سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

تاڵیبان لەئامەد و ئەلقاعیدە لەعەفرین

پێش 2 هەفتە



ئارام رەفعەت

ئەیلول و ئۆكتۆبەری ئەمساڵ دوو لەسەختترین مانگەكان بووە لەتەمەنی ٤٣ ساڵەی كۆماری ئیسلامی ئێران. لەم تەمەنەیدا كۆماری ئیسلامی دوو ناڕەزایەتی سەرتاسەری و سەرەكیتری ئەزموون كردووە: بزوتنەوەی سەوزەكانی ٢٠٠٩و ناڕەزایەتییەكانی دژی گرانی ٢٠١٩، كە بەبزوتنەوەی «ئابانی خوێنین» ناسراوە و زیاتر لە ١٥٠٠ خۆپیشاندەر لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە كوژران. بەڵام هیچكام لەو دووبزووتنەوە ناڕەزایەتییانە هێندەی ناڕەزایەتییەكانی ئەمساڵ مەترسی و هەڕەشە نەبوونە بۆ سەر پایەكانی حوكمڕانی كۆماری ئیسلامی و ئەم رژێمەیان نەهێناوەتە ئاستانەی رووخان.

لەم دۆخەدا، چاوەڕوان كراوە كەدۆست و نەیارەكانی كۆماری ئیسلامی خۆئامادەبكەن بۆ هەر ئەگەرێك و هەر ئاڵوگۆڕێك لەهاوكێشە سیاسییەكان هەوڵی تەحجیم كردنی هەر مەترسی و زیانێكی كورتمەوداو درێژمەودا بدەن. لەم روانگەیەوە پێشبینی دەكرا كەهەریەك لە رژێمەكەی ئەسەدو شیعەكانی عێراق و حزبوڵای لوبنان و حوسییەكانی یەمەن، كە مان و نەمانەوەیان پەیوەستە بەكۆماری ئیسلامییەوە زۆرترین ئامادەكاری و رێوشوێن بگرنە بەر. بەڵام، زۆرترین رێكاری كردەیی و خۆئامادەكاری بۆ ئەگەری رووخانی رژێمی كۆماری ئیسلامی و مامەڵەكردن لەلایەن توركیاوە بووە. هەڵبەت، ئامادەكاری و رێكارەكانی توركیا بەئامانجی رێگرییە لەدووبارەبوونەوەی ئەزموونی رۆژاڤا لە رۆژهەڵات لەئەگەری دوای رووخانی كۆماری ئیسلامیدا. هەر لەو گۆشەیەشەوە توركیا لە رووداوەكانی ئەیلول و ئۆكتۆبەری ئێران دەڕوانێت و جوڵەكانی دەستپێكردووە. بەداخەوە، ئەم جووڵە توركییە كەمتر بووەتە جێگای سەرنج و شرۆڤەی نوخبەو چاودێرانی كورد.

خۆئامادەكاری و رێكارو جوڵەكانی توركیا دەكرێت لەسێ ئاراستەی جیاواز، بەڵام بەیەكەوە بەستراو دەستنیشان بكرێت، كە لەهەرسێ ئاراستەكەدا دەتوانین ئەوە هەڵبهێنجین كە بەرنامەو كارنامەی توركیا چییەو چۆنە بۆ تەحجیمكردن و بەرەوڕووبوونەوەی هەر پێشڤەچوون و دەسكەوتێكی كورد لەئەگەری رووخانی كۆماری ئیسلامیدا. سێ ئاراستەكەش بریتین لەهەڵكشانی ئاستی زەبروزەنگ لەدژی تەڤگەری باكور، رادەستكردنی عەفرین بەبەرەی نوسرە (ئەلقاعیدە)، كۆكردنەوەی ئیسلامییەكانی باشور لەگەڵ هوداپار (حزبوڵای توركی) و تاڵیباندا لەئامەد. بەكورتی لەئاست هەرسێ رووداوەكەدا دەوەستم.

یەكەم: هەڵكشانی توندوتیژی

دەوڵەتی تورك، هاتنەمەیدانی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی رۆژهەڵات و ئێران و بە رۆژهەڵاتی و بەئێرانیكردنی شیعاری ژن، ژیان، ئازادی، وەك ئاماژەیەك بۆ هەڵكشانی نەفوزو كاریگەری پەكەكە لەناو كۆمەڵگای كوردەواریدا دەزانێت. تەبەننی كردنی ئەم شیعارە لەلایەن سەرجەم هێزە رۆژهەڵاتیی و ئێرانییەكانەوە نەك هەر بەمانای پێدانی كریدتێك بە بزاڤی پەكەكە دێت بەڵكو پرسی كورد لەرۆژهەڵات لەپەراوێز دەردەكات و دەیكاتە یەكێك لەبابەتە هەرە سەرەكییەكانی رۆژەڤ و سەرجەم هێزە ئێرانییەكان بەشێوازێك لەشێوازەكان دەبێت سازان و مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بكەن. ئەم هەڵوێستە پۆزەتیڤە، رەنگە دەروازە بۆ دووبارەكردنەوەی ئەزموونێكی هاوشێوەی رۆژاڤا لە رۆژهەڵات بكاتەوە. بۆ رێگری و سنوورداركردنی كاریگەرییەكانی پەكەكە لەڕۆژهەڵات و مایەپووچكردنی ئەم كرێدیت و دەسكەوتە پێشبینیكراوانە، دەوڵەتی تورك كار لەسەر لاوازكردن و لێدانی مۆڕاڵی پەكەكەو تەڤگەرەكەی دەكات. یەكێك لەو هەنگاوە مەترسیدارانە بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی بووە. هەڵبەت چالاكوانەكانی باكور دەمێكە بەڵگەو باسی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی لەدژی گەریلاكانی پەكەكە دەخەنەڕوو، بەڵام وەك لە راگەیاندنەكانی ئەم چەند رۆژەی دوایی پەرلەمانتارانی هەدەپەو چاودێرو چالاكوانەكانی باكووردا جەختی لەسەر دەكرێت، هیچ كاتێك دەوڵەتی تورك بەقەد ئەم چەند هەفتەیەی مانگی ئۆكتۆبەر چەكی كیمیاوی بەو فراوانی و مەترسیدارە بەكارنەهێناوە و ژمارەی قوربانییەكانی ئەم چەكەش زۆر لەجار گەورەترو زیاترە. جگە لەوە، چالاكوانانی باكور باس لەوەش دەكەن كە دەوڵەتی تورك لەم هێرشانەی ئۆكتۆبەردا بۆ یەكەم جارە هەندێك لەو چەكە كیمیاوییە مەترسیدارانە بەكاربێنێت. مەبەستی دەوڵەتی تورك لەم هەنگاوە مەترسیدارەو دژە مرۆیی و دژە یاساو رێسا نێودەوڵەتییەكان هەر بەتەنها لێدانی مۆراڵ نییە، بەڵكو لێدانی زەبرێكی كوشندەی وەهاشە لەتەڤگەری باكور كە توانا و هێزی ئەوەی نەبێت لەهەر وەرچەرخانێكی داهاتووی ئێراندا هەمان ئەزموونی رۆژاڤا دووبارە بكاتەوە.

دووەم: رادەستكردنی عەفرین بە بەرەی نوسرە

هەنگاوێكی تری مەترسیداری تورك كە پەیوەستە بەهەوڵی ئیحتیواكردنی دەسكەوتەكانی كورد لەڕۆژهەڵات لە ئەگەری رووخانی رژێمی ئیسلامیدا رادەستكردنی عەفرینە بە بەرەی نوسرە (ئەلقاعیدە). لەم مانگەدا، دەوڵەتی تورك گروپ و میلیشیاكانی سەر بە بەناو سوپای نیشتیمانی سوریای لەعەفرین و دەوروبەری پاشەكشە پێكردو ئەو ناوچانەی رادەستی بەرەی نوسرە كرد. هەرچەندە چاودێر و چالاكوانانی رۆژاڤا پێشبینی ئەوە دەكەن كە لەداهاتوویەكی نزیكدا توركیا ناوچەی شەهباش رادەستی نوسرە دەكات، بەڵام من پێموایە، رادەستكردن و نەكردنی شەهباو سەریكانیێ بە نوسرە پەیوەستە بە سەركەوتن یان پاشەكشەی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵات و ئێران. ئامانجی پشت رادەستكردنی عەفرین و شەهبا بە بەرەی ئەلنوسرە ئەوەیە لە ئەگەری رووخانی كۆماری ئیسلامیدا، تەڤگەری باكورو رۆژاڤا بەمەترسییەكی گەورەو شەڕێكی مەحكەم و بەرەیەكی فراوانی جەنگدا سەرقاڵ بكات و بەمشێوەیەش زۆرینەی هێزو وزە و تواناكانی تەڤگەری باكورو رۆژاڤا لەبەرگریكردن و پاراستنی رۆژاڤا قەتیس بكرێن و بوار نەڕەخسێت تا ئەم هێزو وزەو توانایە لەسەرپێكەوتن و پەرەسەندنی ئەزموونێكی هاوشێوەی رۆژاڤا لەرۆژهەڵات كەناڵیزە بكرێت. رێگرتن لە ئەزموونێكی هاوشێوەش سەرەكیترین خواست و روئیای توركیایە بۆ ئێرانی دوای كۆماری ئیسلامی. لەم سۆنگەیەوە  رادەستكردنی عەفرین دوو بوار بۆ توركەكان دەڕەخسێنێت كە میلیشیكانی تری ئۆپۆزسیۆنی سووری ناتوانن دەستەبەری بكەن، یەكەم، كۆكردنەوە و رێكخستنەوەی سەرجەم جیهادییە توندرەوەكانی تری سەر بەمیلیشیا و گروپەكانی سەر بەئۆپۆزسیۆنی سوری لەناو نوسرەدا كە هەم سەركردایەتییەكی مەركەزیتر و هەم هێزێكی تۆكمەترەو توانا جەنگی و سەربازییەكانییان باڵاترە لەهی گروپ و میلیشیاكانی تر. ئەزموونەكانی چەند ساڵی رابردوو سەلماندوویانە هێزو گروپەكانی سەر بەسوپای بەناو نیشتیمانی سوریا لەوە فشۆڵ ترو لاوازترن مەترسی بخەنە سەر رۆژاڤا و تەنها هێزێكی هاوشێوەی نوسرەو داعش دەتوانێت رۆژاڤا رووبەڕووی شەڕو مەترسییەكی لەم جۆرە بكات. دووەم، لەچەند ساڵی رابردوودا ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی نوسرە پەناگەی هێمن بووە بۆ چەكدارەكانی داعش، بەڵام ئەم پەناگا هێمنە راستەوخۆ لەتەماسدا نەبووە لەگەڵ ناوچەكانی ژێر ئیدارەی خۆسەری رۆژاڤا. هێنانی نوسرە بۆ عەفرین و شەهبا بەمانای دابینكردنی پەناگایەكی هێمنە بۆ داعش لەو ناوچانەدا. ئەو پەناگای هێمنە بۆ عەفرین و شەهبا بوار دەرەخسێنێت كە داعش لەهێڵەكانی تەماس لەگەڵ شەڕڤاناندا خۆیان رێكبخەنەوە و لەحاڵەتی رووخانی كۆماری ئیسلامیدا تەواوكەری ئەو هەوڵە دەبن كەتوركیا دەیەوێت لەڕێی نوسرەوە ئەنجامی بدات.

سێیەم: كۆنفرانسی ئیسلامییە كوردەكان لەئامەد

سێیەم رێكار و هەنگاوی مەترسیداری توركەكان لەمانگی ئۆكتۆبەردا و بەئامانجی ئیحتواكردنی هەر دەسكەوتێكی كورد لەڕۆژهەڵات كۆكردنەوەی رێكخراوو كەسایەتییە ئیسلامییە توندڕەوەكانی كوردستان بوو لەئامەد. لە ١٥و١٦ی ئۆكتۆبەردا، دەوڵەتی تورك لەڕێگای ئیتیحاد ئەلعولەمای سەر بە هوداپار كۆنفرانسێك رێكدەخات. هوداپار كەپاشماوەی حزبوڵلای توركییەو  كە دەستی بەخوێنی هەزاران كوردی باكوور سورە ئێستاش هاوسۆزی تاڵیبانە خاوەندارێتی لەو كۆنفرانسە دەكات كە لەزاهیردا بۆ زانایانی ئایینی جیهانی بوو، بەڵام لەناوەرۆكدا شتێكی تربوو. لەم كۆنفرانسەدا جگە لەمەلاكانی سەر بەهوداپارو ئەوانەش سەر بەسیستەمی توركین، تاك و تەرا مەلا یان زانای ئایینی بەشداربوون. ئەوەی لەڕاستیدا بەشداری كۆنفرانس بوو، جگە لەهوداپارو هەندێك كەسانی نزیك لەئاكپارتی، حزبە ئیسلامییەكانی باشور و هەندێك كەسایەتی سەر بە رەوتە ئیخوانی و جیهادییەكانی رۆژهەڵات و باكوریش بوون. رەنگە بۆ چاوبەستەگی دوو سێ كەسایەتی ئیسلامی غەیرە كورد لەلوبنان و لیبیاو سوریا بەشدارییان پێكرا. دوو شت جێگای سەرنج بوون لەم كۆنفرانسەدا. یەكەم، بەشداریكردنی گوتەبێژی تاڵیبانی ئەفغانی و دووەمیش، بەشداری حزبە باكگراوند جیهادییەكانی باشور، واتە كۆمەڵی دادگەری و بزووتنەوەی ئیسلامی. پەیام و مەغزاو مانای پشت ئەم بەشدارییەی ئەم دوو هێزە، تاڵیبان و باكگراوند جیهادییەكانی باشور دیارە و پەیوەستە بەئاڵوگۆڕەكانی رۆژهەڵات و ئێرانەوە. لەلایەكەوە، توركیا دەیەوێت هەم بۆ ئیحتیواكردنی تەڤگەری باكور، هێز بداتە هوداپارو بۆ ئەم مەبەستەش لەڕێگای بەشداریپێكردنی تاڵیبانەوە ئاماژەی ئەوەمان دەداتێ كەئەزموونی تاڵیبان بكاتە ئەلگۆ و نموونەی ئەو هەژموونەی كە لەداهاتوودا بەهوداپاری دەدات. بەهەمانشیوە، لەئەگەری رووخانی كۆماری ئیسلامی و درووستبوونی ئەزموونێكی هاوشێوەی رۆژاڤا، توركیا حزبە باكگراوند جیهادییەكان وەك بەربەستێك دادەنێ بۆ رێگری لەوەی ئەزموونەكە بگوازرێتەوە باشور.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.