لێكۆڵینەوەی: ئەستێللە ئامی دێ لا برێتێك*
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
ئێزیدییەكان كەمینەیەكی ئاینین كە بە كرمانجی دەئاخڤن (كوردیی باكوور) و بە سەرباكووری عێراق، سووریا، قەوقاز (ئەرمینیا و جۆرجیا) و ڕۆژاوای ئەوروپادا بڵاو بوونەتەوە١. ئەمڕۆ گەورەترین گرووپی ئێزیدی لە باكووری عێراقدا دەژین، كە زێدی زۆربەی زۆری شوێنە پیرۆزەكانیشیانە. ئەو ئێزیدییانەی لە قەوقازدا جێگیر بوون لە ماوەی سەدەی نۆزدە و هەروەها لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەكەمیشدا ئەنەدۆڵیان بەجێهێشتووە. لە سەردەمی ڕووخانی یەكێتیی سۆڤیێتەوە، بێكاری و گرژی و ئاڵۆزیی ئیتنیكی زۆرێك لە ئێزیدییەكانی پاڵپێوەنا لە قەوقازەوە بەرەو ڕووسیا، ئۆكراینا یان ئەوروپای ڕۆژئاوا بڕۆن. ئەم باسەمان: (1) لە بوونی ئێزیدی دەدوێت لە یەكێتیی سۆڤیێتدا و (2) چاو خستنە سەر ڕۆڵیان لە پەرەپێدان و پێشخستنی توێژینەوە كوردییەكان و دەزگا و دامەزراوە كوردییەكان و هەروەها (3) وێناكردنی چۆنێتیی پەرەسەندنی بوونی ئێزیدی لە پاش كۆتاییهاتنی یەكێتیی سۆڤیێت و بەتایبەتیش تیشك دەخاتە سەر مشتومڕە نوێكان لەبارەی شوناس و پەیوەندییەكانی نێوان ئێزیدییەكان و جووڵانەوەكانی كورد لە تاراوگەدا (دیاسپۆرا).
كوردەكان و ئێزیدییەكان لە یەكێتیی سۆڤیێتدا
نیشتەجێبوون و سەرژمێرییەكان
ئێزیدییەكانی یەكێتیی سۆڤیێت لەو وڵاتەوە هاتوون كە ئێستا كۆماری توركیایە لە ئەنجامی دوو شەپۆلی كۆچكردندا، كە یەكەم شەپۆلیان لە ماوەی جەنگەكانی ڕووسیا و عوسمانییەوە بوو لە سەدەی نۆزدەدا (١٨٢٨ - ١٨٢٩ و ١٨٧٩ - ١٨٨٢)، شەپۆلی دووەمیش لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەكەمدا بوو، بەتایبەتی لە پاش قڕكردنی بەكۆمەڵی ئەرمەن لە ١٩١٥ - ١٩١٦دا كەوا ئەرمەن و ئێزیدییەكانی كردبووە ئامانج. ئێزیدییەكان لە ناوچەكانی وان و قارس و دۆغۆبایەزیدەوە كۆچیان كردبوو و لە پێش كۆچكردنیاندا بەشێكی دانەبڕاو بوون لە كارلێكی خێڵە كوردەكان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا. ئێزیدییەكان لە حەیبەت ستەم و چەوساندنەوە لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا هەڵاتوون و پەنایان بردووەتە بەر ئیمپراتۆرییەتی ڕووسی٢. ئێزیدییەكانی كەوا لە شەپۆلی یەكەمدا كۆچیان كردبوو بە شێوەیەكی سەرەكی لە ناوچە شاخاوییەكانی ئاراگاتزدا (ناوچەكانی ئاپاران و تالین) جێگیر بووبوون. ئەو ئێزیدییانەش كە لە سەرەتای سەدەی بیستدا كۆچیان كردبوو لە گوندەكانی پێدەشتەكاندا نیشتەجێ بوون (لە ناوچەكانی ئەشتەراك و ئیچمیادزین و ئارماڤیر). دواتر لە ساڵانی ١٩٣٠كاندا، هەندێك لە ئێزیدییەكانی ناوچەی ئاپاران لە تبیلیسی نیشتەجێ كران بۆ كاركردن لە كارگەكاندا.
لەواقیعدا، كوردە موسڵمانەكان پێشتر لە ناوچەكانی پشت قەوقازدا (ترانسقەوقازیا) دەژیان كاتێ كە ئێزیدییەكان ڕۆیشتنە ئەوێ و ئەوان لە سەدەی هەژدەدا ڕۆیشتبوون كاتی كە ئەو خاك و ناوچانە بەشێك بوون لە قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و پاشان بوون بە ڕەعییەتی تساری ڕووسیا كاتێ كە ناوچەكانی پشت قەوقازی لە ماوەی سەدەی نۆزدەدا داگیركرد٣ (كاراتینی، ١٩٩٠: ١٢١). ئەوان لە كۆمەڵگەكانی یەكێتیی سۆڤیێتدا زیاتر بە "نەتەوە nationality" دەناسران وەك ئەوەی بە باوەڕی ئاینییان بناسرێنەوە٤. بەو پێیە ئێزیدییەكانیش هەر بە "كورد" لەقەڵەم دران شانبەشانی موسڵمانە كوردەكان. لە پاش ساڵی ١٩٢٦، ئەم پۆلێنكردنە لە ئەژماری سەرژمێرییەكانی سۆڤیێتیدا وا ڕەنگیدابووەوە كە چیتر ئاین و باوەڕ پێوەر نەبێت بۆ گەل و نەتەوە و كەمینەكان و بە ڕێگەی جۆراوجۆر تەگەرە خرایە بەر ئاین و ڕەگەز یان نەتەوە بوو بە پێوەری ئەوەی كە ئەم گرووپانە سەر بە چ لایەكن و بەو پێیە، كوردە موسڵمانەكان و ئێزیدییەكان هەر هەموویان بە كورد دانران لە ئامار و سەرژمێرییەكاندا. سەرژمێریی گشتیی ساڵی ١٩٢٦ی سۆڤیێت ٥٤٦٦١ كوردی تۆمار كرد، ئەوی ١٩٣٩، ٤٥٨٦٦ كوردی تۆمار كرد و ساڵی ١٩٥٩ ژمارەیان گەیشتە ٥٩ هەزار (لەگەڵ ٢٦ هەزار لە ئەرمینیا و ١٦ هەزار لە جۆرجیا) (ئەریستۆڤا، ١٩٦٦: ١٩؛ چەتۆییڤ، ١٩٦٥: ٩). دوابەدوای سەرژمێریی گشتیی ساڵی ١٩٥٩، بێننیگسن (١٩٦٠) نووسیوێتی كەوا لە یەكێتیی سۆڤیێتدا، ٢٦ هەزار كورد لە ئەرمینیادا دەژین، لە جۆرجیادا ١٦ هەزار، لە ئازەربایجان ژمارەیەكی گرنگ و بەرچاو كورد لە ناوچەی گەنجە و كۆماری ئۆتۆتۆنۆمیداری نەخچەواندا دەژین، بەڵام نازانرێت ئەو ژمارەیە چەندە) ٥ و لە توركمانستانیش (چەند هەزارێكیان لە نزیك سنووری ئێران نیشتەجێن). بەهەرحاڵ، زۆربەی زانا و توێژەرەكانی بواری كوردناسیی سۆڤیێت (كورۆلۆجیست) وایدادەنین كە ئەم ژمارانە لە خوار خەمڵ و مەزەندەی ژمارەی ڕاستەقینەی دانیشتووانی ڕاستەقینەی كوردەوەن لە یەكێتیی سۆڤیێتدا. بە درێژایی ساڵانی ١٩٥٠كان نووسەران خەمڵ و مەزەندەی بەرزتریان داوە و ئەریستۆڤا (١٩٥٤) بە ١٥٠ هەزاری داناون و لای كوردۆییڤ (١٩٥٧: ١٠) ١٢٠ هەزار بووە و مەحموودۆڤ (١٩٥٩) بە ١٦٠ هەزاری لەقەڵەم داون.
لە ساڵانی ١٩٩٠كاندا، تەنانەت لە پاش ڕووخانی یەكێتیی سۆڤیێتیش ژمارەی جۆراوجۆری خەمڵ و مەزەندەی دانیشتووان هەر بەردەوام بوو. سەرچاوە نووسراوەكان. سەرچاوە نووسراوەكان (كتێب و ڕۆژنامەكان) بەعادەت ژمارەی كوردیان بەو جۆرە دادەنا كە ئەوانەی نیشتەجێی ئەرمینیان ٦٠ هەزار و جۆرجیاش لەنیوان ٤٠ بۆ ٥٠ هەزار دەژین (كە بە شێوەیەكی سەرەكی لە تبیلیسین) (كاراتینی، ١٩٩٠: ١٢٠ - ١٢١). بەڵام لیۆنیداس تی. كریزانپۆپاوڵۆس لە كتێبەكەیدا "تۆمارەكانی قەوقاز" باس لەوە دەكات كەوا "لە ساڵی ١٩٩٣دا لە نێوان ٦٠ تا ١٢٠ هەزار كورد لە ئەرمینیادا ژیاون. ئەم ژمارەی دواییەش لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە بەدەستم هێناوە و ئەوی پێشووش لە لایەن وەزارەتی كاروباری دەرەوە. هەرچەندە ئاین هیچ كاتێ مەسەلەیەك نەبووە بۆیان كە بەتوندی كێشەیان بۆ دروست بكات بەڵام ١٠ هەزار لەوان ئیسلامی سوننە بوون و ئەودواشیان ئێزیدی (كریزانپۆپۆڵۆس، ٢٠٠٢: ١٤٥).
ئایین
ئێزیدییەكان شوینكەوتەی ئێزیدیزمن. ئێزیدیزم (یان ئێزدیاتی - و) ئاینێكە كە پێدەچێت لە لە باوەڕێكی ئێرانیی كۆنەوە هاتبێت و بچێتەوە سەر زەردەشتی یان هاوشێوەی بێت و گەلێ توخم و ڕەگەزی تیدایە كەوا لەگەڵ سیستەمی باوەڕەكانی تردا چوون بەناو یەكدا، چەشنی ئیسلام و مەسیحییەت و غنووسییەت٦. ئێزدیاتی دوو كۆڵەكەی سەرەكیی هەیە كە بریتین لە:
١. باوەڕ هێنان بەوەی كە دەچێتە ناو حەوت گیانەوەری پیرۆزەوە (دۆنایدۆن) كە دەگوترێ گوایە خودان و گرنگترینی ئەوانە مەلەكە تاووسە، یان فریشتەی تاووس.
٢. گرنگیی خاوێنی و پاكژ بوون، كەوا لە گەلێ شتی قەدەغەدا یان تابوو گوزارشی لێوە دەكرێت كە پەیوەندیدارن بە خواردن و پۆشاك و ڕەوشت و هەڵسوكەوتی تاك و هەروەها یاسا و ڕێسای كۆمەڵایەتیی ژن و ژنخوازیی خزمان لەناو یەك گرووپدا، كە دوو گرووپیان ڕابەری ئاینیین (پیر و شێخ) و گرووپێكیشیان ڕەشۆكی یان موریدن.
تایبەتمەندییەكی تری ئێزیدیزم، لانی كەم لە دۆخ و سیاقی ناوچەییدا، نەبوونی كتێبە پیرۆزەكانە. هەتا ئەم نزیكانەش، لە سۆنگەی نۆرم و نەریتی ئاینیی ئێزیدییەوە تەنانت نووسین قەدەغە بووە. لەئەنجامی ئەمەشدا، هەموو زانیارییەكی پیرۆز و سێكولار تەنها بەشێك بووە لە نەریتی زارەكی و جیاوازییەكی زۆر هەیە لە نێوان پراكتیزە كردنی ئێزیدییەكانی میسۆپۆتامیا ئێزیدییەكانی وڵاتانی پشت قەوقازدا.
لە پاش جەنگی جیهانیی یەكەم، كۆمەڵگەكانی ئێزیدی بەگوێرەی سنوورە نێودەڵەتییە نوێكان دابەشبوون و بە درێژایی سەدەی بیستەم پەڕینەوە و بەزاندنیان تادەهات زیاتر ئاستەنگی بۆ درووست دەبوو. تا كۆتایی سەدەی نۆزدەیەم میر واتە ڕابەری ئاینیی ئێزیدییەكان) لە شێخانەوە لە عێراق قەواڵی (واتە دەنگبێژی دەقە پیرۆزەكان) بۆ بڵاوكردنەوەی زانیاری و ڕێنماییە ئاینییەكان و كۆكردنەوەی پارە٧. بە كێشانی ئەم سنوورانە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، ئەو ئیزیدییانەی لە دەرەوەی عێراق دەژیان لەم ڕێوڕەسمانە دوورخرانەوە و ئێزیدییەكانی یەكیتیی سۆڤیێت و قەوقاز دەبوو تەنها پشت بە كەسایەتی و ڕابەرە ئیزیدییەكانی خۆیان ببەستن كە ژمارەیان كەم بوو و دەبوو سزا بدرایەن ئەگەر بە پیادەكردنی ئەم ڕیوڕەسمە ئاینییانەوە بگێرایەن (ئەڵیسۆن، ٢٠١٧: ٤).
هەرچەندە ئایدیۆلۆجیای سۆڤیێتی هانی بێخودایی دەدا و ئیددیعای ئەوەی دەكرد كە پێویستە ئاینەكان بسڕێنەوە، بەڵام بە كردار ئەمە ڕووینەدا٨. ئاین لە كایەی گشتیی ژیاندا ئامادەگیی نەبوو، بەڵام لە كایەی تایبەتیدا هەر بە زیندوویی مابووەوە. بنەماڵەی پیاوە ئاینییەكانی (شێخ و پیر) بەردەوام بوون لە گواستنەوەی زانیارییەكانیان بۆ منداڵەكانیان (ئۆمەرخاڵی، ٢٠١٧: ١٣٩). سروودە پیرۆزەكانی (قەول و بەیتەكان) هێشتا هەر ئاشناییان هەبوو لای پیاوە ئاینییەكانی (كلێرگییەكانی) قەوقاز و بە زارەكی لە كۆڕ و كۆبوونەوەكانی خێزان و ڕێوڕەسمەكاندا دەوترایەوە هەر كاتێ پێویست بووایە.
لە ناو ئێزیدییەكانی ترانسقەوقازدا، ژیانی ئاینی بە شێوەیەكی سەرەكی لە دەوری ستێر ster كۆبووبووەوە كەوا پەیكەر و سەكۆیەك بوو لە كەڵەكە كردنی خوری دروست دەكرا٩. ئەم جۆرە مەزارانە پێدەچێت لە سەدەی نۆزدەوە لە ئەنەدۆڵدا هەبووبێت، بەڵام بە هیچ شیوەیەك لە عێراق و ئێراندا ئامادەگییان نەبووە١٠. لە قەوقازدا زۆرێك لە خێزانەكان ستێریان هەبوو لە ماڵەكانی خۆیاندا و دەگوترێ گوایە ئەو ستێرانەی لە ماڵەكانی بنەماڵە ئاینییەكاندا بوون لەگەڵ هێزە جادووییەكاند بەكارهاتوون. ئەمانە شوێنگەلێك بوون بۆ دەسەڵاتی ئوجاخ - واتە خێزان یان بنەماڵەیەكی پیرۆز - كە تێیدا پیرۆزی و پارێزگاری دابین دەكرێت لە لایەن پیر یان شێخەوە. ئەم ستێرانە لە ڕێگەی پەیوەستبوونیانەوە بە حۆرییەكەوە (كە گیانەوەرێكی نەبینراوە) یان بۆ یەكێك لە حەوت فریشتە سەرەكییەكە و هەر یەكە لەم فریشتانە تەرخانە بۆ بابەتیكی دیاریكراو، كە هەندێك بۆ پاراستنی ئاژەڵ و ماڵاتە، هەندێك بۆ چارەسەری ئێش و ئازاری گەدەیە، هەندێك ترس لە تاریك دەڕەوێنێتەوە و بۆ منداڵبوون و زیادكردنی نەوەیە. ئەوانە دەكەونە هۆدەی سەرەكیی ماڵەوە لە بەشی ڕۆژهەڵاتیەوە. ستێر شتێكی زۆر ڕێزلێگیراوە لە ماڵدا بۆ ئێزیدییەكان و دەڵێن كەوا دەبێ گەلێ یاسا و ڕێسا ڕەچاو بكرێت سەبارەت بە ستێر. بۆ نموونە نابێت ستێر بجووڵێنرێت بێ سازدانی ڕیوڕەسمێك كە ئاژەڵێكی تێدا سەرببڕێت و بكرێتە قوربانی١١. شوێنی تری پیرۆز هەن كە ئێزیدی بەزۆری ناوی زیارەتی لێدەنێن. ئەمانە بەزۆری شوێنی پەرستنی ئەرمەنەكانن، چەشنی كەنیسەكان. شوێنە پیرۆزەكانی تر كەهەن بەستراون بەخاسیەتە تۆپۆگرافیەكانەوە، وەك كانیاوەكان و ئەشكەوتەكان. وەك چۆن ئەرمەنەكان گۆڕستانی گوندەكانیان شوێنی گرنگی كۆبوونەوەكانیشیانە و خێزانەكانیان لەسەر گۆڕی كەسوكار و ئەندامانی خێزانەكانیان كۆدەبنەوە بە لای كەمەوە ساڵی جارێك بۆ یادكردنەوەی مردووەكانی خانەوادە و پێی دەوترێ ڕۆژا مازالاmazala (واتە ڕۆژی گۆڕستان)١٢. لەم ڕۆژەدا ئێزیدییەكان بە یادی كەسە لەدەستچووەكانیان دەخۆن و دەخۆنەوە و پیاوانی ئاین نوێژ و دۆعا دەخوێنن و خزم و كەسوكاری نزیكیش دەیانلاوێننەوە١٣.
كوردۆلۆجی و كولتووری كوردی لە یەكێتیی سۆڤیێتدا
لە سەرەتای ساڵانی ١٩٢٠كانەوە، كوردەكان بوون بە نەتەوەیەكی جیا و تایبەتمەند (نارۆدنۆست) بۆ دەسەڵاتدارانی سۆڤیێت. ئەم دۆخە نەیگەیاندبوونە ئەوەی كە مافی ئۆتۆنۆمییەكیان بدرێتێ (ئۆبڵاست یان ئۆكروگ)، بەڵام مافی ئەوەی ئەوەی دابوونێ كە بە زمانی خۆیان بخوێنن و چالاكیی ئەدەبی و هونەریی پێ ئەنجام بدەن. ئەوجا لەبەر ئەوەی هەردوك ئیزیدی و كوردەكان ئەندامی " نەتەوەی" كورد بوون بە شێوەیەكی گشتی بەرهەمی كولتوورییان جیانەدەكرایەوە. گۆرانییە فۆلكلۆرییەكان و چیرۆك و حیكایەتەكان كە لە ڕادیۆی یەریڤانەوە پەخش دەكران بەسانایی مۆركی "كوردییان" پێوەبوو. بە هەمان چەشنی زۆرێك لە نەتەوەكانی ناو یەكێتیی سۆڤیێت، بەرهەمی كولتووریی كوردیش لە ئەرمینیا تووشی شكست و هەرەس بوو لە دوادوایی ساڵانی ١٩٣٠كاندا بەڵام جارێكی تر لە سەرەتای ساڵانی ١٩٥٠كاندا دەستیپێكردەوە.
زمان و قوتابخانە
ساڵی ١٩٢٢، لە یەریڤان ئەلفبێیەكی كوردی بە پێی بنەمای پیت و نووسینی ئەرمەنی دروستكرا. هەروەها لە ساڵی ١٩٢٧یش پیتی لاتینی بەكاردەهات بۆ نووسینی زمانی كوردی١٤ و دواتریش لە ساڵی ١٩٤٥دا بە پیتی كریلیكی١٥ (سلاڤی - و). لە دوای ڕووخانی یەكێتیی سۆڤیێت زۆربەی جاپەمەنی و بڵاوكراوەكان پیتی لاتینییان بەكارهێنا١٦. لە ساڵانی ١٩٢٠كاندا مەسەلەی خوێندن و خستنە بەر قوتابخانە بوو بە ناچاری. وەك ئەنجامیش تاوەكوو ساڵانی ١٩٣٠كان بەشی هەرە زۆری ئێزیدییەكان (كە بە حوكمی داب و دەستووری ئاینەكەیان نەخوێندەوار بوون) بوون بە خوێندەوار (بلاو، ٢٠١٢: ١٩). تا كۆتایی ساڵانی ١٠٢٠كان زیاد لە چل قوتابخانەی زمانی كوردی لە یەكێتیی زۆڤیێتدا كرایەوە و بە شیوەكی سەرەكی لە ئەرمینیادا (ئۆمەرخاڵی، ٢٠١٣: ١٣٦). ساڵی ١٩٣١ لە یەریڤان قوتابخانەیەكی تایبەتی كرایەوە بۆ ڕاهێنانی ئەو مامۆستایانەی دەرسی نەهێشتنی نەخوێندەوارییان بە كوردی دەوتەوە لە سۆڤیێتدا (ئەڵیسۆن، ٢٠١٣ ئە: ١٩٤). كتێبەكانی قوتابخانەی سەرەتایی و دواناوەندی لە یەریڤان چاپكران و لە لایەن نووسەرانی وەك حاجیێ جوندی (١٩٠٨ - ١٩٩٠)، ئەمینێ عەڤداڵ (١٩٠٦ - ١٩٦٤) و قەناتێ كوردۆییڤ (١٩٠٩ - ١٩٨٥) ئامادەكرابوون. زۆربەی ئەم كتیبانەی خوێندن لە ئەرمەنی و ڕووسییەوە وەرگێڕدرابوون. بێجگە لەوەش، بڕێكی هێجگار زۆری وەرگێڕانی كاری ئەدەبی (بەشێوەیەكی سەرەكی لە ڕووسییەوە) و بەڵگەنامەی ڕەسمی (چەشنی دەستووری یەكێتیی سۆڤیێت) وەرگێڕدرانە سەر زمانی كوردی لەسەر دەستی كوردەكانی سۆڤیێت (ئامی دێ لا برێتێك، ٢٠١٢: ١٠٥). هەروەها چەندین قامووسی كوردییش چاپ و بڵاوكرانەوە و دەسپێكی "خەبەرنامەیێ ژی زمانێ فلێژی - كورمانجی Xebernamê ji zimanê filejî-kûrmancî" (قامووسی كوردی - ئەرمەنی)، كە لە ساڵی ١٩٣٣دا لە لایەن ئەكادیمیای زانیاریی ئەرمینیای سۆڤیێتیی سۆشیالیستی چاپكراوە.
ئەدەب و ڕۆژنامە
لە ساڵی ١٩٢٩ بەملاوە ژمارەی كتێبە چاپكراوەكان بە زمانی كوردیل ئەرمینیا زیادی كرد. ساڵی ١٩٣٢ لقێكی نووسەرانی كورد لە ناو یەكێتیی نووسەرانی ئەرمەندا كرایەوە (ڤان بروونەسن، ١٩٩٧: ٢٢٠). زۆربەی نووسەرە كوردەكان خودی خۆیان خۆیان فیری خوێندەواری و خۆ ڕۆشنبیر كردبوو و زۆر لە ژێر كاریگەریی ئەدەبی ئەرمەنی و ڕووسیدا بوون و كار و بەرهەمەكانیان ڕەنگدانەوەی تەواوی ئەو دوو ئەدەبەی لەسەر بوو. ئەمینێ عەڤداڵ، حاجیێ جوندی و جاسمێ جەلیل (١٩٠٨ - ١٩٩٨) كار و بەربەرهەمەكانیان لە ڕۆژنامەی ڕێیا تازە Riya Taze دابڵاودەكردەوە كە هەفتەی دوو جار دەردەچوو و لە ساڵی ١٩٣٠وە دەردەكرا، بێجگە لە نامیلكە و بڵاوكراوە ئەدەبییەكانی تر. یەكەم دەقی شانۆیی "قوتووی دەرمان Qitiya du dermana"، ساڵی ١٩٣٢ حاجیێ جوندی نووسیوێتی، كە بەشێكی زۆری ژیانی خۆی تەرخان كردبوو بۆ كۆكردنەوە و بڵاوكردنەوەی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە فۆلكلۆری كوردەوە هەبوو. لە ساڵی ١٩٣٥، وەزیرێ نادر (١٩١١ - ١٩٤٧) دووەم دەقی شانۆیی نووسیوە بە ناوی ڕەڤا ژن Reva Jin (واتە ژن فڕاندن) و پاش جەند ساڵێكی كەمیش، چامە شیعرێكی دوور و درێژی نووسی بە ناوی نادۆ و گولیزەر Nado û Gulizer كە باس لە چیرۆكی قارەمانێتیی كوڕە لاوێكی كورد و دەزگیرانەكەی دەكات لە كاتی جەنگدا. ناسراوترین و پڕبەرهەمترین ڕۆماننووسی كورد لەم سەردەمەدا عەرەبێ شەمۆ بوو (١٨٩٧ - ١٩٧٩)، كە لە ساڵی ١٩٣٥دا ڕۆمانی "شوانە كوردەكە و كوردەكانی ئەلەگەز Sivanê kurmanca û Kurdên Elegezê"ی لە یەریڤان بڵاوكردەوە. ئەم ڕۆمانی ژیاننامە ئامێزە دەسبەجێ وەرگێڕدرایە سەر زمانی ڕووسی بە ناوی (Kurdskij Pastux). ئەم ڕۆمانە ساڵی ١٩٥٨ سەرلەنوێ جارێكی تر بڵاوكرایەوە لەگەڵ پێداچوونەوەیەكی ورد و چڕدا و ئەمجارەیان لە ژێر ناوی بەربانگدا (واتە بەرەبەیان) و نووسەرەكەی باس لە منداڵیی خۆی دەكات وەك شوانێك و چۆن بووە بە كۆمۆنیست و لە شۆڕشی سۆڤیێتیی ساڵی ١٩١٧دا بەشداریی كردووە.
ساڵانی ١٩٣٢ - ١٩٣٨ سەردەمێكی زێڕین بوو بۆ پەرەسەندن و پێشكەوتنی كولتووری كوردی لە ئەرمینیای سۆڤێتیدا. لە ساڵی ١٩٣٤دا لە یەریڤان كۆنگرەیەك بەسترا بۆ نووسەران و دانەرانی كورد لەبارەی نووسینی زمانی كوردییەوە. لێرە بابەتگەلێك لەبارەی داهێنانی كوردی و زاراوەكانی ئامراز و چەمكە تەكنیكییەكان گفتوگۆیان لەبارەوە كرا. لە سەروەختی نزیكبوونەوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا و لە ماوەی پاكسازییە گەورەكەی ستالیندا (١٩٣٦ - ١٩٣٨)، چاودێری و بایەخدانی سۆڤیێت بە كولتوور و زمانی كورد لەناكاو وەستا و ڕۆژنامەی ڕیا تازە Riya Taze لە ساڵی ١٩٣٨دا داخرا و چاپكردنی كتێبی كوردی وەستا.
لە پاش جەنگی جیهانیی دووەم، كۆماری ئەرمینیای سۆڤیێتی كەوتە چاودێری و بایەخپێدانی بووژانەوەی كولتووری كوردی. ڕۆژنامە كوردییەكەی ڕیا تازە جارێكی تر لە سالی ١٩٥٥دا دەركرایەوە و كتێبی كوردی كەوتەوە چاپ كردن و بڵاوبوونەوە لە یەریڤان. لە نێو ژمارەیەك نووسەری تردا، ساڵی ١٩٥٩ سەمەندێ سیابەندۆڤ (١٩٠٩ - ١٩٩٨) چیرۆكێكی داستان ئامێزی ڕۆمانسیی بە ناوی"سیابەند و خەجێ" و "بیرئانینێد من ( یاداشتەكانم)"ی نووسیبوو و ڕۆماننووس ئەعمەدێ مرازی (١٨٩٩ - ١٩٦١) جارێكی تر دایڕشتنەوە و لە پاش كۆچی دوایی خۆی لە ساڵی ١٩٦٦دا بڵاوكرانەوە. ساڵی ١٩٦٧ ڕۆمانی "هاواری"ی حاجیێ جوندی بڵاوبووەوە. هەروەها ئافرەتانیش لە كایە و ژیانی ئەدەبیدا بەشدارییان هەبوو: سیما سەمەند (لەدایكبووی ١٩٣٣) ساڵی ١٩٦١ ڕۆمانی "خەزاڵ"ی بڵاوكردەوە (واتە ئاسك) و ساڵی ١٩٦٧ ڕۆمانی "دۆ شایی" بڵاوكردەوە (واتە دوو هەواڵی خۆش). لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ و ١٩٩٠دا، لە یەریڤان، نەك بە تەنها هەر گۆڤاری سالانە ئەدەبیی "بەهارا تازە" دەردەكرا بەڵكوو ڕۆمان و شیعر و فۆرمەكانی تری نووسینیش لە لایەن نەوەی دووەمی كوردەكانی سۆڤیێتەوە جاپ و بڵاو دەكرانەوە چەشننی عەمەرێكێ سەردار (١٩٣٥ - ٢٠١٨) و وەزیرێ عەیشۆ (١٩٣٤ - ٢٠١٥).
لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٠كان و ١٩٨٠كاندا، تبیلیسی بوو بە مەڵبەندێكی تر بۆ ژیانی كولتووری و ڕووناكبیریی كوردی. پایتەختی جۆرجیا شانۆیەكی كوردی و چەندین گرووپ و تیپی مووزیكی كوردی و پەخشی هەفتانەی ڕادیۆی كوردیی لەخۆگرتبوو. هەروەها كتێبی كوردی لێرە چاپ دەكران و لقیكی كوردیی لە چوارچێوەی كۆمەڵەی نووسەرانی جۆرجیادا دامەزرا. هەڵبەت ئەدەب و كولتووری كوردی لە یەكێتیی سۆڤیێتی جاراندا ڕۆڵێكی گرنگ و بەرچاویان گێڕا لە گەشە كردنی ئەدەبی كوردیدا بەگشتی١٧. پەخشی كوردیی ڕادیۆی یەریڤانیش، كە لە پشت سنوورەكانی ڕادیۆی یەریڤانەوە گوێی لێ دەگیرا، ڕۆڵێكی گرنگی دەبینی لەو بوارەدا.
سینەما و شانۆ و ڕادیۆ
یەكەم فیلمی كوردی ساڵی ١٩٢٧ لە ئەرمینیای سۆڤیێت بەرهەمهاتووە لە لایەن دەزگای ئەرمەكینۆوە Arme - Kino وە و فیلمێكی سینەمایی ڕەش و سپی بێدەنگ بووە و ماوەكەی حەفتاودوو خولەك بووە و لە دەرهێنانی بەگ نەزارۆڤ بووە (١٨٩١ - ١٩٦٥) و ناونیشانەكەی زارێ Zareبووە. فیلمە باس لە چیرۆكی دڵداریی زارێی كیژی گەنج و جوان دەكات لەگەڵ سەیدۆی كوڕە لاوی شوان لە ساڵی ١٩١٥دا (چەند ساڵێكی كەم لە پێش شۆڕشی سۆڤیێتیدا). بە گونجان لەگەڵ هێڵی ئایدیۆلۆجیی ساڵانی ١٩٢٠كاندا، فیلمەكە ئەوە ڕووندەكاتەوە كە چۆن ئیدارەی تسار باری ناهەموار و نەزانیی كوردی چەوساوە بەكاردێنێت بە یارمەتیی ڕابەر و سەركردە ڕۆحی و فیوداڵەكانی كورد. لە ساڵی ١٩٣٣دا فیلمێكی بەڵگەنامەیی بێدەنگی پەنجا و دوو خولەكی بە ناونیشانی "كوردەكان - ئێزیدییەكان" Krder - ezidner (Kurds - Yezidis) بەرهەمهاتووە و دەرهێنەرەكەی ئەماسی مارتیرۆسیان بووە (١٨٩٧ - ١٩٧١). ئە فیلمە دامەزراندنی كۆڵخۆزێك (واتە كێڵگەیەكی كشتوكاڵیی بەكۆمەڵ) پێشاندەدا لە گوندێكی كوردنشینی ئەرمینیای سۆڤیێتیدا. دوای ئەمەش، چەندین فیلمی تر بەرهەمهێنران بە كوردی یان بە ڕووسی لەبارەی كوردەوە.
ساڵی ١٩٣٧، شانۆی میللیی كوردی ئەلەگەز دامەزرا و كەوتبووە گوندێكەوە بە قەدپاڵی چیای ئاپارانەوە و شانۆكە تێپێكی خۆی هەبوو كە لە ئەكتەرە كوردەكان پێكهاتبوو و ساڵانە جەندین شانۆییان نمایش دەكرد. زۆربەی زۆری ئەم شانۆییانە بۆ ڕادیۆش تۆمار دەكران. تەلاری ئەم شانۆیە لە زەمینلەرزەكەی ساڵی ١٩٨٨دا ڕووخا و دوای ئەوە ئیتر دروست نەكرایەوە (جافەرۆڤا - برووتی، ٢٠٠١: ٩٨). ڕادیۆ یەریڤان پەخشی بەرنامە كوردییەكانی لە ساڵانی ١٩٣٠كاندا دەستپێكرد بەڵام لە ساڵی ١٩٣٧دا و لە ئەنجامی پاكسازییە گەورەكەی ستالیندا ڕاگیرا. لە ساڵی ١٩٥٥دا و لە ماوەی حوكمڕانیی خرۆشۆڤدا، جارێكی تر پەخشی بەرنامە كوردییەكان بەشەرمێكەوە دەستیپێكردەوە. جاسمێ جەلیل سێ بەرنامەی ماوەی پانزە خولەكیی بەڕێوەدەبرد و لە هەفتەیەكدا سێ جار پەخش دەكرا. بابەتەكانی ئەم بەرنامانە ڕاستەوخۆ لە مۆسكۆوە چاودێریی دەكران. هەڵبەت قەدەغە بوو هیچ باسێك لە ناسیۆنالیزم و سیاسەت یان یەكێتیی كورد بكرێت و لەجیاتیدا بەرنامەكان چڕبووبوونەوە لە سەر گۆرانی و شانۆنامەی ڕادیۆیی. لە ساڵی ١٩٦١وە، پەخشی ڕادیۆی یەریڤان بە زمانی كوردی ڕۆژانە بوو بە كاتژمێر و نێوێك بەسەر یەكەوە. لەو ماوەیە پەخشەكە سنووری ئەرمینیای تێدەپەڕاند و دەگەیشتە توركیا، سووریا، عێراق، ئێران و هاوزەمان گەلێ لە وڵاتەكانی ناو یەكێتیی سۆڤیێتیش. بەو پێیە ژمارەی گوێگران زیادی كرد و كارمەندانی ڕادیۆكە لە پەیوەندییەكی بەردەوامدا بوون لەگەڵ كوردەكانی ناو یەكێتیی سۆڤیێت و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە ڕێگەی نامە نامەكاری و تەلەفۆنەوە.
لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠كاندا و لە پاش ڕووخانی یەكیتیی سۆڤیێت، دەوڵەتی ئەرمینیای نوێی سەربەخۆ بەرەوڕووی تەحەدای ئابووری و كۆمەڵایەتیی گەورە بووەوە. ڕادیۆ یەریڤان چیتر پاڵپشتی دارایی نەما و نزیكەی هەموو كارمەندانی بەشی كوردی كارەكانیان لەدەستدا و بە هۆی حالەتی بێكاریی سەختەوە زۆرێكیان وڵاتیان بەجێهێشت و تەنها كەرەمێ سەییاد (لەدایكبووی ١٩٣٨) مایەوە و كاری بۆ بەشە كوردییەكەی ڕادیۆكە دەكرد. هەروەها هەرەسهێنانی یەكێتیی سۆڤیێتیش كۆت و بەندی ئایدیۆلۆجیی لە سەر ناوەرۆكی بەرنامەكانی ڕادیۆكە هەڵگرت. لە دوادوویی ساڵانی ١٩٩٠كاندا كەرەمێ سەییاد پلانی بۆ زنجیرەیەك بەرنامەی هەواڵ دانا كەوا هەواڵ، لێدوانی سیاسی، مێژوو و زمان و كولتووری كوردی لەخۆدەگرت. هەروەه بەرنامەیەكیش كەوا كەرەمێ سەییاد خۆی پەیوەندیی بەو خێزانە كوردانەوە دەكرد لە توركیا و ئەرمینیادا كە لێكتر دابڕابوون لە ساڵانی ١٩٢٠كان و ١٩٣٠كاندا.
ڕادیۆ یەریڤان یادەوەریی گەلێ كوردی تۆمار كردووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و كۆمارەكانی سۆڤیێتی پێشوو. بە درێژایی ساڵان كاتێ كە زمان و كولتووری كوردی لە توركیادا قەدەغە بوو، خەڵكەكە دەرفەتیان قۆستبووەوە بۆ گوێگرتن لە ڕادیۆ ە ئاشنا بووبەوە بە كولتووری كوردی و بەتایبەتی مووزیك. وەك مارتن ڤان بروونەسن دەنووسێت كەوا "كاریگەریی ئەم پەخشە ڕادیۆییەی كوردی لەسەر خودهۆشیاریی دانیشتووانی كوردی توركیا و ئێران و عێراق هێندە گەورە بووە كە بەئاسانی مەزەندە ناكرێت" (ڤان بروونەسن، ١٩٩٧: ٢١٤). ئەمڕۆ ئەرشیفەكانی ڕادیۆی گشتیی یەریڤان، لە نێو ئەوانیتردا، هەزاران گۆرانیی میللیی كوردی و شانۆگەری لەخۆدەگرێت.
كوردۆلۆجی لە یەكێتیی سۆڤیێت (لێنینگراد و مۆسكۆ و یەریڤان)
كوردۆلۆجی لە یەكیتیی سۆڤیێتدا بە میرات لە توێژینەوەكانی كورد ماوەتەوە لە ڕووسیای تسارییەوە (قەیسەرییەوە)١٨. لە لێنینگراد، لە ساڵی ١٩٣٠وە تا ئێستاش بەشیكی كوردی هەیە لە ئینستیتیووتی زمانە ڕۆژهەڵاتییەكاندا و ساڵی ١٩٣١ سیمینارێك لەبارەی مەسەلە زمانەوانییەكانی كوردییەوە سازكراوە لە فاكەڵتیی زمانەكانی زانكۆی لێنینگراددا و خوێندنی زمانی كوردی بووە بە زۆرەملێ لە توێژینەوە ئێرانییەكانی فاكەڵتیی فیقهی زماندا (فیلۆلۆجی). لە ساڵی ١٩٣٠ بەملاوە، زانایانی كوردۆلۆجی كاریان لە ئینستیتیووتی ئیتنۆگرافیای سەر بە ئەكادیمیای زانستیی یەكێتیی سۆڤیێتدا كردووە و هەروەها لە ئینستیتیووتی ڕۆژهەڵاتناسیی مۆسكۆشدا. لە یەریڤانیش، مەڵبەندێكی كوردۆلۆجی (كە بە شێوەیەكی سەرەكی فۆكەسی خستووەتە سەر زمانەوانی و فۆلكلۆر) ڕێك لە دوای شۆڕشی ئۆكتۆبەر كراوەتەوە لە ئەكادیمیای زانستی كۆمارە سۆشیالیستییە سۆشیالیستییە تازە دروستبووەكەدا. لە ساڵی ١٩٣٣دا كۆنگرەیەكی گشتیی كوردۆلۆجیی تەواوی یەكێتیی سۆڤیێت لە یەریڤان بەستراوە١٩. شانبەشانی مێژوو، زمانەوانی و ئەدەبی كلاسیكی، لێكۆڵینەوەی فۆلكلۆری كوردی بەخێرایی پەرەیسەند بە چاپكردن و بڵاوكردنەوەی چیرۆك و گێڕانەوە و گۆرانییە فۆلكلۆرییەكان٢٠. فۆلكلۆریست و زمانەوانەكان بە باشی ڕێكخرابوون و دەنێردران بۆ گوندەكانی ترانسقەوقازیا و ئەمە بەردەوام بوو تا ڕووخانی یەكێتیی سۆڤیێت.
بۆ چەند ساڵێكی دواتر، لە ١٩٥٩دا، دەستەی توێژینەوەكانی كورد لە لقی لێنینگرادی ئینستیتیووتی توێژینەوە ڕۆهەڵاتییەكان بە سەرپەرشتیی جۆزیف ئەبگارۆڤیچ ئۆربیلی (١٨٨٧ - ١٩٦١)، كە بەزۆری بە دامەزرێنەری كوردۆلۆجیی نوێ دادەنرێت. ئەمە یەكەم مەڵبەند بووە بۆ توێژینەوەی كوردی لە جیهاندا. دەستەی زانایانی كوردۆلۆجی چالاكانە كاریان دەكرد لە سەر زمانی كوردی و دیالێكتەكانی و دووكۆمێنتێكی بەربڵاویان كۆكردەوە لە ڕێگەی كاری مەیدانی و ژمارەیكی بەرچاو مۆنۆگرافیان چاپ و بڵاوكردەوە. لە نێو كوردۆلیجیستەكانی سۆڤیێتدا، مارگەرێتا ڕۆدینكۆ (١٩٢٨ - ١٩٧٧) و زۆر بە بەرفراوانی لەسەر هۆنراوەی زارەكیی نووسیوێتی و لەم ساڵانەی دواییدا، ئۆردیخانێ جەلیل (١٩٣٢ - ٢٠٠٧) و جەلیلێ جەلیل (لەدایكبووی ١٩٣٦) بڕێكی گەورەیان لە كەرەستە و بابەتی ئیتنۆگرافی كۆكردووەتەوە و بڵاوكردووەتەوە و بەتایبەتیش لەسەر ئەو ئیزیدییانەی كە لە ئەرمینیای سۆڤیێتیدا دەژین.
چارەنووسی توێژینەوە كوردییەكان لە ڕووسیای پاش سۆڤیێت و ئەرمینیادا ڕوون نییە، چوونكە بەبێ پاڵپشتی دارایی دەزگا و دامەزراوەكان دادەخرێن و گەنجە خوێندەوارەكانیش وڵات بەجێدێڵن (لیزەنبیرگ، ٢٠١١: ١٠ - ١١؛ ئۆمەرخاڵی، ٢٠١٣: ١٣٦ - ١٣٧).
لە پاش ڕووخانی یەكێتیی سۆڤیێت: گەڕان بەدوای شوناسدا
لە تائیفییەتەوە بۆ تائیفییەتێك ئیتنییكی
لە دوای ڕووخانی یەكێتیی سۆڤیێتەوە گرژی و ئاڵۆزیی ناسیۆنالیزم و ئیتنیكی زیادی كرد لە ناوچەكانی پشت قەوقازدا و ئەمەش سەریكێشایەوە بۆ جەنگی ناگۆرنۆ - قەرەباخ (١٩٨٨ - ١٩٩٤)٢١، كەوا كاری كردە سەر گەلێ لە كوردەكانی ئازەربایجان و ئەرمینیا. باكۆ سوودی لە فاكتەری ئاینی بینی بۆ دنەدانی موسڵمانە كوردەكان. یەریڤانیش هەمان تەكتیكی بەكارهێنا بۆ جۆشدانی كوردە خۆجێیەكانی ئێزیدی. ئەنجامیش وا كەوتەوە موسڵمان و ئێزیدییەكان بەرانبەر لە یەكتر بگرن لە هەردوو بەرەی شەڕ و ململانێكەدا٢٢. ئەمەش هەڵكشانێكی دا بەوەی كە پێیدەوترێت "مەسەلەی ئێزیدی" لە ئەرمینیادا، چوونكە هەندی لە دەستە و تاقمی ئێزیدی دەیانەێ وای لە قەڵەم بدەن كە ئێزیدی گرووپێكی ئیتنیكیی جیاوازە و هیچ شتێك لەگەڵ كورددا نایانبەستێ بەیەكەوە. زۆرینە كوردە موسڵمانەكانی كە لە ئەرمینیادا دەژیان لە میانەی جەنگەكەدا هەڵهاتن بۆ وڵاتی ئازەربایجان٢٣. لە ناو ئێزیدییەكاندا ناكۆكییەك پەرەیسەندووە لە نێوان ئەوانەدا كە خۆیان وادەبینن لەڕووی ئیتنیكییەوە كوردن بەڵام ئاینیان ئیزیدییە و ئەوانەش كە ئێزیدیزم (ئێزدیاتی) بە ئیتنیكێكی جیا دادەنێن.
لە ماوەی جەنگی قەرەباخدا، گەلێ لە سەربازە ئێزیدییەكان لە بەرەی ئەرمەنە (فیداییەكان) دژ بە ئازەرییەكان شەڕیان دەكرد. ئەم دۆستایەتیی ئەرمەن - ئێزیدییە لە ڕابووردووشدا هەبووە. گۆرانییە داستان ئامێزەكانی ئێزیدی تائێستاش ئەو یادەوەرییانە دووپات دەكەنەوە كە چۆن جەنەراڵە گورج و گۆڵەكانی ئێزیدی بەشداریی شەڕەكانی سەردارئاباد و باش ئەپارانیان كردووە لە ساڵی ١٩١٨دا. ئەندرانیكی جەنەراڵی ئەرمەنی و جەهانگیر ئاغای جەنەراڵی ئێزیدی، كە پێكەوە دژ بە سوپای عوسمانی شەڕیان كردووە، هەردوك قارەمانی نیشتمنی بوون. هەروەها ئێزیدییەكان هاوبەشی ئەرمەنەكانن لە یادەوەریی جینۆسایددا كە تێیدا كەوا كوردە موسڵمانەكان چالاكانە بەشدارییان تێدا كردووە (بۆزئەرسەلان، كێڤۆركیان و دووكڵەرت، ٢٠١٥؛ كێڤۆركیان، ٢٠٠٦)، لەگەڵ یادەوەریی هەڵاتن بەرەو قەوقاز لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەكەمدا بۆ ئەوەی هێزەكانی سۆڤیێت بیانپارێزێت. لە ساڵی ١٩٨٩شدا، یەكێتیی نەتەوەیی/ نیشتمانیی ئێزیدی لە ئەرمینیا دامەزرا لە لایە عەزیز تەمۆیان (سەرۆك) و خدر حاجۆیان (جێگری سەرۆك). ئەم گرووپە ئیددیعای ئەوە دەكەن كەوا ئیتنیكی ئێزیدی جیایە و زمانیش چیتر كرمانجی نییە بەڵكوو ئێزدیكییە. بۆ یەكەم سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە دوای ڕووخانی یەكێتیی سۆڤیێتەوە (٢٠٠١) "كورد" و "ئێزیدی" وا دانران كە دوو ئیتنیك یان ڕەگەزی جیاوازن و تەنها دەتوانرا یەك وەڵام هەڵبژێردرێت٢٤. ساڵی ٢٠٠٥، پەرلەمانی ئەرمینیا دانی بە ئێزدیكیدا نا وەك زمانێكی جودا. لەو كاتە بەدواە، كەناڵی تەلەفزیۆنی نیشتمانی یەك كاتژمێری پەخش بۆ هەر "كەمینەیەكی نەتەوەیی" تەرخان دەكات، واتە كاتژمێریك بۆ كرمانجی و كاتژمێرێكیش بۆ ئێزدیكی٢٥. مشتومڕ لە سەر شوناس كۆمەڵگەكەی كردووە بە دوو بەشەوە: كوردە ئێزیدەكان و ئێزیدییەكان. لە مەودایەكی دووردا، دەكرێ ببن بە دوو نەتەوە و بە دوو زمانی جیاواز بئاخڤن. ئەو ئێزیدییانەی لە پێدەشتەكاندا دەژین زیاتر بەو لایەدا دایدەشكێنن كە خۆیان بە ئێزیدی دابنێن و بە زمانی ئێزدیكی قسە دەكەن، بەڵام ئەوانەی كە لە ناوچەی ئاپارانی شاخاویدا دەژین بە شێوەیەكی سەرەكی خۆیان بە كوردی ئێزیدی لەقەڵەم دەدەن و زمانەكەشیان بە كرمانجی دادەنێن (واتە كوردی - و). دابەشبوونی جوگرافی دەكرێ بەو ڕاستییە لێكبدرێتەوە كەوا گوندە ئێزیدییەكانی پێدەشت بەزۆری تێكەڵن لەگەڵ ئەرمەنەكان یان مۆڵۆكانەكاندا و تا جەنگیش لەگەڵ كوردە موسڵمان و ئازەرییەكاندا بوون. بەڵام، لە ناوچەی ئاپاران، زۆرێك لە گوندەكان تاڕادەیەك هەموویان ئێزیدین. بێجگە لەوەش، بەشێكی گرنگی ئیتێلێجێنتسیای سۆڤیێتی (كە بەو لایەدا دایدەشكێنن كەوا خۆیان بە كوردی ئێزیدی دادەنێن) لە گوندەكانی ناوچەی ئاپارانەوە هاتوون.
هەر یەكە لەم دوو گرووپە ئەویتر بەو تۆمەتبار دەكات كە نەخشە و پلانیكی سیاسیی لە مێشكدایە. بە لای بزووتنەوەی سەر بە كوردەوە، بزووتنەوەی ئێزدیكی لە لایەن ناسیۆنالیستە ئەرمەنەكانەوە پاڵپشتی دەكرێن و ئامانجیان ڕێگرتنە لە هەوڵی جوداخوازە كوردەكان لە ترانسقەوقازیادا. لەولاشەوە، بزووتنەوەی ئێزدیكی ئێزیدییە سەر بە كوردەكا بەوە تۆمەتبار دەكەن كە پشتگیریی لە پارتی كرێكارانی كورد (پەكەكە) دەكەن. لە ڕاستیدا سیاسەتی ناوخۆییش ئاڵۆزە: دەولەتی ئەرمەنی هانی ئەوە دەدا كە ئێزیدییەكان وەك كەمینەیەكی جیاكار بناسرێن، بەڵام لە هەمان كاتیشدا چاوپۆشی لە جەنگاوەرانی پەكەكە دەكات كە لە توركیاوە بێن و لە سەر خاكی ئەرمینیا بوونیان هەبێت. دەگوترێ گوایە ئەم جەنگاوەرانە "خانەنشینن" و بە هیچ ڤیزەیەك لە ئەرمینیادا دەژین و ڕووداوی كولتووری و خۆپیشاندان ڕێكدەخەن. لێرە دوو ئۆفیس بۆ "هەڤاڵانی" خانەنشینی پەكەكە كراونەتەوە لە یەریڤان و ئەلەگەز.
بەپێی بەرەی "ئێزدیكی"، كەوا داواكاریی ڕەوا و درێژخایەنی ئێزیدی بۆ شوناسێكی جودا لە لایەن سیستەمی سۆڤیێتییەوە سەركوت كراوە. بەپێچەوانەوە "كوردە" ئێزیدییەكان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كەوا كێشەكە نوێیە و بەرهەم و دەرنجامی كەس ژینگەی سیاسیی جەنگی قەرەباخە (فلینت، ١٩٩٨: ٧٧ - ٨٣). ناكۆكییەكە سەخت و تاڵە و لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠كانەوە، خراپترین ڕووداوەكانی توندوتیژی بەرپا بوون٢٦ و تا ئەمڕۆش هەر بەردەوامە، بەڵام بارودۆخەكە لەئێستادا ئارامترە و هەردوو لا تێكەڵ بە یەك دەبن و دەچنە بۆنە و ئاهەنگی یەكترەوە. ناوبەناو گرژی و ئاڵۆزی ڕوودەدەن، بەتایبەتی لە هەندێ مەسەلەی وك خوێندن و قوتابخانە٢٧. بەرنامەكانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن هەر بە جیا پەخش دەكەن لە نێوان ئێزدیكی Ezdikiو كوردیدا (كرمانجی). ئێزیدییەكانی جۆرجیا پەیوەندیی خێزانییان هەیە لەگەڵ ئەوانی ئەرمینیادا (كە بە شێوەیەكی سەرەكی لە دەوروبەری تبیلیسین) و ئەمانیش هەمان كێشەی شوناسیان هەیە، هەرچەندە كەش و هەوای گشتی كەمێك ئارامترە لێرە.
گۆڕانكارییە ئاینییەكان
لە عێراق، ژیانی ئاینیی ئێزیدی ئەمشەر و ئەوسەر دەكات لە نێوان سەردانی پەرستگە و مەزارەكاندا. فێستیڤاڵی گەورەی پایز رەنگە گەورەترین كۆبوونەوەی ئاینی بێت بەدرێژایی ساڵ (سپات، ٢٠٠٥: ٥٠ - ٥٩). تاوەكوو كۆتایی یەكێتیی سۆڤیێت، ئێزیدییەكانی قەوقاز هیچ پەرستگەیەكیان دروست نەكرد بەڵام ستێرەكانیان لە ماڵەكانی پیاوە ئاینییەكانیاندا پاڕاستبوو (هەندێ جاریش لە خەڵكە ڕەشۆكی و موریدەكانیش). نەبوونی پەرستگە لە سەردەمی سۆڤیێتیدا تەنانەی جێی پرسیاریس نەبوو چوونكە ئاین بەشێك نەبوو لە ئەجێندای سیاسیی سۆڤیێتییەكان. بەڵام تەنانەت پێشتریش، لە ماوەی سەدەی نۆزدەدا، لە پێش (یان لە كاتی) گەیشتنیاندا بۆ قەوقاز، ئێزیدییەكانی ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵ پەرستگەیا بنیات نەنابوو. بەگوێرەی ئەڵیسۆن (٢٠١٣ بێ: ١٦١)، ڕوون نییە كەوا لالش چ ڕۆڵێكی گێڕاوە لە ژیانی ئاینیی ئێزیدییەكانی قەوقازدا پێش كۆچكردنیان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە. لە سەردەمی سۆڤیێتدا، لالش بەتەواوی دیارنەبووە لە گوتار و ئایكۆنسازیدا iconography. نوێنەرایەتی كردنی تایبەتمەندیی تەلارسازیی لالش تەنها لە ساڵانی ١٩٩٠كانەوە هاتووەتە ناوناوانەوە. لە حاڵی حازردا بووە بە بەشێك نەخش و نیگار و ڕازاندنەوەی دیواری ماڵە ئێزیدییەكان.
لە كۆتایی ساڵانی ١٩٩٠كاندا، مەسەلەی بنەڕەتی لە ناو كۆمەڵگەی ئێزیدیی جۆرجیدا بنیاتنانی پەرستگەی ئێزیدی و مەڵبەندی كولتووری بوو لە قەراخ ساری تبیلیسیدا (سزاكۆنی، ٢٠٠٧: ١٦). ئەم بیر و ئایدیایە بەتەواوی نوێ بوو بۆ ئەو ئێزیدییانەی كە پێشتر پەرستگەیان نەبوو لە ترانسقەوقازیادا. دروستكردنی پەرستگەكەی تبیلیسی زیاد لەو ماوەی بردا كە چاوەڕوان بوو بە هۆی كۆمەڵێكی جۆراوجۆر لە ناكۆكی و ئاستەنگ٢٨. دواجار، ساڵی ٢٠١٣، پەرستگەكە لە شوێنێكی پەڕی تبیلیسیدا كرایەوە. لە ساڵی ٢٠١٦وە تەلارێك بە تەنیشتی ئەم پەرستگەیەوە ئامادەیە بۆ ئەوەی یەكەم "ئەكادیمیای ئێزیدیی زانستی لاهووتی (تیۆلۆجیی)" تێدا بكرێتەوە، بە ڕابەرێتیی پیر دیمای سەرۆكی ئەنجومەنی ڕۆحانیی ئێزیدییەكانی جۆرجیا. كردنەوەی مەنهەجێكی ئاینی بەتەواوی شتێكی نوێیە بۆ ئێزیدیزم (یان ئێزدیاتی) كە تێیدا گواستنەوەی ڕێنمایی و ڕاسپاردەی ئاینی هەر بە نهێنی ماوەتەوە لە زنجیرەی پیاوانی ئاینیدا. ئەم فۆرمەڵە نوێیەی خوێندن و فێركردنی ئاین و باوەڕەكە وابەستەیە بە كردنەوەی پۆلی دەرس وتنەوە بۆ هەر ئێزیدییەك كە پێویستی پێیەتی. بەرنامەی خوێندن و فێركردنەكە بە كوردی و بە ڕووسییە و لەپاڵ ئەماندا كۆرسی عەرەبیشی تێدەكەوێت. لەم پرۆگرامانەدا، موفرەداتی سروودەكانی قەول و بەیت (كە بەشێكیان لە عەرەبییەوە خوازراون) ڕووندەكرێنەوە. لێرە قوتابییان ڕاهینان لە سەر "ئەركی" نوێ دەكەن، وەك پاسەوانانی پەرستگەكە٢٩ یان كلێریكەكان (پیاوانی ئاینی) سەرپەرشتی كردنی ڕێوڕەسمی ئاینیی بووك گواستنەوە. ئاهەنگی هاوسەرگیرییش لە پەرستگەدا بەتەواوی نوێیە لە قەوقازدا. لە كۆتاییدا، ئەكادیمیای لاهووت (تیۆلۆجی) پێشنیازی ڕێوڕەسمی نوێی "گەڕانەوە" دەكات بۆ ئێزیدییەت. بەپێی مۆڵەتدان لە ساڵی ٢٠١٢دا لە لایەن بەرزترین دەسەڵاتی ئێزیدیزمەوە (ئیزیدییەتەوە) (كە میر تەحسین بەگ و بابەشێخن) لە كاتی سەردانیاندا بۆ تبیلیسی، ئەم سرووت و ڕێوڕەسمە ڕێگە بە ئێزیدییەك دەدا بچێتە سەر ئاینی كریستیان و(دەكرێت) بگەڕێتەوە بۆ ئێزیدییەت ئەگەر ئەو كەسە هاوسەرگیریی نەكرددبێت (ژن بێت یان پیاو) لەو كاتەدا٣٠. پێدەچێت ئەم گۆڕانكارییانە ئیشارەت بێت بۆ هەوڵدانێكی گێڕانەوەی "ئێزیدییە لەدەستچووەكان" بۆ كۆمەڵگەی ئێزیدی و ئەمە وەك بەخشینی هەل و دەرفەتێك بێت بۆ هەموو ئێزیدییەكان (تەنانەت ئەگەر لە بنەماڵەی پیاوانی ئاینیش نەبن) بۆ خوێندن و فێربوونی ئاینەكەیان.
لە ئەرمینیا، پەرستگەیەكی بچووكی هاوشێوەی ئەوەی عێراق بنیاتنراوە و ساڵی ٢٠١٢ لە ئەكنالیخ كراوەتەوە لە لایەن میرزا سلۆیانەوە (كە خاوەن كارێكی ئێزیدییە و لە ڕووسیا دەژی). دووەم پەرستگە، كەوا گەورەترین پەرستگەیە لە جیهاندا لە مانگی سێپتەمبەری ٢٠١٩دا كراوەتەوە و نزیكی ئەویترە. لە نزیك پەرستگەكەوە، هۆڵێكی كۆنفرانس، مۆزەخانەیەك و پەیمانگەیەكی خوێندنی ئاینی لە قۆناخی دروستكردندان. هەروەها ئاهەنگی هاوسەرگیرییش لەم كۆمەڵگەیەدا ساز دەكرێت. ناوی پەرستگەكە (قوبا مەرە دیوانێ) دەكرێ وەربگێڕدڕیت بۆ "هەمووان دەتوانن پێكەوە بێن". بنیاتنانی ئەم پەرستگە زەبەلاحە بە هاوكاریی دارایی میرزا سلۆیان و بە هاندانی حكوومەتی ئەرمینیا ئەنجامدراوە وەك ئارەزوویەك بۆ "بە زیندوویی ڕاگرتنی یادگاریی كوژراوانی سنجار و ڕێزگرتن لە ئێزیدییەكانی ئەرمینیا" (كێللی، ٢٠١٧). لە مانگی ئابی ٢٠١٤دا، ئێزیدییەكانی قەوقاز لە ڕێگەی میدیا و هۆكارەكان ڕاگەیاندنەوە بەئاگا هاتن لەو كۆمەڵكوژیانەیە داعش بەرپای كردن لە سنجاردا. ئەوا بە شۆك و ڕاچڵەكین بەوەی كە سەر خەڵكی سنجاردا هات، هەندێكیان لەم ڕووداوانە ئەوە تێگەیشتن كەوا دووبارەبوونەوەی ئەوەیە كە باوباپیرانیان ئەزموونیان كردووە، بەتایبەتی لە جینۆسایدی ساڵانی ١٩١٥ - ١٩١٦دا (هۆهنباڵكن، ٢٠١٨). لێرەوە هەستكردنی هاوبەش بەو چارەنووسە تراجیدییە دروستبوو لە ناو ئێزیدییەكانی قەوقازدا و لە میانەی چەند مانگێكی كەمدا لە پاش ڕووداوەكانی سنجار توانییان یارمەتی و پیتاك كۆبكەنەوە و فریای بەشێك لە ئاوارەكانی سنجار بكەون. نزیكەی پەنجا خێزانی ئێزیدییش لە باكووری عێراقەوە دەرباز بكەن و لە ئەرمینیا نیشتەجێیان بكەن. بەهەرحاڵ، پێنج ساڵ دواتر، نزیكەی هەموو خێزانەكانی سنجار ئەم وڵاتەیان بەجێهێشت. هەندێكیان بەرەو ئەوروپا ڕۆیشتن، بەڵام هەندێكیشیان گەڕانەوە بۆ عێراق. ئەم بڕیاڕەشیان پێدەچیت هۆكاری ئەوە بووبێت كە تاڕادەیەك ئەو ئاستەنگ و زەحمەتییە بووبێت كەوا بەرەوڕوویان بووەتەوە لە تێكەڵبوون بە كۆمەڵگەی ئەرمەنی، چوونكە ژیانی ڕۆژانە و ئاینی لە قەوقاز و عێراق بەتەواوی جیاوازە. كریستۆف بێروێرپی نوێنەری ئاژانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران ئەوەی ڕوونكردووەتەوە كەوا "ئەوان لە گوندێكی بچووكدا پێشوازییان لێكراوە، لە لایەك مامەڵەیەكی كراوە لە لایەن دانیشتووانی خۆجێییەوە و لەلایەكی ترەوە هەندێك بەهەڵە لێیان تێگەیشتوون ئاخۆ ئەوا بە شێوەی موسڵمان یان شێوەی تر نوێژ دەكەن ... شێوازی ژیان بۆ ئەوان زۆر جیاواز بوو لە چیاكانی سنجار و كۆمەڵگەكانی ئێزیدی لێرە" (كێللی، ٢٠١٧).
دەرەنجام
هەرچەندە كوردەكانی سۆڤیێت بەشێكی بچووكیان پێكدەهێنا لە خەڵكی كورد، بەڵام ڕۆڵێكی گرنگ و گەورەیان گێڕاوە بۆ كورد بەگشتی. ڕۆژنامە و پەخشی ڕادیۆ بە زمانی كوردی بوو بە مایەی شانازی بۆ ئینتێلێجێنتسیای كوردی سۆڤیێت، لەكاتێكدا كەوا كوردەكانی توركیا بە زەحمەت ڕێگەیان پێدەدرا كە لە سەر شەقامەكان بەكوردی بئاخڤن. ئەمڕۆ بارودۆخی ئێزیدییەكان لە قەوقاز و لە وڵاتانی دوای یەكێتیی سۆڤیێت جێی دڵنیایی نییە. هەڵبەت لە ڕووخانی یەكێتیی سۆڤیێتەوە، مەسەلەی شوناس یان ناسنامە كۆمەڵگەی ئێزیدیی كردووە بە دوو كەرتەوە و ناكۆكیی زۆری خستووەتە ناویانەوە و لەوەدایە بیانكات بە دوو نەتەوە و بە دوو زمانی جیاواز قسە دەكەن. بێگومان بە هۆكاری باری ئابووریی لاواز، زۆریك لە ئێزیدییەكان لە قەوقاز كۆچیان كردووە بۆ وڵاتانی یەكێتیی سۆڤیێتی پێشوو یان بۆ ئەوروپا. زۆرێك لە خێزان و بنەماڵە ئێزیدییەكان لە ئێستادا بە شێوەیەكی بەرفراوان پەرش و بڵاون بەسەر مەودای جوگرافیی زۆر دووردا٣١. هەروەها كەسانی گەنجی سەر بە كۆمەڵگەی ئێزیدی بە هەموو شوێنێكی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و بەتەمەنەكان ترسی مانەوەی كۆمەڵگەیان لێنیشتووە. لە لایەكی تریشەوە، بنیاتنانی پەرستگەكان لە قەوقازدا زۆر بەفراوانی هاوكاری و پاڵپشتیی دارایی دەكرێت لە لایەن ئێزیدییەكانی دیاسپۆراوە. پێدەچێت ئەمەش ئاماژە بێت بۆ وابەستەبوونیان بە هەردوك ئاین و باوەڕەكەیانەوە و ناوچە جوگرافییەكەشیان هێشتا تا ئاستێكی گەورە پەیوەندیی ماوە بە كۆمەڵگە ئێزیدییەكانی تاراوگەوە.
سەرچاوە: The Cambridge History of the Kurds
* ئەستێللە ئامی دێ لا برێتێك Estelle Amy De La Brete`que
خانمە توێژەرێكی ئەنسرۆپۆڵۆجیایە لە مەڵبەندی فەرەنسیی توێژینەوە زانستییەكان (CNRS). توێژینەوەیەكی لە سەر قسەكردنی بەئاواز و گێڕانەوەی خەفەتبار كردووە لە ناو ئێزیدییەكانی ئەرمینیادا و لەسەر ڕێوڕەسمی لاواندنەوەی ئافرەتان لە ئازەربایجاندا و هەروەها لەسەر لاواندنەوەی ژنە كوردە ڕاگوێزراوەكان لە دەوروبەری ئەستەمبووڵ و دیاربەكر. ساڵی ٢٠١٣ كتێبێكی بڵاوكردووەتەوە لەسەر گێڕانەوەی داستان و لاواندنەوە لە ناو ویزیدییەكانی ئەرمینیادا بە ناوی (وشە میلۆدییەكان و چیرۆكە داستانەكان و لاواندنەوە لە ناو ئێزیدییەكانی ئەرمینیادا (Paroles mélodisées. Récits épiques et lamentations chez les Yézidis dArménie, ed.Classiques-Garnier, 2013) بێجگە لە گەلێ باس و بابەت لە سەر دەنگ و ئاواز لە قەوقاز و ئەنەدۆڵدا. لەئێستادا خەریكی توێژینەوەیە لە سەر ئێزیدییەكانی تاراوگە (دیاسپۆرا) لەبارەی كاروباری كۆمەڵایەتی و گۆرانكاریی ئاینییەوە.
پەراوێز
١. لە ڕێنووسی ئەدەبیاتی ڕۆژاواییدا دەنووسرێ یەزیدی و لە كوردیشدا یەزیدییەكان خۆیان بە ئێزیدی دەینووسن و گۆی دەكەن.
٢. لە سەدەی نۆزدەدا، ئێزیدییەكان بە "شەیتان پەرست" ناوزەد دەكران لە لایەن موسڵمانەكانەوە و لە ئەنجامی ئەمەدا بەر چەوساندنەوە دەكەوتن. بە شێوەیەكی بەربڵاو ئەم نازناوە پڕ لە سووكایەتییە لە نووسینی ڕۆژهەڵاتناسە ڕۆژاواییەكانیشدا ڕەنگی دەدایەوە: بۆ نموونە، بڕوانە ئەینسوێرپ (١٨٥٥) و مینگانا (١٩١٦).
٣. كوردەكانی ڕۆژئاوای ئاسیا لە ماوەی سەدەی حەڤدەدا تێكەڵ بە ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیا بوون كاتێ كە سوپای تساری ئێرانیان بەزاندووە لە ئاسیای ناوەڕاستدا.
٤. بەهەرحاڵ، مەسەلەی ئاین فەرامۆش نەكراوە، لانی كەم لە ساڵانی بەرایی یەكێتیی سۆڤیێتدا. بەو پێیە، گرووپە تائیفییەكان و زمانی دایك وەك ڕەگەزی گرنگی نەتەوە دەبینران (هەردوك ناشناڵنۆست و نارۆدنۆست). لە بارەی ئەو پێوەرەی بەكارهێنراوە بۆ پێناسە كردنی ئەم زاراوانە لە سەرژمێریی گشتیی ساڵی ١٩٢٦ی سۆڤیێتدا، بڕوانە هیرش (٢٠٠٥: ١٠٨ - ١٢٣).
٥. لە ئازەربایجان كوردەكان بە شێوەیەكی سەرەكی موسڵمان بوون و بەزۆری وەك "تاتار" یان "ئازەری" لەقەڵەم دەدران لە سەرژمێریدا. بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی كوردی ئازەرییەوە، بڕوانە مولەر (٢٠٠٠). یەكەم چاپی ئینسكلۆپیدیای گەورەی سۆڤیێت (بۆڵشایا سۆڤێتسكایا ئێنتسیكلۆپێدیا) بەرگی ١، بۆ ساڵی ١٩٢٦ ئەم ژمارەیە دەدا: ٣٤.٠٩٨ كورد لە ازەرباییجان (ئینسكلۆپیدیای گەورەی سۆڤیێت ١٩٢٦: ٦٤١).
٦. لەبارەی ئاڵۆزییەكانی ئاینی ئێزیدییەوە، بڕوانە كرەینبرۆیك (١٩٩٥)، كرەینبرۆیك و ڕەشۆ (٢٠٠٥) و ئۆمەرخاڵی (٢٠٠٥، ٢٠١٧). بۆ چاوخشاندنەوەیەك بە ئێزیدیزمدا لە دیدێكی جیهانییەوە، بروانە ئەڵیسۆن (٢٠١٧).
٧. لەبارەی ڕۆلی قەواڵەكانەوە لە گواستنەوەی زانیاریی ئاینیدا، بڕوانە ئۆمەرخاڵی (٢٠١٧: ١٣٨) و سپات (٢٠٠٥: ٣٣).
٨. بەردەوامیی بایەخ و گرنگیی ئاین لە هاوپەیمانیی ژن و ژنخوازیدا ڕەنگدەداتەوە لای كوردەكانی یەكێتیی سۆڤیێت، بۆ نموونە. هاوسەرگیریی نێوان كوردە موسڵمان و ئازەرییە موسڵمانەكاندا زۆر باو بوو، لەكاتێكدا كە زۆر دەگمەن بوو لە نێوان كوردە موسڵمانەكان و ئێزیدییەكاندا (دەڤرێشیان، ١٩٨٥). هەروەها كوردە موسڵمانەكان بەزۆری نیشتەجێی گوندەكان بوون كە دانیشتووانیان موسڵمان بوون (كە ئازەری و توركمان و هیتر)، بەڵام ئێزیدییەكان لە ناو كریستیانەكاندا نیشتەجێ بوون (ئەرمەنی و مۆڵۆكانەكان) (ئۆمەرخاڵی، ٢٠١٣: ١٣٧).
٩. زۆربەی زۆری ئێزیدییەكانی قەوقاز جووتیاری ئاژەڵدار بوون (دەڤرێشیان، ١٩٨٦). لە كۆمەڵگەی شوانكارەییدا دۆشەكی خوری بە كاڵای گرانبەها دادەنرا و بەشێكی گرنگ بوو لە جیازیی بووك، بۆ نموونە.
١٠. بەپێچەوانەی ئێزیدییە عێراقییەكان، پەرستن لە لالش و زۆرێك لە مەزارە بچووكەكاندا كە هەمان شێوازی تەلارسازییان هەبوو.
١١. بۆ شیكارییەكی وردی ستێر و كارلێكی خەڵك لەگەڵیدا، بڕوانە ئامی دێ لا برێتێك (٢٠١٣: ١٥٩ - ١٦٢).
١٢. هەموو گوندەكان لانی كەم ساڵی جارێك یادی مردووەكانیان دەكەنەوە لە حوزێراندا. هەندێ لە گوندەكان دوو جار یادی مردووەكانیان دەكەنەوە: لە حوزێران و ئەیلوولدا. لەبارەی ڕۆژژمێری جەژنی ئێزیدییەكانە وە لە ترانسقەوقازیا، بروانە ئامی دێ لا برێتێك (٢٠١١).
١٣. لەبارەی ڕۆڵی لاواندنەوە لەناو ئێزیدییەكانی ترانسقەوقازیادا، بڕوانە ئامی دێ لا برێتێك (٢٠١١).
١٤. وردەكاری و شیكردنەوەی لە لایەن ئیساهاك مارۆگیولۆڤ (١٨٦٨ - ١٩٣٣) و عەرەبێ شەمۆ - عەرەب شامیلۆڤ (١٨٩٧ - ١٩٧٨).
١٥. وردەكاری و شیكردنەوەی لە لایەن حاجیێ جوندی (١٩٠٨ - ١٩٠٩). ئەم ئەلفبێیە سی و نۆ ئیشارەتی لەخۆگرتبوو (نۆ ڤاوڵ و سی كۆنسۆنانت) (بێننیگسن، ١٩٦٠: ٥١٦).
١٦. بۆ بەراوردێكی وردی ئەلفبێیەكان كە بۆ زمانی كوردی بەكاردەهات لە یەكێتیی سۆڤیێت و دوای ئەویش، بڕوانە حەسەنپوور (١٩٩٢: ٣٧٤ - ٣٧٦).
١٧. بۆ وردەكاریی زیاتر لەبارەی ئەدەبی كوردیی سۆڤیێتییەوە، بڕوانە ئەڵیسۆن (٢٠١٣ ئە)، بلاو (٢٠١٢)، جافەرۆڤا - برووتی (٢٠٠١) و میرزۆییڤ (١٩٩٦).
١٨. بۆ وردەكاریی زیاتر لەم بارەیەوە، بڕوانە لیزەنبێرگ (٢٠١١).
١٩. بۆ وەسفێكی بەرفراوانی پەرەسەندنی كوردۆلۆجی تا ١٩٦٠، بڕوانە كوردۆییڤ (١٩٦٠) و بێننیگسن (١٩٦٠).
٢٠. بۆ نموونە، بڕوانە حاجیێ جوندی (١٩٥٧) فۆلكلۆرێ كورمانجا، بە هەردوو زمانی كوردی و ئەرمەنی.
٢١. لە ساڵی ١٩٨٨دا، بە مەبەستی جیاكردنەوەی لە ئازەربایجان و لكاندنی بە ئەرمینیاوە، جووڵانەوەیەكی بەهێز لە ئەرمینیا و ناگۆرنۆ - قەرەباخ دەستیپێكرد، كە سەریكێشایەوە بۆ شەڕ و ململانێیەكی چەكداری لەنێوان هەردوو كۆمارەكەدا.
٢٢. لە ئەرمینیای تازە سەربەخۆدا، وشەی "كورد" بە شێوەیەكی مورادیفانە لەگەڵ "موسڵماندا" و گومان خرایە سەر موسڵمانە كوردەكان بە پێی پەیوەندییە مەزعوومەكان لەگەڵ موسڵمانە ئازەرییەكاندا. هاوسەرگیری لەنێوان ئازەرییەكان و موسڵمانە كوردەكان باو بوو لە تەواوی سەردەمی سۆڤیێتدا.
٢٣. تەنها نزیكەی هەزار و پێنجسەد كوردی موسڵمان هەر لە ناوچەی ئابۆڤیان مانەوە لە پاش جەنگی ناگۆرنۆ - قەرەباخ (سەردار، ١٩٩٨).
٢٤. سەرژمێریی دانیشتووان (ساڵی ٢٠٠٢) لە جۆرجیا ئەنجامدرا و (ساڵی ٢٠٠٢) لە ڕووسیای فیدراڵدا دیسان كورد و ئێزیدییان وەك دوو گرووپی ئیتنیكیی جیاواز تۆماركرابوو.
٢٥. لە ڕاستیدا، جیاكردنەوەی نێوان كرمانجی و ئێزدیكی كات دوو ئەوەندە دەكاتەوە لەوەی هەمان سیستەمی زمانەوانی بەكاربیت. لەئێستادا زمانەكە ڕێك هەمان كاتژمێرە بۆ ئێزدیكی و بۆ كرمانجییش، بەڵام ناوەرۆكی ئایدیۆلۆجییان بە شێوەیەكی ڕادیكاڵانە جیاوازن و زۆربەی ئەوانەی زانیارییان داوە بە من تەنها گوێبیستی یەكێكیان بوون (بۆ وردەكاریی زیاتر، بڕوانە ئامی دێ لا برێتێك (٢٠١٣: ٣٥ - ٤٣).
٢٦. لێرەدا دوو ڕووداوی بەدناو هەن: كوشتنی سەید ئیبۆیان، كە پزیشكێكی منداڵانی "لایەنگری كوردە" - بڕوانە لێننۆكس (٢٠٠١: ٤١٨ - ٤٢٣) و بەشداربوونی ئێزیدی بە گرتنی ڕاڕەوی لاچین (كە هێشتا هەر كێشەی لەسەرە)، لە پاش پاكتاوی ئیتنیكیی تاڕادەیەك دانیشتووانە كوردەكەی.
٢٧. كتێبی خوێندنی قوتابخانە بە (زمانی) ئێزدیكی لە قوتابخانەكانی ناوچەی ئاپاران ڕەتكرانەوە و بەردەوام بوون لەسەر فێركردن و پێخوێندن بە كتێبەكانی سۆڤیێت.
٢٨. سزاكۆنی (٢٠٠٧) ئاماژە بۆ سی هۆكاری سەرەكی دەكات بۆ دواخستن: ١- نەبوونی سەرچاوە لە پاش قەیرانە ئابوورییەكانی ساڵانی ١٩٩٠كان و كۆچكردنی بەرفراوان. ٢- ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی لەبارەی ڕەوایی و شەرعییەتی بنیاتنانی پەرستگەیەك لە دەرەوەی شوینە ئاینییە مێژووییەكانی وەك لالش یان سنجار ٣- بەشداریی نزیكی نێوان دەوڵەت و كەنیسەی ئۆرسۆدۆكسیی جۆرجیا كە بەرهەڵستیی دروستكردنی تەلار و بینا دەكەن ئاین و باوەڕەكانی تر.
٢٩. لە عێراق، پاسەوانانی پەرستگە سەر بە هەمان ڕەچەڵەكن و پەیڕەویی مەشق و راهینانی فەرمی ناكەن.
٣٠. لەبارەی ئەو پەنجا كەسەوە كە ئەم ڕێوڕەسمەیان ئەنجامداوە لە كەمێك كەمتر لە پێنج ساڵدا، بڕوانە (گواردیۆلا، ٢٠١٧: ١٢٩).
٣١. بۆ نەخشەیەك كە نیشتەجێكانی ئیزیدی پیشان بدات لە سەرانسەری یەكێتیی سۆڤیێتی پێشوودا، بڕوانە ئۆمەرخاڵی (٢٠١٧: ٣٤ - ٣٦).
Bibliographyبیبلۆگرافی
Ainsworth, W. F. (1855). ‘On the Izedis; or, devil worshippers. Transactions of the Syro Egyptian Society, 1 4.
لەبارەی ئێزیدییەكانەوە یان شەیتانپەرستان ...
Allison, C. (2013a). Memory and the Kurmanji novel. In C. Allison and P. G. Kreyenbroek (eds), Remembering the Past in Iranian Societies (pp. 189 217). Wiesbaden: Harrassowitz Verlag. 31 For a map showing Yezidi settlements across the former Soviet Union, see Omarkhali (2017: 34 36).
یادەوەری و گێڕانەوەی كرمانجی ... لە كتێبی ... یادكردنەوەی ڕابووردوو لە كۆمەڵگەكانی ئێراندا.... بۆ نەخشەیەك كە نیشتەجێكانی ئێزیدی پیشان بدات لە سەرانسەری یەكێتیی سۆڤیێتی جاراندا ....
Allison, C. (2013b). Addressivity and the monument: Memorials, publics and the Yezidis of Armenia. History and Memory, 25 (1), 145 81.
Allison, C. (2017). ‘The Yazidis. In Oxford Research Encyclopedia of Religion.
www.oxfordrecom/view/10.1093/acrefore/9780199340378.001.0001/acrefore-9780199340378-e-254 .
ناونیشان و مۆنۆمێنت: یادەوەرییەكان و شوێنە گشتییەكان و ئێزیدییەكانی ئەرمینیا. یادەوەری و مێژوو...
Amy de la Bretèque, E. (2011). Le Pleur Du Duduk et La Danse Du Zurna. Typologie Musicale Des Émotions et Fêtes Calendaires Dans La Communauté Yézidie dArménie. Acta Ethnographica Hungarica, 56 (2), 385 401.
هاواری دوودووك و هەڵپەڕكێی زوڕنا. پۆلێنكردنی مووزیك بۆ سۆزداری و كالێندەری جەژنەكانی كۆمەڵگەی ئێزیدی لە ئەرمینیا....
Amy de la Bretèque, E. (2012). ‘Il y a Quand Même de lespoir. Interview with Emerîk Serdar. Etudes Kurdes, 11, 103 108.
"هێشتا هەر هیوا ماوە"، چاوپێكەوتنێك لەگەڵ ئەمەریك سەردار ....
Amy de la Bretèque, E. (2013). Paroles Mélodisées. Récits Épiques et Lamentations Chez Les Yézidis dArménie. Paris: Classiques Garnier.
ئاواز و گێڕانەوە و لاونەوە و داستان لە ناو ئێزیدییەكانی ئەرمینیادا ...
Aristova, T. F. (1954). Kurdy Irana. Kratkie Soobšcˇenija Instituta Etnogragii, XXI, 98 104.كوردی ئێران...
Aristova, T. F. (1966). Kurdy Zakazkazya. Moscow: Nauka.
Bennigsen, A. (1960). Les Kurdes et La Kurdologie En Union Soviétique. Cahiers Du Monde Russe et Soviétique, 1 (3), 513 30.
كورد و كوردۆلۆجی لە یەكێتیی سۆڤیێتدا...
Blau, J. (2012). La Littérature Kurde. Etudes Kurdes, 11, 5 38.
ئەدەبی كوردی... گۆڤاری توێژینەوە كوردییەكان ....
Bozarslan, H., Kévorkian, R. and Duclert, V. (2015). Comprendre Le Génocide Arménien. Paris: Tallandier.تێگەیشتن لە جینۆسایدی ئەرمەن....
Caratini, R. (1990). Dictionnaire Des Nationalités et Des Minorités En URSS. Paris: Larousse.قامووسی نەتەوە و كەمینەكان لە یەكێتیی سۆڤیێتدا....
Chatoev, K. M. (1965). Kurdy Sovietskoi Armenii. Istoricheskii Ocherk (1920 1940). Erevan: izd. Akademia Nauk Armianskoi CCP.
كوردی ئەرمینیای سۆڤیێتی ....
Chrysanthopoulos, L. T. (2002). Caucasus Chronicles: Nation Building and Diplomacy in Armenia, 1993 1994. Princeton, NJ: Gomidas Institute Books.
تۆماری مێژووی قەوقاز: بنیاتنانی نەتەوە و دیپلۆماسی لە ئەرمینیادا، ١٩٩٣ -١٩٩٤....
Cindî, H. (1957). Folklora Kûrmanca. Yerevan: Aipetrat. فۆلكلۆرا كورمانجا..
Davreshian, M. K. (1985). Zaprety v Brachnikh Obychaiakh KurdovEzidov (Malie I Dispesnie Gruppy v Evropeuuskoi Chasti SSSR).
تابووەكانی نەریتی هاوسەرگیری لای كوردە ئێزیدییەكان (گرووپە بچووك و پەرت و بڵاوەكان لە بەشە ئەوروپییەكەی یەكێتیی سۆڤیێتدا) ...
Davreshian, M. K. (1986). Skotovodcheskoe Xoziaistvo Kurdov Vostochnoi Armenii (Lélevage Chez Les Kurdes dArménie Orientale). Yerevan: Akademia nauk SSR Armenii.
ئابووریی شوانكارەیی كوردەكانی ڕۆژهەڵاتی ئەرمینیا (سامانی ئاژەڵ لای كوردەكانی ئەرمینیای ڕۆژهەڵات)...
Flint, J. (1998). The Kurds of Azerbaijan and Armenia. London: Kurdish Human Rights Project.كوردەكانی ئازەربایجان و ئەرمینیا...
Great Soviet Encyclopedia (Bolshaya Sovetskaya Entsiklopedia). (1926). Vol. 1. Moscow.گەورە ئینسكلۆپیدیای سۆڤیێت...
Guardiola, A. (2017). ‘Yézidis En Diaspora: Ethnographie Multi Située dun Réseau Socio Religieux Transnational [Mémoire de Master Migrinter]. Poitiers.
ئێزیدییەكان لە دیاسپۆرا: ئیتنۆگرافیای فرەپێگە بۆ تۆڕێكی كۆمەڵایەتی و ئاینیی ترانسناشناڵ (نامەی ماجستێر) ....
Hassanpour, A. (1992). Nationalism and Language in Kurdistan, 1918 1985. San Francisco, CA: Mellen Research University Press.
ناسیۆنالیزم و زمان لە كوردستاندا، ١٩١٨ - ١٩٨٥ ....
Hirsch, F. (2005). Empire of Nations: Ethnographic Knowledge and the Making of Soviet Union. Ithaca, NY: Cornell University Press.
ئیمپراتۆرییەتی نەتەوەكان: زانیاریی ئیتنۆگرافی و پێكهاتەی یەكێتیی سۆڤیێت ...
Japharova Brutti, L. (2001). ‘Littérature Kurde de La Période Soviétique (Années 1930 1990): Prose, Poésie et Dramaturgie Kurdes Avec Leurs Systèmes dimages, Leur Langage et Leurs Thèmes Principaux. www.theses.fr/111590590.
ئەدەبی كوردیی سەردەمی سۆڤیێتیی، ساڵانی ١٩٣٠ - ١٩٩٠: پەخشان و هۆنراوە و درامای كوردی لەگەڵ سیستەم وێناكردن و زمان و و بابەتە سەرەكییەكانیان...
Kelly, N. (2017). ‘After long trek to Armenia, Iraqs Yazidi families struggle to fit in. Reuters, 29 April. www.reuters.com/article/usarmenia-yazidis-idUSKBN17V0TN.
لە پاش گەشتیكی دوور و درێژ بۆ ئەرمینیا، خێزانە ئێزیدییەكانی عێراق هەوڵ دەدەن لەگەڵیدا بگونجێن...
Kévorkian, R. (2006). Le Génocide Des Arméniens. Paris: Odile Jacob.
جینۆسایدی ئەرمەنەكان...
Kreyenbroek, P. G. (1995). Yezidism: Its Background, Observances and Textual Tradition. New York: Edwin Mellen Press.
ئێزیدیزم (ئێزدیاتی): پاشخان و سەرنج نەریتی دەق ئامێز ...
Kreyenbroek, P. G. and Rashow, K. J. (2005). God and Sheikh Adi Are Perfect: Sacred Poems and Religious Narratives from the Yezidi Tradition. Wiesbaden: Harrassowitz Verlag.
خودا و شێخ عادی ڕەها و تەواون: هۆنراوە پیرۆزەكان و گێڕانەوە ئاینییە نەریتییەكانی ئێزیدی ...
Kurdoev, K. K. (1957). Grammatika Kurdskovo Yazyka. Moscow and St. Petersburg: Izdatelstvo Akademii Nauk SSSR.
ڕێزمانی زمانی كوردی ... خانەی بڵاوكردنەوەی ئەكادیمیای زانستیی سۆڤیێتی ...
- Kurdoev, K. K. (1960). Razvitie Sovetskogo Kurdovedenija. Uchenye Zapiski Instituta Vostokovedenija, XXVI, 56 - 7.
پەرەپێدانی توێژینەوە كوردییەكانی سۆڤیێت. تێبینیی زاناكانی ئینستیتیووتی توێژینەوە ڕۆژهەڵاتییەكان ...
- Leezenberg, M. (2011). Soviet Kurdology and Kurdish Orientalism. In S.
and M. Kemper (eds), The Heritage of Soviet Oriental Studies (pp. 86 - 102). London: Routledge.
كوردۆلۆجیی سۆڤیێت و ڕۆژهەڵاتناسیی كوردی ... كەلەپووری توێژینەوە ڕۆژهەڵاتناسییەكانی سۆڤیێت...
- Lennox, G. (2001). Fire, Snow and Honey: Voices from Kurdistan. ushcutters Bay NSW, Melbourne: Halstead Press.
ئاگر و بەفر و هەنگوین: دەنگەكان لە كوردستانەوە ...
- Mahmudov, N. (1959). Kurd Joghovurd. Erevan: Haypethrat.
- Mingana, A. (1916). Devil - worshippers; their beliefs and their sacred books. JRAS, 505 - 525.
شەیتان پەرستان، بیر و باوەڕیان و كتێبە پیرۆزەكانیان...
- Mirzoev, K. (1996). Istoricheskie Sudby Kurdskoi Literatury (The Historical Destinies of Kurdish Literature). Almaty.چارەنووسە مێژووییەكانی ئەدەبی كوردی
- Müller, D. (2000). The Kurds of Soviet Azerbaijan, 1920 - 91. Central Asian Survey, 19 (1), 41 - 77. https://doi.org/10.1080/713656178.
- Omarkhali, K. (2005). Йезидизм: Из Глубины Тысячелетий. St. Petersburg: Издательский дом Санкт-Петербургского государственного университета.
ئێزیدیزم (ئێزدیاتی) لە قووڵایی هەزارەوە... خانەی بڵاوكردنەوە لە پوتروسبوورگ ...
Omarkhali, K. (2013). The Kurds in the former Soviet states from the historical and cultural perspectives. The Copernicus Journal of Political Studies, 2 (5), http://apcz.umk.pl/czaso pisma/index.php/CJPS/article/view/18255.
كوردەكان لە وڵاتانی جارانی سۆڤیێتدا لە دید و تێڕوانینی مێژوویی و كولتوورییەوە...
سەرچاوە/ ئاوێنە