سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كورد لە سەرەتای دەوڵەتی خەلافەتی ئومەویدا

08/09/2022



كەیوان ئازاد  

كاتێك دەمانەوێت سەنگ و پێگەی كورد لە سەردەمی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوییدا دیاری بكەین، دووچاری سەرسوڕمان دەبین بەوەی ناوی سەرجەم خەلیفە و بەرپرسانی دەوڵەت و سەركردەی جووڵانەوە و ڕاپەرین و شۆڕشەكانی دژ بە دەوڵەت و سەدان بەرپرس و كەسایەتیی دیكەی سەردەمەكە لە لاپەڕەكانی مێژوودا تۆمار كراون، كەچی ناوی یەك سەركردە و كەسایەتیی كوردمان دەست ناكەوێت، كە ڕۆڵی لە ڕووداوەكانی سەردەمەكەدا بووبێت!

ئەوەش لە كەمتەرخەمیی مێژوونووسان و گەشتیارانی سەردەمەكە و دواتر بووبێت، كە زانیاریی وایان بۆ تۆمار نەكردین، یان لە كەمتەرخەمیی خودی كورد بووبێت كە نەیانتوانی ئاوڕێك لەو لایەنە بدەنەوە و ئەو ناوانە تۆمار بكەن، كە لەو سەردەمەدا ڕۆڵیان هەبوو، یان هەڵەیەك بووبێت و بەسەر ئەواندا تێپەڕیبێت، كە ناو و زانیاریی لەسەر ڕۆڵی كورد لەو سەردەمەدا بدەن، یان لەو سەردەمەدا كوردێك نەبوو بە پۆستێكی باڵا، یان ئاسایی بگات، تا تۆماری بكەن! بەسەر ئەوان و ڕووداوەكانی مێژوودا تێپەڕی.

 

هەر بۆیە كەمترین زانیاریمان لەسەر ئەو سەردەمە پێ گەیشت، كە (سێ) هێندەی تەمەنی دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی بوو.

جارێ بەر لە هەر شتێك، پێویستە ئاماژە بەوە بكەین، كە لەو سەردەمەداو لەنێو كوردەكاندا، وەك تێكڕای پێكهاتەكانی نێو دەوڵەتانی خەلافەتی ئیسلامی، (دوو) جۆر پێكهاتە هەبوو. یەكەمیان ئەوانە بوون كە موسڵمان بوون و باوەڕیان بە ئایینی ئیسلام هێنابوو و وەك تێكڕای كۆمەڵە ناعەرەبەكان، بە (مەوالی) ناسرابوون. دووەمیان ئەوانە بوون، كە موسڵمان نەبوون و سەر بە باوەڕێكی ئایینیی دیاریكراو بوون، وەك (ئێزدی، كاكەیی، جوو، زەردەشتی، مەسیحی، مانی، مەزدەك...تاد) و (أهل الذمە)یان پێ دەگوترا.

بەو پێیەیش، پەیڕەوی ئەو ئایینانە لە هەرێم و مەڵبەندە كوردنشینەكاندا هەبوو، بۆیە لە ڕووداوە سیاسییەكانی دەوڵەتەكەدا دوورەپەرێز نەبوون. لەو چوارچێوەیەدا، كوردەكان وەك پێكهاتەیەكی مەوالیی نێو دەوڵەتەكە، تەنیا خاوەنی یەك ئایین، یان یەك ئایینزا نەبوون، بەڵكوو بەسەر چەندین ئایین و ئایینزادا دابەش بوون. واتە ئەوانەی موسڵمان نەبوون و خاوەنی كتێب بوون و لەسەر باوەڕە كۆنەكەیان مانەوە، وەك پەیڕەوانی (جوو، زەدەشتی، مەسیحی، سابئەی مەندائی) باجی جزیەیان لێ وەرگیرا. ئەم باجەش بۆچوونی جیاوازی لای خەلیفەكانی ئومەوی لێ كەوتەوە. وەك ئەوەی زۆربەی خەلیفەكانی ئومەوی باجی جزیەیان لەسەر ئەوانە لانەبرد، كە باوەڕیان بە ئایینی ئیسلام هێنا، بەڵكوو لەپاڵ (جزیە)دا، باجی خەراجیشان بەسەردا سەپاندن.

ئەو بڕیارەش بەتوندی لەلایەن (حەجاج) كاری پێ كرا. تاكە خەلیفەیەكی ئومەویش كاری بەم یاسایە نەكرد (عومەری كوڕی عەبدولعەزیز) بوو كە بە موسڵمانبوونی كەسەكە باجەكەی لابرد. تەمەنی دەسەڵاتی ئەویش تەنیا (دوو) ساڵ بوو. بەوەش لە كۆی (89) ساڵی تەمەنی ئەو دەوڵەتە، تەنیا (2) ساڵ باجی جزیە لەسەر ئەوانە لاچوو، كە موسڵمان بوون. ئەوانەیشی خاوەن كتێب نەبوون، لە دیدگای دەوڵەتی خەلافەتەوە وەك ئایینەكانی (بتپەرەستان، ئێزدی، كاكەیی، مانی، مەزدەك،...تاد) شەڕیان كرا و دژایەتیكردنیان بە ڕەوا زانرا.

بە بڕوای (ئەبوو یوسف)یش ‌‌موسڵمانەكان تەنیا لە بەرامبەر پێنەدانی (باجی جزیە) شەڕی جوو و مەسیحی و زەردەشتی و سابئەی مەندائییەكان و ئەوانەی دیكەیان نەكرد، بەڵكوو لەبەر ئەوە شەڕیان كردن، چونكە دژ بە سیاسەت و بەرژەوەندییەكانیان بوون‘‘. هەر بۆیە دژایەتیی ئەوانیش لە تێڕوانینی دەوڵەتی خەلافەتەوە بە ڕەوا زانرا. واتە ئایین و باوەڕ گرنگ نەبوو، بە ئەندازەی ئەوەی گوێڕایەڵی و ملكەچی بۆ ئەرك و داواكانی دەوڵەت گرنگ بوو. ئەوەش كەوتبووە سەر ئاستی باوەڕ و بۆچوون و تێگەیشتنی ئەو خەلیفە و فەرماندە سەربازییە عەرەب و موسڵمانانەی لە دەقەكانی قورئان و فەرموودەكانی پەیامبەر (د.خ)، چونكە هەریەك لەوان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر ئەو دەقانەی قورئان و فەرموودەكانی پەیامبەر (د.خ) و ڕووداوەكان هەبوو.

لەلایەكی دیكەوە، كۆمەڵگای كوردی لەو سەردەمەدا وەك پێشووتر لە (كۆچەری و گوندنشین و شارنشین) پێكهاتبوون. سامان و دارایی كۆچەرییەكانیش چەندین جۆر ئاژەڵی وەك (مەڕ، بزن، مانگا، گا، ئەسپ، ماین، گوێدرێژ) بوو. گوندنشینەكانیش كە زۆرینەی دانیشتوانی كورد ئەو سەردەمیان پێكهێنابوو، لەسەر كشتوكاڵ و سامانی ئاژەڵ دەژیان و شارنشینەكانیش سەرقاڵی كاری بازرگانی و چەندین پیشەی دیكە بوون، كە وەك پێكهاتەیەكی سادەی دەوڵەت و دوور لە دەسەڵات و كاروبارەكانی خۆیان بەڕێوە دەبرد. هەموو ئەوانیش هیچ پۆستێكی ئایینی و سیاسی و كارگێڕی و تەنانەت سەربازییشیان پێ نەدرا، جگە لە بەشداریی بەشێكیان لە پێكهاتەی سوپای ئومەویدا، تا لە لێدانی شۆڕش و ڕاپەڕین و جووڵانەوە ناوخۆییەكانیاندا بەكاریان بهێنن. تەنانەت ئومەوییەكان بەلایانەوە ڕەوا نەبوو هاوسەرگیری لەگەڵ ئەواندا بكەن، چونكە بە توێژێكی نزمتر لە خۆیان دەزانین.

هەر بۆیە بارودۆخەكەیان وەك سەردەمی پێشتر گۆڕانكاریی بەسەردا نەهات، تەنیا ئەوەندە نەبێت، كە دەبوا ملكەچی ڕێسا و یاساكانی دەوڵەتی نوێ بن. ئەو پەراوێزخستنەش هۆكاری ئەوە بوو، ڕوو لە هەر جووڵانەوە و ڕاپەڕین و شۆڕشێك بكەن كە دژ بەو دەوڵەتە و بەرپرسانی بكرێت. دیارە لەگەڵ ئەوەی مەوالییەكان بە كوردیشەوە، لە ڕووی ژمارە و مەڵبەندەكانیانەوە زۆر لە پێكهاتەی عەرەبەكان زیاتر بوون، كەچی هیچ دەسەڵاتێكیان نەبوو. ئەوەش بەدەر لەوەی لەنێو خودی ئەواندا كەسانی بازرگان و پیشەوەر هەبوون، جگە لە خەڵكانی كاسبكار لە شارەكان و توێژی جووتیاران لە گوندەكان.

هەر بۆیە بەو هێزە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەوەی هەیانبوو، ئەوانی هان دا دەست بدەنە ڕاپەڕین و شۆڕش. هۆكاری سەرەكیی پەنابردنی ئەوانیش بۆ ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشانە، دڵڕەقیی بەرپرسانی ئومەوی و مامەڵەی خراپی ئەوان بوو لەگەڵیان، لەپاڵ ئەو باجە زۆرەی خرابووە سەریان. بەڵگەی ناڕەزایی ئەوانیش وەك مەوالییەكانی دیكە لە چەندین سیاسەتی چەوتی ئومەوییەكانەوە سەرچاوەی گرتبوو، كە هۆكاری سەرهەڵدانی چەندین جووڵانەوە و شۆڕش بوون بە ڕوویاندا. ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشانەش لەلایەن خۆیانەوە نا، بەڵكوو لەلایەن چەندین سەركردەی كۆمەڵەكانی خەوارج و شیعەوە پێشەوایەتی دەكران.

لێرەوە (كورد) بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، ڕووبەڕووی سیاسەتی ئەو دەوڵەتە و بەرپرسەكانی بوونەوە، كە ئاراستەیان كرا. یەكێك لەو سیاسەتانەش دەرهەق بە (كورد) كرا، بەعەرەبكردنی مەڵبەندەكەیان بوو، چونكە ئومەوییەكان هاوكاری و پشتیوانیی كۆچكردنی هۆز و تیرە و خێڵە عەرەبییەكانیان بۆ ناوچە كوردییەكان كرد. هەر بۆیە بەشێك لە كوردەكان، كە مەڵبەندەكانیان كەوتە بەر مەترسیی ئەو سیاسەتە، دەبوا شەڕی ئومەوییەكان بكەن، چونكە لەلایەك مەڵبەند و مافەكانیان زەوت كرابوو، لەلایەكی دیكەوە خاوەنی وڵاتێكی یەكگرتوو نەبوون، تا خۆیانی تێدا سەردەستە و خاوەن بڕیار ببینن.

دیارە ئەوەش لەكاتێكدا بوو، كە لەو دەوڵەتەدا مەڵبەندە كوردییەكان و خاكەكەی پێگەیەكی گرنگی دەوڵەتەكە بوون، لەوانە هەرێمەكانی (چیا، جزیرە، ئازەربایجان، فارس). ئەمەو ئەو ناوچانە بەهۆی سەختییان و دوورییان لە (دیمەشق)ی پایتەختی دەوڵەت، بەتایبەت هەرێمەكانی (فارس، چیا، ئازەربایجان)، هۆكاری پەناهێنان و كۆبوونەوەی چەندین كۆمەڵ و پێكهاتەی جیاجیای نەیار بە دەوڵەت بوون. هەر بۆیە ئەوەش ململانێی نێوان كورد و بەرپرسانی ئومەویی توندتر كردەوە.


نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.