سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

مەككە لە كوردستان پیرۆزترە؟

15/08/2022



ئەبوبەكر عەلی

ئەوپرسیارانەی لەم ڕوەوە دەبێت وەڵام بدرێنەوە.

كاتێك ئەو بەراوردكردنەی سەرەوە دەكرێت و دەوترێت كاتێك دینی مرۆڤ كەوتە مەترسییەوە ئیدی نیشتیمان و گەل پیرۆزیان نامێنێ، كۆمەڵێ پرسیار دەوروژێن ودەبێت وەڵام بدرێنەوە لەوانەش:

1— ئایە لەڕووی ئاینی زانستی یەوە پاساوو بواری بەراوردكردنی مەككە بەكوردستان ھەیە؟

2- كاتێك دەوترێت مەككە لەكوردستان پیرۆزترە، واتە كوردستانیش پیرۆزە، مەككە تەنھا پیرۆزترە. لێرەشەوە ئەگەر باس لەپیرۆزیی ئاینییە، (كەدەبێت وابێت چونكە پیرۆزی مەككە ئاینییەو ناكرێت بەپیرۆزی نائاینی بەراورد بكرێت),  دەبێت ڕوون بێت پیرۆزی كوردستان لەڕووی ئاینییەوە لەچیدایەو سەرچاوەكەی چیە؟ 

ئایە ئەو ئایەتەیە باس لەشوێنی نیشتنەوەی كەشتیەكەی نوح دەكات لەچیای جودی لە كوردستان كەخوای گەورە بە زەویەكی موبارەك ناوی بردووە؟ 

یاخود لەوەوە ھاتووە مەڵبەندێكی مێژوویی گەورەی باوەڕو عیرفان و خواناسی بووە، یاخود شتێكی تر؟ 

بەمانایەكی تر تایبەتمەندی كوردستان لەم  ڕووەوە لەگەڵ وڵاتانی تری ئیسلامی لە چیدایە؟ 
یاخود تایبەتمەندی نیەو وەك ھەر پارچە زەویەكی ترەو پیرۆزیشی لەوەوە وەرگرتووە مرۆڤی لەسەر دەژی و بەتایبەتیش مرۆڤی موسوڵمان كە خاوەن كەرامەتێكی خواییەو بەگوێرەی دەقی فەرموودەیەكیش لەكەعبە بەڕێزترە؟

 خۆئەگەر كوردستان پیرۆزە؟ ئایە پیرۆزییەكە جەوھەریە و سیفەتێكە بەردەوام لەگەڵیایەتی، یاخود عەرەزی و كاتی و مەرجدارەو لەھەندێ كاتدا لەدەستی دەدا؟ ... ھتد

٢- ئایە بوونی چەوساندنەوەی ئاینی و ناچاربوونی مرۆڤ بۆ سەرھەڵگرتن بەئیمانەكەیەوەو دووركەوتنەوە لەوڵات، ناپیرۆزی گەل و نیشتیمانی بەدوادا دێت؟ چ پەیوەندییەك لەنێوان ئەم دووانەدا ھەیە لەكاتێكدا دەسەڵاتێكی ستەـكار چەوساندنەوەكە ئەنجام دەدات و گەل و نیشتیمانیش قوربانین؟

ئایە كاتێك پێغەمبەر( دخ)  ناچاربوو لەمەككە كۆچ بكات مەككە پیرۆزییەكەی لەدەستدا؟ یاخود خۆشەویستی لەدڵیدا كەمی كرد؟ مەگەر لەكاتی كۆچكردنیدا دووپاتی ئەوەی نەكردەوە: خۆشەویسترین پارچە زەوی خوایە لای ئەوو ئەگەر ناچار نەكرایە ھەرگیز بەجێی نەدەھێشت؟

ئایە لێرەشەوە ڕاستر نیە ووشەی خۆشەویستی بۆ دەربڕینی ھەستی مرۆڤ بەرامبەر گەل و نیشتیمانەكەی بەكاربھێنرێت و بووترێت:  مرۆڤ لەگەڵ ئەوەشدا كە گەل و نیشتیمانی خۆی زۆر خۆشدەوێت وحەزناكات بەجێیان بێڵێت، ھەندێ جار ناچارە لەبەر ئاینەكەی ئازاری دووری لەوان ھەڵبژێرێت و كۆچ بكات، بەنیازی گەڕانەوەیەكی سەربەرزانەو ئازادانە؟ واتە مرۆڤ قوربانی بە خۆی دەدات كەسەرەڕای خۆشەویستی بۆ گەل و نیشتیمانەكەیان ناچارە بەجێیان بێڵێت، كەدیارە لەم ڕۆژگارەدا نەبوونی ئازادی ئاینی یەكسانە بەبوونی دەسەڵاتێكی ستەمكار، كەگەل و نیشتیمانیش لەسایەیدا تاڵاو دەنۆشن و لەداویی دیلیدا دەبن؟

ئەمانە تەنها بەشێكن لەوپرسیارانەی دەكرێت لەم ڕوەوە بكرێن،  چۆنێتی بەكارھێنانی توانای زمانیش بۆ دەربڕین بۆچوون و خواستەكانمان، دەتوا نێت یارمەتی زۆرمان بدات بۆ باشتر گەیاندنی پەیام وكەمكردنەوەی پانتاییەكانی گرژی و لێكتێنەگەیشتن، كەدەبێت ئامانجی بانگخوازی ئیسلامی بێت.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.