سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

دواجار ئەیمەن زەواهیریش بوو بە داوی‌ ئەمریكاوە

11/08/2022



بورهان شێخ رەئوف

دواجار ئەیمەن زەواهیری‌ كە لە دوای‌ كوژرانی‌ ئوسامە بن لادن، بوو بە ئەمیری‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ ئەلقاعیدە لە ئۆپەراسیونێكی‌ فڕۆكەی‌ بێفڕۆكەواندا لە ناوچەی‌ شێرەبۆری‌ ناوەڕاستی‌ كابووڵی‌ پایتەختی‌ ئەفغانستاندا، لە دووری‌ چەند سەد مەترێكی كۆشكی‌ سەرۆكایەتی‌ ئەو وڵاتە بە ئامانج گیراو كوژرا.

ناوە خوازراوەكانی‌ زەواهیری

زەواهیری‌ چەند ناوێكی‌ خوازراوی‌ هەبوو، كە پێی دەناسرایەوە، لە ناو رێكخراوە تیرۆریستیەكەیاندا وەكو (ئەبو محەمەد، ئەبو فاتیمە، محەمەد ئیبراهیم، ئەبو عەبدوڵا، ئەبو مەعەز، تەبیب، موعەلیم، نور، ئوستاز، ئەبو محەمەد نورەدین، عەبدولمەعەز).

زەواهیری‌ لە مانگی‌ نیسانی‌ 2022ی ئەمساڵدا، واتە پێش چوار مانگ لەمەوبەر كاسێتێكی‌ ڤیدیۆیی‌ بڵاوبۆوە، كۆتایی‌ بەو دەنگۆیانە هێنا كە لە ماوەی‌ دوو ساڵی‌ رابردوودا باسیان لە مردنی‌ دەكرد.

ئەم تیرۆریستە كە پزیشكی‌ چاو بوو لە دوای‌ كوژرانی‌ بن لادن لە ئایاری‌ 2011 سەركردایەتی‌ ئەلقاعیدەی‌ گرتە ئەستۆ، پێشتریش وەكو دەستەڕاستی‌ بن لادن سەیردەكراو هەندێك كەس بە بیرمەند و نەخشەداڕێژەری‌ رێكخراوەكەیان دەزانی‌.

دەزگای‌ زانیاری‌ فیدراڵی‌ ئەمریكا (FBI)  تاوانباریان دەكرد، بە كوشتنی‌ هاووڵاتیانی‌ لە ئەمریك لە دەرەوە و پەلاماردانی‌ دامودەزگا فیدراڵییەكانی ئەمریكا، كە بۆتە هۆی‌ كوژرانی‌ هاووڵاتیانی‌ وڵاتەكەیان، هەر لەبەر ئەوەش بوو بەرنامەی‌  پاداشتی‌ لە پێناو دادوەری‌ سەر بە وەزارەتی‌ دەرەوەی‌ ئەمریكا (25) ملیۆن دۆلاری‌ ئەمریكی‌ تەرخان كردبوو بۆ هەركەسێك زانیاری بداتێ‌ لەسەر زەواهیری‌ بەمەبەستی كوشتنی‌ یان دەستگیركردنی‌، چونكە لەو باوەڕدابوون كە زەواهیری‌ داڕێژەر و خاوەن بیرۆكەی‌ سەرەكی‌  هێرشەكانی‌ 11 سێپتەمبەر بووە.

ئەم كەسە دامەزرێنەری‌ حەركەی‌ جیهادی‌ ئیسلامی‌ میسری‌  بوو، كە رێكخراوێكی بەرهەڵستكاری‌ حكومەتی‌ میسری‌ بوو و هەوڵی‌ رووخاندنی‌ دەدا بە شێوازی‌ توندوتیژی‌، دواتر جیهادی‌ ئیسلامی‌  لە ساڵی‌ 1998 لەگەڵ ئەلقاعیدە یەكیان گرت.

ژیانی‌ زەواهیری‌

ئەیمەن زەواهیری‌ لە 19 حوزەیرانی‌ 1951 لە قاهیرە لە دایك بووە لە خێزانێكی‌ مامناوەند، كە پێكهاتبوون لە پزیشك و زانایانی‌ ئاینی‌، باپیری‌ رەبیع زەواهیری‌ پێشەوای‌ گەورەی‌ مزگەوتی‌ ئەزهەر بوو، یەكێك لە خاڵەكانی‌ (عەبدولرەحمان عەزام پاشا)  یەكەم ئەمینداری‌ كۆمەڵەی‌ وڵاتانی‌ عەرەبی‌ بوو، باپیرەی‌ واتە باوكی‌ دایكی‌ زەواهیری‌ مامۆستای‌ ئەدەبی‌ خۆرهەڵاتی‌ بوو و سەرۆكی‌ زانكۆی‌ قاهیرە بوو، باوكیشی‌ پزیشكێكی‌ بەناوبانگ و مامۆستا بووە لە زانكۆی‌ عەین شەمس، خاڵێكی‌ تریشی‌ بە ناوی‌ مەحفوز عەزام جێگری‌ سەرۆكی‌ حزبی‌ كاری‌ میسری‌  بوو.

زەواهیری‌ ساڵی‌ 1974 كۆلیجی‌ پزیشكی‌ چاوی‌ تەواو كرد، ئەوكاتەی‌ كە شارەزایانی‌ بزوتنەوە ئیسلامیەكان بە سەردەمی‌ سەرهەڵدانی‌ سەحوەی‌ ئیسلامی‌ وەسفی‌ دەكەن، دواتر لە 1978 بڕوانامەی‌ ماجستێری‌ لە زانكۆی‌ قاهیرە لە نەشتەرگەری‌ چاو  وەرگرت، باس لەوە دەكەن كە لە تەمەنی‌ شازدە ساڵییەوە پەیوەندی‌ بە یەكەم شانەی‌ نهێنی‌ ئیسلامییەوە كردووە، وەكو زۆربەی‌ گەنجانی‌ حەفتاكانی‌ سەدەی‌ پێشوو سەرسام بوو بە بیرو بۆچوونەكانی‌ سەید قوتب.

لە ساڵی‌ 1981 كاتێك سەرۆكی‌  ئەو كاتەی‌ میسر ئەنوەر سادات تیرۆر كرا لەلایەن ئەفسەرێكی‌ ئیخوانی‌ بە ناوی‌ خالید ئیسلامبولی‌، سەدان كەسی‌ سەر بە رەوتە ئیسلامییەكان دران بە دادگا كە زەواهیریش یەكێكیان بوو، سێ‌ ساڵ لە زینداندا بوو بە تۆمەتی‌ هەڵگرتنی‌ چەك بەبێ‌ مۆڵەت، دواتر دادگا ئازادی‌ كرد و بێ تاوان  دەرچوو.

دواتر زەواهیری‌ سەردانی‌ عەرەبستانی‌ سعودیەی‌ كرد و لەوێشەوە بۆ ئەفغانستان چوو بۆ ئەوەی‌ بن لادن بناسێت، لەوێشەوە پێكەوە چوون بۆ سودان، دواتر بۆ ئەفغانستان لە سەردەمی‌ حوكمڕانی‌ تالیباندا، دواتر ناوی‌ چووە لیستی‌ دیارترین تاوانباران لەلایەن ئەمریكاوە، دوای‌ تەقاندنەوەی‌ كەشتیگەلی سەربازی كول و هێرشەكانی‌ 11 سێپتەمبەر.

ئەو وێستگانەی‌ كاریگەریان لە سەر زەواهیری‌ هەبووە
 
زەواهیری لەژێر ئەشكەنجەدا دانی‌ بە ناو و شوێنی یەكێك لە هاوڕێ نزیكەكانی‌ ناوە كە لە سەركردەكانی‌ جیهادی‌ ئیسلامی‌ بوو بە ناوی‌ (عیسام ئەلقەمەری‌)، كە دواتر پۆلیسی‌ میسری‌ لە روبەڕووبوونەوەیەكدا كوشتیان، ئەم رووداوە كاریگەری لەسەر جێهێشتووە، لە پاڵ رووداوی كوژرانی‌ ژنەكەی‌ بە ناوی‌عیزە نوێر و محەمەدی كوڕی‌، لە پەلامارێكی‌ فڕۆكەكانی‌ ئەمریكا لە ئەفغانستان.

ئەو رووداوانە وای‌ لە زەواهیری‌ كرد، رقێكی‌ زۆری‌ لا دروست بێت دژ بە پۆلیس و لایەنە ئەمنییەكان، لە هەموو وڵاتانی‌ عەرەبی‌ و بە كافریان بناسێت، بە هەمان شێوە هەموو رژێمەكانی‌ بە كافر دەزانی‌ و هەموو شتێكی‌ خۆرئاوایی‌ و ئەمریكیشی رەتدەكردەوە، پێشی‌ وابوو هەموو رووداوەكان ئاكامی‌ زنجیرەیەك پلانی‌ ئەمریكی‌ و خۆرئاواییەكانن دژ بە جیهانی‌ ئیسلامی‌.

زەواهیری بۆ دواجار لە تشرینی‌ یەكەمی ساڵی‌ 2001 لە شارۆچكەی‌ خۆست  لە خۆرهەڵاتی‌ ئەفغانستان بینرا، دواتر ون بوو لە بەرچاوان كاتێك ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی‌، تالیبانیان وەدەرنا لە ئەفغانستان، بە هاوكاری‌ خێڵەكان توانی‌ خۆی‌ حەشاربدات لە ناوچە شاخاوییەكانی‌ نێوان پاكستان و ئەفغانستان.

زەواهیری‌ وەكو دیارترین كەس لە وتەبێژانی‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ ئەلقاعیدە دەركەوتنی‌ هەبوو، بە جۆرێك 16 گرتەی‌ ڤیدیۆیی‌ و كاسێتێكی‌ دەنگی‌ هەبوو تا ساڵی‌ 2007 كە چوار جار لە دەركەوتنەكانی‌ بن لادن زیاترە.

ئەوەی‌ كە لە رێكخراوە تیرۆریست و ئوسووڵیەكاندا بەدی‌ دەكرا، سەركردەكانیان  زیاتر لە  هەژار و كەم دەرامەتەكان بوون، بەڵام زەواهیری‌ جیاواز لە وان لە بنەماڵەیەكی‌ ئەرستۆكراتی‌ بورجوازیی میسرییەوە هاتبوو، دوا پێگەشی سەرۆكی رێكخراوی قاعیدە بوو لەدوای بن لادن.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.