سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

برسێتی و نەخۆشی، پاڵپێوەنەری سەرەکی ئڤلوشنی خواردنەوەی شیر بوون لە ئەوروپا

06/08/2022


 

گۆران ئیبراهیم

 

وەک هەموو ئاژەڵە شیردەرەکانی تر، کاتێک گەورە دەبیین، توانای خواردنەوەی شیریش لە دەست دەدەین. بەڵام لە قۆناغێکدا، نزیکەی 11 بۆ 9 هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە کاتێکدا شێوازی ژیانی هەندێ لە مرۆڤەکان گۆڕا و ئاژەڵەکانمان رادەگرت و یەکسەرە نەمان دەکوشتن بۆ گۆشتەکانیان، لەو کاتانەدا، تایبەتمەندی خواردنەوەی شیر، لەناو مرۆڤەکاندا هاتە کایەوە و بڵاوبۆوە.  (بە درێژی باسی ئڤلوشنی خواردنەوەی شیر لە کتێبی (داروین و رەچەڵەکی مرۆڤ)م کردووە).

 

ئێمە ئێستاش لە ناو ئەو پرۆسە ئڤلوشنییەدا دەژین و تەنانەت ئێستاش، دوو لەسەر سێی مرۆڤەکان، توانای خواردنەوەی شیریان نییە و ناتوانن lactose ی شیر هەرس بکەن و توشی سک ئێشە و سک چوون دەبن. بەڵام لە ئەوروپادا بە تایبەت، زۆربەی زۆری کەسەکان، توانای خواردنەوەی شیریان هەیە بەبێ کێشە.

 

بۆ ئەوەی کەڵک لە خواردنەوەی شیر وەربگری، پێویستە لەشت ئەنزیمێکی تایبەتی برژێنێت بۆ هەرس کردنی lactase... لەناو گەدەی هەموو کۆرپەلەکاندا، ئەو ئەنزیمە دروست دەبێت، بەڵام کاتێک گەورە دەبیین، وەک ئاژەڵە شیردەرەکانی تر، رێژەی ئەو ئەنزیمە کەم و کەمتر دەکات.

 

لەگەڵ ئەوەشدا کە دەڵێین نزیکەی 9 هەزار ساڵێک دەبێت ئەو تایبەتمەندی (شیر خواردنەوە بە گەورەیی)، بڵاوبۆتەوە لەناو مرۆڤەکاندا، بەڵام بەڵگە ئارکیۆلۆژیەکان ئەوە پیشان دەدات کە ئەو جینە تایبەتیەی بەرپرسیارە لەو تایبەتمەندییە، واتە جینی lactase persistence، هەمووی 3000 ساڵێک لەمەوبەر بڵاوبۆتەوە لە ئەوروپادا. ئەم جیاوازیە بۆ دەبێت هەبێت؟

 

لە لێکۆڵینەوەیەکی تایبەتی کیمیایی و ئارکیۆلۆژی تایبەتیدا، کە تێیدا 7000 شێوازە چەوری ئاژەڵەکان لە 13181 گۆزەی جیاوازی 554 شوێنی مێژووی وەرگیرا و کۆکرایەوە، دەرکەوت کە وەک پێشبینی دەکرا، بۆ ماوەی نزیکەی 9 هەزار ساڵێک دەبێت شیر بەکاردێت لە ئەوروپادا. بەڵام سەرنج درا ئەو بەکارهێنانە، بە شێوەیەکی گشتی و بەربڵاو نەبووە و رێژەکە کەم و زۆری کردووە لە سەردەمە جیاوازەکاندا.

 

لەلایەکی تریشەوە، لە رێگەی خوێندنەوەی جینۆمی 1700 کەسی ئەوروپی کۆن، دەرکەوت کە ئەو تایبەتمەندیە، لە دوا 3000 ساڵدا زۆر بەرجەستە بووە و بڵاوبۆتەوە!
ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە فشارێکی بەرجەستەی (هەڵبژاردنی سروشتی) لە ئارادا هەبووە و پاڵی ناوە بە ئڤلوشنی ئەو تایبەتمەندییە. 

 

 هۆکاری ئەو (فشاری هەڵبژاردنە)ش، وەک دەرکەوت، برسێتی و نەخۆشی بووە. لە کاتێکدا کە زۆربەی ئەو رووەکانەی ژیانی مرۆڤەکانی لەسەر بەند بووە، لەناو چووە بە هۆکاری کەش و هەوایەکی خراپ یاخود بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەک لەناو رووەکەکاندا، لەو کاتانەدا، مرۆڤەکان زیاتر ناچار بوون کەڵک لە هەر شتێک هەیە بکەن کە دەکرێت بوخرێت. لەو کاتانەشدا (خواردنەوەی شیر)، لەگەڵ ئەوەشدا کە زۆر کەسی لاواز دەکرد و هەندێ کەسیشی دەکوشت، بەڵام هەندێکیشی رزگار دەکرد لەوەی کە لە برسا دەمردن و زۆر لاواز ببوون…ئەوەش ئەو (فشاری هەڵبژاردنە)یە کە بووە هۆکار بۆ ئەوەی رێژەی ئەو تایبەتمەندییە زۆر بەرز ببێتەوە لە ناو کۆمەڵگانی ئەوروپادا.

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.