سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

لافاوە گەورەکان لە نێوان زانست و ئەفسانەدا!

23/03/2017


ئا: حوسێن حوسێنی

 پێشەکی
هەموومان باسی تۆفانە گەورەکەی نۆحمان بیستووە. شوێنی ڕوودانی ئەم تۆفانە ناوچەی مێزو پۆتامیایە و هەر سێ ئایینی ئیبراهیمی: جوولەکە، کریستیان و ئیسلام جەختیان لە ڕوودانی کردوەتەوە، کە بە گوێرەی چیرۆکەکە ئاو هەموو جیهان دادەگرێت و هەموو زیندەورەکان دەخنکێنێت، جگە لەوانەی بە ئەمری خوداوەند بۆ دروست کردنەوەی ژیان ڕزگاریان دەبێت. ئێمە لێرەدا هەقمان بەسەر ڕاست و دروستی چیرۆکەکەوە نییە، کە بێگومان پرە لە کێشەی لۆژیکی و زانستی. بەڵام ئەمە تاقە چیرۆک سەبارەت بە ڕوودانی لافاوە گەورەکە نییە، چەندین چیرۆکی تر بە گێڕانەوەی جیاوازەوە لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا هەیە، کە بەشێوەیەک باسی ڕوودانی لافاوێکی گەورە دەکەن.

بێگومان لافاو یەکێکە لە نزیکترین کارەساتەکان لە ژیاندا و مرۆڤ بەردەوام لە ڕوودانی ترساوە و زۆر بەدەگمەن شوێنی نیشتەجێبوونی لەناو شیو و دۆڵ و شوێنە لافاو گرەکاندا دروست کردووە، بۆیە زۆر سەیر نییە کە لە چیرۆک و ئەفسانەی گەلاندا ڕەنگ بداتەوە. بەڵام لە ڕوودانی ئەم لافاوەنەدا خاڵێکی هاوبەش هەیە، ئەویش بریتییە لەوەی هەموو بوونەوەرەکان جگە لە ژمارەیەکی کەم تیادەچن. 
ئەمە دەمانگەیەنێت بەو ڕاستییەیی جگە لە ڕوودانی لافاو شتێکی تریش هەیە کە مرۆڤ دەیەوێت پاساوی بۆ بهێنێتەوە. لێرەدا دەمانەوێت جەخت لەوە بکەینەوە تۆفانە گەورەکان هەوڵێکە بۆ پاساو بوونی بە بەردبووەکان. لەم وتارەدا سەرەتا باسی لافاوە گەورەکان لە کلتوری گەلە جۆربەجۆرەکاندا دەکەین و پاشانیش پاساوی خۆمان بۆ ئەوەی پیشانی بدەین ئەفسانەی تۆفانە گەورەکان تیۆرییەکی زانستی سەرەتاییە دەخەینەڕوو.

لافاوە گەورەکان لە کلتورە جۆربەجۆرەکانی جیهان
بە پێی ئەفسانەکانی ئەندۆنزیا، زەوی لەسەر پشتی مارێکی گەورە بووە، کاتێک مارکە لەو بارە قورسە هیلاک دەبێت خۆی ڕادەوەشێنێت و زەوی فڕێ دەداتە ناو دەریاوە، بەڵام خوداوەند بە ناردنی کێوێک بۆ ناو دەریاکە کچەکەی لە شەپۆلەکانی ئاو ڕزگار دەکات، هەموو مرۆڤەکان نەوەی ئەو کیژەن، دواتر خوداوەند زەوی لەسەر پشتی مارەکە دادەنێتەوە.

بەپێی ئەفسانەی خەڵکی دوورگەکانی ئادامان لە نێوان بەنگلادش و میانمار، خەڵک ڕووی خۆیان لەو فەرمانانە، کە لە خەڵقتدا پێیان درابوو، وەرگێڕا، بۆیە خودا ڕووی لێ وەرگێران و لە ناکاو لافاوێکی کاولکاری بۆ ناردن کە تەنها چوار کەس لەم تۆفانە ڕزگارییان بوو. کاتێک ئەم چوار کەسە گەیشتنەوە سەر وشکی بینیان هەموو بوونەوەرە زیندووەکان لە ناوچوون. خودا جارێکی تر ڕووک و ئاژەڵی دروست کردەوە.

بەپێی بڕوای خەڵکی ڕەسەنی ئوستورالیا، لەسەردەمێکدا بۆقێک هەموو ئاوەکانی سەرزەوی خواردەوە و لە ئەنجامدا سەردەمێکی وشکەساڵی دروست بوو، تەنها ڕێگەی بۆ کۆتایی هێنان بەم وشکە ساڵییە ئەوە بوو، کە بۆقەکە ناچار بکەن پێ بکەنێت. هەموو ئاژەڵەکانی ئوستورالیا کۆ بوونەوەو هەوڵیاندا بیخەنە پێکەنین بەڵام لە کۆتایدا مارماسی توانی ئەو کارە بکات. بۆقەکە چاوەکانی کردەوە و لەشە گەورەکەی دەستی کرد بە لەرزین و لە کۆتایدا وەها هاتە پێکەنین کە لرقەی پێکەنینەکەی وەکو دەنگی هەورە بروسکە بوو. ئاو بە لافاو بەجۆرێک لە دەمی دەهاتە دەرەوە کە قوولترینی ڕووبارەکانی پڕ کرد و هەموو زەوی داگیر کرد. تەنها لوتکەی بەرزترین کێوەکان بەدەرەوە مانەوەو مرۆڤ و ئاژەڵی زۆر لەناوچوون.

بە پێی ئەفسانەکانی هیندو، مانو خەریکی شتنی دەستەکانی لە ناو ڕووبارێکدا بوو کە ماسییەکی بچووک خۆی دەخاتە ناو دەستەکانی و تکای لێدەکات کە ژیانی بپارێزێت. ئەو ماسییەکە دەخاتە ناو گۆزەیەک. بەخێرایی ماسییەکە گەورە دەبێت تاوەکو وای لێدێت جێگەی نابێتەوە و ئەمجار دەیخاتە ناو حەوزێکەوە، بەربەرە هێندە گەورە دەبێت دەیگوازێتەوە بۆ ڕووبار و سەرئەنجام بۆ دەریا؛ ماسییەکە ئاگاداری دەکاتەوە کە لە ماوەی هەفتەیەکدا لافاوێکی گەورە هەڵدەستێت کە هەموو ژیان تیادەبات. مانو کەشتییەکی گەورە دروست دەکات و ماسییەکە لە کۆتایی لافاوەکەدا کەشتییەکە بۆ پاڵ کێوێک دەگوازێتەوە تاوەکو بە نیشتنەوەی لافاو کەشتی لەوێدا بوەستێت. لە ئەنجامدا مانو و تۆییەکانی ژیانی ناو گیرفانی لە تۆفانەکە رزگاریان دەبێت تاوەکو ژیان لەسەر زەوی بڵاوبکەنەوە.

لە نووسراوەکانی سەربەردی سومەری و بابلیدا کە نزیکەی سێ هەزار ساڵ پێش لە زایین نووسراون، باسی تۆفانێک دەکات کە لە کتێبە پیرۆزەکانی ئایینە ئیبراهیمییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، لە هەردوو چیرۆکەکەی سومەری و بابلییەکاندا هاتووە، خوداوەند کەسێکیان لە ڕوودانی تۆفان ئاگادار کردەوە و ئەو و بنەماڵەی چوونە ناو کەشتی و لە هەر جۆرە ئاژەڵێک جووتێکی لەناو کەشتییەکەدا دانا و لە تۆفانەکە ڕزگاری کرد، لە هەردوو نوسراوەکەدا ماوەی تۆفانەکە حەوت ڕۆژە، بەڵام ناوی خوداکان جیاوازە (وێنەی ١).

لە ئەفسانە کۆنەکانی یۆناندا هاتووە کە زیوس لە دروست کردنی مرۆڤ پەشیمان بوویەوە و ڕقی لە ئەتوار و کارەکانی هەستا، ویستی تیا ببات. فەرمانی بەدەریا و ڕووبار و کانیاوەکان کرد تاوەکو هەستن و فەرمانی بە ئاسمانیش کرد ببارێت بۆ ئەوەی مرۆڤ تووبڕاو ببێت. بەڵام لەم کاتەدا و پێش ڕوودانی تۆفانەکە پرومتە لە مەبەستەکەی زیوس ئاگادار بوویەوە، بۆیە فەرمانی بە دکالیون و ژنەکەی پیرا دا تاوەکو بۆ ڕزگارکردنی تۆی مرۆڤ کەشتییەک دروست بکەن بۆ ئەوەی لە کاتی ڕوودانی تۆفانەکەدا سواری ببن و رزگارییان بێیت. تۆفان هەستاو هەموو مرۆڤەکان تیاچوون جگە لەم دووکەسە. دوای ماوەیەک تۆفانەکە نیشتەوەو کەشتییەکەی دکالیون و پیرا لەسەر لوتکەی کێوێک نیشتەوە و ئەو دوو ڕزگار بووە گەڕانەوە بۆ وشکایی و قوربانیان بۆ زیوس کرد. زیوس لە پاداشتی دا فەرمانی بە دکالیۆن و پیرا کرد بەرد فرێ بدەنە پشتەسەر خۆیان، بەردەکانی دۆکالیون بوون بە پیاو و ئەوانەی پیرا بوون بە ژن.
هاوشێوەی ئەم چیرۆکە لە شوێنەکانی تر بەتایبەتی لە ئەفسانەکانی ناوچەکانی چین و ئێراندا هەیە و لەوانەشە لە زۆر شوێنی تریش هەبێت.

ئاماژە زانستییەکان بۆ ڕوودانی لافاو
ناکرێت ئەو چیروکانەی باسمان کرد تەنها وەکو ئەفسانەیەکی سەرەتایی یان ئەفسانەیەکی ئایینی باسی بکەین و لێی گەڕێین  بڵێین زانست هەقی بەسەرەوە نییە، چونکە بەبڕوای زۆر کەس بەشێکی گرنگ لە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم ئەفسانانە دەکەوێتە سەر شانی زانست.
هەموو ئەو چیرۆکانەی لەسەرەوە باسمان کرد، باسی لافاوێک دەکەن کە بە ئەمری لە سروشت بەدەر ڕووییان داوە و هەموو مرۆڤایەتی و بوونەوەرەکانی تیابردووە جگە لە ژمارەیەکی کەم، کە ئەو ژمارەکەمە جارێکی تر ژیانیان دروست کردوەتەوە. 
فەیلەسووفە یۆنانییەکان جیهانیان بە هەمیشەیی دەزانی، بەڵام کاتێک لەگەڵ پارادۆکسی پێشکەوتنی مرۆڤدا بەرەوڕوو دەبوونەوە، دەیانگەڕاندەوە بۆ ئەوەی هەموو جارێک کارەساتە سروشتییەکان دەسکەوتەکانی مرۆڤایەتی دەکاتەوە بە سفر ومرۆڤ ناچارە لەسەرەتاوە دەست پێ بکاتەوە. کەواتە کارەساتی سروشتی گەورە وەکو هەقیقەتێک بۆ پاساوی دیاردەکان سەیر کراوە. 

ژمارەیەکی زۆر لە توێژەران ئەم ئەفسانانە بەشێوەک دەبەستنەوە بەکۆتایی سەردەمی سەهۆڵ بەندان و توانەوەی سەهۆڵەکانەوە، کە بێ گومان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لەوانەیە لە زۆر شوێن لافاو هەستابێت و کاول کاری دروست کردبێت.
بۆ نموونە سۆمەرییەکان، کە داهێنەری نووسین بوون پێش ٩٠٠٠ ساڵ و پێشکەوتووترین شارستانییەتی ئەو سەردەمەیان هەبووە، کە ئەو کات لە باشوری وڵاتی میزۆپۆتۆمیا دەژیان، بەڵام ئەوان لە کوێوە هاتبوون؟ نیمچە دوورگەی عەرەبی دەریایەکی تەنکی لێبووە کە قووڵییەکەی تەنها چەند دەمەترێک بووە، لە چاخی سەهۆڵبەندندا دەشتێکی بە پیت بووەو هەردوو ڕووباری دیجلەو فوڕات و ڕووباری تر لە زاگرۆسەوە پاراویان کردووە، لە ناکاو دەریاکە دەست دەکات بە بەرزبوونەوە، بە تێکڕایی دوو سانتی مەتر لەساڵێکدا و زەوییە کشت و کاڵییەکانی بەرتەسک کردووەو سۆمەرێیەکان ناچار بوون کۆچ بکەن بۆ زەلکاوەکانی نێوان هەردوو ڕووبارەکە لە عێڕاقی ئێستادا. کە ئەمە دەکرێت ڕیشەیەکی زانستی بێت بۆ تۆفانە بەناوبانگەکەی نوح. لەهەمانکاتدا بۆچوونێکی زانستی سەبارەت بە لەناوچوونی شارستانیەتی سۆمەری هەیە، کە زۆر پێوەندی بە لافاوەوە نییە.

سۆمەرییەکان لە ئاستێکى بەرفراواندا تۆڕی ئاودێری زۆر پێشکەوتویان پەرەپێدا و چەندین بەنداویان بنیادنا بەبێ ئەوەی بیر لە زیانە لاوەکییەکانی بکەنەوە. ئاوی بەنداوەکان دایدا بۆ ژێر زەوی و ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەرزبوویەوە و تێر بوو بەو خوێی کە لەنێوان بەردەکاندا هەیە و بەرەبەرە خەستییەکەی زیادی کرد و بووبەهۆی ئەوەی زەوییە کشت و کاڵییەکان سوێر ببن و بەرهەمەکەیان داببەزێت. دابەزینی بەرهەمی کشتوکاڵی داڕمانی شارستانییەتەکەی لێکەوتەوە. 
هەندێک کەسیش ئاماژە بە ڕوودانی سونامی و بوومەلەرەزەی دەریایی دەکەن کە ناوچە کەنارییەکانی دەریا بووبێت بەژێر ئاوەوە و بەشێوەی ئەفسانە لە یادەوەری خەڵکدا مابێتەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەفسانەی تۆفانە گەورەکان چیرۆکێکی هەمە گیرە کەم گەل و نەتەوە هەیە نەیبێت، بەشێوەیەک کە هەندێک لە توێژەرانی ئایینی ئەمە وەکو ڕاستییەک بۆ جیهانی بوونی تۆفانی نۆح باسدەکەن. هەڵبەت لەباری زانستییەوە ناکرێت تۆفانی نوحی ئایینە ئیبراهیمییەکان ڕاست بێت، چونکە بڕی ئاوی ناو هەورەکان بایی ئەوەندە نییە تاوەکو سەر لوتکە ئەڤێرست دابپۆشێت. 

لە ڕاستیدا ئەگەر بەپێی چیرۆکە ئاسمانییەکان هەموو جیهان بکەوێتە ژێر ئاو، قووڵی ئەو ئاوە ناکرێت ٢،٥ سانتی مەتر زیاتر بێت! حەسێب کردنی ئەم ژمارە کارێکی قورس نییە. بێگومان سەرچاوەی ئەم بارانە دەبێت بەرگە هەوای زەوی بێت، هەر ستوونێک لە بەرگەهەوای زەوی بە بنکەی یەک مەتری دووجاوە لەنێوان ١٦ بۆ ٢٥ کیلۆگرام هەڵمی ئاو لە خۆ دەگرێت. قەبارەی ٢٥ کیلۆگرام یان ٢٥٠٠٠ گرام ئاو یەکسانە بە ٢٥٠٠٠ سانتی مەتری سێجا ئاو. ڕووبەری ستوونەکە یەکسانە بە یەک مەتری چوارگۆشە یان ١٠٠٠٠ سانتی مەتری چوار گۆشە. بە دابەشکردنی قەبارە لەسەر ڕووبەر ئەستوری ئاوەکە دەدۆزرێتەوە کە یەکسانە بە ٢،٥ سانتی مەتر.
واتە ئەم ئاوە ناگاتە قولە پێش، چی بگات بە قولەی ئیڤێرێست.
بەڵام لەوانەیە کاتێک ئەو چیرۆکە باسکراوە ئاگاداری پان و بەرینی جیهان نەبووبێتن. ئێمە نازانین سۆمەرییەکان فراوانی جیهانیان چۆن بینیوە بەڵام لە یۆنانی کۆندا، جیهان تەنها بریتی بوو لە دەوروبەری دەریای سپی (وێنەی ٢).

بەبەردبووەکان و تیۆریی کارەساتە گەورەکان
لە بەشی پێشوودا باسی ئەوەمان کرد لە یۆنانی کۆندا بڕوایەک هەبوو، کە جاروبار کارەساتە گەورەکان پێشکەوتنەکانی مرۆڤ سفر دەکەنەوە بۆیە مرۆڤ ناچارە لە ئەوەڵەوە دەستپێبکاتەوە، بێگومان گرنگترین بەڵگەش ئەو بەبەردبوانە بووە کە لەدەوروبەری خۆیاندا دۆزیویانەتەوە، بەتایبەتی بەسەرنجدان بەوەی  کە بەشێکی بەرچاو لە بەبەردبووەکان گیانداری دەریایی بوون گومانەکانی بەرەو کارەساتێکی سروشتی واتە لافاو دەبرد. دواتر تیۆریی کارەساتە گەورەکان بۆ پاساوی بەبەردبووەکان بەرگی ئایینی بەبەردا کرا و لەلایەن کلیسەوە لە بەربەیانی دەرکەوتنی بیردۆزی پەرەسەندن، وەکو جێگەرەوەیەک بۆ ئەم بیردۆزە و پاساو بۆ بوونی بەبەردبووەکان بەکاردەهێنرا. لەسەدەکانی هەژدەهەم و سەرەتای نۆزدەهەمی زایینی، لایەنگرانی تیۆریی کارەساتە گەرەکان هەوڵیان دەدا ئەوەی لە بە بەردبووەکانەوە دەستدەکەوێت لەگەڵ چیرۆکی ئافراندنی کتێبی پیرۆزدا یەکی بخەن. بەڕای ئەوان تۆفانی نوح دوایین کارەسات لە زنجیرەی کارەساتە گەورەکان بووە کە هەموو گیاندارانی لە ناو بردووە. لەدوای هەر کارەساتێک ئافراندنێکی نوێ دەهاتە ئاراوە و زەوی جارێکی تر پڕدەبووەوە لەجۆرە جیاوازەکانی ڕووەک و گیاندار. ئەمانەش لەناو دەچوون و پاشماوەکانیان لە توێ گەلێکدا کە بەهۆی ڕوودانی کارەساتی دواترەوە دروست دەبوو دەمایەوە.

جۆرج کیڤغە(GEORGES CUVIE R) (١٧٦٩-١٨٣٢) زانای گەورەی فرانسی و پسپۆر لە توێکاری و دێرینە ناسی، لێکۆڵینەوەی لەسەر بە بەردبووی شیردەرەکانی ناوچەی پاریس دەکرد. بەڕای ئەو زنجیرەی جۆرە جیاوازەکان پیشاندەری چەندین کارەساتی جیهانییە کە تۆفانی نوح دواتریینیانە، کیفغە وای دادەنا هەندێک لە جۆرەکان دەمانەوە و جارێکی تر ژمارەیان زیاد دەبوو، بەڵام ژمارەیەکی تر وایاندەدانا دوای هەر کارەساتێکی گەورە ئافراندنێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە. لەسەریەک وایان خەمڵاندبوو کە٣٠ کارەساتی گەورە ڕوویدابێت.

دۆزینەوە نوێیەکان بەرەبەرە بیردۆزی کارەساتە گەورەکانی پوچ کردەوە. چونکە ژمارەی کارەساتە گەورەکان بۆ پاساودانی بەبەردبووەکان بەردەوام ڕووی لە زیادبوون دەکرد تا ئەو شوێنەی بیردۆزەکە ئیتر لە متمانە کەوت. دووەم، دەرکەوت ئەو ئاسەوارانەی لە بەردەکاندا هەن دەکرێت لە جیاتی پەنا بردن بۆ کارەساتە گەورە نەناسراوەکان بەپێی پرۆسەکانی ئیمڕۆیی بە باشی پاساوی بۆ بدرێتەوە، کە دەکرێت ببینرێن. سەرەڕای ئەوە، ئەو بەردانەی کە لە ناوچەکانی ئەمریکا و ئەوروپای باکوری دۆزرابوونەوەو وا دەزانرا پاشماوەی تۆفانی نوحە، دەرکەوت نیشتووی چاڵە بەفرەکانن. بەڵگەی زۆر لەسەر بەردەوامی یان پەرەسەندنی بەبەردوبووەکان دۆزرایەوە. داروین و واڵاس بۆ پرۆسەی پەرەسەندن بیریان لە میکانیزمێکی گونجاو کردەوە.

دەرئەنجام:
وەک باسمان کرد، چیرۆکی تۆفانە گەورەکان بەشێوازی جۆراجۆر لەناو زۆربەی گەل و نەتەوەکاندا هەیە تەنانەت ئەوانەی کە بەتەواوەتی لە شارستانیەتە کۆنەکان دابڕاون، بەشێکی گرنگی ئەم چیرۆکانە بۆ ترسی مرۆڤ لە کارەساتەکان بەتایبەتی لافاو دەگەڕێتەوە، کە هەمیشە لە ژیانیدا هەبووەو هێزێکی کاولکەر بووە، هەر بۆیە سەیر نییە کە بەشێوەی جۆربەجۆر باس بکرێت و تەنانەت مێژوو بۆ سەردەمی پاش و پێشی دابەش بکەن. شێوازی چیرۆکەکان جیاوازن بەڵام دەکرێت خاڵێکی هاوبەش لە هەموویان بدۆزرێتەوە، ئەویش بریتییە لە پاساوی زانستی. لە ڕاستیدا لەوە دەچێت ئەفسانەی تۆفانە گەورەکان بەوەی نوحیشەوە پاساوێکی زانستی بۆ ئەو هەموو بە بەردبووەبێت کە سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمە کۆنەکانی زەویناسی و لە چینەکانی زەوی و لە ژێر گڵدا دەدۆزرێتەوە (وێنەی ژمارە ٣ بە بەردبوویەکی لە ئەسپچووی ٤٧ میلیۆن ساڵە پیشاندەدات). 

ئەمە تیۆرییەکی سادەی زانستییە وەکو ئەو تیۆرییەیی بۆ ڕوودانی بوومەلەرزەو دەرکەوتنی وەرزەکان دانراوە، واتە زەوی لەسەر پشتی گا، یان کیسەڵ یان ماسی! بە ژیری سەرەتایی خەڵکی سەردەمی پێش شارستانیەتە کۆنەکان چی پاساوێک لەوە سادەتر کە لافاوی گەورە بوونەورەکانی تیابردووە و ئاوەکەش چووە بووە ئاسمان و ئەوەی بەناوی وشکی بەجێ ماوە شوێنی ئەو دەریا کاتییەیە کە بەهۆی بارین و لافاوەوە دروست بووە، داوێنی چیاکانیش پشتڕاستی بۆچوونەکانیان دەکاتەوە. سەرەڕای ئەوە دەزگایەکی وەکو دامودەزگای ئایینی بەتایبەتی کلێسەی کاسولیکیشی لە پشت بووە.

ئەوەی ئەم بۆچوونە بەهێز دەکات بوونی تیۆریی کارەساتە گەورەکانە، کە لە بەرەبەیانی تیۆریی پەرەسەندندا لە سەدەکانی هەژدەو نۆزدەدا لە دژی وەگەڕ خرابوو. کە نەتەنها کلیسە پشتی دەگرت، بەڵکو کۆمەڵێک لە زیندەوەرە گەورەکانی ئەو سەردەمەش لە دژی پەرەسەندن پەنایان بۆ دەبرد، بەڵام ئەم تیۆرییە لە کۆتایدا لە پاساوی بە بەردبووەکاندا شکستی خوارد و ئەوەی جێگەی گرتەوە بریتی بوو لە تیۆریی پەرەسەندنی داروین، کە تاوەکو ئێستا بەباشی کاری کردووە.


 سەرچاوەکان:
نەم ویستووە ئەم وتارە وەکو وتارێکی توێژینەوە زانستی بەسەرچاوە بتەنم، چونکە لەڕاستیدا سکۆپی گۆڤاری زانست بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی نییە، بەڵکو وتاری زانستی ڕۆشنگەری بڵاودەکاتەوە.
خوێنەری ئازیز بۆ دڵنیا بوون لە دروستی فاکتەکانی ناو وتارەکە دەتوانێت سەردانی ئەم سەرچاوانە بکات.
1.Frank H. T.Rhodes, Evolution: A Golden Guide. Western Publishing Company, Inc. Racine, Wisconsin(1974)
2.George Gamow, One Two Three . . . Infinity: Facts and Speculations of Science, prentice Hall (1961)
3.Andre Brahic ,Paul Tapponnier, Lester R. Brown, Jacques Girardon, La Plus Belle Histoire de la Terre, Seuil (2001)
هەر سێ کتێبی سەرەوە کراون بە کوردی و لە داهاتوودا لە ڕێگەی دەزگاکانی بڵاوکردنەوەوە لە کوردستان بڵاو دەبنەوە.

4.Alan Dundes, The Flood Myth, University of California Press(1988)

5.Yakov Perelman, Lively Mathematics, Mir Publisher (1982) 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.