سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

زارەكیی رێگەیەكی لێڵ

پێش 2 هەفتە



ئەحمەدی مەلا

بڕوام وایە، سێ ئاینە یەكتاكە، هەرچەندە مەسیحییەت، خوێندنەوەیەكی نوێی یەهودییەتە، چونكە لە لایەك، عەهدی كۆنی قبوڵە، واتە بناغە هاوبەشەكەی نێوان سێ ئاینە برایمییەكە یەكە. ئەم بناغەیەش سانتێزی كۆی ئەو ئاین و ئەفسانانەیە كە لە ناوچەكەی ئێمە سەریانهەڵدا، لە یۆنانەوە تا میسری كۆن، میزۆپۆتامیا و ئێرانی دێرین. بەڵام، سەرهەڵدانی دینی نوێ كە پێشتر ئاماژەم بۆ كرد كە سانتێزە، بەڵام سانتێزێكی زارەكیی بووە بۆ ماوەیەكی زۆر، دواتر نووسراونەتەوە. ئەمە لە دینی ئیسلام زۆر بە روونیی دەركەوتووە. لە لایەكی دیكەش، كاتێك، ئیدی دین دەبێ بە بناغە و كۆڵەكەی دەوڵەتداریی، رەنگوبۆیەكی ئایدیۆلۆژیی وەردەگرێت، واتە دەبێت بە دینێكی دەسەڵاتدار، هەر ئەمەش وایكردووە كە دەقە كۆنەكان، بەشێكی زۆر لە ناوبدرێن لە پێناو دەقی دەسەڵاتدار تاكو ببێ بە دەقێكی فەرزكراو...ئەو دەمەی ئیدی ئاینی زاهیریی زاڵ دەبێ، وەكو ئەوەی ئەمڕۆ لەبەرچاوە، لە سەر حیسابی دەیان خوێندنەوەی دیكە بووە، چ خوێندنەوەیەكی عەقڵانی بووبێ، وەكو هی موعتەزیلەكان، یا باتینیی بووبێت وەكو خوێندنەوە سۆفییەكان، ئەوانیش چەندین لقوپۆپیان لێ دەبێتەوە. ئەم شەڕە بە زاڵبوونی غەزالی كۆتایی دێت و ئیبن روشد بە تەواویی فەرامۆش دەكرێت و دەمێكە زۆر زۆرە لە قوتابخانە و حوجرەكان ناترنجێتە نێو بەرمانەی خوێندنەوە. چونكە یاسای گەمەكان تێكدەدات. ئێمە، هیچ شتێكی ئەوتۆ سەبارەت بە سەردەمی قورەیشییەكان بیروباوەڕ نازانین، تاقە سەرچاوە خودی قورئانە، تەنانەت نازانین خودی پێغەمبەر چۆن بووە و چی گوتووە و چۆن رەفتاریی كردووە، یا ئیسلامی سەرەتایی چۆن بووە، چونكە، وەكو دەزانین، ریوایەتی زارەكی گۆڕنكاریی خێرای بەسەردا دێت، بە گوێری هەلومەرج، بەرژەوەندیی، عەقڵییەتی باو هتد، هەر ئەمەشە وایكردووە كە حەدیسی زۆر و زەبەن هەبێ، لاواز و بەهێز و مامناوەندیی هەبن.. بە بێ بوونی یەك بەڵگەی ماددی كە گەڕابێتەوە بۆ سەردەمی سەرەتایی، بۆیە بوونی دژایەتی لە نێوان كۆی دەقەكان شتێكی زۆر لەبەرچاوە. ئەم دژایەتییانە ئیمانداریی ئاسایی نایزانێت، چونكە دین بۆ ئەو بارگاوییە بە سایكلۆژییەت، رێكخەری كۆمەڵایەتی، عادات هتد. لەم نێوەندە ئیدی دەق كۆتایی دێت، تەفسیر جێی دەگرێتەوە. هێزی تەفسیر لە هێزی دەقی بنەڕەت زیاترە. ئەمە لە ناو مەسیحییەكانیش وابوو، تاكو قۆناغی رێنێسانس، كاتێك پرۆتێستانت سەرهەڵدەدا، وێرای چەندین رێبازی دیكە، وەكو كالڤانیسم و ئەنجیلیسم و هتد، پرۆتێستانت تەفسیرەكان رەت دەكاتەوە و دەیەوێ بگەڕێتەوە بۆ ئینجیلەكان، لێرەوە گۆڕنكاریی بنەڕەتی لە ئەوروپای كاسولیك روو دەدات. دەرگا بۆ جیهانی مۆدێرن خۆش دەكات كە فەیلەسووف قسەی دەبێ سەبارەت بە رێكخستنەوە كایە ئەخلاقی و میتافیزییكییەكان، وردە وردە پیاوی ئاین دەگەڕێتەوە بۆ ناو كڵێسا و توانای رێكخستنی كۆمەڵگەی نییە. دین بۆ خوا و نیشتیمان بۆ هەمووان دەچێتە سەر سەكۆی مێژوو...

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.