سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

سوپاس خودایە كە بە ژن نەتخوڵقاندم

01/12/2022



حەمەسەعید حەسەن

لە كۆمەڵگەیەكدا دەنگی ژن، عەورەت، جەستەی تەڵەی شەیتان و پرچی گوریسی ئیبلیس بێت، ژن بە كاڵفام لە قەڵەم بدرێت، ژن لە دەیان شت كە بۆ پیاو دابین كراون، بێبەش بكرێت، ژن گوێڕایەڵی پیاو بێت و تەنانەت ناچار بكرێت، لە لە جەستە و لە سۆزی مێردەكەشیدا هاوبەشی هەبێت، قسەكردن لە هەبوونی ئازادی، لوتكەی عەبەسە، ئاخر لە كۆمەڵگەی وەهادا، ئەوەی سەروەرە كۆیلایەتییە، نەك ئازادی.

لە هەر كۆمەڵگەیەكدا ژن ئازاد نەبێت، ئەوە كۆمەڵگەیەكی ئازاد نییە، ئاخر كە ژن ئازاد نەبوو، پیاویش ئازاد نابێت، چونكە ئەو پیاوەی‌، ژن بە زیندانی و كۆیلە بزانێت، خۆیشی لەو بەندیخانەیەدا كە لە ناخی خۆیدا ڕۆی ناوە، زیندانییە و كۆیلەی دابونەریتی دێرین و ڕابردووی تاریكە. بە گوتەی كەمال ئەبو دیب: ئەو پیاوەی لەگەڵ ئازادیی ژناندا نەبێت، نە وەك خود ئازادە و نە دەتوانێت لە ئازادی سوودمەند ببێت.

لە سەدەكانی ناوەڕاستدا ئەوە بۆ ژن قەدەغەبوو، بنووسێت و دەرگەی هەموو دەستپێشخەری و داهێنانێكی بە ڕوودا داخرابوو. دەبوو ژن جەستەیەك بێت لە ترس، بە دەنگێكی نەوی بدوێت و لە ئاستی پیاودا نەك دەنگ، چاویش بەرز نەكاتەوە. پیاو كە لە دەرەوە گوێڕایەڵ و ملكەچی دەسەڵاتێكی ستەمكار بوو، لە ماڵەوە، لە ژنەكەی دەبوو بە شێری نەڕ. پیاو كە لە دەرەوە كۆیلەیەكی فەرمانپێكراو بوو، لە ماڵەوە، لە ژنەكەی دەبوو بە فەرمانڕەوایەكی دیكتاتۆر. نەوال سەعداوی گوتەنی: (گوێرایەڵی،‌ ئەو ژارەیە، عەقڵی ڕەخنەگرانە، داهێنان و یاخیبوون دەكوژێت،) بۆیە ژن دەبوو بە درێژایی تەمەنی گوێڕایەڵ بێت. ئێستایش مێیەك، یەكسانیخواز، بەهێز، بوێر و ڕاشكاو بێت، بۆ تیری تانەی نێرسالاران، دەبێتە نیشانە.

لە تونس، لە ماف و لە ئەركدا، لەناو خێزان و لە كۆمەڵدا، تا بەهاری عەرەبی كە هەر زوو بوو بە ئیسلامی، سەری هەڵنەدابوو، ژن هەمان مافی پیاوی هەبوو. تونس تاقە وڵاتی عەرەبی بوو، تێیدا ژن لە هەموو بوارێكدا بە پێی یاسا، یەكسان بوو بە پیاو. پێشتر ئەلتاهیر ئەلحەدداد كە زانایەكی ئایینی بوو، چونكە داوای كردبوو، لێكدانەوەی نوێ بۆ دەق بكرێت و كار بە تێكستێك نەكرێت، دژ بە یەكسانی نێوان ژن و پیاو بێت، مەلایانی تونس كافراندیان و ئەو بڕوانامەیەشی لە ئیسلامناسیدا هەیبوو، لێیان سەندەوە. نەسر حامید ئەبوزەیدیش، هەر داوای یەكسانیی نێوان ژن و پیاوی كردبوو، دادگا بە لە ئایین وەرگەڕاو لە قەڵەمی دا. لە میسر ساڵانێك بە پێی یاسا، ئەگەر پیاوێك ژنەكەی بێگانە بووایە، منداڵەكانی بە میسری هەژمار دەكران، بەڵام ژنێك مێردەكەی بێگانە بووایە، منداڵەكانی بە میسری هەژمار نەدەكردان. دواتر لەژێر گوشاری خەباتی ژناندا، ئەو یاسایە لە قازانجی ژنان هەموار كرا.

وەك چۆن كار لە كۆمەڵگەدا دابەش بووە، هەیە كرێكارە و هەیە خاوەنكار، بە گوێرەی دیسكۆرسی (ئیسلامی)ی توندڕۆیش، لە خێزاندا كار دابەش كراوە، ژن، ماڵ بەڕێوە دەبات و پیاویش بژێوی دابین دەكات. كە عەلمانییەكان داوا دەكەن، ژن لە ماڵدا قەتیس نەكرێت و بێتە ناو كۆمەڵەوە، هەم كار بكات و هەم لە ڕووی سیاسیشەوە چالاك بێت، لە لایەن ئیسلامییە توندڕۆكانەوە، بەوە تۆمەتبار دەكرێن، كە گوایە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی خێزان دەدەن. لە ئێران، شیعە فەرمانڕەوایە، لە سوودان، سوننە و لە عەرەبستانی سعوودیش، وەهابی، لە هیچ شوێنێكی دنیا، هێندەی ئەو سێ وڵاتە‌، ستەم لە ژنان ناكرێت. لە غەززەیش كە حەماس و جیهاد باڵادەستن، ژن سفوور بێت، بەر هێلكە دەدرێت و بە پاساوی ئەوەی حەرامە، لێ ناگەڕێن سەروەختی خۆپیشاندانیش، ژنان تێكەڵی پیاوان ببن.

تەنیا لەبەر ئەوەی ژن لە ڕووی بایۆلۆژییەوە لە پیاو جیاوازە، ئەمە بەو مانایە نایەت، بوونەوەرێكی نزمترە، بە پێچەوانەوە، ژن دەتوانێت هەم ئەو ئەركانە جێبەجێ بكات، كە پیاو پێیان هەڵدەستێت، هەم ئەركی دووگیانی و وەچەخستنەوەیشی لەسەر شانە. بۆیە دەبوو كۆمەڵ پاداشتی بداتەوە و تەنانەت خەڵاتیشی بكات، نەك سووك سەرنجی بدات و ستەمی لێ بكات. سیكۆلاریستە چەپڕۆكان، چونكە دنیا لە گۆڕاندا دەبینن، بۆیە ئەو واقیعەی ستەم لە ژن دەكات، بە جێگیری نازانن و خەبات بۆ گۆڕینی دەكەن. عەلمانییەكان دەزانن، ئایین بەشێكی گرنگە لە كەلەپوور، بۆیە داوای دابڕان لەگەڵ ئاییندا ناكەن، داوای دابڕانی نێوان سیاسەت و ئایین دەكەن. سیكولاریزم ئیلحاد نییە، لێكدانەوەیەكی واقیعبینانەیە‌ بۆ ئایین، كە كارێك دەكات، ئایین، لە خزمەتی ئازادی و یەكسانی و پێشكەوتندا بێت، نەك كۆسپ بێت لە سەر ڕێگەیاندا.

ئەوە هەڵەیە، ئەگەر پێمان وابێت، بابسالاری تەنیا دیاردەیەكی كولتوورییە، نەخێر پاشخانێكی كۆمەڵایەتی هەیە كە كرۆكەكەی لە جیاوازیی چینایەتیدا چڕ دەبێتەوە. بابسالاری، تایبەتیش نییە بە ئایینێكی دیاریكراو، لە هەر سێ ئایینە ئاسمانییەكەدا، پیاو سەرداری ژنە، یان ئەنگڵس گوتەنی: پیاو، بۆرژووایە و ژن، پرۆلیتار. ئەوەی ئیسلامی توندڕۆ، قێزەونترین پڕوپاگەندەی بۆ چەپڕۆیان دەكرد، بە پلەی یەكەم زادەی ئەوەبوو، چەپەكان بە گژ بابسالاریدا دەچوونەوە و داوای ئازادییان بۆ ژنان دەكرد.‌

پێش ئەوەی ئایینیش پەیدا ببێت، ژن وەك بوونەوەرێكی نوقسان سەرنج دراوە. ئیفلاتوون پێی وابوو، با كۆمەڵگە لە گۆڕانیشدا بێت، بەڵام ژن هەر بە نوقسانی دەمێنێتەوە، چونكە ئەو نوقسانییە، یەكێكە لە تایبەتمەندییەكانی مێ. لەناو شوێنكەوتووانی ئایینە ئاسمانییەكاندا هیچیان هێندەی جوو، سووك سەرنجی ژن نادەن، ئەوە نییە، پیاوی جوولەكە، سەروەختی نوێژ، وا ڕاهاتووە بڵێت: (سوپاس خودایە كە بە ژن نەتخوڵقاندم.) كە شەعراوی دەیگوت: (پیاو بە عەقڵ بڕیار دەدات، بەڵام ژن بە سۆز، بۆیە ژن بۆ دادوەریی دەست نادات،) پاپا شنۆدە، زێتر پێی لێ هەڵدەبڕی و دەیگوت: (ژن لە پێناوی خۆشیی پیاودا خەڵق كراوه.)‌

لە سایەی سیستەمی شێوازی دایكانەدا، منداڵ لەسەر دایكی هەژمار دەكرا و میرات، تەنیا بەر ئەوانە دەكەوت كە هاوخوێنی دایك بوون؛ مێژووی چەوساندنەوەی ژن، لەو وەختەوە دەست پێ دەكات كە ئەو مافە لە دایك زەوت كرا. دیرۆكی سەرهەڵدانی دابەشكردنی كار، كاتێكە خێزانی تاك ژنو مێردایەتی سەری هەڵدا، كار لە نێوان ژن و مێرددا دابەش كرا و ئیدی چەوساندنەوەی ژن لە لایەن پیاوەوە دەستی پێ كرد. ئەو چەوساندنەوەیه كە لە كۆمەڵدا، یاسایش پشتگیریی لێ كرد، سەرەتای چەوساندنەوەی چینایەتیشە و لەوساوە ژن چەوساوەیە و پیاو چەوسێنەر.

 پێوەندییەكی هێندە قووڵ لە نێوان ئازادیی ژن و ئازادیی بیروڕا دەربڕیندا هەیه، تا ئەو ئاستەی دەتوانین بڵێین، دوو سیمای یەك دراون. ئەوە ڕێكەوت نەبوو كە ئیسلامییەكانی جەزائیر، هەم پەلاماری ئەو ڕۆشنبیرانەیان دەدا كە داوای ئازادی بیروڕا دەربڕینیان دەكرد و هەم ئەو ژنانەیشیان بۆ تیری غەزەبیان دەكردە نیشانە، كە حیجاب و نیقابیان نەدەپۆشی. كەواتە ئەوی بڕوای بە ئازادیی جیاواز بیركردنەوه نەبێت، بڕوای بە ئازادیی ژنانیش نابێت.

دەزانن ئەو (كوفرە)ی د. نەسر حامید ئەبو زەید كە پسپۆڕی بواری لێكدانەوەی دەقی قورئانە، كردبووی، چی بوو؟ گوتبووی: قورئان بەسەر قەومێكدا دابەزیوە كە ژنان تێیدا نەك هەر هیچیان لە میراتی نەكەوتووە، بەڵكوو خۆیان بەشێك بوون لە میراتی و وەك موڵك و ماڵی دیكە بەسەر پیاوانی خێزاندا دابەش كراون. بۆیە ئەگەر ئەوەمان لەبیر بێت، دەق لە شوێنكاتێكدا دابەزیوە و سەیری بزووتنەوەی ناو دەق بكەین و ئەو هەموو دادپەروەری، یەكسانی، ئینساف و ڕەحمەتەی لە دەقدا هاتوون، ڕەچاو بكەین، دەگەینە ئەو ئەنجامەی بە یەكسانی سوودمەندبوونی ژن و پیاو لە میراتی، لادان نییە لە دەق. تەنیا لەسەر ئەوە كافراندیان، بە مەرجێك ئەو یەكسانییە، لە (1956)ەوە، به گوێرەی یاسا، لە تونس پێڕەو دەكرا!(١)

(١) فريدة النقاش، حدائق النساء، دار المدي ٢٠١٢ بغداد.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.