سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كورد لە دوا ساڵەكانی سەردەمی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەویدا

10/11/2022


كەیوان ئازاد

دوا ساڵەكانی تەمەنی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی، كەوتە سەردەمی خەلیفە (مەروانی كوڕی موحەممەد)، دوایەمین خەلیفەی ئەو بنەماڵەیە كە لە دایكەوە كورد بوو. هەر بۆیە سەرباری ئەوەی لای زۆربەی مێژوونووسان و توێژەرانی كورد، بە بایەخەوە سەیر كرا، بەڵام وەك پێویست ئاوڕ لە ژیانی و كەسایەتی و سەردەمەكەی نەدرایەوە! تەنانەت ئاماژەی وردیان بە شێوازی دەسەڵاتی و پشتیوانیی كوردەكان بۆ ئەو خەلیفەیە نەكرد.

لەكاتێكدا بەشێك لە مێژنووسان و توێژەرانی عەرەب، سەرباری ئەوەی كاری وردیان لەسەر كرد، بە (مەروانی كەر) ناویان برد، چونكە نەیتوانی لەئاست هێز و گەورەیی دەوڵەتەكەدا بێت و بەرگری لە دەستكەوتەكانی بكات، بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بكەن كە تەنیا ئەم هۆكاری ڕووخاندنی دەوڵەتەكە نەبوو، بەڵكوو ئەوە خەلیفەكانی پێش خۆی بوون، زەمینەی ڕووخاندنی دەوڵەتەكەیان ڕەخساند، كە بە (مەروانی كوڕی موحەممەد) ڕاست نەكرایەوە.

سەردەمی ئەم خەلیفەیە كەوتە نێوان ساڵانی (127-132ك/744-750ز)، كاتێك ڕووبەڕووی (ئیبراهیم كوڕی وەلید) سێزدەمین خەلیفەی ئومەوی وەستا و بەهۆی كوردەكانی جزیرەوە چووە (شام) و سوپای خەلیفەی ئومەوی (ئیبراهیم كوڕی وەلید)ی تێكشكاند و لە شاری (دیمەشق) خۆی وەك چواردەیەمین خەلیفەی ئومەوی ناساند. سەردەمەكەشی هاوكات بوو لەگەڵ دەركەوتنی بانگەشەی عەباسییەكان و هەوڵەكانیان بۆ دەسەڵات.

(عەباسییەكان)یش بنەماڵەیەكی عەرەبی هۆزی قوڕەیشی شاری (مەككە) بوون لە نەوەی (عەباسی كوڕی عەبدولموتەلیب)ی مامی پەیامبەری ئیسلام (د.خ)، بۆیە بەهۆی نزیكایەتییان بەو بنەماڵەیە، بانگەشەیان بۆ پایەی خەلافەت كرد و خۆیان بە شایستەتر لە بنەماڵەی ئومەوی بۆ ئەو پایەیە زانی.

دەركەوتنی ئەوان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئومەوییەكان، دۆخی كوردەكانی قورستتر كرد، چونكە سەرباری ئەوەی (مەروان كوڕی موحەممەد) لە دایكەوە كورد بوو، لە سەردەمی خەلیفەی پێشوو (ئیبراهیم كوڕی وەلید) والیی ویلایەتی جزیرەی زۆرینەی كورد بوو، سەركردەی بانگەشەی عەباسییەكانیش، كوردێكی هەرێمی خۆراسان بوو بەناوی (بەهزادان كوڕی وەندادان) ناسراو بە (ئەبووموسلیمی خۆراسانی).

هەر بۆیە بەشێك لە كوردەكان لەنێو ئەم (دوو) هێزەدا دابەش بوون، بەشێكیان لە هەرێمەكانی (خۆراسان، فارس، چیا، عێراق) چوونە پاڵ (ئەبوموسلیمی خۆراسانی) و پشتیوانییان لە بانگەشەی عەباسییەكان دژ بە دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی كرد. كوردەكانی (جزیرە، شام) و بەشێكی كوردەكانی هەرێمی چیاش، پشتیوانییان لە دەوڵەت و دوایەمین خەلیفەی ئومەوی كرد. بەو شێوەیەش كوردەكان و بەتایبەت كوردە موسڵمانەكان بەسەر (دوو) بەرەی دژ بەیەك دابەش بوون.

لەنێو ئەو دۆخە دژوارەشدا، ململانێی نێوان هەردوو هێزەكە لە ناوچە كوردییەكانی هەرێمی چیا چڕ بووەوە. بە ئاستێك هەر (سێ) شەڕی گەورەی (شارەزوور) لە ساڵی (131ك/749ز)و شەڕی (حولوان) لە هەمان ساڵ و شەڕی (زاب) لە ساڵی دواتر لەسەر خاكی كوردستان ڕوویان دا و بەشێكی سوپاكەی هەردوو لا كورد بوون.

ئەوەش كاتێك (ئەبومەسلیمی خۆراسانی) بۆ سەرخستنی بانگەشەی عەباسییەكان سوپایەكی بە سەركردایەتیی (قوحتوبە ئەبولعون عەبدولمەلیك كوڕی یەزیدی ئەزدی) ناردە ناوچەی شارەزوور، تا ڕووبەڕووی سوپای ئومەوییەكان ببێتەوە، كە لەلایەن (عەبدوڵا كوڕی مەروان كوڕی موحەممەد) سەركردایەتی دەكرا. لەو شەڕەدا سوپای ئومەوییەكان تێكشكا و (عەبدوڵای كوڕی مەروان)یش بە سوپا تێكشكاوەكەیەوە بەرەو زێی گەورە و بۆ لای سوپای باوكی پاشەكشەی كرد.

شەڕی دووەمیش لەنزیك شاری (حولوان) ڕووی دا، كاتێك هێزێكی سوپای عەباسییەكان بەسەر هێزێكی سوپای ئومەوییەكاندا سەر كەوت و بەهۆیەوە بەرەو شاری (كووفە) پێشڕەوییان كرد. دواتر لەو شارە و ویلایەتی عێراقیان لە بندەستی ئومەوییەكان دەرهێنا.

شەڕی سێیەمیش لەسەر زێی گەورە ڕووی دا (مەروانی كوڕی موحەممەد) سەركردایەتیی سوپای دەوڵەتەكەی و (عەبدوڵا كوڕی عەلی) كوڕی مامی (ئەبولعەباس) سەركردایەتیی سوپای عەباسییەكانی كرد. لەم شەڕەشدا سوپای ئومەوییەكان تێكشكان و خودی خەلیفەی ئومەویش بەرەو شاری (مووسڵ) هەڵهات، بەڵام فەرمانڕەوای شارەكە دەرگاكانی شاری بە ڕووی خەلیفەدا داخست، بۆیە بەرەو شام ڕۆیشت.

لەوێش هەر دووچاری بەرەنگاریی بەشێكی دانیشتوانی شار و گوندەكانی ویلایەتی شام و بنكەی دەسەڵاتی ئومەوییەكان بووەوە، بۆیە دواجار بەرەو ویلایەتی میسر ڕایكرد. لەوێش بەخت یاوەری نەبوو، چونكە لە گوندی (بوسیڕ)ی سەر بە ویلایەتی میسر لەلایەن هێزێكی سەر بە عەباسییەكانەوە دەستگیر كرا و كوژرا. بەوەش كۆتایی بە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئومەوی هات.

بە كورتی، كوردەكان وەك بەشێك لە مەوالییەكانی نێو سنووری دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی، لەنێوان پشتیوانی بۆ ئەو جووڵانەوانە و دژایەتیی دەوڵەت، هەڵوێستیان نواند. لەو هەڵویستانەشیاندا باجی خۆیان دا و زیانی زۆریش بەر ناوچەكانیان كەوت. دیارە كوردەكان سەرباری ئەوەی لە زۆربەی ململانێ و ڕووداوە ناوخۆییەكانی دەوڵەتدا ڕۆڵی كارایان هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نە پەرتەوازەیی خۆیان دەرفەتی پێ دان خزمەتێك بە خۆیان بكەن، نە دڵڕەقیی بەشێك لە خەلیفە و والییەكانی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی و ئەو هێزانەی دژایەتیی دەوڵەتیان كرد، ئەو هێزەی پێ دان بە سەركەوتن بگەن، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا، هیچ یەك لەو هێزانە چۆكیان بە كورد دانەدا. تەنانەت خەلیفە و بەرپرسانی دەوڵەتیش نەیانتوانی تا كۆتایی ملكەچیان بكەن و لە نەیارییان دووریان بخەنەوە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.