سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كورد لە ململانێی كۆمەڵەی خەواریج و بنەماڵەی ئومەویدا.. نیوەی دووەم

01/10/2022


كەیوان ئازاد

 

لە نیوەی دووەمی دەسەڵاتی ئومەوییەكاندا

مەبەست لە نیوەی دووەمی دەسەڵاتی ئومەوییەكان، سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی كوڕان و نەوەكانی (مەروانی كوڕی حەكەم) بوو كە دوای (موعاویەی كوڕی یەزید) گەیشتنە پایەی خەلافەت و دوای یەك ساڵ لە دەسەڵاتى، پایەی خەلافەتی بۆ (عەیدولمەلیكی كوڕی) و لەویشەوە بۆ برا و كوڕ و نەوەكانی بەجێ هێشت.

لەم سەردەمەشدا كۆمەڵەی خەواریج درێژەیان بە ڕاپەڕین و خەباتی خۆیان لە دژی بنەماڵە و دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی دا. یەكەمین راپەڕینیشیان بە سەرکردایەتیی (ساڵحی کوڕی موسەرەحی تەمیمی) بوو لە ساڵی (٧٦ک/٦٩٥ز) و لە گوندی (مدیج)ی نزیک شاری (مووسڵ)، كاتێک بە (سەد هەزار) لایەنگرەوە دەستی دایە ڕاپەڕین و ڕووبەڕووی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی بووەوە. سەرەتاش توانی شاری (دارا) داگیر بکات، کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کورد بوون.

دواتریش شارەکانی (نوسەیبین، ماردین، شنگار)ی لە بندەستی ئومەوییەكان دەرهێنا. بەو هۆیەوەش سەرنجی کوردەکانی ئەو شارانەی ڕاکێشا و پشتیوانییان لە ڕاپەڕینەكەی كرد. تەنانەت بە هاوکاریی ئەوانیش پەلاماری شارەکانی (دسکەرە، جەلەولا، خانقین)ی دا و سوپای ئومەوییەکانی دووچاری شکست كرد، بەڵام دواجار هێزەکەی لە ڕۆژی (دووشەممە) رێكەوتی (١٧ی جومادی یەکەمی ٧٦ک) هاوكاتی (٣ی ئەیلولی ٦٩٥ز) بەرامبەر سوپای ئومەوییەکان بە سەرکردایەتیی (حارس کوڕی عەمیرەی کوڕی زی ئەلشەعار) تێکشکا و (ساڵح) کوژرا، بەوەش جووڵانەوەکە کۆتایی پێهات.

لەدوای شکستی ئەو جووڵانەوەیەش، هەوڵێکی دیكە بە سەرکردایەتیی (شەبیب کوڕی یەزیدی خاریجی) وەک تۆڵەکردنەوەیەک بۆ ڕاپەڕینەكەی (ساڵح)، لە ساڵی (٧٦ک/٦٩٥ز)و لە ناوچەی (مووسڵ) دژ بەو دەوڵەتە دەستی پێکرد، بەڵام ئەم هەوڵەش دوای زنجیرەیەک سەرکەوتن و شکست، بە تێکشکانی لەلایەن ئومەوییەکانەوە کۆتایی پێهات.

بەپێی تۆمارێکی مێژووییش، (شەبیب) توانی بەهۆی پشتیوانیی دانیشتوانی (حولوان)ەوە بەرەو (ئەهواز)و دواتر بەرەو هەرێمی فارس ڕابكات، بەڵام دواجار شكست چارەنووسی بوو. هەروەها باس لەوەش كراوە، كە ژنەکەی (شبیب) بە ناوی (غزالە) هاوکارێکی باشی مێردەکەی بووە و توانیویەتی کار لە ژنانی ئەو ناوچانە بکات، کە ڕاپەڕینەكەیان پێ گەیشتووە، بەڵام بە هەموو ئەوانەشەوە، شکست چارەنووسی ئەم جووڵانەوەیەش بووە.

دوای ئەمیش (موترف کوڕی موغیرە کوڕی شوعبە)ش لە ساڵی (٧٧ک/٦٩٦ز) و لە شاری (هەمەدان)ی هەرێمی چیا دژ بە ئومەوییەکان ڕاپەڕی. دانیشتوانەکەشی بەهۆی توندیی سیاسەتەکانی (حەجاجی كوڕی یوسفی سەقەفی) والیی عێراق پشتیوانییان لێ کرد. بەهۆی ئەو پشتیوانەشیەوە گەمارۆی شاری (حولوان)ی دا. گەمارۆكەش درێژەی كێشا، چونكە كوردەكانی شارەكە پشتیوانییان لە (سوید کوڕی عەبدڵڕەحمانی سویدی) فەرمانڕەوای ئومەوی لە شارەکە كرد.

ئەوە بوو شەڕێكی سەخت ڕووی دا و (موترف)یش گەمارۆكەی توند كردەوە، تا دواجار چووە نێو شارەکەوە، سەرباری کۆمەڵکوژیی دانیشتوانە کوردەکەی، چەندین خانووی ئەوانی سووتاند و تاڵانیی گەورەشی لە شارەکە کرد. ئەوەش (حەجاج)ی ناچار كرد ڕووبەڕووی ئەو دۆخە بێتەوە و شارەكە لە بندەستی (موترف) دەربهێنێت و كۆتایی بەو ڕاپەڕینەش بهێنێت. بەو هۆیەشەوە، ئەو کوردانەی بەشدارییان لەو بزووتنەوەیەدا کرد، ڕووبەڕووی كۆمەڵكوژیی (حەجاج) بوونەوە. بەو شێوەیەش کورد لە هەردوو بەری ململانێکە بووە قوربانی.

لەلایەکی دیکەوە، کوردەکانی هەرێمی فارس لە ساڵی (٩٠ک/٧٩٩ز) ڕاپەڕین و (حەجاج)یش بە سوپایەکی بە سەرکردایەتیی (بیلال ئەلزوبی) بۆ ناردن و ملی پێ کەچ کردن. دڵڕەقیی ئەو فەرماندەیەش بە ئاستێک بوو کە هەموو ئەوانەی بە دیلی کەوتنە دەست سوپاکەی، پۆشاکەکانی لەبەر داکەندن و دواتر کەسوکاریانی بانگ کردن، تا بەو شێوەیە بیانبینن. کەسوکارەکانیشیان بە (یاڕۆ) و کێشان بەسەر خۆیاندا بەرەو ڕوویان چوون. ئەوەش وەک سووکایەتی پێکردن پێیان. ئەوانەیشی پشتیوانییان لەو جووڵانەوەیە کرد، دانیشتوانی شارەکانی (فسا، دارابگرد، ئەستەخر) بوون، کە بەشێکیان کورد بوون.

توندیی (حەجاج) لەگەڵ نەیارانی و لەنێو ئەوانیشدا کوردەکان و شکستی یەک لەدوای یەكی جووڵانەوەکانی خەواریج، وایان بە بیر ئەواندا هێنا، کۆتایی بەو پشتیوانییە بێ ئەنجامانە بهێنن و ڕوو لە دەوڵەت بکەن، تا لەوە زیاتر ئاوارە و ماڵوێران نەبن. كاتێكیش (حەجاج) لە ساڵی (٩٥ک/٨١٣ز) كۆچی دوایی كرد، زۆری نەخایاند (عومەری کوڕی عەبدولعەزیز) لەنێوان ساڵانی (١٠٠-١٠٢ک/٧١٨-٧٢٠ز) بووە خەلیفە و دادوەریی بەرقەرار کرد. تەنانەت باجی (جزیە)ی لەسەر ئەوانە لابرد، كە بوونە موسڵمان.

ئەوەش هانی کوردەکانی شارەزوور و ناوچە کوردنشینەکانی دیكەی دا پشتیوانی لەو خەلیفەیە بکەن. هەر بۆیە چالاكیی کۆمەڵەکانی خەواریج و ئەوانی دیكە کەوتە کزی، بەڵام بە كۆچی دوایی ئەم خەلیفە و گەیشتنی (هیشامی كوڕی عەبدولمەلیك) بە پایەی خەلافەت، دۆخەكە بۆ پێشوو گەڕایەوە. ئەوەش هانی (شۆزەبی خەواریجی) دا لە هەرێمی جزیرە، دەست بداتە ڕاپەڕین و پشتیوانیی دانیشتوانەکەی بەدەست بهێتێت، بەڵام بە شكست كۆتایی پێهات.

راپەڕینێكی دیكەی ئەم كۆمەڵەیە كەوتە ساڵی (١١٩ک/٧٣٧ز)، كاتێك (بەهلول کوڕی بەشری شەیبانی) ناسراو بە (کەسارە) دەستی دایە ڕاپەڕین و پشتیوانیی کوردەکانی ناوچەی مووسڵی بەدەست هێنا، بەڵام دواتر هێزەکەی لە بەرامبەر سوپای ئومەوییەکان تێکشکا و بەوەش كۆتایی بە جووڵانەوەكەی هات.

لە جووڵانەوەکەی (سەعید کوڕی مەجدەلی ئەلجەرشی)دا، کە لە ساڵی (١٢٦ک/٧٤٣ز) دەستی دایە ڕاپەڕین و خۆی بە (میری موسڵمانان) ناساند، بەشێک لە کوردەکان لە ناوچەی جزیرە پشتیوانییان لێ کرد. هۆکاری هاوکاریی کوردەکانی ئەو ناوچەیەش لەو جووڵانەوەیە بۆ ئەوە گەڕایەوە، کە ئەوان زۆر لە سیاسەتی (بوستام کوڕی لەیسی تەغلبی) سەرکردەی دیاری خەواریجی بەیهەسی ناڕازی بوون و بۆ هەلێک دەگەڕان لێی هەڵگەڕێنەوە، چونکە زۆر ئەوانی دەچەوساندەوە و ئازاری دەدان، بۆیە کوردەکان هاوکاریی (سەعید)یان لە کوشتنی (بوستام) کرد، بەڵام دواجار (سەعید) بە نەخۆشیی تاعوون لە ناوچەی شارەزوور کۆچی دوایی کرد. بەوەش ئەو جووڵانەوەیە کۆتایی پێهات.

دوای ساڵێكیش (زوحاک کوڕی قەیسی شەیبیانی) سەركردەی دیاری كۆمەڵی خەواریجی سەفرییە، بە (پەنجا هەزار) چەکدار لە ناوچەی شارەزوورەوە دەستی دایە ڕاپەڕین و ڕووی کردە هەرێمی جزیرە، تا ڕووبەڕووی دەوڵەت ببێتەوە. بەو پێیەشی (زوحاک) یەکێک بوو لە وتاربێژ و ڕاڤەکارە بەتواناکانی ئەو کۆمەڵەیەی خەوارج، توانی بەو کارەی سەرنجی دەوروبەری بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.

تەنانەت هەریەک لە (عەبدوڵای کوڕی عومەر کوڕی عەبدولعەزیز و سولەیمانی کوڕی هیشامی کوڕی عەبدولمەلیک) بەیعەتیان پێ دا و نوێژیان لەپشتییەوە کرد. ئەو توانایەشی لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو، کە چەند ساڵێک لە پەیڕەوانی شیعە بوو، دواتر هەڵگەڕایەوە و بووە سەرکردەیەکی كۆمەڵی خەواریج. ئەو ئاڵوگۆڕەش لە باوەڕی ئایینی، زیاتر ئاستی زانیارییە ئایینی و سیاسییەکانی فراوانتر کرد، بەڵام بەو هێزەشەوە دواجار (زوحاک) لەلایەن (مەروانی کوڕی موحەممەد)ی دوایەمین خەلیفەی ئومەوی، کە هەر بەشێک لە کوردەکان پشتیوانییان لێ کرد، لە ناوچەی (کفر توتا) کوژرا.

دوا جووڵانەوەی كۆمەڵەی خەواریجش لەو سەردەمەدا، کە کورد بەشدارییان تێدا کردبێت، جووڵانەوەکەی (مەنسوور کوڕی جەمهور) کەسایەتیی خەواریج بوو، کە ساڵی (١٣٠ک/٧٤٨ز) لە عێراقەوە ڕووی لە هەرێمی چیا کرد و دەستی دایە ڕاپەڕین. دواتر دەستی گەیشتە چەند شارێکی هەرێمی چیا، لەوانە (دینەوەر و هەمەدان) و داگیری كردن، بەڵام بەو هەوڵانەشەوە، دواجار لەلایەن (مەروانی کوڕی موحەممەد) لێی درا. بەوەش كۆتایی بەم هەوڵەی كۆمەڵەی خەواریجیش هێنرا.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.