سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

قانع و من و دكتۆر عەبدولەتیفی سەلەفیی

پێش 2 هەفتە


قانع و من و دكتۆر عەبدولەتیفی سەلەفیی 

لە درێژەی وەڵامی كۆمەڵێك خوێنەردا

پرسیار: لە ماوەیەی پێشوودا كە بێ حورمەتی بەرامبەر شێعرێكی مامۆستا قانێعی نەمر كرا، لە لایەن مێشك وشكێكەوە، و شیعرەكە وەك كوفركردن مامەڵەكرا، چی بوو ئێوە بە جورئەتەوە وەڵامی ئەو مەلایەتان دایەوە، ئایا خۆشەویستیت بۆ قانعی نەمر وەك نەوەی ئەو هەژاندتی، یان مەبەستێكی ترت بوو لە وڵامە توند و خێرایەت؟

وەڵام: هەندێك كەس هەوڵیاندا ئەو وەڵامەی من بۆ كاك عەبدولەتیفی سەلەفیی بخەنە قاڵبی خێڵگەرایی و خزمچێتیی و خێزانپەرستیی و شتی دیكەی لەو بابەتەوە، بە حوكمی ئەوەی قانع باپیری منە. هەندێكی تر كۆمەڵێك تەشهیر و قسەی ناشیرین و برینداركەریان نووسیی، بەڵام كەسیان شتێكی نەنوویسبوو قابیلی ئەوەبێت مرۆڤ بەرخوردی لەگەڵدا بكات و بەجدی وەیبگرێت. كێشەی زۆرێك لەو  جۆرە ڕوانینە لەوەدایە كە نازانن من لە پازدە ساڵی ڕابردوودا چیم لەسەر ئیسلام بەگشتیی و لەسەر ئیسلامی سیاسیی بەتایبەتی، نووسیوە. لەم ڕووەوە من نووسینێكی زۆرم هەیە. كەسانێكی زۆر هەن قسەكردنیان لەسەر ئیسلامی سیاسیی سنووری كۆمەڵێك كڵێشە و ریتۆریكی سادە تێپەڕناكات، دیدێكی میتۆدیان بۆ قسەكردن لەسەر شێوازە جیاوازكانی دین و شێوازە جیاوازەكانی دینداریی و شێوازە جیاوازەكانی بە سیاسییكردنی دین لەناو كۆمەڵگادا نییە. ئەرك و وەزیفە جیاوازییەكانی دین لە ژیانی كۆمەڵگا و ژیانی تاكەكەس و گروپەكاندا نابینن، لەوە تێناگەن لای هێزی كۆمەڵایەتیی جیاواز و لەناو پرۆژەی سیاسیی جیاوازدا، دین دەتوانێت ڕۆڵی جیاواز ببینێت. ئەوە نابینن كە دەشێت بكەری كۆمەڵایەتیی جیاواز بۆ مەبەستی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و دینیی جیاواز، بۆ لێكدانەوەی جیاوازی دین بگەڕێنەوە. لەڕووی زانستیشەوە دینناسیی یەكێكە لەبوارە هەرە ئاڵۆزەكانی فیكری زانستیی و تیوریی، زیاد لە زانستێك و زیاد لە میتۆدێك و زیاد لە دونیابینییەك هەن، كە خەریكی لێكۆڵینەوەن لەسەر دین و شێوازی ئیشكردن و ئامادەبوونی لەناو كۆمەڵگادا. یەكێك لە كێشە هەرە سەرەكییەكانی دین لە دونیای ئێمەدا ئەوەیە كە قسەكردن لەسەر دین بۆ پیاوانی دین بەجێهێڵدراوە، یان بۆ كەسانێك كە باوەڕادارن و وەك باوەڕدارێك قسە لەسەر دین دەكەن. لە هەردوو دۆخەكەدا ئێمە لەبەردەم ڕوانینێكی نازانستیی و نامیتۆدیی تەواو تەقلیدییان بۆ دین، تەواویش دابڕاون لە بەشی هەرەزۆری ئەو مەعریفە و دەستپێكە گرنگانەی كە زانستە كۆمەڵایەتییەكان و زانستە ئینسانییەكان لە دوو سەد ساڵی ڕابردوودا لەسەر دین بەرهەمیانهێناوە. لەسەرێكی دیكەوە كەسانێكی دیكەش هەن لەسەر دین دەدوێن، بەڵام ئەمان بەهەموو شێوەیەك دژایەتی دین دەكەن و پێیانوایە هەموو قسەكردنێك لەسەرد دین، گەر هێرشكردن نەبوو بۆ سەر دین، ئەوا لەباشترین دۆخدا خۆخەریكردن بە  دینەوە كاتكوشتنە و لە خراپترینیشدا ئاوكردنە بە ئاشی خورافەت و بەربەریەتیی دینیدا. بێگومان لە هەموو حاڵەتێكدا ”قسەی زانستیی“ لەسەر دین، جیاوازە لە ”قسەی دینیی“ یان ”قسەی دژەدین“ لەسەر دین. لەنێوان ”عیلمی كەلام“ و ”فیقی تەقلیدیی“دا و لەنێوان ”كۆمەڵناسیی دین“ و ”سایكۆلۆژیای دین“ و ”ئەنترۆپۆلۆژیای دین“دا چەندسەدەیەك دابڕانی مەعریفیی و زانستیی هەیە. بەهەمانشێوە لەنێوان ”دژایەتیكردنی ئایدیۆلۆژییانەی دین“ و ئەو زانستانەدا كە بەشێوەیەكی زانستیی لە دین دەدوێن، هەمان مەسافە هەیە. 

ئێستا بابێینە سەر مەسەلەی بەكوفر تەماشاكردنی كاك عەبدولەتیفی سەلەفی بۆ شیعرەكەی قانع. ئەم پیاوە نوێنەرایەتی جۆرێك لە دنیداریی دەكات كە دیندارییەكی بەدەویی دەوارنشین و سەحرابەكۆڵی سعودییە، لەگەڵ زۆربەی هەرەزۆری دەركەوتەكانی ژیانی مۆدێرن و خەون و خولیاكانی مرۆڤی مۆدێرن و سەرەتاكانی بیركردنەوەی مۆدێرندا ناگونجێت. دینداریی ئەم پیاوە جۆرێكە لە دینداریی لەسەر بیرنەكردنەوە و نەزانین و خوارافەت كاردەكات، لاساییكردنەوەیەكی سادەی سەلەفێكە كە زیاد لە هەزار ساڵ لەمەوبەر و لەژینگەیەكی دەورانشینیی بیابانیدا ژیاوە. لای ئەم پیاوە و هاوشێوەكانی ئەوەی ئەم سەلەفە لەسەر دینیی وتوە، سەرەتا و كۆتایی دین و سەرتا و كۆتایی فیكر و سەرەتا و كۆتایی شارستانیەت و ئەخلاقە. هەموو شتێكی دەرەوەی دینداریی و دەرەوەی تێگەیشتنی ئەو سەلەفە، وەك كوفر و بێدینیی و جاهیلیەت تەماشادەكەن و بەگژیدادەچنەوە. ئەم دۆخە وادەكات ئەم جۆرە لە سەلەفیەتی دینیی زیاتر نەخۆشییەكی فیكریی و دینیی و شارستانیی و كۆمەڵایەتیی بێت، تا هەر شتێكی دیكە. 

ئەوەیشی ئەم سەلەفییانە دەكاتە كەسانێكی فریودەر ئەوەیە ئەمانە لە لاساییكردنەوەی ئەو سەلەفەشدا كە باسیدەكەن، ڕاستگۆ نین. چونكە ئەو سەلەفەی ئەوان باسیدەكەن و بۆی دەگەڕێنەوە، بۆ نموونە، تەلەفیزۆنی نەبووە، تەلەفۆنی مۆبایلی نەبووە، ئوتۆمبێلی درعی نەبووە، ئینتەرنێتی نەبووە، كامێری نەبووە، تەسجیل و میكرۆفۆنی نەبووە، لەكاتێكدا ئەمان هەموو ئەم دەسكەوتە گەورانەی دونیای مۆدێرنیان هەیە و كاریشیپێدەكەن، خۆ گەر ئەمانەیان لێبسێنەوە هیچی ئەوتۆیان بۆ نامێنێتەوە لەڕێگایانەوە كاربكەن. لەم ڕووەوە سەلەفیەتی ئەمانە تەواو “ناسەلەفییە“، یان سەلەفیەتەكەیان سەلەفیەتیەكی ”ئینتیقائی“ ی هەڵبژێرە كە بەپێی كات و شوێن و پێگە و قازانجی خۆیان، سەلەفی جیاواز و سەلەفیەتی جیاواز هەڵدەبژێرن. لەم ئاستەدا بڕێكی زۆر لە درۆ و ریاكاریی و دووڕوویی لە گوتاری ئەم سەلەفییانەدا هەیە و دەبینین. ئەمە جگە لە ناوەرۆكە خراپ و داخراو و سادەكەیان. 

ڕاستت دەوێت من كێشەیەكی ئەتۆم لەگەڵ ئەوەدا نییە ئەم جۆرە نەخۆشییە كولتوریی و دینیی و شارستانییانە بوونیان هەبێت. دونیای ئەمڕۆ چەندەها نەخۆشیی لەو بابەتەی تێدایە، كە بێگومان پێوستیان بەچارەسەر هەیە. كێشەی سەرەكیی من لەگەڵ ئەم جۆرە تێگەیشتن و بزوتنەوە دینیانەدا لەوەدایە ئەمانە توانا و پارە و تەكنۆلۆژیایەكی زۆریان خراوەتەبەردەست بۆئەوەی لەگەڵخۆیاندا هەموو كۆمەڵگا نەخۆش بخەن، دین بكەنە ئامرازێك بۆ وێناكردنێكی خراپی مرۆڤ و كۆمەڵگا. 

ئێوە سەرنجبدەن ئەمانە چ مەیلێكی گەورەی تەكفیركردن و بێدینكردنی هەموو ئەوانەیان هەیە كە لەخۆیان ناچن، یان هەموو ئەوانە بە موشریك و زەندیق و مونافیق و دەیان ناو و ناتۆرەی دینیی تری لەوجۆرە، ناوزەددەكەن، كە دەشێت دیدێكی تریان بۆ دین و دینداریی هەبێت.  ئەم زمانە دینییە پڕ لە بوختان و ناو و ناتۆرە و توندوتیژییە، لەو سەلەفیانە بسێنەرەوە، زمانێكی تریان نییە بتوانن لەڕێگایەوە قسە لەسەر دونیای ئەمڕۆ و مرۆڤەكانی ناوی بكەن. لە هەمووشی بێماناتر ئەوەیە دەست بۆ تەكفیركردنی مردوەكانیش دەبەن، بەتایبەتی تەكفیركردن یان بێدینكردنی ڕەمزە كولتوریی و ڕۆشنبیرەیەكانی ڕابردوو. 

ئەم هەموو وێرانەكارییە هی ئەوەیە مرۆڤ لەسەریان بێتەدەنگ و قسەبكات، ناكرێت ئەمانە ئەو هەموو هێرش و توندوتیژییە ڕەمزییە پیادەبكەن، بەڵام كەس بۆی نەبێت هیچیان لەسەربڵێت. سانسۆری سەلەفیزم لەسەر ژیان و فیكر و بیركردنەوە سانسۆرێكی تۆقێنەرە، گەر كەمەكێك دڵڕەقانەتر بدوێم، دەكرێت بڵێم لە سانسۆری فاشیەت ترسناكترە. 

ئەوەی من لەسەر عەبدولەتیفی سەلەفی نووسیم و ووتم، ئەمە پاشخانە ئەخلاقیی و مەعریفییەكەیەتی، پەیوەندیی بەوەوەیە ئێمە لەبەردەم دیندارییەكی هێجگار خراپ و نالەبارداین. نەك ئەوەی من كوڕەزای قانع بم و بەرگریی بنەماڵەییم لەم شاعیرە كردبێت. هەركەسێك ئەزیەتی ئەوەی كێشابێت هەندێك لەو نووسینە زۆرەی من لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا لەسەر دین نووسیومە بخوێنێتەوە، دەزانێت وەڵامدانەوەی ئەو پیاوە سەلەفیە و بەرگرییكردنی من لەقانع، پەیوەندیی بە مەسەلەی خزمچێتییەوە نییە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.