سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

پیرۆز و پرۆفان : مەككە یا كوردستان؟

13/08/2022



ئەحمەدی مەلا

قسەكردن لەسەر ئەم بابەتە، بە چەند دێرێك تاوتوێ ناكرێت، بەڵام بە كورتكردنەوەیەكی گونجاو، رەنگە شتێكی لێوەهەڵهێنجنین.

مێژووی ئەقڵی دینی، یەك مێژووی نییە، ئەوەی پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە، چیرۆكی خەلقە، كە هەم ئەفسانەی خوڵقێنەرە، هەم پانتاییەكی بەرین داگیردەكات، سەرەتاكانی لە شارستانییەتی مێزۆپۆتامیاوە سەرهەڵدەدەن، دواتر لە لایەن جووەوە دەبێ بەو ئەفسانەیەی كە دواتر هەم مەسیحییەت قبوڵی دەكات، هەم دواتریش ئیسلام. وەك بڵێی كۆلەكەی بە پێوەراگرتنی كۆی دەستوور و رێساكانی دیكەن.

بەرامبەر بە بەهەشت، زەمین وەكو ئاوێنەیەك دەوەستێت، هەم جێی مرۆڤی یەكەمە، هەم جێی تاوانی یەكەمیشە، واتە مێژوو پانتایی پیرۆز كەرت دەكات. كەس نازانێ، ئادەم و حەوا لە چ پانتاییەك ژیاون، كەسیش ناپرسێت، بەڵام لە دیدی ئیسلامەوە، ماڵی خودا، یا چادرەكەی خودا كە كەعبەیە، چڕكردنەوەی وێنەی باڵایە، پنتی چڕبوونەوەی پیرۆزە بەرامبەر بە دنیایەكی قڕێژ. دواتر، هەم ئەم مێژووە، بە پلەی جیاواز، لە شوێنی جودادا، ئەم وێنەیە دووپات دەكاتەوە لە شوێن و پانتایی دیكە بە پێی بەشداریی مرۆڤەكان لە دروستكردنی پانتایی پیرۆز. وەكو نەجەف، كەربەلا، سەیدە زەینەت، مەشهەد، مزگەوتی گەورە لە سلێمانی، مزگەوتی ئەقسا، هەیكەلی داود، مزگەوتی دانیال پێغەمبەر لە كەركووك، قەبری یونس لە نەینەوا، یا بە ناو هەڵگرتنی كەرەسەی پیرۆز، بەردی رەش، موو و نەعلی پێغەمبەر، كراسی مەسیح، خاچ و بزمارەكانی، مەندیل و كەشیدە، پارچە پەڕۆی سەر قەبر و شەخس، خۆڵی سەر قەبران، توربەی شیعەكان، سیواكی دەمودان پاككردنەوە، تەسبێح، گۆچانی سەر مینبەران، میحراب، هەنگاوی پێی راست بۆ ناو مزگەوتەكان و پێی چەپیش بۆ ناو ئاودەستەكان، ئاراستەی قیبلە، سەر بەرماڵ...كۆی ئەم كەرەسە و پانتاییانە یادەوەریی كەعبەن، كەعبەش یادەوەریی ئاسمانە و چەقی گەردوونە. چەق كۆكەرەوەی چەمكی پیرۆزە بە ئیمتیاز.

بەڵام

لە خودی عەرەبی سعودیی، ریاز وەكو پایتەختی عەلمانی بەرامبەر بە مەككە وەكو پایتەختی پیرۆز دەوەستێت. ئەم كەرتكردنە لە پێناو ئەوەیە تا كاروباریی ئاینیی لە كاروباریی دنیایی جیابكرێنەوە. پیرۆز بۆ مومارەسەكردنی كەشەكانی ئاینییە، پانتایی پرۆفان بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری دنیایە. ئەمە وتە بە ناوبانگەكەی مەسیحمان دەهێنێتەوە یاد كە دەڵێ " ئەوەی بۆ خودایە بۆ خودایە، ئەوەی بۆ قەیسەرە بە قەیسەرە" لەو دەمەوە، كاروباریی ئاینیی لە كاروباریی دنیایی جیاكراوەتەوە.

ئەم جیاكردنەوەیە لە دنیای ئیسلامدا، زۆر زوو پەیدا بوو، پایتەخت لە مەدینە/یەسریبەوە دەبردرێتە دیمەشق، دواتر بۆ بەغدا، درەنگتریش بۆ قوستەنتینییە، واتە مێژووی ئیسلام گەشەی نەدەكرد ئەگەر لە بیابانی نێوان مەككە و مەدینە بمابایا. بە واتایەكی دیكە ئەو مێژووە گەشەی نەدەكرد ئەگەر بهاتبا تەنها باوەشی بۆ پیرۆز كردبایەتەوە. مێژووی مرۆڤ، پیرۆز وەك رەسیدیی ماددی بەكاردەهێنێت، نەك بە پێچەوانەوە كە رەسیدی ماددی خۆت بكەت بە قوربانی پیرۆز. ئەم تێگەیشتنە، نەك تەنها نەزانانەیە، بەڵكو ئامانجی ئەوەیە كە دەخیلەی خۆی بڕژێنیتە دەخیلە گەورەكەی ئەوانی ترەوە. لێرەوە تەماشای ئەوە دەكرێت كە مەككە لە كوردستان پیرۆزترە. ئەگینا خودی تێگەیشتنەكە هەڵەیە، چونكە ئەگەر ئەم تێگەیشتنەمان قبووڵ بێت، دەبێ بپرسین بۆچی پایتەختی عەرەبی سعوودییە لە مەككە نییە، بۆچی موسڵمانان پایتەختەكانیان ناگوێزنەوە بۆ مەككە؟

چونكە، بە كورت و كوردیی ئەم دووە دوو بواری جودان. مەككە بۆ موسڵمانان شوێنی پیرۆزی یەكەمە، بەڵام بەرامبەر بەمە، هەر وڵاتێك، نەتەوەیەك، شوینی ماددیی، مێژوویی، زمان، كەلتوور، مەتبەخ، فۆلكلۆر، ئەدەبییات هتد تایبەت بە خۆی هەیە، ئەم دووانە دژ بە یەك نین، بەڵكو گەمژانەیە بڵێی ئەمیان لەوەی دیكەیان پیرۆزترە....ئەو خاكەی تۆی مرۆڤ لەسەری دەژێی، ئەویش پیرۆزە، چونكە بە ئاو و هەوای سەر ئەو خاكە دەژێی.
دواجار ئەوە مێژووە پانتاییەكان پیرۆز دەكات نەك بە پێچەوانەوە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.