كەیوان ئازاد
كورد لە ململانێی پەیڕەوانی شیعە و بنەماڵەی ئومەویدا
(پەیڕەوانی شیعە) كۆمەڵەیەكی دیكەی نەیار بە دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی بوون، كە وەك كۆمەڵەیەكی ئایینی بە كاری سیاسی هاتنە مەیدان و دژایەتیی خۆیان بۆ بنەماڵە و دەوڵەتەكە ڕاگەیاند. بەو پێیەشی كوردەكان وەك پێكهاتەیەكی نێو ئەو دەوڵەتە، بەهۆی دۆخی سیاسی و سەربازی و تەنانەت باوەڕ و دیدگای ئایینییان، بەسەر چەندین بەرەی جیاوازدا دابەش بوون، بۆیە یەكێك لەو بەرانەی پشتیوانییان لێ كرد (كۆمەڵی شیعەكان) بوون، ئەوەش كاتێك وەك ڕەوتێكی جیای سیاسی بە بیركردنەوەیەكی ئایینی هاتنە مەیدان.
بەتایبەت دوای ئەوەی (حوسێن كوڕی عەلی - ر.خ) وەك سێیەم پێشەوای شیعەكان لەسەر دەستی (شەمری كوڕی زی جەوشەن) یەكێك لە سەرۆك هۆزە عەرەبییەكانی لایەنگری بنەماڵەی ئومەوی لە (10ی موحەڕمی61ك) بەرامبەر بە (12ی ئۆكتۆبەری680ز) و لە بیابانی كەربەلا و لەگەڵ (72) لە یارانی كوژرا. بەو ڕووداوەش لایەنگرانی زۆر توندتر لە پێشوو هاتنە مەیدان و دەستیان دایە زنجیرەیەك ڕاپەڕین، كە دیارترینیان راپەڕینەكەی (موختار کوڕی ئەبی عوبەیدەی سەقەفی) بوو لە ساڵی (٦٦ک/٦٨٥ز).
ئەو، وەک کەسایەتییەکی دیاری شیعەکان و سەرقافڵەی ئەو ڕەوتە ئایینییە، دژ بە سیاسەتەکانی دەوڵەت ڕاپەڕی و شاری (کووفە)ی کردە بنکەی جووڵانەوەكەی. سەرەتاش وەك لایەنگری (عەبدوڵای کوڕی زوبێر)ی نەیار بە دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی دەركەوت و بۆ ویلایەتی کووفە دیاری کرا، بەڵام قبووڵی نەکرد و لێی هەڵگەڕایەوە. هۆیەكەش ئەوە بوو كە (عەبدوڵای كوڕی زوبێر) لە شاری (مەككە)ەوە ڕەتی كردەوە، پشتیوانیی لە تۆڵەسەندنەوەی خوێنی (حوسێنی کوڕی عەلی) بكات، هەر بۆیە پەنای بۆ (موحەممەد کوڕی حەنیفە) برد و بەیعەتی پێ دا.
بەو پشتیوانییە ئایینییەشەوە دەستی دایە ڕاپەڕین و شارەكانی (کووفە، ئامەد، جزیرە) و چەند ناوچەیەکی عێراق و هەرێمی چیای خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی. دواتر فەرمانڕەوای بۆ هەریەک لەو مەڵبەند و شارانە دانا، تا كاروبارەكانی بە شاری (كووفە)ی مەڵبەندی جووڵانەوەكەوە ببەستێتەوە. لەنێو ئەوانەشدا (عەبدوڵای کوڕی حارس)ی کردە فەرمانڕەوای ناوچەکانی (هەمەدان، نەهاوەند، دینەوەر). هەروەها (ئیبراهیم ئەلئەشتەر)ی کردە فەرمانڕەوای جزیرە، (عەبدوڵای کوڕی مساور)یشی کردە فەرمانڕەوای (ئامەد و میافارقین) كۆی ئەو ناوچانەش زۆرینەی دانیشتوانەكەی كورد بوون، بۆیە بەشێكیان شوێن جووڵانەوەکەی کەوتن و بوونە پشتیوانی.
لەنێو ئەو دۆخە سیاسییەشدا دانیشتوانی شاری (حولوان)ی كوردنشین ئەو هەلەیان قۆستەوە و دژ بە دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی ڕاپەڕین، بەڵام (موختار) هەوڵەكەی ئەوانی قبووڵ نەكرد و هێزێكی (هەزار) كەسی بە سەركردایەتیی (سەعد کوڕی حوزەیفەی کوڕی یەمان) ناردە سەریان، تا بە دەسەڵاتەكەیەوە گرێیان بدات، چونكە بە مەترسی بۆ جووڵانەوەكەی دەزانی. ئەوەبوو (سەعد) دوای شەڕێكی سەخت شارەكەی لە ساڵی (٦٧ک/٦٨٦ز) داگیر كرد. خاڵی سەرنجی ئەو ڕووداوەش ئەوە بوو، کە بەشێک لە لایەنگرانی جووڵانەوەکەی (موختار) کورد بوون، لەكاتێكدا دانیشتوانی ئەو شارەشی شەڕی كردن هەر كورد بوون!
لە لایەکی دیکەوە (عوبەیدوڵای کوڕی زیاد)ی والیی عێراقی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دۆخە، فرمانی بە چەندین فەرماندەی سنووری دەسەڵاتی خۆی کرد، لەوانە (عومەر کوڕی سەعد کوڕی ئەبی وەقاس و شەمری كوڕی زی ئەلجوشن) لە هەموو ئەوانە بدەن، کە دژ بە دەوڵەت دەوەستن. هەروەها پێی ڕاگەیاندن، کە سەر و ماڵی هەموو ئەوانە بە خۆیان ڕەوایە، بەوەش ئەو (دوو) سەركردەیە زیانێكی زۆریان بە ماڵ و سامانی لایەنگرانی (موختار) گەیاند و تاڵانیان كردن.
لەم کارەشدا ماڵی چەندین خێزانی کوردی لایەنگری ئەو سەرکردەیەی شیعە تاڵان کرا و سووتا. لە بەرامبەر ئەو کاردانەوانەیەشدا (موختار) سوپایەکی ناردە سەریان و هەردووكیانی كوشت. دواتر هێزێكی بە سەرکردایەتیی (ئیبراهیم کوڕی ئەشتەر) ناردە سەر (عوبەیدوڵای کوڕی زیاد) و دوای شەڕێكی سەخت کە بە شەڕی (مەزار) ناسرا، سوپای ئومەوییەکانی تێکشکاند. تەنانەت (عوبەیدوڵای كوڕی زیاد)یش لە شەڕەکەدا کوژرا.
دوای ئەو ڕووداوەش (موختار) ڕووبەڕووی (موسعەب کوڕی زوبێر) بووەوە، كە لەلایەن براکەیەوە (عەبدوڵا کوڕی زوبێر) کرابووە والیی بەسڕە. ئەوەش شەڕی (موختار و موسعەب)ی لێ كەوتەوە و دوای زنجیرەیەک ڕووبەڕووبوونەوە، دواجار هێزەکەی (موسعەب) بەسەر هێزەكەی (موختار)دا سەر كەوت و دەستی گەیشتە شەش هەزار کەس لە لایەنگرانی و هەموویانی كوشت. لەنێو کوژراوەکانیش، ژمارەیەكی بەرچاو کورد هەبوون. دواتر ناوچەکانی سەر بە جووڵانەوەکەی (موختار)یش کەوتە دەست (موسعەب) و تا ساڵی (٧١ک/٦٨٨ز) فەرمانڕەوایەتیی كرد. دوای ئەو ڕووداوەش سەرجەم ناوچەكەكان كەوتنە دەست دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی، كە سەردەمی دەسەڵاتی خەلیفە (عەبدولمەلیکی کوڕی مەروان) بوو.
راپەڕینی دووەم، كە مۆركێكی شیعەی پێوە بوو، بزووتنەوەكەی (عەبدولڕەحمان کوڕی موحەممەد کوڕی ئەشعەس) بوو، كاتێك لە ساڵی (٨١ک/٧٠٠ز) دژی بە سیاسەتەکانی (حەجاجی كوڕی یوسفی سەقەفی) و دەوڵەت و بنەماڵە ئومەوی ڕاپەڕی. لەو بزووتنەوەیەشدا چەندین پێکهاتەی جیاجیا بەشدارییان تێدا کرد، کە یەکێک لەوان کورد بوون. لەوانە کوردەکانی هەرێمی چیا لە شارەکانی (زەنجان و هەمەدان)، بەڵام (حەجاج) سوپایەکی لە خەڵکانی شام و عێراق بە سەرکردایەتیی (عومرۆ کوڕی هانی ئەلعەبەسی) ناردە سەریان و ژمارەیەکی زۆری لێ كوشتن.
ئەمەو سوپایەکی دیکەی بە سەرکردایەتیی (موحەممەد کوڕی قاسمی سەقەفی) ناردە سەر پشتیوانانی جووڵانەوەکە و فرمانی کوشتنی سەرجەم لایەنگر و هەوادارانی و بەتاڵانبردنی سەر و ماڵیانی و مەڵبەندەکانیشی پێ دا. بەو کاردانەوە توندانەی (حەجاج)یش کە ڕەزامەندیی خەلیفە (عەبدولمەلیکی کوڕی مەروان)ی لەسەر بوو، توانیی كۆتایی بە بزووتنەوەكە بهێنێت، لەكاتێكدا نەیتوانی چۆک بەو کوردانە دابدات كە دژ بە دەوڵەتی خەلافەت وەستان.
بزووتنەوەیەكی دیكەی شیعەكان بە سەركردایەتیی (زەیدی کوڕی عەلی) یەکێک لە گەورە کەسایەتییەکانی شیعە بوو لە ساڵی (١٢٢ک/٧٣٩ز). ئەوەش كاتێك بانگەشەی بۆ ئەوە کرد، کە ئومەوییەکان دەسەڵاتیان لە خاوەن ماف زەوت کردووە، بۆیە پێویستە ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە. بەم بانگەشەیەش کۆمەڵێک لە دانیشتوانی ناوچەکانی (مەدائین، بەسڕە، واسیت، مووسڵ، خۆراسان)، لەپاڵ بەشێکی کوردەکانی هەرێمی جزیرە و ناوچەی شارەزوور شوێنی کەوتن و بوونە پشتیوانی. تەنانەت دانیشتوانی شاری (پیر)ی ناوچەی شارەزوور لەسەر دەستی ئەو بوونە موسڵمان، بەڵام دواتر ئەو سەرکردە شیعەیە لەلایەن (یوسف کوڕی عومەر)ی سەرکردەی ئومەوییەوە کوژرا و بەوەش کۆتایی بە ڕاپەڕینەکە هات.
دوا بزووتنەوەی شیعەكان بە سەركردایەتیی (عەبدوڵای کوڕی موعاویەی کوڕی جەعفەری کوڕی ئەبی تاڵیب) بوو، كاتێك لە ساڵی (١٢٧ک/٧٤٥ز)و لە شاری (کووفە) دژ بە سیاسەتی دەوڵەت ڕاپەڕی. دواتر ڕووی كردە (هەرێمی چیا) و بۆ ماوەی دوو ساڵیش بەرامبەر هەریەک لە ئومەوییەکان و بانگەشەی عەباسییەکان وەستا. لەو چوارچێوەیەشدا بەشێك لە كوردەكانی هەرێمەكە پشتیوانییان لێ کرد. تەنانەت ئەگەر کوردی ئەو ناوچە كوردنشینە پشتیوانییان نەكردایە، نەیدەتوانی بۆ ماوەی (دوو) ساڵ بزووتنەوەكەی بەڕێوە ببات و بەرامبەر (دوو) هێزی دژ بە یەك بوەستێت. كۆتاییەكەشی لەسەر دەستی ئومەوییەكان نەبوو، بەڵكوو لەلایەن (ئەبوو موسلیمی خۆراسانی) لێ درا، كە سەركردەیەكی دیاری بانگەشەی عەباسییەكان و كوردێكی هەرێمی خۆراسان و دژ بە دەوڵەت و بنەماڵەی ئومەوی بوو.