كەیوان ئازاد
ئایینزای شیعە و تێڕوانیان بۆ دەوڵەت و بنەماڵەی ئومەوی
زاراوەی (شیعە) لە چەمكی (شیع) واتە (لایەنگر) هاتووە. مەبەستیش لێی ئەو كۆمەڵەیە بوون، كە لایەنگرییان لە خەلافەت و سیاسەت و بەرنامەكانی خەلیفەی چوارەمی ڕاشیدی (عەلی كوڕی ئەبی تالیب - ر.خ) كرد. دواتریش ماناكەی فراوان بوو، تا گەیشتە ئەوەی بە هەموو ئەوانە گوترا، كە پشتیوانییان لە بنەماڵەی ئەو خەلیفەیە كرد و كەوتنە ژێر كاریگەریی سیاسەت و بەرنامە و باوەڕی ئەندامە دیارەكانی بنەماڵەكەیان.
لێرەوەش (شیعە) وەك یەكێك لە پەیڕەوە دیارەكانی ئایینی ئیسلام دەركەوت شانبەشانی ئایینزای سوننە و كۆمەڵی خەواریج. یەكەمین ڕەوتیش لەم كۆمەڵەیە ئەوانە بوون كە بە (پەیڕەوانی دوازدە ئیمامی) ناسران. مەبەست لەو كۆمەڵەیەش ئەوانە بوون، كە پەیڕەویان لە (دوازدە ئیمام)ی بنەماڵەی (عەلی كوڕی ئەبی تالیب) كرد.
ئەوانیش هەریەك لە (عەلی كوڕی ئەبی تالیب، حەسەنی كوڕی عەلی، حوسێن كوڕی عەلی، عەلی زەین ئەلعابدین كوڕی حوسێن، موحەممەد باقر كوڕی زەین ئەلعابدین، جەعفەر ئەلسادق كوڕی موحەممەد باقر، مووسا ئەلكازم كوڕی جەعفەر ئەلسادق، عەلی ڕەزا كوڕی مووسا كازم، موحەممەد جەواد كوڕی عەلی ڕەزا، عەلی تەقی كوڕی موحەممەد جەواد، حەسەن عەسكەری كوڕی موحەممەد جەواد، موحەممەد مەهدی كوڕی حەسەن عەسكەری) بوون.
لەنێو ئەوانیش دوای (عەلی كوڕی ئەبی تالیب) تەنیا (شەش) كەسایەتییان كەوتنە سەردەمی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی، كە هەریەك لە (حەسەنی كوڕی عەلی، حوسێن كوڕی عەلی، عەلی زەین ئەلعابدین، موحەممەد باقر، جەعفەر ئەلسادق) بوون.
دوای ساڵانێكیش لە ململانێیان لەگەڵ دەوڵەت و بنەماڵەی ئومەوی، كۆمەڵێكی دیكە بە ناوی (كۆمەڵەی زەیدیە) دەركەوتن. ئەم كۆمەڵەیەش لەلایەن (زەیدی كوڕی عەلی كوڕی زەین ئەلعابدین كوڕی حوسێن كوڕی عەلی كوڕی ئەبی تالیب) ڕابەرایەتی كرا. هۆیەكەش ئەوە بوو، كە بەشێك لە پەیڕەوانی شیعە، پایەی پێشەواكەیان دایە دەست (زەیدی كوڕی عەلی)، كاتێك لە ساڵی (122ك/739ز) لە ڕووبەروبوونەوەیەكدا لەلایەن ئومەوییەكانەوە كوژرا.
لەكاتێكدا پەیڕەوانی (دوازدە ئیمامی) ئەو پایەیان دایە دەست (موحەممەد باقر). جیاوازیی نێوان ئەم (دوو) برایەش ئەوە بوو كە یەكەمیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەویدا كوژرا، بەڵام دووەمیان ئەو بەرەنگارییەی نەكرد. هەروەك (حەسەن و حوسێن) كوڕانی (عەلی كوڕی ئەبی تالیب). (حەسەن) سازشی بۆ (موعاویەی كوڕی ئەبی سوفیان) كرد، بەڵام (حوسێن) ملی بۆ كەچ نەكردن و بەرامبەریان وەستا، تا شەهید بوو.
هەر بۆیە لای بەشێكی شیعەكان ئەو كەسایەتییە كرایە رابەڕ، كە بە هێزی شمشێر وەك (حوسێن كوڕی عەلی) ڕووبەڕووی ئومەوییەكان بووەوە تا شەهید بوو. بەم هۆیەشە شیعەكان بۆ (دوو) پەیڕەوی جیاواز دابەش بوون.
زۆری نەخایاند كۆمەڵێكی دیكە لە شیعەكان جیا بوونەوە و بە (كۆمەڵی ئیسماعیلییە) ناسران، چونكە پەیڕەویان لە (ئیسماعیل كوڕی جەعفەر ئەلسادق) كرد، لەكاتێكدا شیعەكانی (دوازدە ئیمامی) پەیڕەویان لە (مووسا كازم) كوڕە ناونجییەكەی (جەعفەر ئەلسادق) كرد و وەك حەوتەمین پێشەوای خۆیان سەیریان كرد. هەر بۆیە ئەمانیش وەك (كۆمەڵی زەیدییە) بە ڕكابەری كۆمەڵەی شیعەی (دوازدە ئیمامی) ناسران. ئەوەش بەو مانایە هات، كە ئەمانیش وەك كۆمەڵی خەواریج سەرباری بەهێزی و گەورەیی نەیارە سەرسەختەكەیان، كە ئومەوییەكان بوون، لەنێو خۆشیاندا بوونە چەند بەرەیەكی دژ بە یەك.
خاڵێكی دیكەی ئەم كۆمەڵە ئەوە بوو كە ئەوان بۆ دەرخستنی هێزی سیاسیی خۆیان بەرامبەر دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی و كۆمەڵی خەواریج، بە چەندین بانگەشەی ئایینی، ڕەوایەتییان بە پەیڕەوەكەیان دا، لەوانە تێڕوانین بۆ پایەی (خەلافەت)، كە لای ئەوان بە (ئیمام یان پێشەوا) ناسرا. بۆچوونی ئەمان وابوو، كە دەبێت پێشەوای موسڵمانان لە بنەماڵەی پەیامبەر (د.خ) و خودی بنەماڵەی (عەلی كوڕی ئەبی تالیب/ ڕ.خ) بێت.
هەروەها باوەڕیشیان وابوو، كە دانانی پێشەواكان لەلایەن خوداوە ڕەزامەندیی لەسەر دراوە. بەپێچەوانەی پەیڕەوانی سوننەوە، كە پایەی خەلافەت و پێشەوایان بە ڕەزامەندیی خودا نەزانی، بەڵكوو بە ئەركی خودی پەیڕەوانیان زانی لە دیاریكردنی خەلیفەكە و بەیعەتدان پێی.
ئامانجی شیعەكانیش لەو دیدگایە ئەوە بوو كە سەرجەم پێشەواكانیان بە بێتاوان لە هەموو هەڵەیەك و تاوانێك زانی و پێیان وابوو، كە سەرجەم پێشەواكان لە هەموو تاوان و هەڵە و گوناهێك بەرین. لەكاتێكدا خەلیفەكانی ئومەوی چەندین هەڵە و تاوانیان هەبوو، بۆیە دەیانویست بەو بانگەشەیە پیشانی كۆمەڵگای ئیسلامیی بدەن، كە پێشەواكانی ئەمان زۆر لە خەلیفەكانی ئومەوی شیاوی رابەرایەتیی كۆمەڵگای ئیسلامیین.
بانگەشەیەكی دیكەیان كاركردن بوو بە (خۆپارێزی). مەبەست لەم باوەڕەش شاردنەوەی باوەڕ و ئەركی شیعەكان بوو لەبەردەم فەرمانڕەوا زۆردارەكانی سەردەمەكە كە ئومەوییەكان بوون، تا ئەو كاتەی سەردەمی ئەو دەسەڵاتدارانە بەرەو نەمان دەچێت و سەردەمی شیعەكان و گەیشتن بە پایە و دەسەڵاتیان دەست پێدەكا، چونكە پێیان وابوو ئەنجامی ئەو بەرەنگارییە شكست و زیانگەیاندنە بە پێشەوا و پەیڕەوەكانیان. هەروەك ئەوەی (موحەممەد باقر) پەیڕەویی لێ كرد لەكاتێكدا (زەید)ی برای پەیڕەوی لێ نەكرد، تا كوژرا.
بانگەشەیەكی دیكەیان باوەڕبوونیان بوو بە (لەبەرگرتنەوەی گیان- دۆنادۆن). واتە پێیان وابووە، كە گیانی مرۆڤێكی زیندوو دوای مردنی دەچێتە مرۆڤێكی دیكەوە. هەر وەك ئەوەی گیانی (عیسای كوڕی مەریەم/ د.خ) چووەتە جەستەی (موحەممەدی كوڕی عەبدوڵا) و گیانی ئەویش چووەتە جەستەی (عەلی كوڕی ئەبی تالیب). ئەم حاڵەتەش تا دوازدە ئیمامەكەیان درێژەی كێشاوە. دیارە ئەمە بۆ گیانە پاكەكان، بەڵام گیانە پیسەكان، وەك گیانی خەلیفەكانی ئومەوی لە بۆچوونی ئەواندا، دەچووە جەستەی خراپەكانەوە.
هەروەها باوەڕیان وابوو كە هەر مرۆڤێك لە ڕۆژی دواییدا هەمان پایە و پاكیی سەردەمی ژیانی ئاسایی دەبێت. واتە لە ڕۆژی دواییدا پێشەوا و پیاوچاك و زاناكان وەك پێشەواكانیان و پەیڕەوكانیان بە ژیانێكی خۆش و بەهەشتی خودایی دەگەن، بەڵام ستەمكار و نەیارەكانیان بە سزای سەختی پەروەردگار و دۆزەخی خودایی دەگەن.
بەم شێوەیە هەر (سێ) كۆمەڵی شیعەكان لە سەردەمی ئەم دەوڵەتەدا بە (دوازدە ئیمامی، زەیدی، ئیسماعیلی) وەك هێزێكی ئایینی و سیاسیی نەیار دژ بە دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی كەوتنە كار و دەستیان دایە چەندین ڕاپەڕین و بزووتنەوەی چەكداری. لەو نێوەندشدا بەشێك لە كوردەكان پشتیوانییان لێ كردن و بوونە شیعە.