سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كۆمەڵەی خەواریج و تێڕوانینیان بۆ دەوڵەت و بنەماڵەی ئومەوی

15/09/2022



كەیوان ئازاد

ڕەگوڕیشەی زاراوەی (خەواریج) وەك ناوێك بۆ ئەم كۆمەڵەیە بۆ وشەی (خرج) واتە (دەرچوون) دەگەڕێتەوە. ئەوەش كاتێك دەرچوونیان لە دەسەڵاتی خەلیفەی چوارەمی ڕاشیدی (عەلی كوڕی ئەبی تالیب/ ڕ.خ) ڕاگەیاند و دادوەرییان لەگەڵ (موعاویەی كوڕی ئەبی سوفیان) والیی شام ڕەت كردەوە.

واتە ئەگەر خەلیفە (عەلی كوڕی ئەبی تالیب/ ڕ.خ)، تا دوا وێستگە شەڕی (موعاویەی كوڕی ئەبی سوفیان)ی بكردایە، دژایەتییان نەدەكرد و ریزەكانی سوپاكەیان بەجێ نەدەهێشت. هەر بۆیە هەڵوێستی توندیان لە خەلیفە، بە هۆی سازشكردنی بوو بۆ (موعاویەی كوڕی ئەبی سوفیان) و رێككەوتن و دادوەریكردنی بوو لەگەڵی. واش خۆیان ناساند كە لەپێناو پەروەردگار و بۆ ڕزگاربوونی كۆمەڵگای ئیسڵامی لە پەرتەوازەیی و بێسەروبەری، هاتوونەتە مەیدان.

دەركەوتنی ئەم كۆمەڵەیە بۆ ساڵی (37ك/657ز) و شەڕی (سەفیین) دەگەڕێتەوە. ئەوەش كاتێك ریزەكانی سوپای خەلیفە (عەلی كوڕی ئەبی تالیب/ ڕ.خ)یان بەجێ هێشت و ڕوویان كردە گوندی (حروریە)ی نزیك شاری (كووفە). لەوێش بە (كۆمەڵەی حروری) ناسران، چونكە ئەو گوندەیان كردە پێگە و مەڵبەندی خۆیان. دواتر چەند ناوێكی تریشیان لێ نرا، لەوانە (المارقە، المحكمە، الشراە).

(المارقە) بە مانای (دەرچوون) لە دەسەڵات هات، چونكە لە دەسەڵاتەكەی خەلیفە (عەلی كوڕی ئەبی تالیب/ ڕ.خ) چوونە دەرەوە. (المحكمە)ش بە واتای (دادوەری) هات، چونكە هەر جۆرە دادوەرییەكیان لەگەڵ (موعاویەی كوڕی ئەبی سوفیان) و هاوپەیمانەكانی ڕەت كردەوە و وایان ڕاگەیاند، كە تەنیا خودا دەتوانێت دادوەری بكات، نەك بەندەكانی خودا. (الشراە)یش بەو مانایە هات، كە ئەوان ژیانی خۆیان بە خودا فرۆشت، تا لەو دونیا بە بەهەشتەكەی خۆی شادیان بكات.

لێرەوە بەرەیەكی دیكەی جیاواز لە بەرەی پشتیوانانی چوارەمین خەلیفەی ڕاشدی و هەروەها والیی شام، سەری هەڵدا. ئامانجی سەرەكیی ئەمانیش لێدانی خەلیفەی ڕاشدی و دوورخستنەوەی سیستەمی خەلافەتی ئیسلامی بوو لە بنەماڵەی ئومەوی، بەڵام لەو كارەدا سەركەوتوو نەبوون، چونكە لەلایەن (عەلی كوڕی ئەبی تالیب/ ڕ.خ) و لە ساڵی (38ك/658ز) و لە شەڕی (نەهرەوان) لێیان درا و بەرەو ناوچەی شارەزوور ڕایانكرد و پاشەكشەیان پێ كرا و ئەوێیان كردە مۆڵگەی خۆیان.

بەو ڕووداوەش بڕیاری تۆڵەكردنەوەیان دا، بۆیە سێیان لە كەسایەتییە دیارەكانیان بۆ كوشتنی هەریەك لە (عەلی كوڕی ئەبی تالیب/ ڕ.خ) خەلیفەی ڕاشدی، (موعاویەی كوڕی ئەبی سوفیان) والیی شام، (عەمری كوڕی عاس) والیی میسر، راسپارد، بەڵام ئەوان تەنیا لە كوشتنی (عەلی كوڕی ئەبی تالیب) لە ساڵی (40ك/660ز) سەركەوتوو بوون و نەیانتوانی دەستیان بگاتە (دوو) كەسایەتییەكەی دیكە.

ئەوەش دەرفەتی دایە (موعاویەی كوڕی ئەبی سوفیان) بەڕەكە لە بندەستی (حەسەنی كوڕی عەلی/ ڕ.خ) پێنجەمین خەلیفەی ڕاشدی دەربهێنێت و دەوڵەتێكی نوێ بە ناوی (دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی) دابمەزرێنێت. بەم ڕووداوەش، كۆمەڵەیەكی دیكەیان لێ جیا بووەوە، كاتێك لەلایەن (زیادی كوڕی سەفر)ەوە بانگەشە بۆ پێشەوایەتیی (ئەبوو بیلالی مەرداسی كوڕی ئەدەیەی حەنزەڵەی تەمیمی) كرا و بە (كۆمەڵەی سەفریە) ناسران.

ئەمانیش وەك كۆمەڵەكەی پێشوو لە ئاست ئومەوییەكان شكستیان خوارد و ئەوانیان لە دەسەڵات بۆ دوور نەخرایەوە، تا كۆمەڵەی سێیەمیان بە سەركردایەتیی (نافعی كوڕی ئەزرەقی كوڕی قەیسی حەنەفی) لە ناوچەی خوزستانی باشووری ناوچەی لۆڕستانی كوردنشین لێ جیا بووەوە و بە (كۆمەڵەی ئەزارقە) ناسران. هۆیەكەش ئەوە بوو كە ئەمان پێیان وابوو، ئەگەر كۆمەڵی پێشوو هەڵوێستەكانیان جدیی بوایە، ئەوا دۆخەكە بەو ئاراستەیە نەدەڕۆیشت، تا بنەماڵەی ئومەوی بگەنە دەسەڵات.

زۆری نەخایاند، ئەم كۆمەڵەیەش لە دژایەتیكردنی بنەماڵەی ئومەوی شكستیان خوارد و كۆمەڵەی چوارەم بە سەركردایەتیی (عەبدوڵای كوڕی بەیهەس) لێ جیا بووەوە و بە (كۆمەڵەی بەیهەسی) ناسران. ئەمانیش سەرباری هەوڵەكانیان بۆ دژایەتیی بنەماڵەی ئومەوی، بەڵام سەركەوتوو نەبوون، بۆیە كۆمەڵەی پێنجەم لەنێو ئەمان و بە سەركردایەتیی (عەبدوڵای كوڕی ئەباز) سەری هەڵدا و بە (كۆمەڵەی ئەبازی) ناسران. بەو شێوەیە بەدرێژایی سەردەمی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئومەوی (پێنج) ڕەوتی جیا لە كۆمەڵەی خەواریج جیا بوونەوە، كە هەندێك لەوان لە خاكی كوردستان و ناوچە كوردنشینەكانەوە دژایەتیی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوییان كرد.

دیارە (كۆمەڵەی خەواریج) سەرباری ئەو جیابوونەوانەی بەسەریاندا هات، هەوڵیان دا بە كۆمەڵێك پەیامی ئایینی پاساو بۆ جیابوونەوەكانیان بهێننەوە و ڕەوایەتی بە كارەكانیان بدەن. ئەم پەیامانەش لەلایەن هەموو ئەوانەوە كاری لەسەر كرا، كە لەم كۆمەڵەیە جیا بوونەوە، وەك جۆرەكانی تاوان و سزا و پاداشتی ڕۆژی دوایی لەلایەن پەروەردگارەوە. لەم بوارەدا كۆمەڵی (ئەزارقە)، كە لە كۆمەڵەی (حروریە) جیا بوونەوە، پێیان وابوو كە پەروەردگار هەموو كردەوەكانی ژیانی لە چارەی هەر مرۆڤێك نووسیوە كە دێتە دونیا، بۆیە ئەوەی دەیكات ڕەزامەندیی خودای لەسەرە و بۆ بەندەكانی نییە قسەی لەبارەوە بكەن.

ئەو باوەڕەشیان لەسەر ئەوە هێنایەوە كە خودا لە چارەی (عەلی كوڕی ئەبی تالیب/ ڕ.خ)ی نووسیوە دادوەری لەگەڵ (موعاویەی كوڕی ئەبی سوفیان) بكات و ئەوە ڕوو بدات، وەك ڕووی دا، بەڵام هەریەك لە كۆمەڵانی (ئەبازی، بەیهەسی، سەفری) لایان وابوو لەبەر ئەوەی پەروەردگار ژیریی داوە بە مرۆڤ، مەرج نییە هەموو ڕووداو و كار و كردەوەكانی ژیان چارەی خوای لەسەر بێت و قەزا و قەدەر بێت.

بەو شێوەیە، ئەم كۆمەڵەیە سەرباری جیابوونەوەیان، بەو جیاوازییە بیركردنەوە و باوەڕبوونانە، توانییان كار لەسەر بەشێكی كۆمەڵگای ئیسلامی، بە كوردی موسڵمانیشەوە بكەن و پشتیوانی ڕەوت و سیاسەتەكانیان بن لە دژی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی. ئەم شێوازەش لە تێگەیشتن لە ئایینی ئیسلام و پاساوهێنانەوە، سەرجەم كۆمەڵەكانی خەواریجی گرتەوە، تا بەو تێگەیشتن و پاساوانە لەلایەك دژایەتیی نەیارەكانیان بكەن، لەلایەكی دیكەوە بوونی خۆیان بسەلمێنن.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.