سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بە ئاینیكردنی وەرزش

پێش 2 هەفتە


گۆران دوكانی 

كاتێك یاریزانی بۆكسێن محەمەد عەلی كلای لە گۆڕەپانەكەدا بوو هەموو جیهانی ئیسلامی بەشان و باڵیاندا هەڵدەدا تەنها لەبەر ئەوەی موسوڵمان بوو ئیستاش كە لەژیاندا نەماوە بەسەر ڕابردوویدا دەگرین! لە كاتێكدا جۆرج فۆرمنی ئەمەریكی_مەسیحی بەرزترین ڕیكۆرد بەدەست دێنێت جگە لە ئەمریكیەكان بۆ هیچ ولاتێكی دیكەی مەسیحی جیهان جێگەی شانازی نیە! ئەمریكیەكانیش وەك نەتەوە شانازی پێوە دەكەن نەك وەك ئەوەی فۆرمن مەسیحی بوو، بەهەمان شێوە كاتێك ڕۆكی مارسیانۆ لەنێوان ساڵانی 1947 بۆ 1955 ڕیكۆردی جیهانی بۆكسێن دەشكێنێت لە 49 بردنەوەی یاری بێ دۆڕاندا، ئێوە بینیتان مەسیحیەكانی جیهان بەسەر ڕابردوویدا بگرین لەبەر ئەوەی مارسیانۆ مەسیحی بوو؟!

زۆرینەی جیهانی ئیسلامی هاندەری هەڵبژاردەی فەڕەنسان تەنها لەبەر ئەوەی بێنزیما و زێدان موسوڵمانن، بێ ئەوەی بیر لە یاریزانەكانیتری هەڵبژاردەی فەرەنسا بكەنەوە كە زۆرینەیان مەسیحین!، لەكاتێكدا ژمارەی مەسیحیەكانی سەر زەوی 2.56 ملیارەو موسوڵمانانیش 1.97 ملیارن بەم ڕێژەیەش تەواو ژمارەیان لەیەكدی نزیك بۆتەوە بەلام سێ لەسەر پێنجی براوەی خەلاتی هەموو یاریە جۆراوجۆرەكانی جیهان خەڵكانی مەسیحی ئاین بەدەستی دێنن دواتریش خەڵكانی بودی ئاین، لە كاتێكدا نە مەسیحیەكانی جیهان و نە بوداییەكانی جیهان هیچ كاتێك دنیای جوانی وەرزشیان تێكەڵ بە ئاین و تەنانەت سیاسەتیش نەكردوە.

جگە لە خۆشەویستی بۆ وەرزش و تۆپی پێ كێ لەئێمە بینی زۆرینەی مەسیحیەكانی ئەم جیهانە بەسەر بەژن و باڵای بێلی و ڕۆناڵدینۆی بەڕازیلیدا هەڵبەن لەبەرئەوەی مەسیحی بون؟!، جگە لە ئەرجەنتینیەكان كەی زۆرینەی وڵاتانی مەسیحی نشین هاندەری ئەرجەنتین بوون بەخاتری ئەوەی مارادۆنا مەسیحی بوو؟! كەی بینیتان زۆرینەی مەسیحیەكانی دونیا هەیەجان بیانگرێت بۆ هەڵبژارەی ئیتاڵیا لەبەر ئەوەی باجیۆ و بوفۆن و ماڵدینی مەسیحی بوون؟!

ئەستێرە درەوشاوەكانی تۆپی پێی جیهان (مێسی و كریستیانۆ و ئێمباپێ و نەیمار) هەموویان مەسیحین لەكاتێكدا چەندین جار نرخ و ڕیكۆردو ڕانكەكانیان لەپێش زێدان و بێنزیما و سەڵاحەوەن بەڵام ئەوەی بۆتە جێگەی خۆشەویستی لای خەڵكانی مەسیحی جیهان توانای یاریزانەكانە نەك ئاینەكەیان.

كاتێك كە چوار یاریزانی وەك (سیسێی فەرەنسی و ویای لایبیری و بۆتینگی ئەڵمانی_غانی و كافۆری غانی) لە ئیسلامەوە دینی خۆیان دەگۆڕن بۆ مەسیحی یان لەئیسلامەوە دووبارە دەگەڕێنەوە بۆ پراكتیزەكردنی ئاینی مەسیحیەت چی گرنگیەكی بۆ جیهانی مەسیحی هەبوو؟ چی ناوەندو گروپێكی مەسیحی كردیانە هاتوهاواری ئاینی؟ لەكاتێكدا كە زێدان و بەنزیما هەر بەئەسڵ موسوڵمانن و لەدایك و باوكێكی موسوڵمان لەدایك بون چی حیكمەتێكی تێدایە؟.

بەگشتی لەهەر 8000 یاریە جۆراوجۆرەكانی جیهان زۆربەی براوەو شكاندنی ڕیكۆردەكان خەڵكانی ئاینەكانی دیكەن نەك موسوڵمان، بەدرێژای 3000 ساڵ لە یاریەكانی ئۆڵۆمپیك زۆرینەی خەڵات و میدالیا ئاڵتون و زیو و برۆنزەكانی ئۆڵۆمپیات خەڵكانی غەیرە موسوڵمانن بە تایبەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا زۆرینەی خەڵاتەكان ئەمریكیە_مەسیحیەكان و چاینیە_بودیستەكان خەلاتەكانی ئۆڵۆمپیكیان بەدەستیان هێناوە بەڵام جگە لەهەستە نەتەوەییەكە بۆ وڵاتەكانیان ئەوەی نەكراوەتە مەوزوع ئاین بوە...! 

بەڕاست حیكمەتی ئەم بە ئاینی كردنەی وەرزش لە جیهانی ئیسلامیدا تام و چێژی لەكوێدایە؟! شانازی موسوڵمان بون كوا لە برنەوەیەك یان وەرگرتنی خەڵاتێكدایە لەكاتێكدا شوێنكەوتەی ئاینەكانی دیكە بەسەدان و هەزاران خەڵاتیان لەسەرئاستی جیهاندا لە موسوڵمانان زیاتر بەدەستهێنابێت؟ بۆ دەبێت موفاجەئەیەك و بردنەوەی تەنها یاریەك لەجامی جیهانیدا وەك سەركەوتنێكی هێندە مەزن بۆ موسوڵمانان تەماشا بكرێت لەكاتێكدا لەمێژووی تۆپی پێدا هیچ وڵاتێكی ئیسلامی نە تەنها پلەی یەكەم، بەڵكو پلەی دووەم و سێیەم و چوارەمی جامی جیهانیشی بەدەست نەهێنابێت؟

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.