سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كۆمەڵی جیهادی ئیسلامی لە میسر

25/03/2017


كۆمەڵی جیهاد، یان كۆمەڵی جیهادی ئیسلامیی میسری كە بە "رێكخراوی جیهاد لە میسر"ـیش دەناسرێت، كۆمەڵێكی سەلەفی جیهادییە. سەركردە و كاربەدەست و ئەندام و لایەنگرەكانی ئەم كۆمەڵەیە، خۆیان بە بەشێك لە رێبازی ئەهلی سوننە و جەماعە دەزانن و پەیڕەو و پرۆگرامیان، بەندە بە شوێنكەوتنی قورئان و سوننەت بەوشێوەیەی كە (سەلەف) پەیڕەوییان لێكردون.

ناوی كۆمەڵەكە و دامەزراندنی
ئەم كۆمەڵەیە یەكێكە لە رێكخراوە جیهادییەكانی میسر و لەوێ دامەزرێندراوە و وەك بەناوەكەیدا ئاشكرا و دیارە، بڕوای تەواوی بە جیهادكردن لەپێناو سەرخستنی پەیامی ئیسلام هەیە. سەركردە و ئەندامەكانی كۆمەڵی جیهادی ئیسلامیی میسری، پێیانوایە كە جیهادكردن باشترین و كاریگەرترین رێگەیە بۆ بڵاوكردنەوەی ئایینی ئیسلام و سەپاندن و جێبەجێكردنی شەریعەتی ئیسلامی لە تەواوی جیهاندا.

كۆمەڵی جیهادی ئیسلامی لەو رێكخراوەوە سەرچاوە دەگرێت كە لە ساڵی (1964)ـدا لە قاهیرەی پایتەختی میسر لەلایەن (عەلەوی مستەفا، ئیسماعیل تەنتاوی و نەبیل ئەلبەرعی)ـەوە دامەزرێندرابوو. دواتر كۆمەڵەكە فراوانتر بوو، بە تایبەت لە كۆتایی شەستەكانی سەدەی رابردودا كاتێك ژمارەیەكی زۆر لە ئیسلامییە جیهادییەكانی میسر پەیوەندییان پێوەكرد، دیارترینیان (ئەیمەن زەواهیری) سەرۆكی ئێستای رێكخراوی ئەلقاعیدە بوو.

تێڕوانینی كۆمەڵی جیهاد بۆ وڵات و رێكخراو و دامەزراوەكان
كۆمەڵی جیهادی ئیسلامی، هەموو ئەو وڵات و دامەزراوە و رێكخراوانە تەكفیر دەكات كە بە شەریعەتی ئیسلامی حوكم ناكەن و ئیسلامیان نەكردوە بە دەستوری بەڕێوەبردنی كاروباری خۆیان، وەك ئەو وڵات و رێكخراو و دامەزراوانەی كە بڕوایان بە سیستمەكانی سێكۆلاریزم و دیموكراسی و كۆمۆنیزم هەن. لەو سۆنگەیەوە، كۆمەڵی جیهادی ئیسلامی، هاوشێوەی رێكخراوە جیهادییەكانی تر، ئامانجی روخاندنی سیستەم و حكومەت و دەسەڵاتی دەوڵەتان و گۆڕینیانە بە حوكمی خەلافەتی ئیسلامی.

باكگراوندی هزری و بیروباوەڕی كۆمەڵی جیهادی ئیسلامی
سەركردە و ئەندام و لایەنگرانی كۆمەڵی جیهادی ئیسلامیی میسری، لەژێر كاریگەری بیروبۆچونەكانی (محەمەد خەلیل هەراس) و (سەید قوتب) پەروەردە بوون و بیروباوەڕی سەلەفی و جیهادییانەیان گەشەیكردوە. بەگوێرەی زانیارییەكان، سەرجەم ئەندامەكانی ئەم كۆمەڵەیە، بە هەردوو كتێبی (في ظلال القرآن و معالم في الطریق)ـی سەید قوتب كاریگەربوون. سەبارەت بە پەیوەندی نێوان كۆمەڵی جیهادی ئیسلامی و (رێكخراوی ئەلقاعیدە)ـش، زانیارییەكان باس لەوە دەكەن كە لە ساڵانی 2005 و 2006ـدا، دەزگاكانی ئاسایشی میسر چەندین زانیاری و سەرەداویان دەستخستوە سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ئەو دوو رێكخراوە و ئەو كردەوە تیرۆرستییانەی كە لەو ساڵانەدا لە میسر ئەنجامدراون.

كردەوە چەكدارییەكانی كۆمەڵی جیهادی ئیسلامی

ئەمانەی لای خوارەوە، دیارترین ئەو كردە چەكدارییانەن كە كۆمەڵی جیهادی ئیسلامی لە میسردا ئەنجامیداون:
-هەوڵێكی شكستخواردوی كودەتا لە ساڵی 1974ـدا لە میسر كە بە هەڵمەتی (كۆلێژی هونەری سەربازی) دەناسرێت.
-پەلاماردانی پاسەوانی كونسوڵگەری و كارمەندانی پۆلیس و ئاسایش و كوشتنی ئەفسەرێكی ئاسایشی میسر لە ساڵی 1977ـدا.
-تیرۆركردنی ئەنوەر سادات سەرۆكی پێشوتری میسر و ژمارەیەك لە هاوەڵ و پاسەوانەكانی لەكاتی ئامادەبوونیان لە نمایشێكی سەربازیدا كە لە 6/10/1981ـدا بەڕێوەچوو. كردەوەكەش لەلایەن چوار چەكداری كۆمەڵی جیهادی ئیسلامییەوە ئەنجامدرابوو.
-بە بۆمب هێرشكردنە سەر سەربازگەی هێزەكانی ئاسایشی قاهیرە لە 8/10/1981ـدا.
-هەوڵی تیرۆكردنی لیوا- حەسەن ئەلئەفی وەزیری ناوخۆی پێشوتری میسر لە ساڵی 1993ـدا. ئەویش لەرێگەی كردەوەیەكی خۆكوژییەوە كە ئەندامێكی كۆمەڵی جیهادی ئیسلامی لەبەردەم زانكۆی ئەمریكیدا لە قاهیرە ئەنجامیدا و خۆی بە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی وەزیردا تەقاندەوە. لەو كردەوەیەدا وەزیرەكە و ژمارەیەك لە پاسەوانەكانی برینداربوون.
-هەوڵدان بۆ تیرۆكردنی عاتف سدقی سەرۆكوزەیرانی پێشوتری میسر لەرێگەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوەوە بە ئۆتۆمبێلەكەی سەرۆكوەزیراندا. ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكە لەرێگەی ریمۆنت كۆنترۆڵەوە لە شەقامێكی قاهیرە لە ساڵی 1993ـدا تەقێندرایەوە.
-كوشتنی شایەتحاڵی سەرەكی دۆسێی هەوڵی تیرۆركردنی عاتف سدقی. شایەتحاڵەكە ساڵی 1993 چەند كاتژمێرێك بەر لە وادەی شایەتیدانەكەی لەلایەن كۆمەڵی جیهادی ئیسلامییەوە كوژرا.
-چەند هەوڵێك بۆ تیرۆكردنی حوسنی موبارەك سەرۆكی پێشوتری میسر. جارێك لەرێگەی دانانی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لەبەردەم مزگەوتێكدا. جارێكی تر ئەندامانی كۆمەڵی جیهادی ئیسلامی، ئەو رێگەیەیان بۆمبڕێژكردبوو كە بڕیاربوو حوسنی موبارەك پێیدا تێپەڕببێت. بەڵام سەرجەم ئەو هەوڵانە بێئەنجام بوون، چونكە هەموو جارێك كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی سەرۆك كۆمار لە دواساتەكاندا، رێڕەوی خۆیان گۆڕیبوو.
-تەقاندنەوەی باڵیۆزخانەی میسر لە (ئیسلام ئاباد)ـی پایتەختی پاكستان.
-هاوبەشیكردن و یارمەتیدانی ئەلقاعیدە لە تەقاندنەوەی هەردوو باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە كینیا و تەنزانیا لە ساڵی 1998ـدا.


ئەنوەر سادات كێیە؟

لایەنگرانی سادات، ناوبراو بە جەربەزەترین و واقیعیترین سەرۆكی عەرەبی ئەژمار دەكەن و پێیانوایە میسری لە وڵاتێكی پۆلیسییەوە گۆڕیوە بۆ وڵاتێكی مەدەنی. بەجۆرێك كە ناوەندەكانی بڕیاری لە چنگ هێزەكانی پۆلیس و سەرباز هێناوەتە دەرەوە و ئابوری میسری گەشەپێداوە.
محەمەد ئەنوەر محەمەد سادات، سەرۆك كۆماری میسر (1970-1981) لە 6/10/1981ـدا، لەكاتی ئامادەبوونی لە نمایشێكی سەربازیدا، لەلایەن چوار چەكداری كۆمەڵی جیهادی ئیسلامییەوە تەقەی لێكرا و كوژرا. ئەو چەكدارانەی كۆمەڵی جیهادی ئیسلامیی میسری كە تەقەیان لە سادات كردبوو، بریتی بوون لە: خالید ئیسلامبولی، حوسەین عەباس، عەتا تایل و عەبدلحەمید عەبدلسەلام. لە هێرشەكەدا سێ گولـلە بەر مل و دڵ و سنگی سادات كەوتن و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستدا.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.