نووسین: ئاریان سەلیم
*ئەم وتارە حوزەیرانی ٢٠٢٠ نووسراوە.
دەروازەیەکی سادە بۆ چەمکی "ئیسلامی سیاسی" و مێژووەکەی
ئایینی ئیسلام لەو ڕۆژەوەی دەرکەوتووە تا ئێستا بە کۆمەڵێک قۆناغی جۆراوجۆردا ڕۆیشتووە، بەپێی هەر هەلومەرج و بارودۆخێکیش پێگەی ئەو ئایینە لە کۆمەڵگە و کایەکانی بواری مرۆیی ڕەنگی داوەتەوە. هەرچی سەبارەت بە ئیسلامی سیاسییە، بابەتێکی هەنووکەیی و زۆر گرنگە. لەم بابەتەدا دەمانەوێ دەریبخەین ڕیشەکانی دروستبوونی ئیسلامی سیاسی بۆ چی و کەی دەگەڕێتەوە. هۆکاری سەرهەڵدانی لە وڵاتە جیاجیاکاندا و لە کوردستاندا بە چ شێوەیەکە. گرنگی بابەتێکی وا لەوەدایە کە لەئێستادا لە چواردەوری کوردان و بە گشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زۆربەی ئەو وڵاتانەی دەیانبینین پارتە ئیسلامییەکان لە دەسەڵاتن و دواجار کۆی تان و پۆی ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و تاد.. پەیوەست دەبێ بە شێوازی ئەم دەسەڵاتانەوە. هەروەها جیا لەمەش ئیسلامی سیاسی لە کوردستانیش مێژوویەکی هەیە و بۆی هەیە ئەم هێزانە لە هەر بارودۆخێکدا بە دەسەڵات بگەن و پێویستە لە مەترسی بەدەسەڵات گەیشتنی ئەوان ئاگاداربین.
گەر بگەرێینەوە بۆ مێژووی دروستبوونی ئیسلامی سیاسی، ئەوا ڕەنگە بەشێکی زۆر لە نووسەرانی هەم بواری ئیسلامی و هەم غەیرە ئیسلامی باوەڕیان وایە ئیسلامی سیاسی سەرەتای دروستبوونی بۆ ئیخوان موسلمین دەگەڕێتەوە، کە لە لایەن حەسەن بەنا ساڵی ١٩٢٨ لە وڵاتی میسر هاتۆتە دروستکردن. بەڵام شایەنی باسکردنە بە چاوتێبرین و تێڕامانی وردی مێژووی ئیسلام، پاشخانی ئەمڕووداوانە کەمێک قووڵترن و ڕیشەکانیان لە شوێنی ترە. عەلی وەردی لە کتێبی لێکۆڵینەوەیەک لە سۆسیۆلۆژیای ئیسلام باس لەوەدەکات کە ئایینی ئیسلام تا ئەوکاتەی لە شاری مەککە بووە ئایینەکە پەیامێکی مرۆیی بووە، بەڵام بە چوونی پەیامبەر محمد بۆ شاری مەدینە و دروستکردنی دەوڵەتی ئیسلام، لەوێوە گۆڕان لە گوتار و هزری پەیامبەرڕوودەدات و ئایینەکە لە ئایینێکی مرۆیی وەردەچەرخێ بۆ ئایینێکی سیاسی. کەواتە ئیسلام هەر لە سەرەتای دەرکەوتنییەوە لەهەوڵی ئەوەبووە بە دەسەڵاتی سیاسی بگات. وەک دیارە دوای کۆچی دوایی پەیامبەریش، ئیسلام بەهۆی خەلافەتەوە هەر لە دەسەڵاتدا بووە، بەڵام لە سەدەی ٢٠ شێوازی دەسەڵاتەکەی وەک دیارە لە خەلافەتەوە بۆ پارتی سیاسی مۆدێرن گۆڕانی بەسەردادێت، ئەمەش بەپێی پێشکەوتن و گۆڕان لە سیستەمە سیاسییەکان ئیسلامیش وا پێویستی دەکرد خۆی بگونجێنێت لەگەڵ هەلومەرجەکاندا.
لە سەرەتای دروستبوونی ئیخوان موسلیمین بەشێکی زۆر لە نووسەران باوەڕیان وابوو ئەم گروپە گروپێکی فەندەمێنتاڵیستین و لە هەوڵی دووبارە گەڕانەوەن بۆ بنەما سەرەکییەکانی ئایین، بەڵام هەر زوو دەرکەوت ئەم گروپە لە هەوڵی ئەوەن کۆی کۆمەڵگە و ژیانی کۆمەڵایەتی بە سیاسی-دینی بکەن. ئەمەش بەپێی ئەوەی حەسەن بەنا باوەڕی وابوو ئایین دەوڵەتە، ئەم تێکەڵکردنەی ئایین و دەوڵەت وایکرد کۆی سیستەمە کۆمەڵایەتییەکەش لەنێو گوشاری ئایدۆلۆژیای حیزبی دینی بتوێنێتەوە. واتا هەر لە سەرەتاوە ئەوە بەدیدەکرا کە ئەم گروپە مامەڵەیەکی تۆتالیتارییانە لەگەڵ کۆی واقیعی کۆمەڵگە عەرەبییەکان دەکات، بەمەش لەبری فەندەمێنتاڵ و ئوسوڵی، ئەم گروپانە بە گروپی (ئیسلامییە توندڕەوەکان) ناودەبران. کاتێک توندوتیژی ئەم گروپانە هەر لە زیادبووندا بوو ناوی گروپی تیرۆریستییان بەسەردا بڕا. سەبارەت بە هەوڵ و ئامانجی ئەم گروپانە ئەوە بەدیدەکرێت لە سەرەتادا ئەوان کەمتر دژایەتی خۆرئاوایان دەکرد، بەڵکو زیاتر لەپێناو ئەوەبوو کە بگەڕێنەوە بۆ ئەو شێوە ژیان و بەڕێوەبردنەی لەسەردەمی پێغەمبەردا هەبووە. بەڵام گرفتەکە لەوەدایە ئەو گروپانە ناحاڵین لەوەی کە واقیعی کۆمەڵایەتی لە سەردەمێکەوە جیاوازە بۆ سەردەمێکی تر. کارکردن بەڕێسا و یاساکانی ئیسلام لەو وڵاتانەدا کارێکی زەحمەتە، بەهۆکاری ئەوەی زۆربەی دەوڵەتانڕووەو کۆمار و سیستەمی پەرلەمانی وەرچەرخاون. هەرچی فیکری ئەو گروپانە بوو لەهەوڵی ئەوەدابوون دەسەڵات هەم دەسەڵاتێکی سیاسی و هەم دەسەڵاتێکی دینی بێت، کاتێکیش دووچاری دژایەتی کردنی خەڵک و حکومەت دەبوونەوە، پەنایان بۆ کاریتوندڕەوی و تیرۆریستی دەبرد بەپێی دەقی قورئان و نووسینی ئەو نووسەرە ئیسلامیانەی کە لەو کاتەدا برەویان هەبووە.
یەکێک لەو نووسەرانەی سەرمەشقی ئەوانە سەید قوتب بوو، سەید ساڵی ١٩٥١ دوای کوژرانی حەسەن بەنا لە ١٩٤٨ پەیوەندی بە ئیخوان موسلیمین دەکات. ئەو ماوەیە بەماوەی زێڕینی سەردەمی ئیخوان دادەنرێت و فیکری دینی گروپەکە بەرەو توندڕەوترین خاڵی خۆی پەرەدەسێنێت. هەریەک لە حەسەن بەننا و سەید قوتب جەختی زۆریان لەسەر مەسەلەی توندوتیژی دەکردەوە، حەسەن بەنا دەڵێت: "قورئان شمشێرە، ئیسلام نیشتیمان و ڕەگەزنامەیە".هەرچی سەید قوتبیشە جەخت لەسەر تەکفیر و جیهاد دەکاتەوە، شایەنی باسە ھەوڵەکانی ئەوان تەنانەت دەگاتە هەوڵی کوشتنی جەمال عەبدولناسریش، ئەم گروپە هەرچەندە دواتر لە زۆربەی وڵاتاندا لقی لێ دروستبوو، بەڵام خۆی لە میسر نەیتوانیوە بگات بە دەسەڵات.
هەر لەم سەروەختانەدا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، بە دیاریکراوی لە سەروەختی دروستبوونی دەوڵەتی ئیسڕائیل و دابەشبوونی جیهان بەسەر بلۆکی خۆرهەڵات و خۆرئاوا، گروپە ئیسلامییەکان توانیان ئەمە بە هەلێک بزانن. بەهۆکاری ئەوەی گوایە ئیسرائیل توانی دەوڵەتێک لەسەر خاکی عەرەب دابمەزرێنێت، ئەم گروپانە دەیانویست خەڵکی عەرەب بە دژی ئیسرائیلیەکان هانبدەن و ڕیزەکانی خۆیانیان پێ بەهێز بکەن. بە باوەڕی کریس هارمەن لە کتێبی پێغەمبەر و پڕۆلیتاریا باس لەوە دەکات کە گەشەی گروپە ئیسلامییەکان و گەیشتن بە دەسەڵاتیان هاوکات بووە لەگەڵ گەشەی گروپە چەپ و مارکسیستەکان لە جیهاندا، ئەمەش بەو هۆکارەی ئەمریکا لە ترسی بڵاوبوونەوەی سۆسیالیزم لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیارمەتییەکی زۆری گروپە ئیسلامییەکانی دەدا. گرفتەکە ئەوەبوو سەربارییارمەتیدانی ئەو گروپانە لەلایەن ئەمریکاوە فاشیزمی ئەم گروپانە بەرامبەر بە دەوڵەت بوو، و لە زۆربەی بارەکانیشدا دروشمی دژە خۆرئاوایی و دژە ئیمپریالیزمیان بەرزدەکردەوە، هەروەک لە جەزائیر و میسر دیارە. یاخود ئەو نموونەی لە ئێران هەبوو لە کاتی گەشتنە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، کە دواتر بوون بە دژبەری ئەمریکا. ئیسلامی سیاسی لە سەدەی ٢٠ ئیترگۆڕانی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت کاتێک لەگەڵ ئادیۆلۆژیای ناسیۆنالیستیش لە عێڕاق و سوریا تێکەڵ دەبێت.
لەدوایڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لە باشووری کوردستان فەزای سیاسی کرانەوەی باشی بەخۆیەوە دیت، بەم پێیەش گروپ و لایەنەکان لەیەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەیانویست کورسی پەرلەمان بۆخۆیان مسۆگەر بکەن. پارتە ئیسلامیەکانیش وەک پارتەکانی تر دروستبوون و لە مەجالی سیاسی کوردیی شوێنی خۆیان کردەوە، هەر لەو کاتەوە تا ئێستا لە گەشەی فراواندان. شایەنی سەرنجە دەگوترێ زۆرینەی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان موسوڵمانی سونەن، کەواتە پێویستیان بەوە نییە بە موسوڵمان بکرێن. بەڵام ئەم گروپانە بەردەوام لە هەوڵی تەکفیکردن و بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوین لە کۆمەڵگەدا، ئەمە لەکاتێکدایە کە دیموکراسیەتی هەرێمکە وای کردووە کە هەزاران مزگەوت لە شارەکانی هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام ئیسلامی سیاسی لە باشووری کوردستان بەشێوەیەکی زۆر توندڕەوی کاردەکات و مەترسیەکانیشی وەک لەو گەنجانە بەدەرکەوت کە چوونە نێوڕیزەکانی داعش.
ئیسلامی سیاسی لە کوردستاندا زۆر نوێیە و ڕیشەیەکی درێژی نییە، تا ڕادەیەکی زۆر تا دوای دروستبوونی کۆماری ئیسلامی ئێران و شەڕی عێڕاق و ئێران لە کوردستان هەستیپێنەکراوە، بەڵام لەدوای هەشتاکانەوە وردە وردە جێی خۆی دەکاتەوە. ئەوەی جێی سەرنجی زۆریشە لەنێو هەر چوار پارچەکەی کوردستان لە باشوور ئیسلامی سیاسی زۆر بەهێزە بەراورد بە پارچەکانی تر. لە ئێستادا گەشەی ئیسلامی سیاسی بەم خێراییە هەمان گەشەی حەماس لە فەلەستین و داد و گەشەپێدانە لە تورکیا. کەم کەس باوەڕی دەکرد ئەوان بگەن بە دەسەڵات، لەڕاستیدا کۆمەڵێک وەهمی فیکری دروستکراو هەن کە دەڵێن سروشتی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان ئیسلامییە، بەڵکو ئەوەی ئەوانی بەهێزکردووە ئەو کێشانەن لە سیاسەتی حکومەتی کوردی و ناعەدالەتی و گەندەڵی هەیە، واتە کەم و کورتیەکان لە سەروەختی شەڕی ناوخۆ و قەیرانە قوڵەکانەوە ئیسلامی سیاسی لە باشووریکوردستان بەهێزکردووە نەک بزووتنەوەیەکی خۆڕسکی خۆوشیارکەرەوە بێت.
ئەو هەلومەرجەی لە باشووری کوردستان هەیە گرفتی زۆرە، چونکە سەرباری ئەوەی حیزبە سیاسییەکان لە زۆربەیڕووەکان ئازادن، بەڵام زۆربەی کات دەستوەردەدەنە نێو بابەتە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەریان لەسەر هزری خەڵکیش هەیە. گرفتێکی تریش ئەوەیە توندڕەوی ئەوان دژی هەموو هزرێکی بەرامبەرە، بە هەموو شێوەیەک بەرامبەرەکەیڕەتدەکاتەوە. بەردەوام حکومەتی هەرێم بە عەلمانی و سیکۆلار ناودەبەن و دژی ئەو دیموکراسیەتەیە کە هەیە، بەپێی ئەوەی بنەمای دیموکراسی ئازادیڕادەربڕین و ئازادییە لە هەڵبژاردنی ئایین و چەندین مافی تر. ئەوان گرفتیانلەگەڵ ئەم جۆرە دەسەڵاتە هەیە و لە هەوڵی لەباربردنی حوکمڕانیەکی وان و دەیانەوی خەلافەتێکی ئیسلامی لە هەرێمەکە بونیاد بنێن لە کاتێکدا هیچڕۆڵێکیشیان لە دروستبوونی ئەم هەرێمە و ئازادکردنیدا نەبووە.
ساڵی ٢٠١١ لە بەشێکی وڵاتانی عەرەبی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دژی سیستەم و دەسەڵات دەستیپێکرد، هۆکاری ناڕەزایەتییەکان بۆ خراپی بژێوی ژیان و گەندەڵی حکومەتەکان دەگەڕایەوە و گەنجەکان بەوپەڕی ئومێدەوە هاتنە شەقامەکان، بەڵام لەم نێوانەدا لە میسڕ و تونس ئیخوانەکان گەیشتنە دەسەڵات هەروەک هاشم ساڵح نووسەری عەرەب دەڵێت دەکرێ ئەمە بە بەهارێکی ئیخوانی ناوببەین.مەترسی ئەم ناڕەزاییانە زۆربەی وڵاتانی تەنییەوە، سەبارەت بە عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش شاری موسڵی داگیرکرد و لە مانگی هەشتدا هێرشی کردە سەر باشووری کوردستان. ئەوەی بەدیدەکرا لەو کاتەدا بەشێک لە گەنجانی کورد ڕوویان کردە نێو داعش، ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی بەشێک لەو مەلایانەی لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە وتار دەدەن دژ بە داعش قسە ناکەن، بەڵکو بەشێکیان بەشێوەی نهێنی خەڵکیان دەناردە نێو ئەم گروپە، ئەمەش پێمان دەڵێت شانە نووستووەکانی گروپە ئیسلامیەکان و تەنانەت ئەو پارتانەشی کە لە پەرلەماندا کورسیان هەیە،بۆی هەیە لە هەر هەلومەرجێکدا بارودۆخەکە بقۆزنەوە و دەسەڵات بگرنەدەست. هەروەک لەو کاتیشدا مەلایەکی پەرلەمانتار گومانی ئەوەی لەسەربوو کە خەڵکی ناردبێتە نێوڕیزەکانیڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، کەواتە نکوڵی لەوەناکرێت کە ئەم گروپانە پەیوەندی پتەویان هەیە لەگەڵڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و ناوەوەیشی.
هەروەک مێژوو دەیسەلمێنێت لە هەموو ئەو وڵاتانەی ئیسلامی سیاسی لە دەسەڵاتە، چەمکی دیموکراسی و ماف و ئازدیەکانی خەڵک خراونەتە ژێر پێ. لە کوردستاندا کە حیزبی سەر بە ئیخوان و سەلەفیزم و چەندین ڕێکخراوی تر لە ژێر ناوی تر هەن و کۆمەڵێ و ڕێکخراو ومیدیا و کەناڵ و سەکۆی تایبەت بەخۆیان هەیە. هەروەها هەریەکەشیان سەر بەوڵاتێکن و لەپێناو حیزبی ئیسلامی وڵاتانی تردا تێکۆشان دەکەن. مەترسییە گەورەکەی ئیسلامی سیاسی لەسەر ئایندەی کوردستان ئەوەیە ئەو حیزبانە نە لە خزمەتی ئاییندان، نە لە خزمەتی وڵات و نیشتیمان، نە لە خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش، بەڵکو ئامانجی ئەوان ئەوەیە بگەن بە دەسەڵات و ئەجێندای ئەوان لە ئێستادا زۆر ئاشکرایە کە خەڵکی هاندەدەن دژی هونەر، میوزیک، دەسەڵات و هەموو ئەو شتانە بوەستێتەوە و پەروەدەیەکی دینیان بۆ خستوونەتە پێش پەروەردەی نەتەوەیی، مرۆڤانە و ژیاندۆستی لە باشووری کوردستان.
ئیسلام وەک ئایین نا، بەڵکو تێکەڵاوبوونی لەگەڵ سیاسەت دەبێتە هۆی دروستبوونی مۆدێلێکی حوکمڕانی کە بە ئیسلامی سیاسی ناسراوە. ئیسلامی سیاسی چەندین شکڵ و شێوە و ڕەوتی جیاوازی هەیە. هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە لە میسڕ، و تەشەنەکردنی لە وڵاتانی عەرەبی لە هەوڵی گەیشتن بە دەسەڵات بووە، و کۆی واقیعی ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدایە ڕەتیدەکاتەوە. مێژوو نیشانی داوە کە ئەو گروپانە کاتێک بە دەسەڵات دەگەن کۆی ژیانی خەڵک توشی نەهامەتی دەکەن و دواجار سیستەمێکی سیاسی تۆتالیتار و سەرکەوتکار دادەمەزرێنن. وەک ئەوەی لە جەزائیر، تونس، تورکیا، ئێران و چەندین وڵاتی دیکە بەدیدەکرێت. لەدوایڕووداوەکانی ١١ی سێپتێمبەرەوە بە تەواوی چەمکی ئیسلامی سیاسی ئەو دەلالەتەی وەرگرت و لە پێشوودا بە گروپە توندڕەوەکان ناسراوبوون. لە هەرێمی کوردستانیشدا ئیسلامی سیاسی لە دوایڕاپەڕینەوەڕۆچۆتە نێو زۆربەی لایەنەکان و بوارەکانی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان کە ئەگەر بەم شێوەیە بارودۆخەکە بەردەوام بێت، بۆی هەیە لە داهاتوودا ئیسلامی سیاسی بەهاوکاری وڵاتانی دراوسێ و دەوروبەریی ئیسلامی، دەسەڵاتی کوردی قۆرخ بکەن و کارەساتی گەورە بخوڵقێنێت و کۆی ئەزموون و کولتوور و پەروەردەی کوردی لە باشوور توشی گرفت بکات.
سەرچاوەکان
ئارێز (٢٠١٣). ئیخوان موسلیمین داینەمۆی بەرهەمهێنانی توندوتیژی. گۆڤاری ئایدیا واڵا.
شوان ئەحمەد، (٢٠٠٤). ئیسلامی سیاسی.
شوان ئەحمەد، (٢٠١٢). تارماییەکانی ئیسلامی سیاسی. چاپی یەکەم، هەولێر، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس.
فوئاد سدیق، (٢٠٠٥). دیموکراسی و ئیسلامی سیاسی.
شاخەوان برایم عەبدوڵا، (٢٠١٨). ئیسلامی سیاسی فریودان و تیرۆریزم. چاپی یەکەم، هەولێر،ڕۆکسانا.
کریس هارمەن، (٢٠١٦). پێغەمبەر و پرۆلیتاریا. و: پێشڕەو محەمەد و هێرۆ خوسرەوی. چاپی یەکەم، سلێمانی، چاپخانەی دلێر، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای ئایدیا بۆ فکر و لێکۆڵینەوە.
محەمەد هەریری، (٢٠١٦). ئیسلامی سیاسی و فیگەرەکانی لە کوردستان و ئیسلامستان. چاپی یەکەم، چاپی ئەلیکترۆنی.
عەلی وەردی، (٢٠١٦). لێکۆڵینەوەیەک لە سۆسیۆلۆژیای ئیسلام. و: دانا مەلا حەسەن. چاپی یەکەم، سلێمانی، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری ئەندێشە.