سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

عەباسییەكان لە بنەماڵەیەكی پەراوێزخراوەوە بۆ دەسەڵاتداری

پێش 2 هەفتە



كەیوان ئازاد

بیرۆكەی گەیشتن بە دەسەڵات لەنێو بنەماڵەی عەباسی بۆ (عەلی كوڕی عەبدوڵا كوڕی عەباس كوڕی عەبدولموتەڵیب) دەگەڕێتەوە. ئەوەش كاتێك ویستی بە سوودوەرگرتن لە ناوبانگی باوكی وەك زانایەكی ئایینی و باپیری وەك مامی پەیامبەری ئیسلام (د.خ)، بگاتە دەسەڵات. هەوڵەكەشی لەخۆڕا نەبوو، بەڵكوو دوای خوێندنەوەیەكی هەمەلایەنە بوو بۆ دۆخی بنەماڵەكەیان و ئەوەی بەسەر موسڵمانان و كۆی كۆمەڵانی خەڵكی نێو دەوڵەتی خەلافەتی ئومەویدا تێپەڕ دەبوو.

لەپاڵ ئەو ستەم و چەوسانەوانەی بەرپرس و فەرماندەكانی سوپای ئومەوی لەسەر فرمانی خەلیفەكانیان بەرامبەر نەیارەكانیان ئەنجامیان ئەدا. وەك كۆمەڵكوژییەكەی ساڵی (63ك/ 682ز) شاری (مەدینە) لەسەر دەستی هێزێكی سوپای ئومەوی، بە سەركردایەتیی (حوسنی كوڕی نومەیر). ئەو هێرشەی سەرباری كوژرانی سەدان كەس، سووكایەتیی بە ژمارەیەكی زۆر كچ و ژنی شارەكە كرا! هەروەها شاڵاوی بۆ سەر شاری (مەككە) و سووتاندنی كەعبەی قیبلەگای موسڵمانانەكان بە مەنجەنیق، تا بە دەیان تاوانی لەو جۆرە ئەگات.

هەموو ئەو تاوانانەش هاندەر و پشتیوانی بوون، كار بۆ بزووتنەوەیەكی ئایینیی سیاسی بكات. ئامانج لەو كارەشی بۆ ئەوە بوو، تا لە لایەك بنەماڵەكەی بگەیەنێتە دەسەڵات، لە لایەكی دیكەوە موسڵمانان لەو دۆخە ناجێگیرەی سەردەمی دەسەڵاتی ئومەوییەكان ڕزگار بكات. دیارە (عەلی كوڕی عەبدوڵا) هەستی بەوە كردبوو كە بنەماڵەی ئومەوی بێ پێشینەیەكی دیار، لە خزمەتكردن بە ئایینی ئیسلام و موسڵمانان، بە پایەی خەلافەت گەیشتن.

ڕاستە هەندێك ئەندامانی بنەماڵەكەیان ڕۆڵیان لە سەرخستنی ئایینی ئیسلام و فراوانبوونی دەوڵەتی مەدینە و خەلافەتی ڕاشدیدا هەبوو، بەڵام گەورەی بنەماڵەكەیان (ئەبووسوفیانی كوڕی حەرب)، تا (8ك/ 629ز) دژایەتیی ئایینی ئیسلام و پەیامبەرەكەی كرد. هەروەها كوڕەكەی (موعاویە) لە سەردەمی دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی و بەتایبەت لە سەردەمی خەلافەتی (عەلی كوڕی ئەبی تاڵیب/ ڕ.خ)دا ڕۆڵێكی زۆر خراپی گێڕا و موسڵمانانی شام و میسری ڕووبەڕووی سوپای خەلیفە و دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی كردەوە.

كار گەیشتە ئەوەی لە شەڕی (سەفیین) و لە ساڵی (37ك/657 ز)دا سووكایەتی بە قورئانی پیرۆز بكات و چەندین پەڕاوی قورئان بكات بە سەری نێزەكانەوە. هۆكارەكەش ئەوە بوو، تا (عەلی كوڕی ئەبی تاڵیب/ ڕ.خ) لەبەر پاراستنی شكۆی پەڕاوەكانی قورئان، شەڕەكە ڕابگرێت و لە شكست و لەناوچوون ڕزگاری بكات. ئەمەش هەڵوێستی زۆرینەی بنەماڵەی ئومەوییەكان بوو.

لە كاتێكدا بنەماڵەی عەباسییەكان و لەسەروویانەوە (عەباس كوڕی عەبدولموتەڵیب)ی مامی لەپشت سەری پەیامبەری ئیسلام (د.خ)ەوە بوون، تا كۆچی دوایی كرد. هەر بۆیە كاتێك ئەندامانی بنەماڵەی عەباسی ئەو مێژووەیان دەبینی، بیریان لەوە دەكردووە كە بۆ ئەوان لە دەسەڵات و ئەمان لە پەراوێزدا بن؟ بۆیە بیریان لەوە كردووە، كار بۆ لێدانی ئەوان بكەن و خۆیان شوێنیان بگرنەوە.

لەبەر ڕۆشنایی ئەو مێژووەدا (عەلی كوڕی عەبدوڵا) لە شاری (مەدینە) هەوڵی دا پەیوەندی بە ئەندامانی بنەماڵەكەی و خزم و نزیكەكانی بكات و ئەو دۆخەیان بۆ ڕوون بكاتەوە. هەروەها پەیوەندیی بە نەیارانی بنەماڵە و دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی بكات و بیروڕایان لەگەڵ بگۆڕێتەوە. بەوەشەوە نەوەستا، بەڵكوو كەوتە كۆبوونەوە لەگەڵ هەموو ئەوانە و باسی ئەو ڕووداوانە و تاوانی ئومەوییەكانی بۆ كردن.

هەموو ئەوانەش وایان كرد، هەواڵی كۆبوونەوەكان و باسوخواسەكان بگاتە (عەبدولمەلیك كوڕی مەروان)ی چوارەمین خەلیفەی ئومەوی. هەر بۆیە بڕیاری دا بانگهێشتی شاری (دیمەشق)ی پایتەختی بكات و لە نزیك خۆی و لەژێر چاودێریی خۆیدا بیهێڵێتەوە، بەڵام (عەلی) لە قسە و گەیاندنی پەیام نەكەوت. ئەوەش خەلیفەی ناچار كرد، ڕەوانەی (دۆڵی حومەیمیە)ی خۆرهەڵاتی ڕووباری ئوردونی بكات و بە دەستبەسەری بهێڵتەوە، تا لەوێ كۆچی دوایی كرد.

بە دوایدا، كوڕەكەی (محەمەد كوڕی عەلی) درێژەی بە هەمان ڕێگا دا و بانگەشەكانی لە بنەماڵە و خەلیفەكانی ئومەوی توندتر كرد. تەنانەت پەیوەندیی بە چەندین سەرۆك خێڵ و سەرۆك هۆز و سەرۆك تیرە و بنەماڵەی دیاری عەرەبییەوە كرد، كە هاوسۆزی بنەماڵەكەیان بوون و لە سیاسەتی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی بێزار بوون. بەو كارانەشی پێ ڕانەگەیشت پەیامەكانی بكاتە بزووتنەوەیەكی سیاسی و كۆچی دوایی كرد.

بەدوایدا (ئیبراهیم)ی كوڕی درێژەی بەو كارە دا. ئەمیش بە ئەزموونێكی نوێوە هاتە مەیدان و سنووری ئەڵقەی كۆبوونەوەكانی فراوان كرد و پەیوەندییەكانی بە سەرۆك خێڵ و سەرۆك هۆز و سەرۆك تیرە عەرەبییەكان چڕتر كردەوە. لەسەر ئەو كارانەش دەستگیر كرا و ڕەوانەی زیندانی شاری (كووفە) كرا.

لێرەوە پەیامی بەردەوامی ئەندامانی بنەماڵەی عەباسی لە (عەلی كوڕی عەبدوڵا)ەوە تا (ئیبراهیم كوڕی محەمەد) بۆ نزیك و لایەنگرانی خۆیان، تا بە گەیاندنی بێزاریی كۆمەڵانی خەڵك دەگات، لە ویلایەت و هەرێمەكانی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی، سەرەتای بزووتنەوەیەكی سیاسی، بە ڕووكارێكی ئایینیی لێ بەرهەم هات، كە دواتر ناوی (بزووتنەوەی عەباسییەكان)ی لێ نرا. ئەو بزووتنەوەیەی دواجار، كۆتایی بە دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی هێنا.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.