سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ڕابوونی ئیسلامی

پێش 2 هەفتە



حەمەسەعید حەسەن

شازادەی جێنشین محەممەد بن سەلمان دەڵێت: "ئەوەی سەلەفییەكان ناویان نابوو ڕابوونی ئیسلامی، لە درۆیەك بەولاوە هیچی دیكە نەبوو. ئەوەی كە سعوودستان وەهابیزمی بڵاو دەكردەوە، لە پێناوی خوادا نەبوو، لەسەر خواستی ئەمریكا بوو، بۆ بەگەڕخستنی ئیسلام بوو لە خزمەتی ئەمریكادا. برەودان بە وەهابیزم، ڕێككەوتنێكی سیاسی بوو، لەنێوان ئەمریكا لە لایەك و سعوودستان و میسر و پاكستاندا لە لایەكی ترەوە. برەودان بەو فیكرە دینییە توندڕۆیە، تەنیا بۆ بەگژداچوونەوەی یەكێتیی سۆڤیەت بوو."

لادانی پەردە لەسەر ڕووی ئەم ڕیسوایییە، وای لە واشینگتۆن پۆست كرد، بڵێت: "ئیدی گومانی تێدا نەما، بڵاوكردنەوەی وەهابیزم، بێجگە لە ئامرازێكی شەڕی ساردی نێوان ئەمریكا و یەكێتیی سۆڤیەت، هیچی دیكە نەبوو. بڵاوكردنەوەی هەموو ئەو قورئانانە، ڕۆنانی هەموو ئەو مزگەوتانە و بەخشینەوەی هەموو ئەو سەرپۆش و ڕووپۆشانە، بێجگە لە ئامرازگەلی شەڕی سارد هیچی دیكە نەبوون، تەنانەت بەردانەوەی ڕدێن و لەپێكردنی كورتەشەرواڵیش، دووئامرازی دیكەی شەڕی سارد بوون. هەموو ئەو ئامرازانە، مكیاج و دەمامك و ئێكسسواری پێویست بوون، بۆ ئەو ڕۆڵەی دەبوو ئیسلامی سیاسی، لە شەڕی سارددا بیبینێت."

چیرۆكەكە لە ٢٧ی دێسەمبەری ١٩٧٩دا دەستیپێكرد، كە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، پلانێكی داڕشت و ناوی لێنا: جیهاد لە ئەڤغانستان لە دژی ئیلحاد. بریجنسكی كە ئەوسا ڕاوێژكاری جیمی كارتەر بوو، بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، پلانەكەی داڕشت. بریجنسكی هەر زوو بۆ قایلكردنی سەرانی وڵاتانی ئیسلامی بە پلانەكەی، سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی كرد و بە جیا، لەگەڵ ساداتی سەرۆكی میسر و شا خالیدی شای سعوودستان و زیائولحەقی سەرۆكی پاكستاندا كۆ بووەوە. محەممەد حەسەنەین هەیكل لە لاپەرە ٣١یكتێبی: (جەنگە ناپیرۆزەكان)دا دەنووسێت: "بریجنسكی داوای لەو دەوڵەتانە كرد، لە شەڕی یەكێتیی سۆڤیەتی مولحیددا كە دەوڵەتێكی ئیسلامیی داگیر كردووە، ڕۆڵی سەرەكی ببینن. بریجنسكی لە پلانەكەیدا، ڕۆڵی هەر یەك لەو سێ دەوڵەتەی دیاری كردبوو، ئیدی لە كۆكردنەوەی موجاهید و مەشقپێكرنیان و ڕەوانەكردنیانەوە تا كۆمەكی دارایی. جێی سەرنجە بریجنسكی كە جوویەكی پۆڵۆنیایی بوو، خۆی وەك دڵسۆزی ئیسلام پیشان دەدا و سەرانی وڵاتانی ئیسلامیش پلانەكەیان ئەویان وەك دەیخواست، جێبەجێ دەكرد.

محەممەد حەسەنەین هەیكەل دەڵێت: "دیدارەكەی سادات و بریجنسكی سێ سەعات و نیوی خایاند، تێیدا داوای لە سادات كرد، كارێك بكات ئەزهەر و ئیخوان لە شەڕی سۆڤیەتدا، ڕۆڵێكی گرنگ وازی بكەن. بریجنسكی دەیزانی زۆرێك لە سەرانی موجاهیدەكانی ئەڤغانستان، دەرچووی ئەزهەرن، وەك بورهانەدین ڕەببانی و عەبد ڕەب ئەلڕەسوول سەییاف، دەیزانی عەبدوڵڵا عەززامی سەركردەی عەرەبە ئەڤغانییەكان سەر بە ئیخوانە. سادات وەك بریجنسكی لێی خواست، پلانەكەی ئەمریكای جێبەجێ كرد و گوتی: دنیا نابێت تەنیا سەركۆنەی یەكێتیی سۆڤییەت بكات و بەس، پێویستە بە كردەوە بەگژیدا بچینەوە. لە ٣٠ی دێسەمبەری ١٩٧٩دا، جادولحەق عەلی جادولحەقی موفتیی میسر لە (ئەهرام)دا بە فەتوایەك، داوای لەموسوڵمانانی دنیا كرد، كۆمەكی شۆڕشگێڕە ئەڤغانییەكان بكەن.

(ئیخوان)یش (بریجنسكی)ی نائومێد نەكرد، ڕۆڵێكی گێڕا زۆر لەوە كاربڕتر كە ئەو خەونی پێوە دەبینی. ئیخوان خوێندكارانی هان دا بە خوێن و بە كۆكردنەوەی پیتاك بە هانای ئیسلامییەكانی ئەڤغانستانەوە بچن. سەندیكای پزیشكانی میسری نزیك لە ئیخوان، چەندان دۆكتۆری بۆ ئەڤغانسان ڕەوانە كرد، ئەمە وێڕای دەرمان و خۆراك و پارە. بە فەرمانی حامید ئەبووئەلنەسری ڕێبەری ئیخوان، د. كەمال ئەلهەلباوی كە سەركردەیەكی دیاری ئیخوان بوو، شەش ساڵێك لەنێوان پاكستان و ئەڤغانستاندا هاتوچۆی بوو. ڕۆبەرت بایەری ئەفسەری سی ئای ئەی، لە كتێبی: (خەوتن لەگەڵ شەیتاندا) دەڵێت: "ئیخوان سەرچاوەی سەرەكیی كۆمەكی داراییی موجاهیدەكانی ئەڤغانساتان بوو.”

میسر لە پۆڕسەعیدەوە، چەكی بۆ كەراچی دەنارد و لەوێوە دەدرا بە موجاهیدە ئەفغانییەكان. كە لە ١٩٨٥دا، ڕیگان لەكۆشكی سپی، پێشوازیی لەكۆمەڵێك موجاهیدی ئەڤغانی كرد، دنیای تووشی شۆككرد. كە لە١٩٨٩دا، سۆڤیەت لە ئەڤغانستان كشایەوە، بریجنسكی گوتی: دەوڵەتی ئیسلامیی ئەڤغانستان، ڤێتنامی سۆڤیەتە، مەبەستی ئەوەبوو، وەك چۆن ڤێتنامییە كۆمۆنیستەكان، ئەمریكایان بەزاند، ئەڤغانییە ئیسلامییەكانیش هەمان تاڵاویان دەرخواردی سۆڤیەت دا. هەمیشە ئەمریكا چ بۆ شەڕی سارد، چ هی گەرم، بۆ بەگژداچوونەوەی چەپ و كۆمۆنیستەكان، هانای بۆ دۆستە ئیسلامییەكانی بردووە.

محەممەد حەسەنەین هەیكەل لە ژمارەی فێبریوەریی ٢٠٠٠یگۆڤاری (وجهات نظر)دادەنووسێت: "میسر و سعوودستان سیوپێنج هەزار موجاهیدیان لەچل و سێ دەوڵەتەوە بۆ ئەفغانستان ڕەوانە كرد. جۆنڕۆبەرتلەكتێبی: (پێوەندییە نهێنییەكانی نێوان ئەمریكا و دەوڵەتانی عەرەب)دا دەڵێت: "لە سعوودستان سێ سەد فەتوا لەلایەن پیاوانی ئایینیی فەرمیی وەك عەبدولعەزیز بن باز و محەممەد بن عوسەیمین و دەیان بانگخواز و ئەكادیمییەوە درا، كە جیهاد لە ئەفغانستان بە ماڵ و بە نەفس فەرزە." ئەمریكا بە پارەی میرەكانی سعوود و بە چەكی ڕووسیی لە میسر كەڵەكەبوو، شەڕی دەسەڵاتی ئەڤغانستانی سەر بە سۆڤیەتی دەكرد! بریجنسكی بە موجاهیدە ئەڤغانییەكانی دەگوت: "ئێمە دەزانین ئێوە خاوەنی چ باوەڕێكی مەزنن و بڕواتان بە خوا چەند پتەوە، لەوەیش دڵنیاین سەردەكەون و دەبنەوە بە خاوەنی مزگەوتەكانی خۆتان."

(*) سەرچاوەی ئەم نووسینە: موقع الجواهر ٣٠ أكتوبر ٢٠٢٢ محمود حسنی الرضوان

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.