سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئیسفنجە پیرۆزەكە

پێش 3 هەفتە



نزار سابیر

چووبووین بۆ دهۆك، بەشداری لە پاڵەوانێتی‌یەكی وەرزشی‌دا بكەین. ئێمە وەك تیپی جومناستیك بەشدار بووین. من هیچی وایشم لێ نەدەزانی؛ هەر دوای كوڕانی گەڕەك كەوتبووم. لە گەڕانەوەدا پاسێكی گەورەی كۆن دەیبردینەوە بۆ سلێمانی. لەسەر یەكێك لە كورسییەكانی پاسەكە دانیشتبووم؛ لە بێزاری‌دا لە شتێك دەگەڕام خۆمی پێوە خەریك بكەم. پارچەیەك ئیسفنجی هێندەی خشتێك گەورە لەبەر پێم كەوتبوو. هەڵم گرتەوە و ئەوەندەی بە دەستمەوە هات نەخشی "اللە"ـیەكم لەسەر هەڵكەند.

ئەوكات لە پۆلی دووەمی ناوەندی بووم و ماوەیەك بوو دەست و پەنجەم لەگەڵ خۆشنووسی‌دا نەرم دەكرد. (بسم اللە الرحمن الرحیم)ـم بە خەتی نوسخ، كە (بسم)ـەكەی تێدا درێژدەكرایەوە، زۆر لا جوان بوو و تەمرینم لەسەر كردبوو. بەڵام خۆ نەدەكرا ئەو دەستەواژە درێژە لەسەر ئەو پارچە ئیسفنجە بچووكە هەڵبكۆڵم، بۆیە هەر بە (اللە)كەیەوە وەستام. بەدەر لەوە ناوی خوام زۆر لا خۆشەویست و پیرۆز بوو. باوكم، كە لە دوایی‌یەكانی تەمەنی‌دا "گەڕابۆوە"، یەك دوو جار بردبوومی بۆ كۆڕی زیكری شێخ عەبدولكەریمی كەسنەزان و ڕەمەزانان بە پێچی عەباكەی دایكمدا دزەم دەكردە ناو مزگەوتی گەورەوە بۆ نوێژی تەراویح. خۆشەویستی و سام و هەیبەتی خوام لە هەڵسوكەوت و دەمودووی گەورەكاندا دەدی و منیش دەكۆشام خۆشم بوێ و لێی بترسم و بەقسەی بكەم، بەوەش سەرنج و خۆشەویستی‌ی دەوروبەرم بۆ خۆم بە دەست بهێنم.

كاتێك پاسەكە لای دا بۆ نانخواردن و ئیسراحەت، من لەپڕ خۆم لەبەردەم كێشەیەكی گەورەدا بینی‌یەوە. ئەو پارچە ئیسفنجە هی كوشنی یەكێك لە كورسی‌یە بەرگدڕاوەكانی پاسەكە بوو. ئیسفنجە ڕزیوەكە، كە بەدەم دەستلێدانەوە گەردی لێ هەڵدەوەری، شێدار بوو و لەبەر ئەوەی لەسەر ئەرزی‌ی پاسەكە بەر پێی ئەم و ئەو كەوتبوو، كەمێكیش پیس بوو. بەڵام ئێستا، كە ناوی خوای هەڵگرتبوو، لەناكاو وەك مەرقەدی پێغەمبەر و پیاوچاكان و بەرگی كتێبی قورئان لە من بوو بە یەك پارچە پیرۆزی و موبارەكی. سەرم لێ هاتەوە یەك، چی لەو پارچە ئیسفنجەكە بكەم. دادەبەزم و لەگەڵ خۆمدا دەیگێڕم، هەم پاك نییە و هەم دەبمە گاڵتەجاڕی مێردمنداڵە هاوتەمەنەكانم. بەجێی دەهێڵم، دەترسم فڕێ بدرێ یان ببێ بەژێر پێی سەرنشینانەوە. ئاخر چۆن دەبێ ناوی خوا بەجێ بهێڵرێ بۆ فڕێدان و پێشێلكران. بیرم كردەوە نەخشە هەڵكۆڵراوەكە بكوژێنمەوە، سەیرم كرد ئەوەندەی دیكە دڵەڕاوكێ گرتمی. ئاخر چۆن ناوی خوا بكوژێنمەوە! تەماشا، چۆن بە دەستی خۆم قوڕم بۆ خۆم گرتەوە! ئەوە ئەو سەردەمە بوو، ئێمەی منداڵان، لەكاتێكدا گوێمان بەوە نەدەدا شت فڕێ بدەیەنە سەر جادە، گڵۆپی كۆڵانان بشكێنین یان ئازاری كەری نانەوردە بدەین، كەچی نەعلێكی ئاوەژوومان لەسەر ئەرزی حەوشە ببینیایە، شەستەی باران بوایە یان چلەی گەرمای هاوین، دەردەپەڕاینە دەرێ و گورج هەڵماندەگێڕایەوە، بۆ ئەوەی بنە پیسەكەی ڕووی لە ئاسمانی ماڵی خوا نەبێ. ئەدی چۆن من ئێستا ناوی خوا خۆی بەو دەردە بەرم؟! پاش دوودڵی‌یەكی زۆر، بڕیارم دا ئیسفنجەكە لە گۆشەیەك بشارمەوە، تا نان دەخۆین و سەردەكەوینەوە ناو پاسەكە.

پاس بەڕێ كەوتەوە و ئەمجا بوو بە گۆرانی و دەستبازی و جێگۆڕكێكردن. دیسانەوە ئیسفنجی تایینم لێ بۆوە بە بار. ئیرەیی‌م بە هاوڕێكانم دەبرد، كە ئەوان تووشی ئەو بەندیخانەیە نەبوون. هەستم دەكرد، خوا ئەوانی زیاتر خۆش دەوێ؛ مەگەر ئەو خۆی هەموو شتێكی بە دەست نییە؟! دواتر بە درێژایی‌ی ڕێگەكە هەر بیرم لێ دەكردەوە. چۆن دەبێ من، كە ناوی خوام نەخشاندووە، كۆت و بەند بكرێم، ئەوانیش، كە هیچیان بۆ خوا نەكردووە، ئاوا ئازاد بن؟ بەلام بۆچی خوا منی لەوان خۆشتر بوێ؟ خۆ دەزانم، ئەوانیش هەموو وەك من خوایان خۆش دەوێ. گوناهی ئەوان چییە، وەك من بە ڕێكەوت ئیسفنجێكیان نەدۆزیوەتەوە و بۆ كاتكوشتن ناوی خوایان لەسەر هەڵنەكۆڵیوە؟ چی دەبوو ئەگەر منیش ناوی خوام هەر لە دڵی خۆمدا هەڵبگرتایە؟! كێ پێی گوتم، ناوی خوا لەسەر پارچەیەك ئیسفنجی پیسی فڕێدراو هەڵبكۆڵم؟! وەكو كردم، بۆچی دەبێ ئەوە خوا بخاتە مەترسی‌یەوە؟! مەگەر ناڵێن خوا بە كولفەیكولێك دەتوانێ دنیا سەرەوژوور بكا؟! بە خۆمم گوت، ئاخر تۆ چیت، فەڕنەگولەی خوێڕی، ئاگات لە خوا بێ؛ ببیت بە پاسەوان بۆ خالقی ئەرز و ئاسمان!

كە دابەزیم و ڕێی ماڵەوەم گرت، دوودڵانە ئیسفنجەكەم لەگەڵ خۆم هەڵگرت. لە ڕێ ئیدی بڕیارم دا ئەو پارچە ئیسفنجە پیسە لەگەڵ خۆمدا نەبەمەوە ماڵ. ئاخری لە شوێنێك فڕێم دا. چەند هەنگاوێك ڕۆیشتم و بەڵام دوودڵانە گەڕامەوە. هەڵمگرتەوە و (اللە)كەم لەسەر كوژاندەوە و ئەمجا فڕێم دایەوە.

هەفتە و مانگەكانی دوای ئەوە بیر و دەروونم ئاڵۆزكان. وێلانە بەشوێن بۆڕوونبوونەوەدا دەگەڕام. كەوتمە خوێندنەوەی كتێبان و موناقەشەی هاوڕێیان. ساڵێكی نەبرد باوەڕم بەو خوا دەرەكی‌‌یە نەما ئینسان لەسەر شێوەی بچووكی خۆی ماڵی بۆ دروست دەكا و پارەی بۆ كۆدەكاتەوە و بوغز و بەزەیی‌ی پێ دەڕێژێ و هەڕەشە و بەڵێنی لیكوروژێنی پێ دەبارێنێ و مامەڵە و شەڕی لەسەر دەكا. خوای دەرەكی‌م بە تەواوی لە ژیانم فڕێ دا.

نازانم سەربردەی ئەو ئیسفنجە چەند دەستی لەو پەرەسەندنەدا هەبوو. پاش ساڵانێك لای فرۆید خوێندمەوە، دەیگوت مردنی باوك دەكرێ ڕێ خۆش بكا بۆ مردنی خوا. بیرم كردەوە، هەر لەو ساڵی ئیسفنجەدا بوو، كە باوكم مرد. بە هەر حاڵ، مردنی باوكم بووبێ، چیرۆكی ئیسفنجەكە، یان هەر شتێكی دیكە، من باوەڕم بە اللەی سەر ئیسفنجەكە نەما.

چەند ساڵێكی ویست تا بە بێئەوی ڕاهاتم. دواتر ئەوەندەم ئارامی‌ی هۆش و ئەخلاق لەناو خۆمدا بینییەوە، هیچ شتێكی بچووك و گەورەی ژیان نەیبردمەوە سەری. بەڵام ئیسفنجەكەم، بە پیچەوانەوە، هەرگیز لەبیر نەكرد.

نەگبەتی‌یەكانی ئینسان، ئەو ئینسانە داماوەی، كامو گوتەنی، بە بەهرەی ئەقڵەوە فڕێ دراوەتە دنیایەكەوە، هیچ شتێكی تێدا تەفسیر ناكرێ، زوو زوو ئەو ئیسفنجەم دەهێننەوە بیر.

هەر زوو، لەو ساڵە گەنجانەی ژیانمدا، ئیسفنجەكەم هاتەوە بیر، كاتێك دێڕە شیعرێكی جەمیل سیدقی زەهاوی‌م بەر چاو كەوت. دێڕە عەرەبی‌یەكە، كە لە پەراوێزدا لە خوارەوە دەیبینیت، بە كوردی دەكاتە شتێكی لەم بابەتە:

كە لە سڕڕی بوون سەرت دەرنەكرد

ویستیشت مانا بۆ خۆت بەی بە كرد

خوایەكت هەڵبەست كێشەی پێ حەل كەی

كەچی ئەو خۆی بوو بە گەورەترین وەی

كاتێك كانتم خوێندەوە، كە لە پێناسەكردنی ڕۆشنگەری‌دا باس لەو دەستەوسانی‌یە دەكا، كە ئینسان خۆی بە دەستی خۆی بۆ خۆیی ساز كردووە و ناوێرێ هۆشی خۆی دوور لە هەڵسووڕاندنی خەڵكانی دیكە بخاتە گەڕ، دەستەوسانی‌ی خۆمم لە ئاست پارچە ئیسفنجەكەدا بیر كەوتەوە.

ئەو كاتەی فەرمانڕەوا تازەكانی ئێراق سەددام حسێنی ڕووخاویان وەك شەیتان بە لەعنەت دەكرد، بەڵام نەیاندەوێرا ئەو وشەی (اللە)یە لەسەر ئاڵای ئێراق بكوژێننەوە، كە سەددام بۆ ڕیا و چەواشەكاری لە دوادوایی‌یەكانی حوكمڕانی‌ی خۆی‌دا بە خەتی خۆی نووسیبووی، من (اللە)ی سەر ئیسفنجەكەی خۆمم بیركەوتەوە.

ئەو كاتەی مەلا ئایدیۆلۆژی‌یە ناڕەسەن و دەججالەكانی خۆمان خوای گەورە بچووك دەكەنەوە و دەیئاخننە ناو ئیسفنجە پاك و پیسە بەڕۆح و بێڕۆحەكانی ژیانی ڕۆژانەمانەوە و خۆشیان دەكەنە پاسەوانی بكوژ ببڕی ئەو ئیسفنجانە، من ئیسفنجەكەی خۆمم دێتەوە بیر. كاتێك ئەو شەڕلەدڵ و قینلەدڵە ئیسفنج‌پەرستانە ڕۆحی ئینسانەكان هەرزان دەكەن بۆ شەڕ لەسەر پیرۆزی مەككە دژ بە نیشتمانەكانیان، من ئیسفنجە پیرۆزەكەی خۆمم دێتەوە بیر. كاتێك ئیسفنجپەرستێكی ناحاڵی بە چەقۆ پەلاماری نووسەرێكی وەك سەلمان ڕوشدی دەدا، من خەم و ترسی خۆم لەسەر خوای سەر ئیسفنجەكەی خۆمم دێتەوە بیر.

بە كورتی هەر كاتێك دەبینم ئینسان خوای، لەباتی یار، لە خۆی كردووە بە بار، من ئیسفنجەكەم دێتەوە بیر.

ئێستا دوای ئەم تەمەنە پێگەیشتووە وای دەبینم، خوا هەر پینەی تێنەگەیشتن نییە لە سڕری بوون و مانابەخشێك نییە بۆ بێمانایی، هەر نوورێك نییە بۆ پێكگەیشتن و فەنابوون تێیدا، ‌هەر داردەستی دارا و سەردار نییە بۆ ڕامكردنی نەدار و هەژار؛ هەر سوكنایی‌یەكی سایكۆلۆژی نییە بۆ دەروونێكی نائارام. ڕاستە، خوا دەكرێ هەموو ئەوانە بێ. بەڵام خوا، كە لە درزی باوەڕەوە سەر دەردەكا، قەدەری ئینسانە. مادام ئینسان دەتوانێ باوەڕ بكا، مەحكوومە بە خوا. باوەڕ ڕۆشنایی‌ی ئەو چرایەیە، زانین دەیگرێتە تاریكایی‌ی ئەو ڕووبەرەی پێی پێ ناگا. لەبەر ئەوەی نەزانین پێشمەرجە بۆ زانین، هەمیشە و بەردەوام دنیایەك شت هەیە نایزانین. باوەڕ پردی نێوان زانین و نەزانینە. بۆیە هەموو دەبێ باوەڕ بكەین و هەمووش لەناو خۆماندا باوەڕ بە كۆمەڵێك شت دەكەین. ئەوانەشی تا پلەی یەقین باوەڕیان پێ دەكەین خواكانن؛ ڕێكردنیش بە گوێرەی ئەو خوایانە، ئاسمانی بن یان دنیایی، جۆرێكە لە خواپەرستی‌. بۆیە باوەڕم وایە، هەموو لە شوێنێكدا خواپەرستین.

بەڵام بۆ ئەوەی ئەم خواپەرستی‌یە لە قەدەرەوە نەبێ بە نەفرەت، دەبێ لەگەڵ خواپەرستی‌ی جیاوازی یەكتردا هەڵكەین. ئەوەش بەوە دەبێ هەر كەسە و خوای لەسەر ڕووبەری گشتی، كە هی هەموومانە، هەڵنەكۆڵێ. دەزانم، ڕەمزەكان بۆ ئینسان گرنگن. ئیسفنجە پیرۆزەكانت لە ماڵی خۆت و پەرستگاكەتدا هەڵگرە، مەیخە سەر ڕێی خەڵك! من خۆم خەون بەو ڕۆژەوە دەبینم، هەموو خوای خۆمان لەسەر ئیسفنجی دڵی خۆمان هەڵبكۆڵین. ڕەحمان و ڕەحیمترین خوا ئەو خوایەیە، لەناو خۆتدا دەیگێڕیت، نەك لەگەڵ خۆتدا.

دێڕەشیعرەكەی زەهاوی بە ئەسڵە عەرەبی‌یەكەی:

لما جهلت عن الطبيعة سرها       واقمت نفسك في مقام معلل
صـورت ربــــا تبتغي حـــــلا بــه       للمشكلات فكان اعظم مشكل

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.