هاوژین زیبا
هەموو کۆمەڵگایەک ئایین و دینێکی خۆیان هەیە.
هەر هەموو شاعیرە ناودارەکانی کورد یان ڕابەرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی هەموو موسڵمان بوون. هەموویان ڕێزی ژنیان گرتوە و داوایان کردوە ئازاد بێت.
لە ئەحمەدی خانیەوە هەتا ئەمڕۆ لیستەکە بێ کۆتاییە.
موسڵمانی بێبەرژەوەندیی کورد نموونەیەکی جوانن، بێ بەرژەوەندیین، پاکن، مەبەستی شاردراوەیان نییە.
ئەوانە قێزەون و سووکن کە بە ناوی ئیسلامەوە بێئەدەبیی و بێڕەووشتیی دەکەن و دەیانەوێت لەسەر ناتەبایی کۆمەڵگای کوردستان بلەوەڕن.
فەرموون لەگەڵ فەرمایشتی مامۆستا شێخ نوری شێخ ساڵح وەکو مشتێک لە خەروارێک.
"پەچە"
حەزرەتی شێخ نوری شێخ ساڵح (١٨٩٦-١٩٥٨)
.
گوێم لە ناڵینی کچێ بوو، دوێنێ ئەیلاوانەوە
وا بە ئسیر و بە سۆز ئەیوت، دڵی ئەتوانەوە
دەنگ و ڕەنگی وا نەبیستراوە و نەبینراوە لە کەس
کۆنە قەتماغەی برینی ناو دڵی ئەکولانەوە
ئەیوت، ئەم ڕووپۆشە تەنیا ڕووی نەپۆشیوین و بەس
ڕووبەڕووی خۆمان، حقووقی ناینە ناو نسیانەوە
قەت نەبوو ڕۆژێ بە سەربەستی حەقێ داوا بکەین
بۆ بەشی خۆمان بچینە ساحە و مەیدانەوە
ئەوەل و ئاخر، خەتای ئەم ڕووڕەشەی ڕووپۆشە بوو
بوو بە مانعمان، نە چووینە کۆمەڵی پیاوانەوە
.
دایگرن توخوا فڕێی دەن، بیخەنە تەندوورەوە
حەیفە ڕۆژی ڕوو، ئەنێنە ناو شەوی دەیجوورەوە
.
زوڵمی ئەم غەدارە بوو، حوکمی موساواتی نەهێشت
جنسی ئێمەی خستە حاڵێکی لە پیاو پاڕانەوە
بۆ بەشی ئێمە کفن بوو، وا لە دنیا و ئاخیرەت؟
لێرە ڕەش، لەولا سپی، ببڕێ بە باڵامانەوە
حەز ئەکەی پرسە، لە پیران و لە پێشینانی خۆت
کێ پەچەی دیوە بە ڕووی خاتوونی کوردستانەوە
کەی پەچە بۆتە سەبەب، بۆ عیفەتی جینسی لەتیف؟
کافری دڵ تیرە، دەخلی کوا بەسەر ئیمانەوە
دایگرن بیگرنە ناو خۆتان و دەوری لێ بدەن
بەڵکوو بیبینم بە چاوی خۆم، بە ڕۆح کێشانەوە
.
لای بەرن توخوا، فڕێی دەن بیخەنە تەندوورەوە
حەیفە ڕۆژی ڕوو، ئەنێنە ناو شەوی دەیجوورەوە
.
کۆمەڵێ بگرن لە دەوری، ئەلوەداعی لێ بکەن
ناوی با بڕواتە ناو لافاوی ئەم نیسانەوە
بیخەنە تابووتەوە، بینێن بە شانی عەزمەوە
بیخەنە قەبرێ، بە لووتکەی گردەکەی سەیوانەوە
تۆبە بێ یاڕەبی، دەفنی ئەو لەوێ جائیز نییە
بیخەنە چاڵێکی قووڵی، گردەکەی گاورانەوە
مەجلیسێکی ماتەمی بۆ دابنێن و یەک بەیەک
وەرنە تەعزێکەی، بەدڵخۆشی و بەڕووی خەندانەوە
ئەم سکاڵایە، بە فیکر و شیعری «نووری» تێ مەگەن
ئەو کچە دەنگ خۆشە بوو، ئەیوت بەدەم گریانەوە
.
دایگرن توخوا فڕێی دەن، بیخەنە تەندوورەوە
حەیفە ڕۆژی ڕوو، ئەنێنە ناو شەوی دەیجوورەوە

لینكی فەیسبوك