(شکانی دواین پایەی خورافیات)
سەدەیەک زیاترە لە ڕۆژهەڵاتدا ئەو وەهمێک وەک ڕاستی پێشانی خەڵک دەدرێت، کە ئەویش گوایە زانستی پەرەسەندنی بایۆلۆجی Biological Evolution تەنها خورافیاتە و هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە و شتێکی دروستکراوە! لە ڕۆژهەڵات و بگرە ئێستا لە هەندێک شوێنی ڕۆژئاواش کەسانی نازانستی یان بەڕووکەش زانستی وایانکردووە داروینی زانای مەزنی بایۆلۆجی وەکو کەسێکی درۆزن و خراپ بێتە بەرچاو و شتێکیان کردووە کە زانستی پەرەسەندنیان وەکو درۆودەلەسەیەک پێشانداوە.
ئەمڕۆ خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی/فسیۆلۆجیی (کە گەورەترین خەڵاتی زانستییە) بۆ ساڵی 2022 لەلایەن لیژنەی خەڵاتی نۆبڵەوە بەخشرایە زانایەکی سویدی بەناوی سڤانتێ پەیبوو Svante Pääbo لەسەر دۆزینەوەکانی دەربارەی (جینۆمی ئەو جۆرە مرۆڤانەی لەناوچوون) و (پەرەسەندنی مرۆڤ)! وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ ڕاستەوخۆ لەسەر پەرەسەندنی مرۆڤ واتە کەوتنی کۆتا پایەی ئەو بیروباوەڕەی بانگەشەی ئەوەی دەکرد پەرەسەندن هیچ پەیوەندیەکی بە زانستەوە نییە، بێئاگا لەوەی پەرەسەندنی بایۆلۆجی یەکێکە لە گرنگترین و فراوانترین لقەکانی زانست!
سڤانتێ پەیبوو کە زانای بواری بۆماوەزانیە، لەو کەسانەیە کە پێشەنگبوون لەوەی جینۆمی مرۆڤی نیاندەرتاڵ Neanderthal ـیان ڕیزکرد، چونکە ڕیزکردنەوەی جینۆمی نیاندەرتاڵەکان زۆر قورس بوو بەو تەکنیک و ڕێگایانەی لەو ساتەدا هەبوون، لەبەرئەوەی جینۆم (کە لە DNA پێکهاتووە) لەگەڵ کاتدا گۆڕانکاری کیمیایی بەسەردا دێت و دەبێتە پارچەی بچووک و قورسە کۆبکرێتەوە. سڤانتێ بۆ توێژینەوەی دکتۆراکەی لەگەڵ زانای پێشەنگی بواری بایۆلۆژیای پەرەسەندن ئالان ویڵسن Allan Wilson ـدا دەستیکرد بە پەرەپێدان و دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ ڕیزکردنەوەی جینۆمی نیاندەرتاڵەکان، کە سەرەتای کارەکەی لە زانکۆی میونخەوە دەستپێکرد و توانی لە ساڵانی 90ـەکانی سەدەی پێشوو سەرکەوتووبێت لەوەی جینۆمی نیاندەرتاڵەکان ڕیزبکات لەڕێی دی ئێن ئەی DNAـی ناو مایتۆکۆندریای نیاندەرتاڵەکان، کە ئەو دی ئێن ئەیە لە ئێسکێکی تەمەن هەزاران ساڵەوە دەرهێنرابوو، بەڵام ئەوە هەموو کارەکە نەبوو، چونکە دی ئێن ئەی ناو مایتۆکۆندریا تەنها بەشێکی بچووکی دی ئێن ئەی نا خانەیە (دی ئێن ئەی لەناو ناوکی خانە و مایتۆکۆندریای خانەشدا هەیە، بەڵام ئەوەی مایتۆکۆندریا بەشێکی زۆر بچووکە)، بەڵام دواتر سڤانتێ لە پەیمانگای ماکس پلانک لە لایپزینگەوە کارەکەی زیاتر پەرەپێدا و توانی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لە ساڵی 2010 یەکەم ڕیزکراوی جینۆمی نیاندەرتاڵی بڵاوبکاتەوە، کە ئەو دۆزینەوەیە دەریخست کۆتا باوانی هاوبەشی ئێمە (کە پێمان دەوترێت هۆمۆ سەیپیەنز Homo Sapiens) و هۆمۆ نیاندەرتاڵەکان نزیکەی 800 هەزار ساڵ لەمەوبەر ژیاوە!
لەوەش گرنگتر سڤانتێ توانی هۆمۆنین Homonin ـێک (جۆرە مرۆڤێکی تری لەناوچوو) بدۆزێتەوە، کە پێشتر نەناسراوبوو! دۆزینەوەی ئەو جۆرە مرۆڤە دەگەڕێتەوە بۆ لە ساڵی 2008، کە لەو ساڵەدا لە ئەشکەوتێک لە باشووری سایبریا بەناوی دێنیسۆڤا Denisova ئێسکی پەنجەیەک دۆزرایەوە کە تەمەنی 40 هەزار ساڵ بوو، کە دی ئێن ئەی ناو ئێسکەکە بە شێوەیەکی نایاب بە پارێزراوی مابووەوە، کە دەستبەجێ تیمەکەی سڤانتێ ڕیزکردنیان بۆ دی ئێن ئەی ئەو ئێسکە کردوو و بۆیان دەرکەوت ئەو جینۆمە هی جۆرە مرۆڤێکی تری لەناوچووە، کە ناونرا بە هۆمۆ دێنیسۆڤا یاخود مرۆڤی دێنیسۆڤان Denisovan (دێنیسڤن). لە هەموو ئەو کارە زانستیانە گرنگتر کە سڤانتێ کردی، دۆزینەوەی ئەو ڕاستیە بوو کە ئاڵوگۆڕی جینات لەناو ئێمە (هۆمۆ سەیپیەنز Homo Sapiens) و جۆرەکانی تری مرۆڤ (هۆمۆ نیاندەرتاڵ و هۆمۆ دێنیسۆڤاکان و هتد) ڕوویداوە، هەرچەند ئێستا ئەو جۆرە مرۆڤانە لەناوچوون، بەڵام بەشێک لە جینەکانیان لەناو جینی ئێمەدا ماونەتەوە! ئەم ئاڵوگۆڕەش پاش کۆچکردنی ئێمە (هۆمۆ سەیپیەنز Homo Sapiens) بۆ دەرەوەی کیشوەری ئەفریقا لە 70 هەزار ساڵ پێش ئێستا ڕوویداوە، کە لەو کاتەدا مرۆڤەکانی وەکو نیاندەرتاڵ و دێنیسۆڤانەکان پێشتر لەو ناوچانەدابوون و پاش ئەو تێکەڵبوونە لەڕێی جووتبوونەوە جینۆمەکەمان تێکەڵی جینۆمی مرۆڤەکانی تر بووە!
سڤانتێ ئەوەی دەرخست کە جیناتی ئەو مرۆڤە لەناوچووانە لەناو جینۆمی ئێمەدا بوونیان هەیە و هێشتا لە ڕووی فیسیۆلۆجیەوە گرنگیان هەیە بۆ لەش و مانەوەمان، بۆ نموونە ئەلیلێکی دێنیسۆڤاکان لە جینی EPAS1 سوودی هەیە بۆ مانەوە لەو ناوچانەی لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزن، هەروەک لە خەڵکی تبت دەبینرێت، یاخود جینی نیاندەرتاڵەکان کاریگەری گەورەیان هەیە لە کاردانەوەی سیستمی بەرگری ئێمە بۆ جۆرە جیاوازەکانی هەوکردنە میکرۆبییەکان!