سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ژماره‌یه‌ك به‌رپرسى كورد سه‌ردانى گروپێكى تیرۆریستى ده‌كه‌ن‌و ئاڵاى كوردستانیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن

29/10/2022


ژماره‌یه‌ك به‌رپرسى كورد ئاڵاى كوردستان پێشكه‌ش به‌گروپێكى توندڕه‌و ده‌كه‌ن كه‌ ناوى له‌لیستى تیرۆرى نێوده‌وڵه‌تیدایه‌، به‌ڵام گروپەکە ئاڵاكه‌ فڕێده‌ده‌نه‌ سه‌ر زه‌وى ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ به‌دیارى وه‌ریبگرن، وته‌بێژى یه‌په‌گه‌ش له‌ڕێگه‌ى شارپرێسه‌وه‌ زانیاریى گرنگ له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات.

نورى مەحمود وتەبێژى یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل (یه‌په‌گه‌) ئاشكرایده‌كات، "كاتێك له‌ساڵى 2012 به‌ره‌ى نوسره‌ به‌هاوكاریى توركیا توانیان بگه‌نه‌ ده‌وروبه‌رى سه‌رێكانى‌و دواتر یه‌په‌گه‌ به‌زه‌برى هێز له‌شاره‌كه‌و ده‌وروبه‌رى دورى خستنه‌وه‌، له‌وكاته‌ى هاتنه‌ نزیكى سه‌رێكانى، ژماره‌یه‌ك به‌رپرسى ئه‌نجومه‌نى نیشتمانى كوردى سوریا (ئه‌نه‌كه‌سه‌ ـ نزیك له‌پارتى) چونه‌ پێشوازى ئه‌و گروپه‌ توندڕه‌وه‌و ئاڵاى كوردستانیان پێشكه‌شكردن، به‌ڵام به‌رپرسانى به‌ره‌ى نوسره‌ ئاڵاكه‌ى كوردستانیان ڕه‌تكرده‌وه‌و فڕێیاندایه‌ سه‌ر زه‌وى".

ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌په‌گه‌ باس له‌وه‌شده‌كات، "بۆیە ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ ڕاست نین كاتێك ده‌وترێت به‌ره‌ى نوسره‌ (ته‌حریر شام)ى ئێستا دۆستى كوردن‌و ئێستاش كه‌ به‌هاوكاریى توركیا ده‌ستیان به‌سه‌ر عه‌فریندا گرتوه‌، تاڕاده‌یه‌ك بۆ كورد باشن‌و داواكاریه‌كانى هاوڵاتیان له‌به‌رچاو ده‌گرن، ئه‌مانه‌ ده‌نگۆى خه‌ڵكانى بێئاگایه‌ له‌كارو كرده‌وه‌كانى ئه‌و گروپه‌ توندڕه‌وه‌ تیرۆریستیه‌".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "به‌ره‌ى نوسره‌ى كۆن‌و ته‌حریر شامى ئێستا، هه‌رچى بۆیان كرابێت دژى كورد كردویانه‌و درێغیان نه‌كردوه‌، ئێستاش جارێكى تر مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ ڕوى له‌هه‌موو پێكهاته‌كان‌و به‌تایبه‌ت كورد له‌سوریاو ڕۆژئاواى كوردستان كردۆته‌وه‌ به‌هاتنه‌وه‌ى ئه‌و گروپه‌ تیرۆریستیه‌".

وته‌بێژى یه‌په‌گه‌ چه‌ند پرسێكى گرنگ له‌باره‌ى دۆخى ئێستاى عه‌فرین‌و نیازه‌كانى ئه‌ردۆغان بۆ شه‌ڕى داهاتوى له‌گه‌ڵ كورد ئاشكراده‌كات‌و نایشارێته‌وه‌، "ئێمه‌ ئامانج‌و پلانى سه‌ره‌كیمان چ وه‌ك یه‌په‌گه‌ چ وه‌ك هه‌سه‌ده‌ به‌گشتى، ئازادكردنه‌وه‌ى عه‌فرینه‌".

سه‌باره‌ت به‌و هێزه‌ش كه‌ دژى سوپاى توركیاو گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانى سوپاى نیشتمانى سوریاى سه‌ر به‌توركیا له‌عه‌فرین چالاكى ده‌كات، وته‌بێژى یه‌په‌گه‌ ئاشكرایده‌كات، "(هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین) سەر بەهەسەدە نین، ئەوان هێزێکی شۆڕشگێڕن‌و لەخەڵکی عەفرین پێكهاتون‌و چالاكى خۆیان ده‌كه‌ن".

بەرەی نوسرە کە ئێستا به‌ناوى (ته‌حریر شام) كارده‌كات، بزوتنەوەیەکی سەلەفی جیھادیە کە لەسەرەتای ساڵى 2012 دامەزراو لەماوەی قەیرانی سوریا دژی سوپای سوریا دروستبوو.

ئەو گروپه‌ جگە لەخەڵکی سوریا، خەڵکی دیكه‌ى جیھادی وەک چیچانی‌و عەرەبى ئەفغانی کە پێشتر بەشداریی جیھادیان کردوه‌ لە(ئەفغانستان، عێراق‌و چیچان) له‌ناودایه‌، ئەو گروپه‌ خۆیان وەک لقێک لەڕێکخراوی قاعیدە ناساندوە، هه‌ربۆیه‌ ئەمریکا لەدیسەمبەری ساڵى 2012 به‌ڕه‌سمى خستیه‌ نێو لیستی تیرۆرو لەئێستاشدا ئەبوو محەمەد جۆلانی سه‌رۆكى ته‌حریر شامه‌.

 

شار پرێس

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.