سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ژنكوشتن و ئەو ئازادییەی بە ژن دراوە !

پێش 2 هەفتە



دانا مەنمی‌

دیاردەی ژنكوشتن لەكۆمەڵگەی ئێمەدا دیاردەیەكی سیاسی، كۆمەڵایەتی، سایكۆلۆژی، كەلتورییە، هەر جارە و دەموچاوێكی نوێی تری ژنكوژ دەبینیین، من نازانم كێ وتوویەتی پیاو (باوك ،برا ،هاوسەر) خاوەنی ژنە و هەركاتێ ویستی ئەتوانێ بە كفنەوە ڕەوانەی گۆڕستانی بكات؟ ئەم دیاردەیە ئیجگار ناشیرین و قێزەونە و ماڵەكان پەناگەیەك نین بۆ ژنان هەر پیاوێك لە شەرواڵی خۆیدا جەلادێكە بۆ ژنێك وكاتێكیش دەیكوژێت هەم خۆی هەم كەسوكارەكەی پاكانە بۆ فەزاحەتەكەی دەكەن . 

لەچەند رۆژی ڕابردوودا چەندین ژن بونەتە قوربانی و لە گوندەكەی مندا بەهۆی هەڵەیەكی ئەخلاقییەوە پیاوێك ژنێك دەكوژرێت و ماڵی دوو ژنی تریش وێران دەبێت،  سەیرو سەمەرە لێرەدایە كە حكومەتی هەرێم ژنكوژەكەی پاراستووە و نان و گۆشتی دەداتێ لە زیندان و دوای چەند رۆژ یان مانگێك ئازاد دەكات و  بەبێ ئەوەی هیچ سزایەك لەسەر شەرەف وەربگرێت ! مەگەر هەر خودا خۆی بزانێت پێش كوشتنی ژنەكەی چ سزایەكی رۆحی دابێت ! 

هیچ مرۆڤێك بێ كەموكوڕی نییە و مرۆڤ هەتا هەڵە نەكات فێر نابیت ، بەڵام هەڵەی ژنان لە كۆمەڵگای پیاوسالاریدا خراپ بە سەریدا شكاوەتەوە كۆتاییەكەیشی مەرگ بووە ، تاوانی ژن ژنبونەكەی نییە و زۆرجاریش ئەوانەی ژنەكان تاوانبار دەكەن خودی ژنانن ، تاوانەكە دیاردەیەكی كلتورییە كە نەریت دایهێناوە لە كۆمەلگای پیاوسالاریدا و هەڵەی ژنان قورس وەرگیراوەو بەشێكی ئەم قورسبوونە نەریتێكی سەپێنراوی خێڵەكییە كە ژن دەكاتە قوربانی . 

لە هەرێمی كوردستان هیچ مرۆڤێك وەك ڕەگەزێكی ئازاد نابینرێت و ئازادی نێر و مێ لە قاڵب دراوە ، لەپاڵ ئەمەشدا هەیمەنەی حیزب بەسەر نێرو مێ و هەیمەنەی مێنتەڵیەتی خێڵ و پیاوسالاری بەسەر ژنان رەنگیداوەتەوە ، تێناگەم و ئەو ئازادیەی باسی لێوەدەكرێ كە گوایە بەژن دراوە چییە؟! لە كاتێكدا كێشەكانی ژنان ڕۆژ بەڕۆژ لە زیادبووندایە، هەموو ئەو ڕێكخراوو شەڵتەرانەی كە بانگەشەی بەرگری لە مافەكانی ژنان دەكەن هیچ بەرنامەو پرۆژەیەكیان بۆ مافەكانی ژنان پێ نییە و بەشێكی زۆرم ئەم ڕێكخراوو شەڵتەرانە بۆ مەرامی پیاوەكان كاردەكەن و ژن دەكاتەوە بە ئامرازێك بۆ هێنانەدی مەرامی پیاوەكان !

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.