سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

چۆن ڕزگارمان دەبێ لە هزری خورافی!

پێش 2 هەفتە



د. حیكمەت نامیق 

فیكری خورافی لەم جۆرە كۆمەڵگایانە باوە كە لەقۆناغێكی سادەی مەعریفی ژیان دەگوزەرێنن، بەتایبەتی كۆمەڵگا ڕاگوزەریەكان و بەدگۆڕاوەكان و تازە گەشەكردوەكان، لەكۆمەڵگای ئێمەدا بەتایبەتی لەچەند دەیەی ڕابردوودا كۆمەڵێك دیاردە و ڕووداوی سەیرو سەمەرە سەریانهەڵدا كە جێگەی توێژینەوەو  هەڵوەستە لەسەركردن بوو  بیرم دێت كاتێك خەڵك مقۆمقۆی ئەوەی بوو كچێك پەیدابووە دەفڕێ ئیدی خەڵكە سادەكە سرٍِەی دەگرت بۆ بینینی چەندین ڕیكلام و بانگەوازو نوسینی بۆ ئەنجامدرا بۆ ڕاكێشانی زیاتری سۆزو عاتیفەی خەڵكە سادەكە، چەندین نموونەی دیكە ی زیندوو بەردەستە وەك ئەو بەناو مەلایانەی كە  خۆیان لێ بووەتە پزیشك بەربوونەتە گیانی ئەو خەڵكانەی كە تووشی نەخۆشی دەروونی و كەم بینایی بوونەتەوە نۆرینگەیان داناوە بۆ چارەسەركردنی نەخۆش هەموو ئەوانە پێماندەڵێن هێشتا بەشێكی زۆری كۆمەڵی كوردی غەرقی ئەفسانەو خورافاتە، هێشتا بەشێكی خەڵك باوەڕی بە نوشتە و جادوە تەنانەت ئەو جۆرە خەڵكانە خاوەن بڕوانامەی بەرزن ، كەچی قەناعەتیان بەو مەعریفە كلاسیكیە نا زانستیە هەیە، كۆمەڵی كوردی  قەتیس ماوە لەناو ئەم  قۆناغە مەعریفیەی كە دەمێكە بەجێگری ماوەتەوە، بۆیە ڕزگاربوون لەو قۆناغە ڕاگووزەریەی كە بەشێكی زۆری ڕێگریەكانی تێپەڕینی دەگەڕێتەوە بۆ هۆگربوونی خەڵكەكە بۆ ئەو كەسێتیانەی كە مەعریفەیەكی ئێجگار نزمیان هەیە ئێمە لە كۆمەڵناسی ناوی لێدەنێین پێش مۆدێرنە تێیدا پیرۆزیی و ئەفسانەو سیحرو دەیان  دیاردەو خەسڵەتی دیكەی پەیوەست بە كۆمەڵگای سەرەتایی باوە مرۆڤەكان مومارەسەی دەكەن لەپێناو بەردەوامبوونی ئەو قۆناغەو ئاسودەگی ڕوحی و ترس لە دیاردە میتافیزیكیەكان.

یەكێك لە هۆكارە هەرە گرنگ و سەرەكیەكانی تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە زاڵبوونی زانستە بەسەر كۆی كایەو ڕەهەندەكانی كۆمەڵگا لەسەرووی هەموویانەوە قوتابخانەو زانكۆو دەزگاكانی بەكۆمەڵایەتیبوون و پێگەیاندنی تاك و گرووپەكانی نێو كۆمەڵگا، لێرەدا زانست دەبێتە پێوەری هەڵسەنگاندنی دیاردەو پێشبینی و ڕووداوەكانی ناو كۆمەڵگا هەر كاتێك ئەوە ڕووبدات ئەوا ناك پەروەردەیەكی تەندروستی دەبێت بۆ ژیانكردن،  بەڵام بۆدروستبوون و بەرهەمهێنانەوەی تاك بەم شێوەیە هاوشانە لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی و ڕفۆرمكردنی دامودەزگاكانی كۆمەڵگا ، چونكە دەسەڵات و كۆمەڵگا دواجار ڕەنگدانەوەی یەكترن، بۆیە پرۆسەكە دەبێتە كارێكی هەماهەنگی و پێكەوەیی بۆتێپەڕینی ئەو قۆناغە، لێرەدا هۆشیاری تاك و ئەپستیمی مرۆڤەكان ڕێگە خۆشكەر دەبێت بۆ زاڵبوونی زانست و ڕەتكردنەوەی هەموو ئەو بیرۆكەو ئایدیا دواكەوتووەی كە خەیاڵی مرۆڤەكانی داگیركردووە، هەر زانستیشە دەبێتە هۆی زاڵبوونی ئەقڵ و بیركردنەوەی ئەقلانەی كۆمەڵگا.

كێشەی هەرەسەرەكی بەردەم دروستبوونی زانست بریتیە لە دووبارە بنیتنانەوەی هەمان كارەكتەر و بیركردنەوەیە لە كۆمەڵگادا لە سۆسیۆلۆژیادا پێی دەگوترێت دووبارە بەرهەمهێنانەوەی كۆمەڵگا لەنێو سیستمی كۆمەڵایەتیدا، دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو جۆرە مەعریفە خورافیە لەغیابی پەروەردەیەكی زانستی قەتیس مانەوەی كۆمەڵگایە بەم شێوەیەی كە بوونی هەیە.

لێرەدا كۆمەڵگاو كایەكانی  هەمیشە لەناو یەك بازنەی  داخراوی بۆشدا دەخولێنەوە نەوەیەكی ماندو و سەرلێشێواو  دروستدەكات  گیرۆدەی كۆمەڵێك كێشە دەبێت كاریگەری لەسەر كەسایەتی و هزرو بیركردنەوەی جێدێلێیت هەمیشە خۆی بەچەندین جۆری ناسنامەو كەسایەتی دەناسێنێ لەناو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا  هەروەها ئەم جۆرە دۆخەی كۆمەڵگا  كەڵێنێكی فراوان دروستدەكات لەنێوان نەوەی كۆن و تازەدا، لەنێوان بیرۆكەی تازەو كلاسیكیدا، لەنێوان زانست و ئایندا، لەنێوان فیكری خورافی و فیكری زانستدا  لەهەمبەر ژیان و كێشە كۆمەڵایەتی و دەرونی و ئابورییەكان و كۆی پێكهاتەو سترەكتوری كۆمەڵگادا.

كۆمەڵی كوردی چەندین فۆڕم و خەسڵەتی جیاجیای قۆناغەكانی پەرەسەندنی كۆمەڵایەتی بەشێوەی دوالیزمی و دژبەری تێدایە بۆ دەربازبوون لەهەر فۆڕمێكی كلاسیكی پێویستە زانست بەسەر كۆی فیڵدەكانی كۆمەڵگا زاڵ بێت.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.