سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

لە ساڵیادی هێرشی داعشدا بۆ سەر شەنگال

پێش 2 هەفتە



گۆران فەتحی

ئێزدییەكان وەكو پێكهاتەیەكی‌ گەلی كورد و عیراق، لە مێژووی خۆیاندا، رووبەڕووی نەهامەتی و كارەساتی زۆر بوونەتەوە، هەر لە سەردەمی عوسمانییەوە تا دەگات بە‌مڕۆ، گەورەترین و كاریگەرترین كارەساتیش بۆ سەر ئێزدییەكان، هێرشی شەمشەمەكوێرەكانی داعش بوو بۆ سەر ناوچەی‌ شەنگال و  زومار و ناوچەكانی دیكەی نیشتەجێبوونی  ئەم پێكهاتە زوڵم لێكراوە لە ساڵی 2014دا، كە مەبەست لێی‌ قڕكردنی تەواوەتییان بوو لە ژێر پەردەی جیاوازیی ئاینییەوە.

ئێستا و دوای هەشت ساڵ بەسەر هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەی‌ شەنگال،  ناوچەكانی برایانی ئێزدی بە داڕماوی و وێرانەیی ماونەتەوه ‌و زۆریك لەو پێكهاتەیەش تا ئێستا لە نێو كەمپەكاندان له ‌هەرێمی كوردستان، بەهۆی‌ كەمتەرخەمیی هەردوو حكومەتی‌ هەرێم و عیراق و هەوڵنەدانیان بۆ باشكردنی بارودۆخیان و گێڕانەوەیان بۆ ناوچەكانی خۆیان.

هێرشێك بۆ قڕكردن

رێكخراوی داعش لە مانگی ئابی 2014 و دوای دەستگرتنی بەسەر چەندین ناوچەی‌ عیراقدا، هێرشێكی بەرفراوانی كردە سەر زێدی برا ئێزدییەكان لە شەنگال و دەوروبەری‌، كوشتارێكی گەورەی‌ لەو ناوچانە كرد، بەمەبەستی قڕكردنی ئێزدییەكان، كە دانیشتووی دێرینی ناوچەكەن، ئەوەش تەنها لەبەر جیاوازیی بیروباوەڕی ئاینییان.

چەكدارانی داعش جینۆسایدێكی گەورەیان لە شەنگال و زومار و ناوچەكانی دیكەی برایانی ئێزیدی كرد، هەر لە كوشتنی پیاوان و گەنجان تا رفاندن و بە كەنیزەك كردنی  ژنان و كچانیان، ئەمە چ جای وێرانكردن و رووخاندنی بەشێك لە شوێنە پیرۆزەكانیان، كە ئەوەش دەنگدانەوەیەكی‌ گەورەی‌ ناوچەیی و جیهانی لێكەوتەوە.

تاوانەكانی داعش لە ناوچەی‌ ئێزدایەتی یان (ئێزدیخان) تا ئاستی جینۆساید چوو، بە پێی وتە و  راپۆرتی ‌ رێكخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەكان، چونكە كوشتن و بەدیلگرتن و تەنانەت كڕین و فرۆشتینیشیان پێوەكراوە كە ئەوەش دەچێتە خانەی پێشێلكردنی مافی مرۆڤەوە .

بە پێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، داعش ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هەزاران كچ و ژنی وەكو دیل و كەنیزەك گلداوەتەوە و كە تائێستا شوێنەكانیان ئاشكرا نەكراوە.

بە كەنیزەككردنی  كچان و ژنان

داعش دوای هێرشی بۆ سەر شەنگال و دەوروبەری‌، هەزاران كچ و ژنی ئێزدی لە خانەوادەكانیان جیاكردەوە و وەك كەنیزەك لەگەڵ خۆیان بردوویانن، بە پێی‌ لێكۆڵینەوەكانیش، چەكدارانی داعش لە سێی ئابی 2014 كچان و ژنانی دیلكراویان بەرەو سوریا بردووە، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر نیازی خراپی سەركردەكانی رێكخراوەكە دژ بە ئێزدییەكان.

ئەو رێكخراوە  تیرۆریستە هەوڵیداوە بە هەموو جۆرێك تاوانی جینۆساید بەرامبەر بە ئێزدییەكان پەیڕەو بكات، به ‌مەبەستی لەناوبردنیان لە رێگەی‌ كوشتن و كوێلەكردنی سێكسی و ئەشكەنجە و مامەڵەی‌ خراپ و سوكایەتی پێكردنیان، ئەمە چ جای راگواستنیان لە ناوچەكانی خۆیان و بازرگانیكردن پێیانەوە، ئەوەش زیانی دەروونی و جەستەیی گەورەی‌ پێ گەیاندن، بەتایبەتی بەوانەی‌ رزگاریان بوو لەدەست رێكخراوەكە لەدوای شكستهێنانی داعش لە عیراق و سوریا. 

داعش بەشێوەیەكی‌ نامرۆییانە مامەڵەی لەگەڵ كچان و ژنانی كوردی ئێزدی كردووە و وەكو موڵكی چەكدارەكانی ئەو رێكخراوە مامەڵەی لەگەڵدا كردوون و ناچاری كردوون بە كاركردن لە ماڵی چەكدارانی رێكخراوەكە و هەروەها دەستدرێژیی سێكسی كراوەتە سەریان،  بێبەشیش كراون لە نان و خواردن و خواردنەوەی‌ پێویست.

دیارترین نموونە بۆ مامەڵەی‌ خراپی داعش لەگەڵ ژنان و كچانی ئێزدی، ئەو قسانەی‌ نادییە مورادی‌ چالاكوانی ئێزدی و رزگاربووی دەستی داعشە، كە له ‌چەندین بۆنەداو لەناو رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش كردی، سەبارەت بە ماوەی‌ دیلكردنی لەلای داعش، جگەلەوەش  تەواوی چیرۆكی خۆی‌ لە بیرەوەرییەكانیدا بەناوی «دوا كچ» باسكردووە، كە لە بەشێكیدا دەڵێت:  لە كاتی گواستنەوەمان بە پاس لە شاری موسڵەوە یەكێك لە چەكدارەكان كە بە «ئەبو بەتات» ناودەبرا،  گێچەڵی بە كچەكان دەكرد، دەستی بۆ شوێنە هەستیارەكانی لەشیان دەبرد، كاتێك كچانیش دژی دەوەستانەوە، ئەوا هەڕەشەی لێدەكردن و چەكی بەرەوڕوویان بەرزدەكردەوە.

موراد هەروەها دەڵێت: رێكخراوەكە بڕوای بە شیكاریی هەڵە هەیە بۆ ئایین و دەستدرێژكردنە سەر كەنیزەك‌ و بە هەڵه و گوناهی نازانێت.

رێكخراوەكە منداڵانی ئیزدیشی بەزۆر خستۆتە ناو قوتابخانەی‌ تایبەتەوە بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنیان و شۆردنەوەی مێشكیان و بەزۆر كردنیان بە مسوڵمان و پێدانی وانە و ‌ئامادەكردنیان بۆ بوون بەچەكدار بۆ شەڕەكان و خۆتەقاندنەوە. 

ژمارەی‌ قوربانیانی ئێزیدی

هێرشەكانی داعش بۆ سەر شەنگال و زومار و دەوروبەری‌، مەبەست لێی‌ جینۆسایدی كوردە ئێزدییەكان بوو، هەروەها بە ئامانجی گۆڕینی دیموگرافی و بە عەرەبكردنی ناوچەكانیان بوو.

بەپێێ‌ راپۆرتی رێكخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەكانیش بێت دوای كشانەوەی‌ پێشمەرگە و هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەكانیان، لە چواری ئابی 2014، نزیكەی‌ سێ هەزار هاووڵاتی ئێزدی كوژراون، پێنج هەزار كەسیش بەدیلگیران كە منداڵیشیان تێدا بوو، هەروەها كچ و ژنی ئێزدیشی تێدا بوو كە مامەڵەی‌ كەنیزەكیان لەگەڵدا كراوە و كڕین و فرۆشتنیان پێوەكراوە، لە ناوچەكانی ئەوكاتی ژێر دەستی داعشدا لە سوریا و عیراق، هەروەك 400 هەزار هاووڵاتی تری ئێزدیش ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ بوون.

ئەو هاووڵاتییە ئێزدییانەش كە فریاكەوتن، هەڵاتن بۆ سەر چیای شەنگال و لەوێ بۆ ماوەی چەندین رۆژ ئابڵوقە دران، بەشێكیان لە توینێتی و برسێتی و بەهۆی‌ نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستدا، دواتر هێزی پێشمەرگه ‌و هەپەگە توانیان بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانیی سوپای هاوپەیمانان رێگەی‌ دەربازبوونیان بۆ دەستەبەر بكەن.

ئازادكردنی شەنگال

دوای نزیكەی‌ ساڵێك لە داگیركردنی شەنگال و دەوروبەری‌ لەلایەن رێكخراوی داعشەوە، دوای هەوڵێكی زۆری‌ پێشمەرگە و هاوپەیمانان و سوپای عیراق، توانرا لە 13ی‌ تشرینی دووەمی‌ 2015، دوای نزیكەی‌ هەفتەیەك لە ئابڵوقەدانی  چەكدارانی داعش، پێشمەرگە و سوپای عیراق بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانی و هاوپەیمانان شەنگال ئازاد بكەن و ئەو ناوچە كوردستانییە لە ژێر دەستی ئەو گروپە تیرۆریستییە رزگار بكەن، ئەوەش سەرەتایەك بوو بۆ شكستی داعش لە چەندین ناوچەی‌ تر چ له ‌عیراق و چ سوریا.

بارودۆخی ئێستای ئێزدییەكان

دوای هەشت ساڵ لە هێرشە دڕەندەكەی‌ داعش بۆ سەر زێدی ئێزدییەكان له سنووری ‌پارێزگای نەینەوا، هێشتا بە شێكی زۆری ئێزدییەكانی هەڵاتووی دەستی داعش، كه ‌ نزیكەی‌ 350 هەزار كەس دەبن ئاوارەن و لە كەمپدا دەژین لە هەرێمی كوردستان، ئەوابن لە بارودۆخێكی قورس و دژواردان و دوور لە ناوچە و ماڵ و حاڵی خۆیانن، زۆریكیشیان تووشی بێ هیوایی بوون لە دووبارە بنیاتنانەوەی‌ ناوچەكانیان لەلایەن حكومەتی‌ عیراق و حكومەتی لۆكاڵیی نەینەواوە، كە هەنگاوی ئەوتۆیان نەناوە بۆ گێڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان، كە تائێستا بەدەست چەكدار و میلیشیای‌ چەكداریی جۆار و جۆرەوە دەناڵێنن.

ئەوانەی‌ گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانی خۆشیان كە بە 120 هەزار  كەس مەزەندە دەكرێن، رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بوونەتەوە بۆ دووبارە دروستكردنەوەی‌ ژیانیان، بەهۆی‌ كەمی خزمەتگوزاری لەلایەن حكومەتی عیراقەوە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.