وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دیاری سابیر
گرووپێک تۆێژەر لە زانکۆی یەیڵ، دوای ئەوەی شلەیەکی دروستکراو دەخەنە نێو لاشەی بەرازەوە، تێبینیان کرد دڵی بەرازەکە کەوتۆتەوە لێدان. هەروەها، سووڕی خوێن و هەندێک کارکردەیی خانەیەی لە ئۆرگانە گرینگەکانی وەک دڵ، گورچیلە، و جگەر دووبارەی چالاک کرانەوە.
دۆزینەوەکانی ئەم تۆژینەوەیە، ڕۆژی چوار شەممەی ڕابردوو، لە گۆڤاری نەیچەردا بڵاوکرانەوە و، لێکەوتەی مەزنیان دەبێت بە بوارە پزیشکییەکاندا، بە تایبەت لە چاندنەوەی ئۆرگاندا. وەلێ لە هەمان کاتدا، پرسیاری ئاکاری لەبارەی پێناسەی مردنەوە دەهێننە کایەوە، چونکە لەمەودا نێوانی ژیان و مردن زیاتر ناڕوون دەبێت.
بە گوێرەی بڵاوکراوەکەی نەیچەر، تیمی تۆژینەوەی زانکۆی یەیڵ سیستەمی ئۆرگانئێکسیان بەکارهێنانەوە، کە ئامێرێکە هاوشێوەی ئەو ئامێرانەی تایبەت بە دڵ و سییەکان لە کاتی نەشتەرگەریدا بەکاردەهێندرێن، لەگەڵ تێکەڵەیەک لە شلەی ئەزموونی، تایبەت بە بەرەوپێشبردنی تەندروستی خانەکان و کەمکردنەوەی هەوکردن. ئەم سیستەمە دوای کاتژمێرێک لە وەستانی دڵی بەرازەکان بەکارهێندراوە.
گرووپێکی دیکە لە بەراز لەسەر ئێکمۆ داندران، کە ئامێرێکی پاڵپشتی ژیانە و ئۆکسجین دەگەینێت بە خوێن لە دەرەوەی لەشدا. لە کۆتایی ئەم تاقیکردنەوە شەش کاتژمێرییەدا، زاناکان بۆیان دەرکەوت تەکنەلۆجیای ئۆرگانئێکس توانای گەیاندنی ئۆگسجینی پێویستی هەیە بۆ سەرجەم لاشەی بەرازەکە، کە ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی کارکردەیی خانەیی لە ئۆرگانەکانی وەک دڵ، گورچیلە، و جگەردا چالاک بکرێتەوە.
یەکێک لە تۆژەرانی ئەم پڕۆژەیە لە زانکۆی یەیڵ ئاماژەی بەوەکرد کە لە ژێر مایکرۆسکۆپدا، جیاوازیکردن لە نێوان ئۆرگانێکی تەندروست و ئۆرگانێکدا کە تەکنەلۆجیای ئۆگانئێکس چاسەرەرکراوە دوای مردن، کارێکی دژوارە. وەلێ ئەو بەرازانەی لەسەر ئامێر ئێکمۆ داندرابوون ئۆکسجین نەگەیشتەوە بە خوێنیان. هەروەها، لاشەیان بە ڕەقی مایەوە بە پێچەوانەی ئەوانەی لەسەر تەکنەلۆجیای ئۆرگانئێکسەکە بوون.
شتێکی دیکە کە تۆژەرانی ئەم پڕۆژەیەی سەرسامکرد، ئەو جووڵە خۆنەویستانە بوو کە لەسەر و ملی بەرازەکاندا بەدیکرا کاتێک لەسەر سیستەمی ئۆگانئێکسەکە بوون. ئەمەیش ئاماژە بوو بۆ ئەوەی کە کارکردەییە جوڵەییەکان پارێزراون.
نەیسان ئیمێریک، زیندەزانی ئوستوڕاڵی، لەسەر ئەنجامەکانی ئەم تۆژینەوەیە دەڵێت: ئەنجامەکانی ئەم تۆژینەوەیە ئەوە پیشان دەدەن کە مردن لە کاتێکی دیاریکراودا ڕوونادات، بەڵکو بە تێپەڕبوونی کات ڕوودەدات، کاتێک ئەو پڕۆسانەی کەسەکە بە زیندوویی دەهێڵنەوە دەوەستن لە کارکردن. ئەنجامەکانی ئەم تۆژینەوەیەش پیشانی دەدەن کە لە دوای مردنیش ئەم کارکردەییانە دەکرێت بگێڕدرینەوە.
تۆژینەوەی ئۆرگانئێکس، لەسەر دۆزینەوەکانی پڕۆژەیەکی پێشووتری یەیڵ کار دەکات، کە تێیدا هەندێک لە کاردەیی خانەکان لە مێشکی بەرازدا دوای چوار کاتژمێر لە سەربڕینیان.
سەرچاوە: واشینتن پۆست