سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كورد لە ململانێی كۆمەڵەی خەواریج و بنەماڵەی ئومەویدا

28/09/2022


 

كەیوان ئازاد

سەرەتای گەیشتنی كۆمەڵەی خەواریج بە كوردستان و ئاشنابوونیان بە كورد، بۆ ساڵی (38ك/658ز) و بۆ دوای شەڕی (نەهرەوان) دەگەڕێتەوە، كاتێك پۆلێکیان بە سەرکردایەتیی (فەروەی کوڕی نەوفلی ئەشجەعی)، کە ژمارەیان (هەزار و پێنج سەد) کەس بوو، گەیشتنە (شارەزوور) و دژایەتیی خۆیان بۆ (موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیان) یەکەمین خەلیفەی دەوڵەتی ئومەوی و بنەماڵەكەی ڕاگەیاند.

(شارەزوور)یش ناوچەیەكی هەرێمی چیا بوو، كە بەهۆی سەختی و تا ڕادەیەك دووری لە شاری (دیمەشق) پایتەختی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی لە شام و هەروەها هاوسۆزیی خەڵکەکەی بۆ کۆمەڵە هەڵاتووەکان، باشترین ناوچە بوو، ئەو كۆمەڵەی تێدا بمێنێتەوە و بیكەنە مەڵبەندی خۆیان و لەوێوە دژایەتیی دەوڵەت و بنەماڵەی نوێ بكەن.

بە گەیشتنی ئەمان بە ناوچەی شارەزوور و بە مەبەستی ڕاکێشانی سۆز و خۆشەویستیی دانیشتوانەکەی و بەکارهێنانیان بۆ مەبەستی سیاسیی خۆیان، بانگەشەی ئەوەیان کرد کە دەکرێت پێشەوای موسڵمان هەر لە بنەماڵەی پەیامبەر (د.خ) و تەنانەت هۆزی قوڕەیش و نەتەوە عەرەب نەبێت، بەڵکوو دەکرێت کۆیلەیەکی حەبەشی یان كوردێك بێت، بەو مەرجەی دادوەر و پاک بێت.

ئەو بانگەشەیەش ڕۆڵی لە ڕاکێشانی کوردەکانی شارەزووردا گێڕا، تا بەو هۆیەوە پشتیوانییان لێ بکەن. ئەوەش لەکاتێکدا بوو کە ئەو سەردەمە و تەنانەت دواتریش باوەڕ وابوو، کە ‌‌خەلیفەی و پێشەوای موسڵمانان دەبێ لە ”هۆزی قوڕەیش‘‘ بێت، چونکە پەیامبەری ئیسلام (د.خ) لەوبارەوە فەرمووبووی ”‌‌الائمه‌ من قریش‘‘. واتە ‌‌پێشەوای موسڵمانان دەبێت لە قوڕەیش بێت.“

بەڵام كاتێك كۆمەڵەی خەواریج ئەو پەیامەیان پێچەوانە كردەوە و بانگەشەی ئەوەیان كرد كە دەكرێت خەلیفە و پێشەوای موسڵمانان هەر لە عەرەب و لە هۆزی قوڕەیش نەبێت، توانییان خەڵکانێک لەدەوری خۆیان کۆ بکەنەوە کە یەکێک لەوان کورد بوون. هەروەها چەندین بۆچوونی نوێیان لەسەر چەند بابەتێکی فیقهی و حەرام و حەڵاڵ هێنایە ئارا، تا زیاتر بچنە ناخی خەڵكەوە و باوەڕیان پێ بكەن و لەدەوریان كۆ ببنەوە.

لەو چوارچێوەیەدا (فەروەی كوڕی نەوفلی ئەشجەعی) وەك یەکێک بوو لە دیارترین سەرکردەکانی خەواریج و یەکێک لە هاوەڵانی پەیامبەر (د.خ)، توانی تا ساڵی (41ك/661ز) لە ناوچەی (شارەزوور) بمێنێتەوە و سەركردایەتیی كۆمەڵەكەی بكات و پشتیوانیی كوردەكانی ناوچەكە بەدەست بهێنێت.

دیارە ئەگەرچی لە دواجاردا هەوڵەكەی بە ئەنجام نەگەیشت و بە پیلانی خەلیفە (موعاویەی كوڕی ئەبی سوفیان) لێی درا و كۆتایی بە ژیانی هات، بەڵام بۆ ماوەیەك سەركردایەتیی ئەو كۆمەڵەیەی لە دژی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی كرد. بە كوژرانیشی دانیشتوانی ناوچەی (شارەزوور) باجی پشتیوانیی ئەو كۆمەڵە و سەركردەكەیان لەلایەن دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوییەوە دا.

هاوکات لەگەڵ هەوڵەکەی (فەروەی كوڕی نەفلی ئەشجەعی) کۆمەڵێکی دیكەی خەواریج بە سەركردایەتیی (حۆسرەی ئەسەدی) بە (١٥٠) کەسەوە لە شاری (مەندەلی) خۆیان حەشار دا، تا دەست بەرپرسانی ئومەوی نەکەون و لە کاتی شیاودا دەست بدەنە ڕاپەڕین، بەڵام لەلایەن ئومەوییەکانەوە شوێن پێیان هەڵگیرا و دۆزرانەوە. ئەوەش کاتێک (موعاویە) لە نامەیەکدا داوای لە (حابسی تائی) والیی شاری (مەندەلی) کرد، شوێنیان بکەوێت و لێیان بدات. ئەویش لە پەلامارێکدا بۆ سەریان لە سەرکردە و لایەنگرانی دا و بڵاوەی پێکردن.

هەوڵێكی دیكەی كۆمەڵەی خەواریج دژ بەم دەوڵەتە لەلایەن كۆمەڵی (خەواریجی سەفریە) بوو، كاتێك (زیاد کوڕی خەراش ئەلعەجەلی) وەك یەكێك لە سەركردەكانی ئەو كۆمەڵەیە لە ساڵی (٥٢ک/٦٧٢ز) و لە ناوچەكانی مووسڵ و جزیرە، دژ بەو دەوڵەتە ڕاپەڕی. لەم ڕاپەڕینەشدا کوردەکانی شاری مووسڵ و دەوروبەری بەشداریی کارایان تێدا كرد، بەڵام دواجار ئەمانیش لەلایەن (زیاد بن ابی) والیی ئومەوی لە عێراق لێی درا، بۆیە كوردەكانی ئەو (دوو) ناوچەیە، باجی ئەو هاوكارییەی (زیادی كوڕی خەراش)یان دا.

پشتیوانییەكی دیكەی كوردەكان لە كۆمەڵەی خەواریج، كەوتە ساڵی (٦٧ک/٦٨٦ز)، كاتێك (نافیعی کوڕی ئەزرەق) پێشەوای کۆمەڵی ئەزارقە، لە ناوچەی (ئەهواز) ڕووبەڕووی ئومەوییەكان بووەوە، بەڵام دوای زنجیرەیەك شکست، پەنای بۆ هەرێمی فارس برد. لە بەرامبەردا تۆڵەی شکستەکانی ناوچەی ئەهوازی لە خەڵکی ناوچەی فارس کردەوە كە بەشێكیان كورد بوون. بێ ئەوەی بۆ ئەوە چووبێت، كە ئەوەی شكستی پێهێنا، كوردەكان نەبوون، بەڵكوو سوپای دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی بوو، بەڵام ئەو بێڕەحمانە كەوتە وێزەی كورد و تەنانەت جیاوازییشی لەنێوان ژن و منداڵ و پیاودا نەکرد و لە کوشتنیان درێغیی نەکرد. بەو هۆیەش كوردەكانی هەرێمی فارس، كەوتنە بەر هەڕەشەی ئەم كۆمەڵەیە.

بەم شێوەیە لە قۆناغی یەكەمی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی، كە كەوتە سەردەمی هەر (سێ) خەلیفەی یەك خێزان (موعاویەی كوڕی ئەبی سوفیان، یەزیدی كوڕی موعاویە، موعاویەی كوڕی یەزید)، بەشێك لە كوردەكان پشتیوانییان لە ڕەوتە جیاجیاكانی كۆمەڵی خەواریج كرد و باجی ئەو هاوكارییەیان دا. پشتیوانیی كوردەكانیش لە كۆمەڵەكانی خەواریج، لە خۆشەویستییان نەبوو بۆیان، بەڵكوو دژایەتییان بوو بۆ دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی و سیاسەتە توندەكانیان لەمەڕ ئەو پێكهاتانەی عەرەب نەبوون، وەك هاووڵاتیی پلەدوو ئەژمار دەكران و بە موسڵمانبوونیان باجی جزیەیان لەسەر لانەدەچوو. ئەوەش وای كرد بەشێك لە كوردەكان لەپێناو دژایەتیی سیاسەتی ئەو دەوڵەتە پەنا بۆ نەیاری دەوڵەتەكەش ببەن كە یەكێك لەوان (كۆمەڵەی خەواریج) بوو

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.