كەیوان ئازاد
ڕەچەڵەكی بنەماڵەی عەباسییەكان
لە نیوەی یەكەمی سەدەی دووەمی كۆچی بەرامبەر بە ناوەڕاستی سەدەی هەشتەمی زایینی، بنەماڵەیەكی عەرەب بە ناوی (عەباسییەكان)، چوون بەگژ بنەماڵەیەكی عەرەبی دیكەی فەرمانڕەوا، كە (ئۆمەوییەكان) بوون. هەردوولاش جگە لەوەی موسڵمان و لە هۆزی قوڕەیشی عەرەبی و خەڵكی شاری (مەككە) بوون، لە هەمان كاتدا ڕابردوویەكی باشیان لە سەرخستن و بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلامدا هەبوو، بەڵام لەوەدا جیاواز بوون، كە وەك (دوو) بنەماڵەی نەیار بەیەك دەركەوتن و لەسەر دەسەڵات كەوتنە ململانێ. سەرەتای ململانێكەشیان لە شاری (مەدینە)ەوە دەستی پێكرد و لە گوندی (حومەیمە)ی شام ڕیشەی داكوتا و لە هەرێمی خۆراسانەوە گەیشتە لوتكە و لە شاری (كووفە)ەوە بە سەركەوتن گەیشت.
ڕەچەڵەكی عەباسییەكان بۆ (عەباسی كوڕی عەبدولموتەلیب) مامی پەیامبەری ئیسلام (موحەممەد كوڕی عەبدوڵا/ د.خ) دەگەڕێتەوە، كاتێك بەدرێژایی تەمەنی، هاوكار و پشتیوانی برازاكەی بوو لە سەرخستنی ئایینەكەیدا. لەمەوەش (عەلی كوڕی عەبدوڵا) وەك یەكەم بانگەشەكار بۆ گەیشتنی بنەماڵەكەیان بە دەسەڵات، كوڕەزای (عەباس كوڕی عەبدولموتەلیب) و یەكێك بوو لە كەسایەتییە دیارەكانی بنەماڵەی هاشمی و هۆزی قوڕەیش. بەو هۆیەوەش ناوی بزووتنەوەكەی لە ناوی (عەباسی كوڕی عەبدولموتەلیب) وەرگرت، تا ببێتە هێزی بنەماڵەیی و ئایینی بۆ بانگەوازەكەیان.
گەڕانەوە بۆ مێژووی بنەماڵەكە، گەڕانەوەیە بۆ مێژووییەك لە خەبات و پشتیوانی لە پەیامبەری ئیسلام (د.خ)و ئایینەكەی. جارێ (عەباسی كوڕی عەبدولوتەلیب) وەك ئاماژەمان پێ دا، دوای كۆچی دوایی (ئەبوتالیب كوڕی عەبدولموتەلیب)ی برای لە ساڵی (620ز)، كە بە (ساڵی خەم و ناخۆشی- عام الحزن) لە مێژووی ئیسلامدا ناسرا، بەهێزترین پشتیوان و هاوكاری برازاكەی بوو لە سەرخستنی ئایینی ئیسلامدا. تەنانەت لە هەردوو پەیمانبەستی (عەقبەی یەكەم) لە ساڵی (621ز) و (عەقەبەی دووەم) لە ساڵی (622ز)دا ئامادە بوو، تا شاهێدی لە بەیعەتكردنی ئەو كەسایەتییانەی شاری (یەسرب) بدات بۆ برازاكەی.
ئەو كەسایەتییانەی شاری (یەسرب)یش بۆ رێوڕەسمی حەجی ئەو (دوو) ساڵە هاتبوونە شاری (مەككە). لەوێش پەیامبەری ئیسلام (د.خ) هەلەكەی قۆستەوە و چاوی پێیان كەوت و داوای لێ كردن باوەڕ بە پەیامەكەی بهێنن. ئەوانیش دوای وەرگرتنی پەیامەكە، بەڵێنی پشتیوانی و هاوكارییان پێ دا و میواندارییان بۆ شارەكەیان كرد. بەو هۆیەشەوە (موحەممەد كوڕی عەبدوڵا/ د.خ) لە ساڵی (622ز) ڕووی لە شاری (یەسرب) كرد و شاری (مەككە)ی زێدی خۆی و ئایینەكەی بەجێ هێشت.
دیارە ئەگەر سەردانی ئەو كەسایەتییانەی شاری (یەسرب) و بەیعەتدان بە پەیامبەری ئیسلام (د.خ) و بوونی (عەباسی كوڕی عەبدولموتەلیب) وەك مامی پەیامبەری ئیسلام لەو بەیعەتدانە نەبوایە، ئەستەم بوو پەیامبەر و ئایینەكەی لە بندەستی بتپەرەستەكانی هۆزی قوڕەیش ڕزگار بێت، بۆیە بوونی (عەباسی كوڕی عەبدولموتەلیب) لەو (دوو) ڕووداوە، ڕۆڵی خۆی لە مانەوەی برازاكەی و سەرخستنی ئایینەكەدا بینی.
كاتێكیش پەیامبەری ئیسلام (د.خ) شاری (مەككە)ی بەرەو شاری (مەدینە) بەجێ هێشت، (عەباس كوڕی عەبدولموتەلیب) لە شاری (مەككە) مایەوە، تا لە نهێنی و پیلانەكانی قوڕیش ئاگاداری بكاتەوە. تەنانەت لە كاتی گرتنی شاری (مەككە) لە ساڵی (8ك/629ز) لەلایەن موسڵمانەكانەوە، بووە هێزێكی بنەماڵەیی بۆ برازاكەی و پەیامەكەی. كاتێكیش پەیامبەریش (د.خ) دووچاری نەخۆشی بوو، هاتە شاری (مەدینە) و لە لای مایەوە، تا لە ساڵی (11ك/632ز) كۆچی دوایی كرد.
لەوێش وەك زۆربەی هەرە زۆری موسڵمانەكانی دیكە تەرمی پەیامبەری بەجێ نەهێشت و ڕووی نەكردە (كەپری بنەماڵەی ساعید)، بەڵكوو لەگەڵ (فاتیمە كچی موحەممەد و عەلی كوڕی ئەبی تاڵیب) و هەردوو كوڕەكانی خۆی (فەزڵ و عەبدوڵا) لەسەر تەرمەەی مایەوە، تا كفن كرا و بە خاك سپێردرا. هەروەها تا ئەو كاتەی لە ساڵی (34ك/654ز) كۆچی دوایی كرد، یەكێك بوو لە كەسایەتییە دیارەكانی بنەماڵەكەی و پشتیوانی ئایینی ئیسلام. دوای خۆیشی كوڕەكەی (عەبدوڵا) یەكێك بوو لە دیارترین زانایانی سەردەمەكەی، لە بوارەكانی وێژە و ڕەوانبێژی و زانستە ئایینەكانی ئیسلامدا. ئەمیش تا ئەو كاتەی لە ساڵی (68ك/687ز) كۆچی دوایی كرد، دوور لە كایەی سیاسی، سەرقاڵی خوداپەرستی و پەرەپێدانی زانستەكەی بوو.
دوای كۆچی دوایی (عەبدوڵای كوڕی عەباس) كوڕەكەی (عەلی) بەو ڕابردووەی باوك و باپیرییەوە، دەستی دایە بانگەوازەكەی و كاری بۆ سەرخستنی بنەماڵەكەی كرد بۆ دەسەڵات. هەروەها بە مەبەستی رێگری لە هەر بنەماڵەیەكی دیكەی وەك ئومەوییەكان، كاریان بۆ دروستكردنی دەوڵەتێكی گەورەی ڕامیاری، تێكەڵ بە ئایین و پادشایەتیی پشتاوپشت كرد، بەڵام بەپێچەوانەی مێژووی بنەماڵەكەی، كاری بۆ پێشێلكردنی مافی كۆمەڵ و پێكهاتەكانی دیكەی نێو كۆمەڵگای ئیسلامی بە هەمان ئاراستەی ئۆمەوییەكان كرد. ئەمەو سەرەڕای گلەیی و گازندەیان لە خراپی و نادادیی بنەماڵەی ئومەوی لە كاتی بانگەشەكردن بۆ بزووتنەوەكەیان، بەوەی دوور لە بنەماكانی ئایینی ئیسلام و لەژێر پەردەی ئەو ئایینەدا، پایەی خەلافەتیان زەوت كردەوە، كەچی ئەمانیش بێ هیچ لێپرسینەوەیەك لە خۆیان، پەیڕەوی هەمان سیاسەتی ئەوانیان كرد! تەنانەت كاردانەوەشیان بەرامبەر هەموو ئەوانە پیشان دا، كە دژی خواست و ئارەزووەكانیان بوون.