سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

هەسارە گونجاوەکان بۆ ژیان...

03/08/2022


نوسینی: لوقمان حەوێز

 

ژمارەی ئەو هەسارانەی کە بەردینین وەک گۆی زەوی و دەشێت گونجاو بن بۆ ژیان گەلێک زیاترن لە گەلەئەستێرەکەمان وەک لەوەی پێشتر پێشبینیمان دەکرد، پێوەرەکانی گونجانی هەسارەکان بۆ ژیان لە ئێستادا بریتین لە دوریەکی گونجاوی هەسارە بەردینیەکانە لە ئەستێرەکانیان بەشێوەیەک تێکڕای پلەی گەرمی بەجۆرێک بێت لەسەر ڕووەکەی ڕێگە بەبوونی ئاو بدات لە دۆخی شلدا، هەروەها پێوەرەکانی تر بوونی بەرگە هەوایە بەدەوری هەسارەکە، هەروەها پێداویستیەکی تری سەرەکیش بوونی ئاوە لەسەر ڕووەکەی لەگەڵ کۆمەڵێک پێوەری تر لەوانە ڕێژەی چالاکی هەروەها جێگیری دۆخی ئەستێرەکەیە بەدرێژایی سەدەها ملیۆن ساڵ...

 

دوای هەڵدانی تەلەسکۆپی کێپلەر بۆ بۆشایی ئاسمان لە ساڵی 2009 و کارکردنی تاوەکو ساڵی 2018 دڵنیا بووین لەوەی کە هەسارەی تر هەن و زۆرن لەدەرەوەی کۆمەڵەی خۆر، هەسارەکان بەگشتی هەموویان پاشکۆی ئەستێرەکانن و بەدەوریاندا دەسوڕێنەوە، کێپلەر کە زوومی کردبووە سەر ڕووبەرێکی زۆر زۆر بچوکی گەلەئەستێرەکەمان توانی لەو ماوەیەدا پتر لە 2600 هەسارە ببینێتەوە و چاودێریان بکات، بەڕاستی ئەم دۆزینەوەیە بە یەکێک لە دۆزینەوە هەرە گرنگەکان دادەنرێت لەبواری گەردوونناسی چونکە تەواو دڵنیای کردینەوە کە هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆرەکەمان  تاقانە نین و هەسارەی زەویش تایبەتی نیە لەنێو گەلەئەستێرەکەمان و گەردوون، هەسارەکەمان تەنیا یەکێکە لە دەیەها و بگرە سەدەها ملیار هەسارەی تر تەنیا لەنێو گەلەئەستێرەکەمان، لەنێو هەموو گەردوونی بینراویش لەوانەیە تەنیا یەکێک بێت لە نێوان ترلیۆنەها و ترلیۆنەها هەسارە، لێرەوە ئەگەری بوونی ژیانی سەرەتایی و ژیانی زیرەکیش زۆر زیاتر دەبێت...

 

لە مانگی نیسانی ساڵی 2018 ئاژانسی ناسا مانگی دەستکردی TESS ی هەڵدا بۆ بۆشایی ئاسمان، تێس کە زۆر پێشکەوتووە و ئامێری چاودێریکردنی زۆر پێشکەوتووتر بەکاردێنێت هەمان کاردەکات بۆ ماوەی دوو ساڵ، پێشبینی دەکرێت لەو ماوەیەدا پتر لە 20 هەزار هەسارە ببینێتەوە لەو ڕووبەرە بچوکەی گەلەئەستێرەی ڕێی کاکێشان Milky.Way کە چاودێری دەکات، ڕێی کاکێشان ئێمە و کۆمەڵەی خۆری ئێمەی تێدایە، تەنیا گەلەئەستێرەی ڕێی کاکێشان لەنێوان 200 بۆ 400 ملیار ئەستێرەی تێدایە، بەپێی نوێترین لێکدانەوەکانمان لە ئێستادا پێشبینی دەکەین لایەنی کەم پتر لە 20 ملیار هەسارە هەبێت کە بەردینی بن وەک گۆی زەوی و لەزۆنی گونجاو بن بۆ ژیان تەنیا لە گەلەئەستیرەکەی خۆمان..!

 

بیرمان نەچێت گەلەئەستێرەکەی خۆمان تەنیا تاکە گەلەئەستێرەیەکی گەردوونی بینراوە، بە پێی لێکدانەوەکانی ئێستاشمان پتر لە دوو ترلیۆن گەلەئەستێرە هەیە لەگەردوونی بینراو واتە دوو هەزار ملیار گەلەئەستێرە، بەڕاستی فراوانی و گەورەیی گەردوون ئەقڵ وەستێنە بۆ ئێمەی بچوک...

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.