موعیەت)ی والیی ئازەربایجان ڕاپەڕین، بەڵام ڕاپەڕینەکە سەرکوت کرا.

ساڵی دواتریش دانیشتوانی ناوچەی (ئامەد) بەهۆی نیشتەجێكردنی هۆزی بەكری عەرەبی لە ناوچەكەیان، لە دەوڵەت هەڵگەڕانەوە و دەستیان دایە ڕاپەڕین، بەڵام لەلایەن خەلیفە (عوسمانی کوڕی عەفان) سوپایەک بە سەرکردایەتیی (عەبدوڵای کوڕی عامر) نێردایە سەریان و شارەکەیان گرتەوە و ڕاپەڕینەكەیان كپ كرد.

دانیشتوانی شاری (روها)ش لە ساڵی (26ك/ 646ز) دەستیان دایە ڕاپەڕین و لە دەوڵەت هەڵگەڕانەوە، بەڵام بەهۆی گەمارۆدانی شارەکەیان و بڕینی خۆراک و ئاو لێیان، ناچار کران خۆیان بەدەستەوە بدەن و بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت بگەڕێنەوە. ئەنجامی ئەوەش، كوشتنی دەیان هاووڵاتیی شارەكە و تاڵانكردنی دەیان دوكان و پەرەستگا بوو.

لەلایەکی دیکەوە، دانیشتوانی ناوچەکانی (دینەوەر، خانەقین، نەهاوەند) لە دژی (مالیکی کوڕی حەبیبی یەربوعی) ڕاپەڕین کە ساڵی (٣٤ک/ ٦٥٤ز) لەلایەن خەلیفە (عوسمانی کوڕی عەفان)ەوە کرایە والیی ناوچەکە. ئەو ڕاپەڕینانەش دەرەنجامی ئەو سیاسەتە بوو، كە خەلیفەی بە گۆڕینی والی و فەرمانڕەواکانی سنووری خەلافەتی كاری پێكرد. بەو هۆیشەوە لە چەند ناوچەیەک (والی)ی باش بە والیی خراپ ئاڵوگۆڕ کران. ئەوەش ناڕەزایی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی لێ كەوتەوە.

لە سەردەمی (خەلیفە عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب)یشدا، کوردەکانی ناوچەی شارەزوور هاوکاریی (ئەبوو مەریەم سەعدی تەمیمی)یان لە دژی خەلیفە کرد و داڵدەی ئەو کەسانەیان دا، کە دژایەتیی دەسەڵاتی ناوەندیان لە شاری (کووفە)ی پایتەخت کرد.

ئەو ڕووداوە و سەرکوتکردن و ڕاپەڕینانە، کاریگەریی خراپی لای دانیشتوانی ناوچەکانی کوردستان و دانیشتوانەکەی دروست کرد. بەشێكیان بە ناچاری و لەژێر زەبری فشاردا ملکەچی یاسا و فرمانەکانی دەوڵەتی خەلافەت بوون. بەشێكی تریان بۆ ناوچە دووردەستەكان ڕایانكرد، تا لە دەرەفەتێكدا جارێكی تر دەست بدەنەوە ڕاپەڕین.

ئەوانەی با سکران، چەند نموونەیەکی دیاری هەڵوێستی کوردەکان بوو لە ماوەی (سی) ساڵی دەسەڵاتی دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی. دیارە ئەو هەڵوێستانەش بەو مانایە نەبوون کە کوردەکان لە ناوچەکانی خۆیانەوە هەوڵی لێدانی دەسەڵاتی ناوەندیان لە (مەدینە) و دواتر (کووفە) دابێت. یان هەوڵی ئەوەیان دابێت بەردەوام نائارامی لە ناوچەکانیان بۆ سەرکردە و خەلیفە ڕاشدییەکان دروست بکەن، بەڵکوو دەرەنجامی ئەو بارودۆخە خراپە بوو کە لەو ماوەیەدا بەهۆی خراپیی مامەڵەی هەندێک لە سەرکردەکانی دەوڵەت دووچاریان بوو، بۆیە جگە لە ڕاپەڕین و بەرنگاربوونەوە، چارەیەكی دیكەیان نەبوو.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.