سێرجیۆ كاناڤێرۆ كە پزیشكێكی ئیتاڵییە، بەنیازە لە كۆتایی ئەمساڵدا نەشتەرگەرییەك ئەنجامبدات كە بە "سەختترین نەشتەرگەری" ئەژمار دەكرێت.
سێرجیۆ بەنیازە سەری مرۆڤێك لەسەر لاشەی مرۆڤێكی تر بچێنێت. سەرباری ئەوەی پێشتر ئەم جۆرە لە نەشتەرگەری، لە ئاژەڵەكانی وەك مەیمون، مشك و (سەگ)ـدا تاقیكراوەتەوە، شارەزایانی بوارەكە بەگومان و ترسەوە دەڕواننە ئەم هەوڵەی پزیشكە ئیتاڵیاییەكە و ترسیان هەیە لەوەی نەشتەرگەرییەكە شكستبهێنێت. ئەوان دەڵێن: "هێشتا زووە ئەم جۆرە تاقیكردنەوەیە لەسەر مرۆڤ بكرێت".
ڤالێری سپیریدۆنۆڤ، گەنجێكی تەمەن 31 ساڵی روسە و وەك خۆبەخش ئامادەیە تاقیكردنەوەكەی لەسەر بكرێت. ڤالێری خاوەن پێداویستی تایبەتە و بڕیارە سەری لەسەر لاشەیەكی تر بچێندرێت. بەئومێدەوە دەڕوانێت بۆ ئاییندە و دەڵێت: "هەر هەنگاوێك ئەم دۆخەی ژیانم بگۆڕێت، ئەوا ئامادەم بیگرمەبەر".
ئەو نەشتەرگەرییەی بڕیارە ئەنجامبدرێت، تیمێكی 150 كەسیی بەشداری تیادا دەكەن و ماوەی 36 دەمژمێر دەخایەنێت و تێچووەكەشی 17 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی دەبێت.
وەك ئاشكرایە، لەمێژە گواستنەوە و چاندنی زۆرێك لە ئەندامەكانی لەشی مرۆڤ كراوە و دەكرێت و لە بواری پزیشكیدا بووە بە یەكێك لە نەشتەرگەرییە باوەكان، بەڵام لە ناوەندی پزیشكییدا، گواستنەوەی سەر بە ئەركێكی مەترسیدار ئەژمار دەكرێت، ئەوەش بەوپێیەی كە كارەكە پێویستی بە بڕین یاخود پچڕاندنی دڕكەپەتك دەبێت.