بابان حەمە
مێردایەتی بەباوەڕی ئەم مەلایانە، تا نزیك (خودابوون) بەرامبەر ژن نزیك دەبێتەوە .. ئیتر ژن هەرچییەك بێت و هەرچییەك بكات لە حیجاب و نوێژ و رۆژ وو و صەوامی و قەوامی! لە ئەخیر جاردا هەر دەبێت بەدڵی مێردەكەی بێت.. گوێڕاڵ و بێ ئیرادەو بێ بژاردەو بێ خواست ویست كەڵەكەی مێردی هەرچییەكی ووت فززەی لێوە نەیات و چاوشۆڕبێت و بڵێ (بەڵێ جەنابی خۆ بەخودا زان!) .. وەك خۆی دەڵێت: (وەڵاهی ئافرەتێك، ئەگەر حیجابیش بكات.. نیقابیش بكات .. پۆشتەش بێت.. رۆژووەكانی هەموو دووشەمان و پێنج شەممان، بەڵكو صیامی داوود-یش بگرێت.. بەڵكو هەموو نوێژەكانی تەواو بێت، صەوام و قەوام بێت.. گوێڕایەڵی پیاوەكەی نەكات ناوەڕاستی دۆزەخ جێگەیەتی)..
هیچ بچووككردنەوەو بە شتكردنێك ناگاتە ئەم بچووكردنەوەو سوكایەتیپێكردنەی ئافرەت و ژنان.. ئەوەی لەم سی چل ووشەیەدا ئەم مەلایە باسی دەكات.. ڕوون و ئاشكرا سێبەرو تارمایی مێردە بەسەر ژنەوە، نەك وەك مێرد، بەڵكو وەك خودا .. وەك ئەوەی مێرد خالق و دروستكاری ژن بێت.. وەك ئەوەی تۆ وەك مێرد هەر شتێكت بەدڵ نەبوو، لەبری خودا چارەنووسێكی دۆزەخی بۆ ئەوی ژن دابنێیتو بەناوی خوداوە بیكەیتە ئەهلی دۆزەخ!
ڕەهەندی ئەم سی چل ووشەیەی ئەم مەلایە بۆ سەدان نوێژخوێن و ئەهلی نوێژی هەینی باسی دەكات .. خۆراكپێدانی زەین و مێشكی پیاوە بە تلیاكی (خودابوون) بەسەر ژنەوە.. ژەهراوی كردنی هزر و شێوازی بیركردنەوەو تێڕوانینی پیاوە بەسەر ژنەوە.. دروست و بێ هیچ چەن و چوونێك بەڕۆبۆت كردنی ژن و كەڵبوون و فەحلییەتی پیاوە بەسەر ژنەوە.. نەك هەر ئەوەش، بەڵكو ویستی ئەم خۆ زاڵكردن و سووكسەیركردنەی ژن و ویستی گوێڕایەڵی ژن بۆ پیاوەكەی .. پیاو دەخاتە پلەیەكەوە لەبری خودا بڕیار بدات كە ژن لە دەرەوەی ئەم ڕۆبۆتكردن و گوێڕایەڵبوونەی (دۆزەخییە و ناوەڕاستی دۆزەخ جێگەیەتی)..