سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ناساندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی

پێش 4 هەفتە



كەیوان ئازاد

(دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی) دووەمین سیستەمی خەلافەتی ئیسلامی بوو لە مێژوودا، كە دوای سازشكردنی (حەسەنی كوڕی عەلی)، پێنجەمین خەلیفەی ڕاشدی بۆ (موعاویەی كوڕی ئەبی سوفیان) والیی ویلایەتی شام، لە ساڵی (٤١ك/٦٦١ز) دامەزرا. بەم ڕووداوەش پایەكانی خەلافەت بۆ بنەماڵەیەكی عەرەبی لە هۆزی قوڕەیش گوازرایەوە، كە ئومەوییەكان بوون.

خودی بنەماڵەكەش بچووك و كەم نەبوون، بەڵكوو لە ژمارەیەكی بەرچاو كەسایەتی پێكهاتبوون كە كەم كەسی هۆزی قوڕەیش و تەنانەت دەوروبەریشیان دەیانتوانی بەرامبەریان بوەستن. هەر بۆیە دوای ئەوەی (موعاویە) گەیشتە پایەی خەلافەت و پێگەی خۆی و بنەماڵەكەی لە دەوڵەتەكەدا بەهێز كرد، سیستەمی پشتاوپشتی هێنایە ئارا، تا دەسەڵات لەنێو كوڕ و نەوەكانیدا بمێنێتەوە و لەدەست خۆیان دەرنەچێت.

بەوەش سیستەمی خەلافەت لە شووراوە بۆ بۆماوەیی و پشتاوپشت گۆڕا. ئامانج لەو كارەشی ئەوەبوو، تا دەسەڵات دوای خۆی نەچێتە ژێر دەستی هیچ بنەماڵە و كۆمەڵ و هێزێكی دیكەوە. لەمبارەیەوەش (ئیبن تەیمییە)ی زانای ئیسلامی (موعاویەی كوڕی ئەبی سوفیان)ی بە یەكەمین سوڵتانی مێژووی خەلافەتی ئیسلامی دانابوو.

پێناسەكەشی لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو، كە ئەوەندەی پیاوی حكوومەت و سیاسەت بوو، ئەوەندە كەسێكی ئایینی و خوداپەرەست نەبوو. لە كاتێكدا پۆستی خەلافەت چەندە سیاسی بوو، دوو ئەوەندە ئایینی بوو. نەك هەر ئەوە، بەڵكوو لەنێو خەلیفەكانی دیكەی ئەم بنەماڵەیەدا، كەسانی مەیخۆر و داوێنپیس و خراپكار هەبوون. وەك ئەوەی (یەزیدی كوڕی موعاویە) حەزی بە ڕابواردن و مەیخواردنەوە و ئافرەت بوو.

(وەلیدی كوڕی یەزید)یش سەرباری ئەو حەزانە، سەما و گۆرانییشی هێنایە نێو كۆشكی خەلافەت. كوڕەكەیشی (یەزید) بە خەلیفەیەكی مەیخۆر و بەرباد ناسرا. دیارە ئەوەش لە كاتێكدا بوو، كە بەپێی چەندین دەقی قورئانی (مەیخواردنەوە و بازرگانیكردن پێوەی حەرام و قەدەغە بوو. لەمبارەیەوە لە سوورەتی (المائدە) ئایەتی (90)دا هاتووە ‌‌(يا أيها الذين امنوا أنما الخمر والميسر والأنصاب والأزلأم رجس من عمل الشيطان, فأجتنبوه لعلكم تفلحون).

لەلایەكی دیكەوە، هەموو خەلیفەكان جگە لە (یەزیدی كوڕی وەلیدی كوڕی عەبدولمەلیك)، لە باوك و دایكەوە عەرەب بوون. دایكی ئەویش (شا فەرەند كچی فەیرووز كوڕی یەزدەگورد كوڕی شەهریار كوڕی كیسرا پەروێزی ساسانی) بوو. ئەمەو بەدرێژایی دەسەڵاتیشیان پۆستە باڵاكانی دەوڵەتیان لەسەر بنەماڵەكەیان و هۆز و تیرە و بنەماڵە عەرەبییەكانی نزیك بە خۆیان سنووردار كرد. ئەوەش وای لە هەندێك مێژوونووس و توێژەر كرد، دەوڵەتەكە بە خوێن و جەستە عەرەبی پێناسە بكەن.

تەنانەت هەر لەژێر ئەو كاریگەرییەشدا تۆماری دیوانەكانی دەوڵەتیان لە زمانی فارسی و ڕۆمییەوە بۆ سەر زمانی عەرەبی گۆڕی. دواتر سكەی پارەشیان بۆ زمانی عەرەبی گۆڕی و بە دەقێكی قورئانی پیرۆزیان كرد. ئەو كارانەش بۆ یەكەم جار بە فەرمانی خەلیفە (عەبدولمەلیكی كوڕی مەروان) و لەلایەن (حەجاجی كوڕی یوسفی سەقەفی)یەوە ئەنجام دران.

هەروەها خەلیفەكانی ئومەوی خۆیان و بنەماڵەكەیان بە باشترین بنەماڵە و عەرەبیشیان بە باشترین ڕەگەزی دەسەڵاتداری سەردەم دەزانی. لە كاتێكدا لە سوورەتی (الحجرات) ئایەتی (13)دا هاتبوو (‌‌يا أيها الناس أنا خلقناكم من ذكر وأنثي وجعلناكم شعوبا وقبائل لتعارفوا أن اكرمكم عند الله أتقاكم أن الله عليم خبير) بەڵام ئومەوییەكان كاریان بەوە دەقە قورئانییەش نەكرد.

جیاواز لەوانەش، سنوور و دەسەڵاتی والییەكان زۆر فراوان و گەورە بوو. وەك ئەوەی (زیاد بن ئەبی) والیی ویلایەتی بەسڕە لە سەردەمی خەلیفە (موعاویەی كوڕی ئەبی سوفیان)دا، ویلایەتەكانی (خۆراسان، سەجستان، بەحرین، عومان)یشی پێ درا، لەكاتێكدا دەبوا (پێنج) ویلایەت بێت و بدرێتە (پێنج) كەسایەتیی دەوڵەتەكە، نەك یەك كەس. (زیاد)یش لەبەرامبەر ئەو چاكەیەی خەلیفە، (سەربازی)ی كردە ناچاری و زۆرەملێ و دەبوا هەموو كەسێكی ڕەگەزی نێر دوای باڵغبوونی، خزمەتی سەربازی بكات.

كاتێكیش (حەجاج كوڕی یوسفی سەقەفی) لەلایەن (عەبدولمەلیك كوڕی مەروان)ەوە كرایە والیی عێراق، ویلایەتەكانی (سەجستان، خۆراسان، ئازەربایجان، جزیرە)ی پێ درا، چونكە پێی وابوو باشترین كەسە چارەسەری كێشەكانی ئەو ویلایەتانە بكات و لە هەموو نەیارانی دەوڵەت بدات. بە واتایەكی دیكە، متمانەی تەواوی پێی هەبوو. ئەمەو جگە لەوەیش، خودی (حەجاج) كەسایەتییەكی توند و ڕەق و پیاوكوژ بوو. سەبارەت بە پۆستە ئاساییەكانیش بوار بە كەسان و پێكهاتەكانی دیكە درا بەشداری لە دەسەڵاتەكەیان بكەن، بەڵام لەو بوارەشدا (كورد) هیچ پێگەیەكی لەو بەشداریكردنەدا پێ نەدرا و بێبەش كرا.

بەگشتی، لە ماوەی (٩١) ساڵی كۆچی و (٨٩) ساڵی زایینیدا، تەمەنی ئەو دەوڵەتەدا (چواردە) ئەندامی بنەماڵە یەك لەدوای یەك گەیشتنە پایەی دەسەڵات، تا ئەو كاتەی دەوڵەتەكە لە (٢٦ی زولحیجەی١٣٢ك) بەرامبەر بە (٥ی ئابی٧٥٠ز)، بەهۆی بنەماڵەیەكی عەرەبی دیكە، كە (عەباسییەكان) بوون، لێ دران. ئەوەش دوای ئەوەی دوایەمین خەلیفە (مەروانی كوڕی موحەممەد) لە گوندی (بوصیر)ی خاكی میسڕ لەو رێكەوتەدا بە دەستی عەباسییەكان كوژرا.

بە كۆتایی دەسەڵاتی ئەوانیش، عەباسییەكان وەك بنەماڵەیەكی عەرەبی موسڵمانی دیكە شوێنیان گرتنەوە، ئەوانیش بە هەڵدانەوە و تێكدانی گوڕی خەلیفە و گەورەكانی بنەماڵەی ئومەوی و نزیكەكانیان، سووكایەتییان بەو بنەماڵەیە و لایەنگرانیان كرد. خاڵی گرنگیش ئەوە بوو، كە بەشێك لە كوردەكان پشتیوانییان لە بانگەشەی عەباسییەكان كرد و ڕۆڵیان لە سەرخستنیدا گێڕا. ئەوەش بەڵگەی ئەوە بوو، كە ئەوان دژ بە ئایینی ئیسلام و دەوڵەتی خەلافەت نەبوون، بەڵكوو دژ بەو دەسەڵاتدارانەی دەوڵەت بوون، كە ئامادە نەبوون وەك هاووڵاتیی ڕاستەقینە و پلە یەك سەیریان بكات.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.